بەڕێز بابانوئێل سڵاو

بەڕێز بابانوئێل سڵاو

هەوەڵ جار بوو کە ناوی تۆم دەبیست، چکۆڵە بوومؤ، پێیان کوتم کە تۆ بە جانتایەکی پڕ لە حەتحەتۆکە(ئەسباب بازی) لە کولانەی ماڵەکانەوە دێیە ژوورەوه! لە دڵەوە ئارەزووم دەکرد کە بتبینم!

ئەو شەوە گەرچی ماڵی ئێمە کولانە و ئاورگەی نەبوو، بەڵام هەر چاوەڕێ بووم کەتۆ بێیتە خوارێ، گەرچی ئەمزانی سەربانی ماڵی ئێمە ناتوانێ کەژاوە و گوریس و نێرییەکێوییەکانی تۆ ڕابگرێ!

تۆ نەهاتی! لەبەر خۆمەوە بیرم کردەوە کوتم: وێدەچێ هۆکاری نەهاتنی تۆ ئەوەبێت کە ماڵی ئێمە کولانە و ئاگردانی نییە! ئەم ڕووداوەم بۆ مامۆستاکەم کە باسی بابانوئێلی بۆ کردبووم گێڕایەوە و پێم کوت: تەواوی ئەوشەو چاوەڕێی هاتنی بابانوئێل بووم و چاوم لە میچی ماڵەکەمان بڕیبوو کە ئەو بێت، بەڵام نەهات… ئاوا ڕۆژم کرده‌وە!

مامۆستاکەم کوتی: بابانۆئێل تەنیا بە کولاناندا دێتە خوارێ! لەو ڕۆژەوە کەنینۆکم لێڕواوەوە زمانم درێژە، هەربۆیە لە مامۆستاکەم پرسی: ئایا دەزانی ئەو ماڵانەی کە کولانەیان هەیە و هەژارن؟ مناڵەکانی ئەوان پێویستیان بە حەتحەتۆکە (ئەسپاب بازی) ن ییە؟!

بەسەر سوڕمانەوە چاوێکی لێ کردم کوتی: نامەیەک بۆ بابانۆئێل بنووسە و لە گۆرێیه‌کی دڕاوی باوێ و بۆی بنێرە و ئەو شتەی پێ بڵێ!!

ئەوە بوو کە تەمام گرت نامەیەکی بۆ بنووسم! بەڵام چونکە گۆرەوی دڕاومان نەبوو کە نامەکەی بخەمە ناوی! لە نووسینی نامەکە پەشیمان بوومەوە!!

شەوێ گۆرێ دڕاوەکەم لە دایکم داوا کرد کە دیارییەکم بۆ بکڕێ؛ ئاخر دایکی منیش قەشەیە؛ بەڵام قەشەیێکی ڕاستەقینە، نەک وەک تۆ! ئەو زۆر نوێژ دەکات، ئینجیل دەخوێنێ و لە دەرکەی ماڵەوە دێتە ژورێ نەک لە کولانە!

دایکم کوتی حەوتویێکی تر دیاریت بۆ دەکڕم!

پرسیارم کرد: بۆ دوای حەوتویەکی تر؟!

کوتی: چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوان جیاوازین!

لێم پرسی، مەبەستت لە ئەوان کێیە؟ مەبەستت ئەو کەسانەیە کە ماڵەکانیان کولانەی هەیە؟!

وەڵامی دامەوە: نا ئازیزم ،مەبەستم ئەو کەسانەیە کە لەو باوەڕەدان کە بابانۆئێل زیندووە و لە کولانەکانەوە دێتەخوارێ!

لێم پرسی: ئەی کەژاوە و نێرییە کێوی چی؟!!

پێکەنی…

دایکم لە بارەی حەزرەتی جوبڕەئیل قسەی بۆ کردم، ئەو کاتەی کە هاتە مەککەی پیرۆز و حەزرەتی موحەممەدی سواری بوڕاق کرد و لەگەڵ خۆی بردی بۆ بەیتولموقەددەس… دواییش باسی میعراجی پێغەمبەری نازداری بۆ کردم.

هەروەها باسی دیداری حەزرەتی موحەممەد(د.خ) لە گەڵ حەزرەتی ئادەمی کرد کە لە ئاسمانی یەکەم یەکتریان دیوە… باسی دیداری پیغەمبەرگیان لەگەڵ حەزرەتی ئیبڕاهیمی بۆ کردم کە لە ئاسمانی حەوتەم ئەوی دیتوە. دواتریش باسی ڕۆڵی حەزرەتی موسای بۆ کردم کە بۆ کەمکردنەوەی نوێژە فەڕزەکان لە پەنجا نوێژەوە بۆ پێنج نوێژ لەخوا پاڕاوەتەوە.

بەڕێز بابا نۆئێل، جێی خۆیەتی پێتان ڕابگەیەنم کە دوای ئەوەی کە تۆ نەهاتی و دایکم باسی حەزرەتی جوبڕەئیل و حەزرەتی موحەممەد(د.خ) بۆ کردم، ئیمانم بە بوڕاق هێنا و ئیتر باوه‌ڕم به نێرییە کێوی و کەژاوەکەی تۆ نەما!

بەڕێز بابانۆئێل، ئیتر ئەوەندە گەورە بووم کە چاو نەبڕمە میچی ماڵەکەمان و چاوەڕێی تۆ نەبم! ئێستا باش دەزانم کە ئەو شەخسە سیماجوانەی کە قەرارە لە ئاخرزەمان بێتەخوارەوە حەزرەتی عیسایە، نەک تۆ! ئەگەرچی ئەو بەسەربانی ماڵاندا نایێتە خوارێ، بەڵکوو ئەو لە ئاسمانەوە دێتە خوار بۆ لای مزگەوتی منارە سپی شاری دەمێشق! ئەو، تورەکەی حەتحەتۆکە (ئەسپاب بازی) بۆ مناڵان پێ نییە، بەڵکوو سەرنێزەیەکی پێیە بۆ شەڕکردن لەگەڵ دەججال و دەججال سیفەتان!! ئەو ڕۆژە ئیدی ڕۆژی کایە و گاڵتەکردن نییە!

جەنابی بابانۆئێل، ئەوەندە گەورە بووین کە تێبگەین حەزرەتی عیسا هی ئێمەیە نەک هی ئێوە، ئەگەر وانییە ئەی بۆچی ئەو پێغەمبەرە مەزنە لەواتیکان کە ناوەندی”مەسیحییەکانە” یان سێن پێتێرزبورگی ڕوسیاوە دانابەزێتە خوارێ؟!

جەنابی بابانۆئێل، ئەوەندە گەورە بووین کە تێبگەین ئەوە نێرییە کێویەکەی تۆ ن ییە کە هەڵدەفڕێ، بەڵکوو تەنیا شتێک کە لە ئاسمانی ئێمەوە دیارە فڕۆکە ئێف شازدە و سوخۆیەکانن کە مناڵانی حەلەب لەبەری هەڵدێن و هەڵدەفڕن!

جەنابی بابانۆئێل، ئەوەندە گەورە بووین کە تێبگەین تۆ درۆمان لەگەڵ دەکەی، چونکە مناڵانی مەسیحی”بەیت ولەحم” شاری له دایکبوونی عیسا پێیان خۆش نییە کە مناڵانی موسوڵمانی غەزە بکوژرێن!

هۆ بابانۆئێل، مەیە بۆ لای ئێمە، چونکە تێپەڕگەی ڕەفەح، تەنیا تێپەڕگای غەزە، لە لەلایەن براموسوڵمانەکانی وڵاتی میسر داخراوە !! هەڵبەت شاری داریای سوریەش ـ بە لوتفی فڕۆکەکانی هاوشێوەکانی تۆ – چۆڵ بووە و مناڵەکانی ئەو شارە چونەتە ئۆردوگاکانی سنووری سوریە وتورکیە و بوونەتە پەنابەر و ئیتر ئەوان پەتوو و لیباس و شتومەکی گەرمکەرەوەیان پێویستە! تاکوو لەو سەرمایەدا نەمرن و زیندوو بمێنن!! نەک حەتحەتۆکە( ئەسپاب بازی)ی تۆ.

ئیتر خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب زیندوو نییە ئاگای لێیان بێت!

جەنابی بابانۆئێل، زەحمەتی سەفەر بەخۆت مەدە و نێرییە کێوییەکانت ماندوو مەکە! چونکە ئێمە چیتر چاوەڕوانی تۆ ناکەین! ئێمە لەگەڵ مناڵەکانمان باسی حەزرەتی جوبڕەئیل و بوڕاق و حەزرەتی عیسا دەکەین… قەشە ڕاستەقینەکانیش لەجیاتی بڵاوکردنەوەی حەتحەتۆکە لەنێو مناڵان، لەگەڵ مرۆڤە دەججال سیفەتەکان بەشەڕدێن تاکوو مناڵەکانی سەرگۆی زەوی لە ئاشتی و خۆشیدا بژین.

 

نووسەر: ئەدهەم شەرقاوی

وەرگێڕ بۆ فارسی: یووسف ساجدی

وەرگێڕ بۆ کوردی: سەوزە حەیدەری ”سانا”

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کەی خەریکی خۆت دەبیت؟ هه‌وارگه‌ی دڵان (1399/12/08)