گوتاری دینیی هاوچەرخ چییە و چلۆن بەرهەم دێ؟

گوتاری دینیی هاوچەرخ چییە و چلۆن بەرهەم دێ؟

گرفت و كه‌موكورتییه‌كانی گوتاری دینی ئه‌مڕۆ چین؟ چۆن گوتارێكی دین سازگار له‌گه‌ڵ واقیع و هاوچه‌رخمان هه‌بێ؟ گوتاری دینی ئه‌مڕۆ ده‌بێ چۆن بێ و چی پێویسته‌ بۆ صیاغه‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی؟

بۆ ئەوەی باشتر لێک تێبگەین حەز ئەکەم پێناسەیەکی کورتی چەمکی «گوتار» بکەم. چەمکی گوتار، چەمکێکی نووێیە و لە وێژەو ئەدەبی ئێمەدا چەند ساڵ زیاتر لە تەمەنی تێناپەڕێ. ئەم چەمکە وەرگێڕاوەی ووشەی«discourse»ی ئینگلیزی یا «discours»ی فەرەنسییە لە زمانی فارسیدا ووشەی «گفتمان»یان بۆ داتاشیوە. لە پێناسەیەکی گشتیدا، گوتار بەواتای چەشنێک ووتە، بەیان و بەرهەمی هەندەک بەیان‌و ووتەیە. گوتار ئەمڕۆکە بە کۆمەڵێک لە ووشە، چەمک و واتا کە خزمایەتییەکی واتاییان پێکەوە هەیە دەگووترێ که سەرجەم، باسی جیهانێکی فیکری- مەعیشی(داژیاری) تایبەت دەکەن. دیارە گوتار پێوەندەی بە زمانەوە هەیە و کاتێک پانتاییی واتاییی ووشە زیاتر ڕوون دەبێتەوە که ئێمە لە گوتەزای جۆراوجۆری مەعریفیدا بەکاری بێنین. بۆ وێنە: دین، زانست و فەلسەفە هەر کام زبانی تایبەت بەخۆیان هەیە؛ تەنانەت ئەخلاقیش زمانی تایبەتی خۆی هەیە. مەبەست لە زمانی زانست ئەوەیە که هەڵگری کۆمەڵێک دەستەواژە و چەمکی عیلمییە کە لەسەر بناغەی تیۆرە زانستییەکان و له هەناوی جیهانبینیی زانستییەوە سەریان هەڵداوە. ئەگەر ئێمە تەنیا واتای ووشەگەلی میکڕۆب، ڤیتامین، پرۆتین و ئەلەکترۆن بزانین بەڵام لەو پاشخانە تیۆریک و ئەو چەمکانەی نوێنەرایەتیان دەکەن بێئاگا بین، چی وا لە گوتاری زانستی تێناگەین. زمانی دین، قانوون و فەلسەفەش هەر وایە. لە هەمووی ئەوانەدا ئێمە لەگەڵ گوتارو جیهانێکی تایبەتدا ڕووبەڕووین کە لەم جیهانەدا کۆمەڵێک فکت(facts)ی تایبەت بە پێوەندیی تایبەتەوە لەپەنای یەکدیدا ڕۆنیشتوون و کۆمەڵێک ڕاستیی تایبەتیش لەم جیهانەدا بوونیان نییە.

ئێستا که لە واتای زمان و گوتار تێگەیشتین و پێناسەیەکی کورتمان بۆ کردن دەمانهەوێ بزانین ئەمڕۆ و لە سەردەمی نوێدا جیهانی ئیسلام بە چەند زمان قسەیان کردووە و چەند گوتاریان هەبووە؟ ئەگەر وابێ، ئێمە چەند جار لە دایک بووین و چەند جار تۆخمان بەرداوە و چەند کەڕەت گۆڕانکاریی بنەڕەتیمان لە دونیای فیکری و مەعیشیی خۆماندا ئەزموون کردووە.

یەکێک لەو خەسارانەی جیهانی ئیسلام پێوە دەناڵێنێ، کێشەی گوتاری دینییە. ئەو گوتارەی که لە پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) لەسەر بێ بۆ ئێمە بەمیرات ماوەتەوە. ئێمەی موسوڵمان میراتگری گوتارێکین که بەدرێژایی مێژوو و پانتاییی جوگرافیماندا لە پێغەمبەرانەوە بۆمان ماوەتەوە. 

ئەگەر چاوێک به مێژووی خۆماندا بخشێنین چەندین گوتاری هاوتەریبی یەک دەبینین. فەیلەسووف‌و پیتۆڵەکان خاوەن گوتاری خۆیان بوون. زانایانی زانستە تەجریبییەکان گوتاری تایبەت بەخۆیان بەرهەم هێناوە. سیاستڤانەکان بەهەمان شێوە گوتاری خۆیان هەبووه. لەو نێوەندەدا ئێمە خاوەنی گوتارێکین که نێرراوی خوا موحەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا دایمەزراندووە. ئەو گوتارە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئەگەر بەسرنج‌و گرنگییەوە لایەک لەو تایبەتمەندییانە نەکەینەوە و گۆڕانکارییەکان و ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم گوتارە خەوەشدار بکەن، نەتەنیا فەرهەنگی دینی‌و پەیامی دینی عەیبدار دەبێ‌و ناگاتە گوێی گوێگران؛ تەنانەت هەموو گوتارەکانی دیکەش خەوەشدار دەبن. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە کۆمەڵگایەکی ئاینییە و زیاتر لە هەموو شتێ بایەخ و تێگەیشتنە دینییەکان سێبەریان خستۆتە سەر فەرهەنگی کۆمەڵگا، کاتێک گوتاری دینیمان عەیبدار بێ، کۆی کولتور و کەرتەکانی سیاسی و فەلسەفی و زانستیی ئەو، خەوەشدار دەبن و ئەم فەرهەنگە دەبێتە کۆمەڵێک شێوەی نادیار، پەیامی ناڕوون و هێڵی تێکەڵپێکەڵ. لە کۆمەلگەی ئێمەشدا بۆ شەفافکردنی فەرهەنگی ڕامیاری و ناڕامیاریشمان، دەبێ لە ڕوونکردنەوە و شەفافیەتی گوتاری دینییەوە دەس پێبکەین. دیارە ئەم گرفتە لە کۆمەلگە نادینییەکاندا بوونی نییە؛ چوونکە ئەو بایەخانەی لەوێ هەژمۆنیان هەیە و فەرهەنگ پێکدێنن زۆربەیان توخم‌و ڕەگەزێکی عەقڵانییان هەیە. لەهەمانکاتدا «دین» لەوێندەرێ بوونی هەیە، بەڵام زەقترین ڕەهەندی فەرهەنگی ئەوان نییەو لە پەڕاوێزی فەرهەنگی نادینیی ئەواندا بوونی هەیە یا ئەوەیکه لەوێ، عەقڵانیەتییەک لەئارادایە که بەردەوام پێداچوونە بەسەرخۆیدا دەکا و ڕەخنە لەخۆی دەگرێ. بوونی «ڕەخنەی عەقڵی مودێڕن» یان «ڕەخنەی عەقڵی خۆکرد» ڕەهەندی هەرە زەقی فەرهەنگی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانە. بیرمەندانی ئەوان ئەگەر بیانهەوێ ناڕوونی و تارمایی لە ژیان و بیروهزردا بڕەوێننەوە‌و هەڵەکان دەسنیشان کەن لە ڕەخنەی عەقڵی خۆکردەوە دەسپێدەکەن. ڕێگەی سەرڕاسیش هەر ئەوەیە که ئەوان گرتوویانەتە بەر و هەموو شتێ شیتەڵکاری دەکەن‌و بنج و بناوانی دەردێنن. ئەوان پیرۆزی لەو بتە دەسکردانە دادەڕنن. ئەو بتانە دەکرێ زانست، فەلسەفە و یا هونەر و... بن. ئەوان تا ئەوجێیەی ڕێگەیان هەبی، پەردەی نێوان خۆیان و حەقیقەت لا دەدەن و دەیدڕێنن.

بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەسپێکی وەرچەرخان، نوێژەنکردنەوەی فەرهەنگی دینیە. ئەگەر بمانهەوێ فەرهەنگی دینی، نوێ کەینەوە دەبێ گوتاری دینی نوێژەن کەینەوە و تایبەتمەندییە دروستەکانی دەسنیشان کەین تا ئاشکرا بێ کام قسە بە چ تایبەتمەندییەکەوە دەتوانێ پەیامی دینی بێ. کێهە قسە دەشێ قسەی سیاسی بێ و کامە قسە دەتوانێ فەلسەفی بێ‌و...

ئەو کەسانەی دەیانهەوێ کۆمەڵێک قسە لەژێر ناوی قسەی دینیدا دابنێن، هیچ خزمەتێک بەکولتوری ئێمە ناکەن؛ بەڵکوو تارمایی و بشێوییەک که لە فەرهەنگی ئێمەدا بوونی هەیە، زیاتری دەکەن. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە وردکردنەوە و شیتەڵکردنەوەی فەرهەنگی دینی خۆمان هەیە و دەبێ بە توخمەگەلێک که لێی پێکهاتووە، دابەشی بکەین تا وڵامی ئەو پرسیارە بدۆزینەوە که کاکڵە(core) سەرەکییەکانی قسەی ئایینی کامەن.

پێویستە باسێک لە شێوەگەلی جۆراوجۆری گوتاری دینی لە دونیای ئیسلام و لە کوردستانیشدا بکەین. دیارە گوتاری دینی بە دوو بەشی سەرەکی دابەش دەکرێ: گوتاری دینیی کلاسیک یا نەریتی و گوتارە دینییە هاوچەرخەکان.

یەکێک لەو ڕووداوە گرنگانەی لە مێژووی مرۆڤایەتی ڕووی دا و مرۆڤەکانی لە چاخی پێش‌مۆدێڕنە به چاخی مۆدێڕن گەیاند ئەوە بوو که لەم جیهانە ڕازئامێزی بکرێ. ئەوە داهێنانێک بوو که کۆمەڵناسی ئەڵمانی «ماکس وێبێر» کردی. ئێمە بەشێوەیەکی گشتی سێ قۆناغمان لە مێژووی مەعریفە و داژیاری مرۆڤدا هەیە: چاخی پێش‌مۆدێڕنە، چاخی مۆدێڕن

چاخی پاش‌مۆدێڕنە(هەڵبەت هەندەک پێیان وایە هێشتا نەهاتووینەتە ناو ئەو چاخەوە) بەڵام بێگومان چاخی پێش‌مودێڕنە واتە کلاسیک و نەریتیمان بووە؛ ئەو دەورانە تێپەڕ بووەو جێگەی خۆی بە چاخی مۆدێڕن داوە.

چاخی مۆدێرن لە ئەوروپا خۆڕسک بوو؛ واتە بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو نەهاتە دەی و لەناو جەرگی دیرۆکی ئەم قەومە سەری هەڵدا و لە دایک بوو. تیۆریداڕشتنەکانی فەیلەسووفەکان و تۆیژینەوەکانی زانایان و هەوڵ‌و تیکۆشانەکانی پێشەسازان، سەرجەم چاخی مۆدێڕنیان لە خۆرئاوا هێنایە دی. لەو وڵاتانەی که ئێستا بە وڵاتانی جیهانی سێهەم ناوزەد کراون، مۆدێڕنیتە کاڵایەکی هاوردەیە و کاڵایەک نییە که بە شێوەیەکی خۆڕسک لە ناخی مێژووی خوودی خەڵکی جیهانی سێهەمدا سەری هەڵدابێ و داهێنانی خۆیان بێ. بەهەرحاڵ بمانهەوێ و نەمانهەوێ مۆدێڕنەی خۆڕسک و هاوردە سێبەری لەسەر سەری هەموو خەڵکی جیهان و هەموو نێشتەجێیانی مێژووی نوێ کەوتووە؛ ئەمڕۆ هیچ کۆمەڵگەیەک نییە که سێبەری مۆدێرنیتەی بەسەرەوە نەبێ و لە دونیای مۆدێڕن بەهرەمەند نەبێ. دیارە مۆدێڕنە تەنیا لە ڕواڵەتەکاندا نەبوو بەڵکوو ئەندێشەکان‌و تیۆرەکان‌و شێوەی بیرکردنەوەش لەخۆ دەگرێ. خۆرئاوا ئەمڕۆ دەورەیەکی ڕاگوزەری دیکەش خەریکە تێپەڕ دەکا. ئەو تێپەڕانە که ماوەیەکە دەستی پێکردووە و ڕۆشنبیران باسی لێ دەکەن بریتییە لە تێپەڕین لە مۆدێڕنیتە بەرەو پاش مۆدێڕنە(post modernity) یانی چاخی دوای مۆدێرنە که لەودا مۆدێڕنە دەتوێتەوە و خوداکانی مۆدێڕنە لێ دەکەون‌و دەشکێن. ئەمجۆرەی ڕۆشنبیران‌و فەیلەسووفە پۆستمۆدێڕنەکان دەڵێن ئەگەر لە چاخی مۆدێڕندا ئاوەز(reason) خودایەتی دەکرد ئەوا لە قۆناغی دوامۆدێڕنیتەدا هیچ خوایەک بوونی نییە. ئەم چاخە، بێ‌خولگە و بێ‌خوایە و گەورەترین دوژمنایەتی لەگەڵ ئاوەزی لەخۆبایی و خۆبەزلزانی مرۆڤ، تێیدا دەکرێ. هەڵبەت ئەم باسی پۆستمۆدێڕنە جێگەی مشت‌ومڕی ئێستای ئێمە نییەو ئێمە کە هێشتا پێیەکمان لەناو چاخی پێشمۆدێڕنە دایە‌و پێیەکیشمان لەناو مۆدێڕنیتەدا، مەحاڵە تا ئەو قۆناغە ڕاگوزەرییە تێپەڕ نەکەین و نەێینە ناو مۆدێڕنەوە، بتوانین قسە لە پاش مۆدێڕنە بکەین؛ لانیکەم دەبێ دەستەبژێری ئێمە ناسیاوییەکی قووڵ لەگەڵ ئاوەزی مۆدێڕن و هەموو مەدلوولەکانی پەیدا بکا.

 بەهەرحاڵ لە جیهانی ئیسلامیدا بە هێرشی ناپلێئۆن بناپارت بۆ سەر وڵاتی میسر، دوو دونیای کۆن و نوێ وێک کەوتن و لە ئێرانیشدا ساتەوەختی گواستنەوەمان لە سوننەتەوە بۆ جیهانی مۆدێڕن، هاوکات لەگەڵ شۆڕشی مەشرووتەدا بووە. ئەوکاتی بوو کە بانگی عەداڵەتخوازی بەرز بوویەوە و دروشمەکانی شۆڕشی فەرانسە؛ برایەتی، یەکسانی و ئازادی لەناو ڕۆشنبیراندا جێگەو پێگەیەکیان بۆخۆیان پەیدا کردو بوونە دروشمی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی و ئێرانییەکان ئەزموونی گۆاستنەوە لە جیهانی نەریتی و کۆنیان بۆ دونیای هاوچەرخ دەسپێکرد و گوتاری نوێی ئەوانیش لەوێوە دەستی پێکردو سیاسەت‌و هۆنراوە‌و تەنانەت هزری دینیان، کۆمەڵێک چەمکی نوێی ئەزموون کردو وەک یەکەیەکی فەرهەنگی کەلێنێکی مێژووییی جیددیان تەجرەبە کرد. گوتمان ماکس وێبێر ڕای وایه که کەلێنی گەورە کە دوو جیهانی پێش مۆدێڕن‌و مۆدێڕن لێکدی جیا دەکاتەوە، کەلێنی نێوان جیهانی ڕازئامێزو جیهانی داماڵدراو لە ڕازو نهێنییە. ئەگەر چاوێک بەسەر کۆی ئەدەب‌و وێژەی نەریتیی خۆماندا بخشێنین تا دەگەینە حافز، سەعدی، مەولەوی، خانی، حاجی قادر، نالی، مەولەویی تاوەگۆزی، مەحوی، وەفایی و... تەنانەت ئەگەر چاوێک لە ئەدەبی دینیمان بکەین کە سەرەکیترین سەرچاوەکەی قورئانی پیرۆز، ووتەی گەورەپیاوان و نووسینەکانی زانایانی ئایینیمانن یا خوود چاو لە ئەدەبیاتی سیاسیی خۆمان بکەین، نەسیحەتنامەکان، شەریعەتنامەکان، سیاسەتنامەکان و... ئەگەر بە تێڕامانێکی سەرپێی، چاوێک بخشێنین بەسەر کۆبەرهەمی ئەو زاناو بلیمەتانەی خۆمان، لە هەموویاندا خوێن و ڕۆحێک دەبینین‌و ئەویش بریتییە لە «باوەڕ بە هێزی غەیبی و نادیار، بوونەوەرێکی شاراوەو دەستێکی نەبینراو و ئیرادەیەکی مەزن کە لە پشت پەردەوە هەموو ئەم جیهانە لەژێر چاودێری ئەو دایە و بەڕێوەی دەبا و بۆ هەر جێگەیەک کە بیهەوێ دەیبا.» دیارە مەبەست ئەوە نییە کە خەڵك، عەقڵیان نییە یا داڕشتن و داهێنانیان نییە و لەگەڵ یەکتر ڕاوێژو پرس و ڕایان نییە؛ بەڵێ هەموو ئەوانە دەکرێن؛ بەڵام وەکوو سەرنشینەکانی پاپۆڕێکن کە ناخودای کەشتییەکە کەسێکی دیکەیە و ئیدارەی دەکاو لە دەرەنجامدا بۆ ئەو جێگەیە دەچێ کەو ئەو دەیخوازێت. بەگشتی ئەوەیە واتای ڕازئامێزبوونی جیهان. ئەوە یەکێک لە ئاشکراترین دیاردەکان بوو که هیچکەس پرسیاری لێ نەدەکرد و تەنانەت گومانیشی لێ نەدەکرد. هیچکەس شەهامەتی وەی نەبوو که پرسیار لەوانە بکا و چۆن و بۆچەی لێ بکا. ئەگەر بەدەگمەن کەسانێک هەبووبان که گۆمانیان لەو شتانە کردایە یان پرسیاریان بکردایە، زۆر لە پەڕاوێز دابوون و دەنگیان نەدەبیسرا. ئەوەی ڕوون بۆوه وەک حەقیقەتێکی ئاشکرا ئەوە بوو کە ئەم جیهانە بچووکەی ئێمە لەناو هەناوی جیهانێکی گەورەترو لە مشتی ئەو دایەو سەربەخۆ نییە. بیرۆکەی مرۆڤی سەربەخۆ و مێژوو، هزری جیهانی مۆدێڕنە. مرۆڤی جیهانی ڕابردوو خوودی خۆی، سەربەخۆو ئازاد و خۆکرد و لەسەرپێی خۆی نەدەبینی. ئۆمانیزم(humanism) که یەکێک لە بناغەکانی جیهانی نوێیە بەو واتایە کە باسی کرا. هەروەها بە مانای ئەوە نییە که مرۆڤ قەدری خۆی بگرێ یان مرۆڤدۆست بێ و یا دەرهەق بە خەڵکی دیکه میهرەبان‌و بەبەزەیی بێ، ئەوانە هەموویان بەرهەمی ئینسانگەرایین. ئینسانگەرایی بەواتا فەلسەفییەکەی که کۆڵەکەی جیهانی نوێیە، بەم واتایەیە که مرۆڤ خۆی دابڕاو و سەربەخۆ لە هەموو کەس و شتێ، جگە لەخۆی وازی لە هەموو کەس هێناو دەستی بە ئەژنۆی خۆی گرتوو و هەستایە سەر پێ و پاڵی بە هیچکەس‌و سەرچاوەیەک نەداو ئاوەزی خۆی لە هاوکێشەکاندا کردە دادوەرو هێزو وزەی خۆی لە بنیاتنانی جیهانی نوێدا دەکار هێناو جیهانی بەو شیوەیەی که تەحویلیان دابوو، وەرنەگرت‌و و ئەوی بە باشترین سیستەم و مێعماری نەزانی‌ و گووتی: دەبێ جێهانێکی نوێ و مرۆڤێکی تازە بنیات بنرێنەوە. ئۆمانیزم لێرەوە دەستی پێکردو هەموو جیهانی مۆدێڕنی داگرت و جیهانی لە ڕاز داماڵی یانی هەرچیەک لە جسنی ئەو جیهانە نەبوو وەدەری خست یان چاوی لە حاندی نووقاند و لە حیساب و کیتاب و شیکاری و بەڕێوەبردنی کاروباردا، حیسابی بۆ نەکرد. 

بەواتایەکی دیکە، مرۆڤی نوێ، هزری زانستی بەهەند وەرگرت و هزری زانستیش لەڕوانگەی مێتۆدو ڕەوشەوە، ماتریالیست و مادەگەرایانەیە. هەڵبەت ئەوە بەو واتایە نییە کە زانایانی زانستە نوێیەکان هەموویان ماتریالیست یان مادەگەرا بن و بوونەوەری نامادی ڕەد کەنەوە؛ زۆربەی زانا گەورەکان مادەگەرا نەبوون بەڵكوو نەزانپەزێر(Agnostic) یان خواپەرەست بوون و باوەڕیان بە نهێنییەکانی پشت پەردەی ئەم جیهانە هەبوو وەک داروین و پاستۆر و نیۆتۆن و... بەڵام لەلایەنی مێتۆدو ڕەوشەوە زانست، مادەگەرا بوو؛ واته تەنیا وەشوێن هۆکاری ماددی ڕووداوەکاندا دەگەڕا. جیاوازی هەیە لەنێوان کەسێک کە باوەڕی بە جیهانی شاراوە(ماوراء طبیعت) نییە و کەسێک له شیکاری و بەڕێوەبردنی ڕووداوەکاندا تەنیا بەشوێن هۆکارە ماددیەکاندا دەگەڕێ‌و دەربارەی هۆکاری نامادییەکاندا بە ئەرێنی یا نەرێنی قسە ناکا. زانستی نوێ ئاوەها بوونەوەرێکە. زانستی نوێ هەمیشە وابووە و تەنیا مێتۆدی زانستی دەکار دێنێ و حەول دەدا کە ڕەوش‌و مێتۆدەکانی وردتر و ڕوونتر بکاتەوە. بەو مانایە که زانست هۆکارگەلی ڕازئامێز لە کاروباری خۆیدا ناهێنێتە ئەژمار. 

 ئێمە ئێستا لە لەسەر گۆی زەویدا دەژین که بە تەواوەتی لە ڕاز داماڵدراوە. گۆیەکی سەرگەردان لە بۆشاییدا که بە میلۆنان ساڵ ئاگر بووە و پاشان وردە وردە سارد بۆتەوە و توێکڵێکی بەسەردا هاتووە و دۆخەکە گونجاو بووە که یەکەم خانە(Cell)ی زیندوو تێیدا بەدیهاتووە تا نۆرەی ئێمە هاتووە. ئەو خانەیە بە هەڵکەوت بەدیهات و دەیتوانی بەدی نەیەو ئێستاش دەتوانێ بە هەڵکەوت، لەناو بچێ. گۆی زەوی دەشێ بە هەڵکەوت لەگەڵ هەسارەیەکی دیکە وێک کەون و بەتەواوی لەناو بچێ و هەموو شتێك ببڕێتەوە. هیچ چاودێرییەک بوونی نییە و ئێمەش داپۆشراو بە ڕۆحانیەت و پیرۆزی نین.

عەبدولکەریم سرووش پێی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی هێشتاش شێعرەکانی شاعیرێکی وەکوو حافزی شیرازی لەناو خەڵكی ئێراندا لایەنگری هەیە ئەوەیە که خەڵک بەئێستاشەوە لەگەڵ حافز هاوئاسۆو هاودونیان. قسەی دڵی ئەو، قسەی دڵی ئەوانیشە چ لە دونیای گچکە و چ لە دونیای گەورەدا. حافز هێشتا نەبۆتە بەشێک لە مێژووی ئێمە و هێشتا لەناو ئێمەدا زیندوویە. واتای زیندووبوونی ئەوەیە که زبانی ئەو، زمانی ئێمەیە‌و ئاماژەکان، کینایەکان و قسە تاڵەکانی ناوبراو وەردەگرین و لێی تیدەگەین و میسداقەکانیشی لە ژینگەی خۆماندا دەبینین و دەتوانین بە ئەنگوست ئاماژەیان پێ بدەین. ئەو، پێی وایە حافز پتر لەوەیکه زاکیرەی ئێمە بێ، «عاقلە» واتە هێزی بیرکرنەوەی ئێمەیە؛ دەڵێی ئێمە، هێشتاش بە چاویلکەکانی ئەو، چاو لە جیهان دەکەین‌و وەک ئەو لێی تێدەگەین.(ل ١٢-١٣) 

جگە له داماڵینی ڕاز لەجیهانی ماددە و زانستدا، جیهانی ئینسانیش، گۆڕانی بەسەرداهات. گەورەترین سەرمایەی نەرێنیی ئێمە، دینەکەمانە. گەورەترین میراتێک کە لە جیهانی کۆن بۆمان ماوەتەوەو باشترین ئاوێنەی دونیای کۆنە، ئایینە. لە بەرانبەر دینیشدا، ڕوونترین ئاوێنە کە جیهانی مۆدێڕن و گوتاری مۆدێڕن پیشان دەدا زانستی ئەو دەورانەیە که منداڵی بەهەقی عەقڵانیەتی مۆدێڕن و دیارترین مێوەی ئەوە. دیارە، عەقڵانیەتی مۆدێڕن شێوەگەلی جۆراوجۆری بەخۆیەوە گرتووە و شێوازی ئێستای ژیانی ئێمە نموودێکی عەقڵیەتی مۆدێڕنە. بەڵام زانستی مۆدێڕن نووینەری ڕاستەقینە و نوێنگەی سەرەکی عەقڵانیەتی هاوچەرخە. گوتاری کلاسیکی ئێمە، زۆرتر گوتارێکی دینییە و زۆر بەکەمی لەژێر هەژمۆنی ئایین چۆتە دەرەوە. بەرپرسایەتیی سەرەکی بەڕازئامێزکردنی جیهان لە ئەستۆی ئەندێشە و هزری دینی بووە. کاتێک دێینە ناو کایەی سیاسەت چەمکەکانی وەک ماف، نیشتمان، گەل، بەشداری سیاسی، هەڵبژاردن، دەوڵەتی وڵامدەر، مافەکانی هاوڵاتی لە ئەدەبیات‌و گوتاری ڕابردووی ئێمەدا بوونیان نییە. پێوەندی نێوان دەسەڵاتدارو خەڵک بەجۆرێکی دیکە پێناسە کراوە. هەمیشە دەسەڵاتدار چ دادپەروەر بووبێ و چ ستەمکار، بە بوونەوەرێکی پیرۆز و ڕازئامێز سەیر کراوە؛ تەنانەت دەسەڵاتداری ستەمکار بە نوێنگەو ئاماژەی تۆڵەستاندنەوەی خوا زانراوە که بە هۆکارێکی بان مادییەوە بەسەر خەڵکدا هەژمۆنی پەیدا کردووە و زوڵم لە خەڵک دەکا تا ببێتە هۆکاری پاکبوونەوەی تاوانەکانی خەڵکی ستەملێکراو. دەسەڵاتداری دادپەروەریش سێبەری لوتفی خوا لەسەر زەوی بووە و حوکومەت نیسێیی خوا لەسەر زەوی بوو و ئەم سێبەرە جاری وایە نوێنگەی لوتف و مەرەحەمەتی خوا و جاری وایشە هۆکاری ڕق و تۆڵەی خوایە! کەسێک کە دەبووە سوڵتان و دەسەڵاتی بەدەستەوە دەگرت؛ پرس ئەوە بوو کە چلۆن بوو ئەو بوو بە دەسەڵاتدار و من نەبووم؟ ئەمە پێویستی بە شیکاری هەبوو. شیکاری گشتی ئەوە بوو که دەستێک لەسەرووی دەستی ئەوەوە بووە و بازێک لەسەر شانی نیشتووە و لە جێگەیەکەوە هیدایەتی دراوە که بۆتە شا. ئاشکرایە که ئەو کەسە سەبارەت بە خەڵک ماف و ئەرکی هەیە.

چەمکی شۆڕا، هەڵبژاردن و... بەشێک لە گوتاری مۆدێڕنن لە ڕابردوودا بوونیان نەبووە؛ هیندەک لەو ڕۆشنبیرە هاوچەرخانەی حەولیان داوە که لە هەناوی چەمکە کۆنەکان بیانهێننە دەرێ، هەڵەن. ئەوان لە ڕاستیدا دوو گوتار تێکەڵ دەکەن کە ئەوەش کارێکی ناڕەوایه. گوتاری پێشنییان بەتایبەت لە پێوەندی نێوان دەسەڵاتدارو خەڵکدا جەختی لەسەر چەمکی تەکلیف یان ئەرک دەکردەوە نەک لەسەر چەمکی ماف. هەر بۆیە بەیعەت هیچکات بەواتای هەڵبژاردن نایه. بەیعەت پێدان مافی موبایەعەکان(بەیعەتدەرەکان) نییە بەڵکوو تەکلیفی ئەوانه؛ دیارە ئەمە پێچەوانەی هەڵبژاردنه که مافی ئەو کەسانەیە که لە کایەی هەڵبژاردندا لە ڕووی ئازادی و ویستی خۆیان بەشداری دەکەن. ئەوان ئەرکی سەر شانیان بوو که و تەکلیفیان لەسەر بوو و دەبوایە دەستی ئیرادە و تەسلیم بۆ دەسەڵاتدار لە سنگ بدەن. ڕەنگە هیندەک لەو چەمکانەی دەکاریان دێنین وێکچوونێکی ڕواڵەتیان لەگەڵ چەمکەکانی ڕابردوودا هەبێ؛ بەڵام کاتێک چاوێک به مەنزوومەی مەعریفی، پارادایمی فیکری و گوتاری باو بخشێنین و پێوەندی و خزمایەتیی چەمکەکان لەگەڵ یەکدی هەڵسەنگێنین، تووشی ئەم هەڵەیە نابین که بمانهەوێ یەکێ لەو گوتارانە بەسەر ئەویدیدا بسەپێنین و پەیادەی بکەین؛ هەڵبەت بێ‌هۆ نییە ئێمە تووشی ئاوەها هەڵەیەک دەبین، چونکه ئێمە لە دەورەی ڕاگوزەری و گواستنەوەدا دەژین.

لە دەورەی گوزاردا هەموو شتێک تێکەڵە و ئەمەش دەبێ بە سروشتی وەربگیرێ. یەکێ لە گەورە نووسەرانی ژاپۆنی بەناوی ئیزۆتسۆ لە کتێبێکی بەناوی «خوا و مرۆڤ لە قورئاندا» دەڵێ: ئێمە لە قورئاندا ووشەی نوێمان نییە. پێغەمبەری ئیسلام هەر لەو ووشانە کەڵکی وەرگرت که لەناو عەرەبدا باو بوون. ئەو هیچ ووشەیەکی دانەتاشی و داینەهێنا. کوفر، ئیمان، شێرک، فیسق، شوکرو... که لە قورئاندا هاتوون لە ئەدەبیاتی ڕابردووی عەڕەبدا هەبوون. قورئان بە زمانی عەرەبی دابەزی و پێغەمبەریش جگە لەو زمانە هیچ ئامرازو کاڵایەکی دیکەی بەدەستەوە نەبووە. ئەو دەڵێ: لەکاتێکەوە پێغەمبەر هات ئەو ووشانە، نیوە ڕوون(نیمە شفاف) بوون واتە لەلایەکەوە پشێنەی خۆیان هەڵگرتبوو و لەلایەکی ترەوە بوون بە ئەندامی کۆمەڵێکی نوێیەوە کە دەبوایە واتای نوێ بگەیەنن. بۆ یەک دوو نەوە ئەو ووشانە نیوەڕوون بوون و ماوەیەکی کێشا موسوڵمانان پێشینەی نەفامی- عەرەبیی ئەو ووشانەیان لەبیرکرد و ئەوان هاتنە ناو خێزانێکی تازە و واتای نوێیان بەخشی. بۆ وێنە «قوم» لە قورئاندا هەرگیز بەواتای نوێی گەل(nation) نەبووە و دەکارهێنانی «قومیة» بەواتای ناسیۆنالیزم هەڵەیەکی گەورەو تێکەڵکردنی دوو گوتاری کۆن و نوێیە.

لە جیهانی مرۆڤ و کاروباری ئەودا، چەمکەگەلی وەک مێژوو، سروشت، دین، ماف، ئەرک، هاوسەرێتی، ئیش‌وکار، بازرگانی، پارە، ماڵ، سەفەر و... هەن که هەموویان هی جیهانی ڕابردوون و واتای خۆیان لەو گوتارە وەردەگرن. بۆ وێنە ژن بوونەوەرێکی ئوستوورەیی بووە که لەگەڵ زاو زێ و ئافراندن و... پێوەندی هەبووە و بۆیە حورمەتێکی ئوستوورەیی هەبووە. بەڵام ئەمڕۆکە ژن لە دۆخەدا نەماوە. بەهەرحاڵ ئەمڕۆ لە سیاسەت و دەسەڵات و مرۆڤ ڕازئامێزی سڕدراوەتەوە و گوتاری پێشوو خەریکه لەناو دەچێ.(آیین شهریاری و دینداری، ل٣-١٧)

لە جیهانێکدا که ڕازئامێزی تێدا نەماوە، ئێمە دەتوانین چەند گوتاری دینی دیکەش و چەند پۆلێنبەندی دیکەش بکەین که بە کورتی ئاماژەیەکیان پێدەدەین.

عەلیرەزا عەلەویتەبار بیرمەندی ئێرانی دەڵێ هەر لە ئێرانی هاوچەرخدا دەتوانین بە پێنج گوتاری دینیی نوێ ئاماژە بدەین: 

١- گوتاری بونیادگەرا- شەریعەت سەنتەر

٢- گوتاری بان سروشت(مابعدالطبیعه)- نەریتگەرا

٣- گوتاری عیرفانی تەسەووفگەرا

٤- گوتاری ئایدۆلۆژیکی بناژۆخواز(رادیکاڵ)

٥- گوتاری مەعریفەناسانەی دێمۆکرات

ئەم پێنج گوتارە لە چەند گۆشەنیگاوە دەتوانین پێکەوە بەراوەردیان بکەین و به زانینی پێگەی ئاوەز لە ناسین، تێڕامان لە ڕۆح و دەقی دین، گرنگترین ئاماژەی دینداری و دین‌باوەری، چاوەڕوانییەکان له دین، فرەیی دینی، گرنگترین هەڵوێستەی دین، مامەڵە لەگەڵ حاکمیەتی دینی ومۆدێرنیتە، لێکدیان جیا کەینەوە. ئەوەی ئەمڕۆکە بەناو ئیسلامی سیاسی ناوزەد کراوە، هەموو ئەو گوتارانە لەخۆ ناگرێ.(گۆڤاری ئافتاب، ژ٩، خەزڵوەر ١٣٨٠، ل ١٣)

لە ڕوانگەیەکی دیکەدا دەتوانین پێنج گوتاری دینیی هاوچەرخ باس لێبکەین:

١- ئیسلامی فەرهەنگ که بڕوای بە جیایی دین لە سیاسەت هەیە؛

٢- ئیسلامی فەرهەنگی سیاسی و نەریتی(ئیسلامی نەریتی و سیاسی)

٣- ئیسلامی فەرهەنگی سیاسی و نوێگەرا(ئیسلامی سیاسیی نوێگەرا)

٤- ئیسلامی ئایدۆلۆژی و تێکڵاو(التقاطی)

٥- ئیسلامی ئایدۆلۆژی تەواوگەرا(تام‌گرا) یان تۆخگەرا(ناب‌گرا)

لەم پۆلێنبەندییەدا دوو لقی ئیسلامی فەرهەنگ و ئیسلامی ئیدئۆلۆژی بوو بەڵام دەتوانین بە پێوەری دیکە باس لە دابەشکردنی دیکەش بکەین. ئەگەر تەنیا لەسۆنگەی فیکرییەوە چاو لە بابەتە بکەین و سیاسەت لەبەر چاو نەگرین بە دەرەنجامی دیکەش دەتوانین بگەین.(گفتمان‌های دینی معاصر، ل١٧-١٩)

هەڵبەت سەبارەت بە ئیدئۆلۆژیا کردنی دین حەز دەکەم، جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە که هەموو ئەو ڕۆشنبیرو نووسەرانەی باسی بە ئایدۆلۆژیاکردنی دینیان کردووە، لە پێناسەی خوودی چەمکی ئیدئۆلۆژیدا تووشی چەشنێک تارماییی و بشێوییی خوودی چەمکەکە بوون. هیندەک پێیان وایە که نووسەرانی ئیسلامی وەک حەسەن بەننا، ئەبوولئەعلای مەودوودی، سەید قوتب یان عەلی شەریعەتی، دینیان لە دۆخێکی وەستاوی فەرهەنگیدا کردووە بە ئیدئۆلۆژی‌و لە زۆربەی کاتیشدا ئەم داوەریکردنە هاوڕێ لەگەڵ چەشنیک بەسووک سەیرکردن بووە. ڕەنگە چەمکی ئایدۆلۆژیا که واتا و مەدلوولی جیاوازی هەیە، خۆی ڕێگەر بێ تا بتوانین ئەو داوەریە سەبارەت بە ئیدۆلۆژیک کردنی دین لەلەلایەن کەسانی ناوبراوەوە بکەین. وێدەچێ به هۆی هیندەک ئاماژە بانگەشەی بە ئیدئۆلۆژیاکردنی دین، مۆوەجەهـ(موجه) نەبێ؛ چوونکه بە گوێرەی خوودی دین و چەمکی ئیدئۆلۆژی، خوودی دین لە بنەڕەتدا، ئیدئۆلۆژییە و کەس ناتوانێ بیکاته ئیدئۆلۆژیا. دیارە هاوشێوەی ئەم مامەڵەیە لەگەڵ دین له مێژووی خۆرئاواشدا هەبوو. بۆ نموونە سرووش کە باسی بە ئیدئۆلۆژیک کردنی دین لەلایەن شەریعەتییەوە دەکا، پێناسەی مارکسی بۆ ئیدئۆلۆژیا لەبەر چاو گرتووە که بە واتای ووشیاری پێچەوانە/بەرئاوەژوو(آگاهی وارونه)، شعوور یان ویژدانی درۆیینە دێ و شەش تایبەتمەندی بۆ ئەو چەمکە پێناسە کردووە: ئیدئۆلۆژیاکان ١)وەکوو چەک ئیش دەکەن، ٢)خوازیاری شەفافیت و ڕوونی و پتەوین، ٣)چونکە خوازیاری ڕوونی زیاترن، گوزینشی و بژاردەیی ئیش دەکەن، ٤)دوژمن‌بەزێن و دوژمن‌تراشن، ٥)جووڵە بۆ ئەوان ئەسڵە و گەران بەدوای حەقیقەتدا بایەخێکی نییە، ٦) هی قۆناغی بنیاتنانن(Movement) نە هی قۆناغی سەقامگرتوویی(Institution).(فربەتر از ایدئولوژی، ل١٠٥-١٠٩) 

سرووش جگە لەم تایبەتمەندیانە لە ووتارێکدا باس له چەند تایبەتمەندی دیکەش بۆ ئیدئۆلۆژی دەکا و دەڵێ: ئیدئۆلۆژیا جگە لەوەیکە شت چەپەوانە و بەئاوەژوو پیشان دەدا، نیمچە مەعریفەیەکی پڕ لە غەفەڵەتە، خزمەتکاری بەرژەوەندییەکان، شەرعیەتدەر بە دەسەڵاتی سیاسی، سەروە دەسەڵات و سیاسەت و هۆگری شۆڕش، سڕێنەرەوەی دژایەتی نێوان زەین و واقع،  بێ‌بەڵگەی مەعریفی(دلیل) و هەبوونی هۆکار(علت) و داتاشینی دەلیل، گونجاو لەگەڵ شێوەی داژیار و مەعیشەت، لەخۆنامۆبوون(الیناسیون)، کاتی، مێژوویی و هەڵگری ئەرزشداوەری و جەدەلیبوونی هەردوولا(جدلی‌الطرفین) ئیبتال‌ناپەزێری ئەزموونی و لۆژیکی(ابطال‌ناپذیر تجربی و منطقی) که ناتوانی بۆ سەلماندنی بەڵگە(دلیل)و ئەرگۆمێنتی بۆ بهێنییەوە.(فربەتر از ایدئولوژی، ل٧٩-٨٠) 

بە کورتی دەتوانین بێژین که گوتاری ئیدئۆلۆژیک یان ئەوەیکه دین خوێندنەوەی ئایدۆلۆژیکی لێی کرابێ لە بنەڕەتدا بابەتیانە نییە؛ چونکه دین لە زاتی خۆیدا ئیدئۆلۆژییە؛ بەم واتایەی که ئایین ئیدەگەلێکی بێ‌بەڵگەیە که لەگەڵ دەلیل‌هێنانەوە(استدلال) هیچ خزمایەتییەکی نییە و لەسەر گوێڕایەڵی بێ‌چلۆن و بۆچی(تعبد) بۆ خوا یان پێغەمبەری دینەکە، دامەزراوە. وەک گابریەل مارسێل پێی وایە ئەو باوەڕانەی پەشتئەستوورن بە دەلیل ئەوانە، «ئیدەن» و ئەوانەی ناتوانی دەلیلی عەقڵیان بۆ بهێنییەوە، «ئیدئۆلۆژی»ـن. واته ئیدئۆلۆژی بیروباوەڕێکە که پشتیوانەی مەعریفی و بەڵگەهێنانەوە(استدلال) ی نییە و هۆکاری غەیرە مەعریفی لەپشتە. لێرەوە تەنانەت باسی ئەخلاقی باوەڕیش دێته گۆڕێ، که ئەویش ئەوەیە که هەموو باوەڕکانمان دەلیلی مەعریفیان لەپشت بێ. هیچکەس نییە که بۆ هەموو باوەڕەکانی دەلیلی مەعریفی هەبێ. جگە لەوەش دین لە زاتی خۆیدا دۆگمایە و زۆر ناتوانێ ڕووی خۆش به گۆڕانکارییەکان پیشان بدا. ئەوەیکه پێت وابێ «ئەلیف، ب یە» و غەیری ئەو ڕاست نییە و گوێ بۆ کەس ڕانەگری ئەوە دەمارگرژی و دۆگمابوونە. هەموو دینێک خەسڵەتی دابینکردنی بەرژەوەندی بۆ پەیڕەوەکانی خۆی تێدایە؛ هەروەک هەموو ئیدئۆلۆژیەک ئەو تایبەتمەندییەی هەیە.  جگە لەوانە ئارەزووئەندێشی یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی دین و هەموو ئیدئۆلۆژیایەکە؛ ئەوەیکە کەسێک بێژێ: «ئەلیف ب یە، چونکه ئەمن وام پێخۆشە که ئەلیف ب بێ» دینەکان یەکێک لەو هۆکارانەی ماونەتەوە ئەوەیە که ئارەزوئەندێشی لە دیندا بوونی هەیە و ئایین سۆز و عاتیفەی مرۆڤەکان دەلاوێنێتەوە. ئیدئۆلۆژیەکان خەیاڵئامێز و خەوناوین بەو واتایە که پێوەندیان لەگەڵ واقعدا دەپچڕێ و لە خەون‌و خەیاڵدا دەژین و لەلایەکی دیکەوە ڕۆیایی‌بوون، باری زیادی نانە سەرشانی مرۆڤەکان، لەنەزەرنەگرتنی تاقەت‌و توانای مرۆڤەکان ڕووپەڕێکی دیکەی ئارەزووئەندێشین. زۆر جار، ئیدئۆلۆژییەکان لە مرۆڤەکان داوای شتێک دەکەن کە لە هێز و توانای ئەوان بەدەرە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خەیاڵاویی بوون و یۆتۆپیک بوونی ئەوان؛ وەک کارل مانهایم(Carl Mannheim)دەڵێ: ئیدئۆلۆژییەکان لەگەڵ یۆتۆپیا، گرێبەستی برایەتیان بەستووە. بەم واتایە، دینەکانیش گرنگیان داوەتە یۆتۆپیا؛ لانیکەن لە دینی ٢و ٣ دا ئەم تایبەتمەندییە هەیە‌و چەشنێک ناواقعبینی لە فەرمانەکان، حوکمەکان و باوەڕە دینییەکاندا هەیە که وات لێدەکا وەبزانی که ئەم ئەحکام و عەقیدەیە بۆ مرۆڤێک غەیری ئەو مرۆڤە واقعییە دانراوە. بەواتایەکی دیکە ئەو فەرمان‌و ڕێسایانە بەجۆرێکن بۆ مرۆڤی ئاسایی و ساکار بۆ پشت پێ بەستن نابن. لەبەر ئەوە دینیش هەروەک ئایدۆلۆژیا یۆتۆپیکه و زاتەن ئیدئۆلۆژیکیشە. دوا تایبەتەمەندی نەرێنیی ئیدئۆلۆژی ئەوەیە که دەگوترێ ئیدئۆلۆژییەکان مرۆڤەکان تێک بەردەدەن. هیچکات نەبینراوە دوو زانای ڕیازیات لەبەر جیاوازیی بیروڕای زانستییان یەکدی بکووژن. هەرکات لە کۆتی ئایدۆلۆژیا رەها بین، ئەوا لە قەیدوبەندی سنووردانانەکانیش ئازاد دەبین، چونکە هەموومان بە یەک مێتۆد قسە دەکەین و بەیەک مێتۆد دەسەلمێنین و بە یەک مێتۆد ڕەخنە لە قسە دەگرین و چەشنێک یەکسانی لەنێوان هەموو مرۆڤەکاندا دەبینرێ؛ هەر بۆیە لە ڕیازیزانێک یان لە قوتابییەکانی دەتوانین شتێک وەربگرین بەڵام لە ئایدۆلۆژیادا سنووردانان دروست دەبێ. ئیدئۆلۆژییەکان دژایەتیان بەشوێنەوە دێ و نەیارتاشین تێیاندا زۆر بەزەقی هەیە. هیچ ئاینێک نییە که ئەم سنووردانانەی تێدا نەبێ؛ هەر دینێک خۆی پێ هەقە و دینەکانی دیکەی پێ باتڵ‌و ناهەقە؛ لانیکەم دیندارەکان یان زۆربەیان چەشنێک بۆچوونی سڕینەوە و قوبوڵنەکردنی بەرانبەریان تێدا زاڵە؛ هەربۆیە دین زاتەن ئیدئۆلۆژیکە و کەس ناتوانێ دین ئیدئۆلۆژیک بکا. کۆتا قسە ئەوەیە که ناتوانین قوبوڵی بکەین کە کەسێک یان کەسانێک بتوانن دین ئیدئۆلۆژیک بکەن؛ چوونکە دین خۆی لەخۆیدا ئیدئۆلۆژیکە.(در رهگذار باد و نگهبان لاله، ل ٢٧٥-٩)

لە پوڵینبەدییەکی دیکەدا هەروەها دەتوانین باسی گوتاری ئیسلامی نەریتخواز، گوتاری ئیسلامی نوێگەرا و گوتاری ئیسلامی بونیادگەرا بکەین.

پێموایە ئێستا بە باس لێکردنی جوگرافیای باسەکەمان دەتوانین بچینە سەر تەوەری سەرەکی وتارەکەو ئەوەی وا بۆ ئێمە گونجاوترە تاووتوێی بکەین.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە که مۆدێڕنیتە ئێستا لە هەموو جومگەکانی ژیانی ئێمەدا بوونی هەیە و ناتوانین بەدەر لە مێژوو و جوگڕافیادا بژین، پێویستیمان بە هەڵبژاردن یا داهێنانێکی وەها هەیە و دەبێ گوتارێک بخەمڵێنین کە بتوانێ خزمەت بە دۆخی ئێستا گەلەگەمان بکات و لە ئێش و ئازار و نەهامەتییەکانی ئەم گەلە چەوساوەیە کەم کاتەوە. گوتاری «ئیسلامی کوردی» که لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ڕۆشنبیرانی کوردستانی گەرمێن بەتایبەت تەحسین حەمەغەریب باسی لێکراوە دەتوانێ تا رادەیەکی باش ئەم بۆشاییە پڕ کاتەوە. لام وایه لەم گوتارەدا پێغەمبەری مەزنی ئیسلام جێگەو پێگەیەکی تایبەتی هەیەو ئەوینی ئەو زاتە لە هونەر، ئەدەبیات و عیرفانی ئێمەدا زۆر بەپڕڕەنگی ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆیە پێموایە ئەگەر ئێمە لایەک لە گوتاری دینی پێغەمبەری ئیسلام(د.ج) بکەینەوە‌و تایبەتمەندییەکانی پێناسە بکەین‌و بە کەڵک وەرگرتن له هێرمینۆتیک و دیاردەناسی مێژوویی بە گەشتێک‌و گەڕانەوەیەک بۆ زەمینەو زەمانەی بوونی ئەوو ئەزموونە مێژووییەکەی که لە دەقە پیرۆزەکاندا وەک کتێب و سوننەتدا هاتووە، ئەوەی وا پێویستیی ڕۆحی سەردەمی ئێمەیە و گونجاوە لەگەڵ کۆمەڵگەو مێژووی خۆمان، هەڵی بژێرین و خزمەتی خۆمان و گەلەکەمانی پێبکەین و هەڵبەت چارەیەکیشمان جگە لەوە نییەو ئەگەر وا نەکەین دەکەوینە چەندین هەڵەی کوشەندە و داوی فێندامێنتالیزمێکی تۆقێنەر که ڕێز لە هیچ بەهاو ئەزموونی مرۆڤایەتی ناگرێ‌و کۆمەڵگە بەرەو داپڵۆسین و ژیانی مرۆڤ بەرەو دۆخێکی ناتەندروست و ناجێگیر دەبا و ڕۆژ بە ڕۆژ گوتاری دینیمان ناکاراتر، پێوەندی نێوان نەوەکان ناتوانێ مسۆگەر بکا. بۆیە پێم باشە تایبەتمەندییەکانی گوتاری دینیی پێغەمبەر(د.خ) لە ڕوانگەی بیرمەندی گەورەی دونیای ئیسلام مەحەممەد موجتەهیدی شەبستەرییەوە بەهەند وەربگرین و بەچەشنێک بە تەواوکەری پڕۆژەکەی ئیسلامی کوردی دابنێین.

تایبەتمەندییەکانی گوتاری دینیی پێغەمبەر(د.خ)

١- عەقڵانیبوونی گوتاری پێغەمبەر

گرنگترین تایبەتمەندیی بانگەوازی پێغەمبەر بانگەواز بۆ یەکتاپەرەستی و رەدکردنەوەی هاوەڵ بۆ خوا بوو. تەوحید و تاقانەپەرەستن کە بەردی بناغەی دەعوەتی پێغەمبەری پێک دێنا، گوتەزایەکی عەقڵانی بوو. بەر لە دەعوەو بانگەوازی پێغەمبەر، شەریکدانان بۆ خوا بەسەر هەموو حیجازدا زاڵ بوو. تەوحیدی پێغەمبەری ئیسلام گوتەزایەک بوو کە عەقڵی سەردەم پەسندی دەکرد. بەدرێژایی مێژوو عەقڵ و عەقڵانیەتی جۆراوجۆرمان هەبووە، عەقڵێک که ئەو سەردەمی هەبوو، تەوحیدی قوبوڵ بوو؛ بەڵام هاواڵدانانی بۆ خوا پەسەند نەدەکرد. لەنێوان عەقڵی زەمانە و دەعوەتە تەوحیدییەکەی پێغەمبەردا دژایەتێک لەئارادا نەبوو. تەوحید بابەتێکی ماقووڵ(معقول) بوو.

پێغەمبەری ئیسلام بانگەوازی بۆ ڕوو وەرگێران لە نەفامی زەمانه و ڕوو هێنان به عەقڵی زەمانە بوو. لێرەوە بەو دەرەنجامە دەگەین که نابێ گوتاری دینیی هاوچەرخی کۆمەڵگەی ئێمە لەگەڵ عەقڵی زەمانە ناتەبا و ناسازگار بێ؛ ئەگەر وابێ، یەکێ لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی گوتاری دینی خەوەشدار دەبێ. ناکرێ بڵێین ئێمە قسەی دین دەکەین کاریشمان بەوە نییە که لەگەڵ عەقڵی زەمانە دێتەوە یان نایەتەوە. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە. دەبێ بیری لێبکەینەوە چلۆن دەڵێین و چ دەڵێین و قسەکەی ئێمە لەگەڵ عەقڵانیەتی سەردەمدا چ پێوەندییەکی هەیە؟ ئایا ئەو شتەی بەناوی دینەوە لە خەڵکی ئێمە داوا دەکرێ‌و وەک ئەمر و نەهیی خوا ڕاگەینراوە لەگەڵ عەقڵانیەتی کۆمەڵگە کە خەڵکی لەگەڵیدا دەژین، سازگارە یان نا؟

ئایا دەتوانین بە ناوی دینەوە قسە بکەین و بیر لەوە نەکەینەوە که ئەم ووتەیە لەگەڵ عەقڵانیەتی ئێستادا لە زانکۆکانمان چ پێوەند‌و خزمایەتییەکی هەیە؟ ئەگەر گریمان نیسبەتی تەناقوز و پارادۆکسیکاڵ یان دژایەتیان هەبوو، دەبی ئالەوێدا بوەستین؛ دەبێ گفت‌وگۆیەکی ئازاد و بێلایەنانەو ماقووڵ جێگەی ئەو، بگرێتەوە و چاوەڕێی دەرەنجام و ئاکامەکانی بین. مامەڵەی دۆگما و تاکلایەنە، پەیامی دین خەوەشدار دەکا. ئەبێ بە ئامرازی عەقڵ و لۆژیک، قسەی دینی بکەینە باشترین(احسن) تاوەکوو پەیامی دین، پارێزراو بێ. پردی نێوان وتووێژ لەگەڵ زانست و فەلسەفە هەمیشە ڕابگیردرێ. ئەگەر ئەو پردە نەبێ، مومکینە پێوەندی نێوان دین لەگەڵ فەرهەنگی عەقڵانیی زانکۆکان ببچڕدرێ؛ ئەگەر وابێ چلۆن دەتوانین لەگەڵ نەوەیەک کە هیچ پێوەندییەکمان لەگەڵ عەقڵانیەتی ئەودا نییە، قسە بکەین؟ مەگەر دەکرێ وێژەر هیچ پردێکی لەگەڵ بەردەنگدا نەبێ و قسەشی لەگەڵدا بکا؟ 

بەکام بەڵگە و لۆژیک دەتوانین هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤ لە ڕەهەندی دیندا کورت بکەینەوە و هەموو ڕەهەندەکانی دیکەی ژیان، هێڵێکی سووری بەسەردا بکێشین‌و بڵێین هەموو شت دەبێ لەژێر ئاڵای دین و شوێنکەوتووی ئەو بێ و هێچ لایەنێک بۆ گفت‌وگۆ بە فەرمی ناناسین. ڕاستە دین لە پلەو پایەو جێگەی بەرز دایە؛ بەڵام بە درێژایی مێژوو ئەدەبیاتی نادینی و هۆنەری نادینیش بەشێکی حاشاهەڵنەگر لە ژیانی مرۆڤ بوون. زانست و فەلسەفەی نادینیش بەهەمان شێوە. ناتوانین چاومان لە ئاست ئەوانەدا بقووچێنین. ناتوانین ئەدیب‌و پیتۆڵ‌و هونەرمەندانی نادینی نادیدە بگرین. پەیامی دین دەبێ عەقڵانی بێ یانی بتوانێ لەگەڵ هەموو ڕەهەندەکانی جووڵەی مرۆڤ کە بەدرێژاییی مێژوو بە حیسابی مرۆڤایەتی نووسراوە، پێوەندی بگرێ و مرۆڤیش تاکڕەهەند نەکاتەوە و بەشێکی بەرچاو لە مێژووی مرۆڤایەتی نەسڕێتەوە. خیتابی خوا ڕوو لە مرۆڤە؛ ئەو ئینسانەی که لە درێژایی مێژوودا خۆی پیشان داوە نە ئەو مرۆڤەی که لە مێشکی فەیلەسووفەکاندا دەژی و مرۆڤێک که بە کۆنکرێتی‌و واقعی بەدرێژاییی هەزاران ساڵ ژیاوە و دەتوانی لە مێژوو و کۆمەڵگەدا بیبینی. مرۆڤێک بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە، باشی و خراپییەکانییەوە و لاوازی و توانایییەکانییەوە. ئەم مرۆڤە ناتوانێ پێناسەیەکی کۆنکرێت و تەواوی پێ بدرێ‌و هەر بۆیەش هیندەک لە فەیلەسووفەکان پێیان وایە که ئینسان بوونی واتە وجوودی لەپێش ماهیەتی دایە.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە که خیتابی دین ڕوو لە کام مرۆڤە؟ ئەو مرۆڤەی فەیلەسووفەکان پێناسەیان کردووە یا ئەو ئینسانەی لەناو مێژووو کۆمەڵگەدا دەژیت؟ بەدڵنیاییەوە ئەو مرۆڤەی که لە دیرۆک و کۆمەڵگەدا دەژیت. بێگومان پێغەمبەر مرۆڤەکانی بە سلووکی مەعنەوی بۆلای خوا بانگێشتن دەکرد؛ بەڵام ئەم بانگەوازە لەناو ناخ‌و هەناوی ڕاستییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا دەهاتە دی. ئەو، بانگەوازی بۆ مەعنەویەت دەکرد؛ بەڵام نە بۆ دەیرو کلێسە‌و سەومعە‌و ئەشکەوت بەڵکوو لەناو خوودی کۆمەڵگادا. ئەگەر کەسێک بێژێ پێغەمبەر سیاستمەدار بووە بێگومان قسەیەکی نادروستی کردووە و ئەگەر بڵێ ئەو پەیامبەرێک بوو که بۆ گۆڕانی مەتنی ژیانی ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان کاری به دادپەروەریەوە نەبوو، ئەوەش لێدوانێکی ناڕاستە. «یا ایها الناس»ـەکانی قوڕئان ڕوو لە مرۆڤێکن که لەناو کۆمەلگە‌و مێژوودا دەژێ و ئەدەبیاتی دینی و نادینی و هونەری دینی و نادینی، ئیمان، فەلسەفه، زانست، پیشەسازی و... هەیە.

پەیامی دین ئەگەر بیهەوێ عەقڵانی بێ، ناتوانێ هەندەک ڕەهەندی ژیانی مرۆڤ بسڕێتەوە. واتای «جامعیەت»ـی دین ئەوە نییە هەموو شتێک بخاتە ژێر چەتری دینەوەو ڕەهەندەکانی فەرهەنگ رەد کاتەوە. واتای جامیعبوونی دین- هەڵبەت ئەگەر چاوەڕوانی جامعیەت بین بۆی- ئەوەیە که لە هیچ بوارێکدا بێ پەیام نەبێ، بۆ هەموو مرۆڤەکان واته فەیلەسووفەکان، زانای زانستە تەجریبییەکان، هونەرمەندی دینی و نادینی و داهێنانکارانی تەکنۆلۆژیا و.... بە دانپێهێنان به بوونیان، پەیامی هەبێ.

٢- دادپەروەری‌و عەداڵەتگەرایی

لە دادپەروەری لە سەردەمی پێغەمبەردا پێناسەیەکی ڕوون هەبوو و میسداقیەتیشی هەبوون. میسداقەکانی عەداڵەت ڕوون بوون. پێغەمبەر داوای ڕەچاوکردنی ئەو میسداقانەی دەکردو لەم جێگایانەدا کە میسداقەکانی ستەم ڕۆشن بوو، فەرمانی بە نەکردن‌و دوورەپەرێزیان دەدا. پێغەمبەر لەم بوارەدا هیچکات پرسێك که بۆ خەڵک دەرک نەکرێ نەهێناوە. بانگەوازی ئەو، لادان لە ستەمی زەمانە بۆ عەداڵەتی زەمانە بوو و خەڵک دەیانزانی زوڵم و عەدڵی زەمانە چین. بۆ وێنه کاتێک پێغەمبەر خەڵکی لە ستەمکردن لە دیل‌و کۆیلەکان لە شەڕدا مەنع دەکرد، خەڵک بەتەواوەتی لە واتای ئەو نەهییەی ئەو تێدەگەیشتن. هەروەها ئەو بەگوێرەی عەداڵەتی ناسراوی ئەو سەردەمەمە، مافەکانی ژنی لە بەرانبەر هاوسەرەکانیاندا دیاری کرد و ئەم مافانەشی گونجاو لەگەڵ میسداقەکانی عەداڵەت لەو زەمانەیەدا دیاری کرد و خەڵک لە هەمووی ئەوانە تێدەگەیشتن و دەیانزانی کە پێغەمبەر، ئەوان بۆ لای عەداڵەت دەعوەت دەکا. پێغەمبەر فەرموویەتی که «خیارکم فی الجاهلیة خیارکم فی الاسلام وشرارکم شرارکم فی الجاهلیة»؛ مرۆڤە باشەکانی ئێوە لە سەردەمی مندا ئەوانەن که پێش لە هاتنی منیش مرۆڤگەلی خاس بوون و ئینسانە خراپەکانی ئێوە لە دەورەی مندا ئەوانەن که بەر لە هاتنی منیش هەر خراپ بوون. واتە من بۆ لای ئەو باشیانە بانگەواز دەکەم کە بەر لە هاتنی منیش مرۆڤە ئاوەزمەندەکان، لێیان تێدەگەیشتن؛ بەڵام ئەوان وێڵ کرابوون و کەس سەرو سۆراغی نەدەکردن و بایەخی باڵا نەبوون. ئێستاکە من هاتووم ئەوانەم وەک بایەخی باڵا ڕاگەیاندووە و بارودۆخم گۆڕیوە. لەڕاستیدا من ئەخلاقی زەمانەم کێشاوەتە سەرێ و دەربارەی عەداڵەتیش هەر ئەو کارەم کردووە. دەربارەی ئەخلاقیشدا بە هەمان شێوە هاتووم باشییەکانی ئەخلاق تەواو کەم، نەهاتووم که بیدعە بێنم بەڵکوو هاتووم تا مەکارێمی(مکارم) ئەخلاق کە ئینسانەکان دەیانناسن، بیانخەمە سەر کورسی و تەواوکاریان تێدا بکەم. ئەمن بۆ لای ئەو دادپەروەرییە دەعوەت دەکەم که پێش لە منیش هەر هەبووە و من ئێوە به کامڵکردن و تەواوکردنی ئەو بانگێشتن دەکەم.  

هەڵبەت ئەو باسە، کاتێک جێ دەکەوێ که هەوڵ و تێکۆشانی پێغەمبەر لە بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئەوکاتیدا بخوێنرێتەوە. بەداخەوە ئەو میتۆدە ڕەچاو ناکرێ و پێغەمبەر وەک کەسێکی بان- مرۆڤ(superman) سەیر دەکرێ که لە هەلومەرجی بان کۆمەڵایەتی و مێژووییدا تێدەکۆشا و بە زمانێکی بان مێژوو قسەی دەکرد. ئەم وێناکردنە ناڕاستە. پێغەمبەر مرۆڤێک بوو و لە هەلومەرجێکی مێژوویی- کۆمەڵایەتیی دیاریکراودا هەڵسوکەوتی دەکرد. ئەو لەگەڵ ئاستەنگ و بەربەستاندا دەست‌وپەنجەی نەرم دەکرد و بۆ ئەم باشییانەی خەڵکی بۆلا بانگ دەکرد، ئیمکاناتی بێئەژماری لەبەردەست دانەبووو بەگوێرەی دۆخەکە ئیشی دەکرد. ئاستەنگەکان و کەمایەسییەکانی زمان به هیچکەس و تەنانەت بە ئەویش ئیجازەی نەدەدا و نادا که هەموو ئەو شتانەی که لە هەموو چاخەکاندا دەتوانی بیڵەی ئەو لە یەک کاتدا بێڵێ واته هیچ موسلیحێکی بان مێژوویی و بان کاتمان نییە. بەهەر حاڵ دەبێ ژیان و پەیامدارێتی پەیامبەری ئیسلام لە هەلومەرجی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی دەورانی خۆیدا بخوێنرێتەوە. عەداڵەتگەرایی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گوتاری ئەوە و ووتە و کرداری ئەو دادپەروەرانەیە. ئەو دەیهەوێ ستەمی زەمانە وەلا نێ و بۆلای عەداڵەتی زەمانە بەشێوەیەکی تەواوکراوتر، بانگێشتن بکا. لە چاخی ئێمەدا دەبێ بزانین عەداڵەت چییە و چلۆن راڤە دەکرێ؟ راڤەی مرۆڤی ئەمڕۆ لە عەداڵەت جۆراوجۆر و جیاوازە؛ دەبێ راڤەیەک هەڵبژێری و لەنێوان پەیامی دین و ئەو ڕاڤەیە پێوەندییەک بەدی بێنی. قسەو پەیامی دین ناتوانێ نادادپەروەرانە بێت.

بۆ نموونە ئەگەر لە دونیای ئەمڕۆدا مافی مرۆڤ وەک نوێنگەی عەداڵەت وێنا دەکرێ، پەیامی دین ناتوانێ پێوەندییەک لەگەڵ ئەم پرسە بەرقەرار نەکا. مافی مرۆڤ دەبێ وەک بنەمایەک بۆ ڕێکخستننی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی خۆمان وەربگرین. ئەگەر سوننەت‌و سیرەی پێغەمبەر لە دۆخی کۆمەڵایەتییەکەیدا چاو لێبکەین، ئەو شتانەی وەک ئاستەنگ بۆ قوبوڵکردنی مافی مرۆڤ دێنە بەرچاو لەبەر چاوتان لادەچن. ئەوکاتە زەینتان لە شکڵ و شێوەکانی سوننەت و سیرەی نەبەوی تێپەڕ دەکا و تێدەگەن کە کەرامەتی مرۆڤ لە پەیامی نەبەوییدا چیە. دەبینن کە لە نێوان کەرامەتی مرۆڤ و مافی مرۆڤی چاخی ئێستادا چ پێوەندییەک لەئارا دایه؟! هەندەک دەیانهەوێ هەموو بڕگەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کیتاب و سوننەتدا هەڵێنجن. ئەمە کارێکی ڕەوشمەند نییە. تیۆرە زمانناسییەکان ئەو مۆڵەتە بە ئێمە نادەن که چەمگەلی دیاریکراو و تایبەتیی چاخی ئێستا بەسەر پێکهاتەی زمانێک که لە چاخی ڕابردوودا بووە، بسەپێنین و هەر بۆیەشە ئێمە دەتوانین باسی پەیامی قسە و کرداری پێغەمبەری ئیسلام بۆ ئەم چاخە بکەین و نەک لە مەدلوول و مەنتووقەکانیان بکۆڵینەوە.(مدلول و منطوق) ئەگەر ئاستەنگەکان وەلا بنێین، پەیامەکە خۆی پیشان دەدا. ئەگەر ئەمڕۆ پرسیارەکە بەمشێوەیە بکەین ئایا ئەو پێغەمبەری ڕەحمەتە که لە هەلومەرجی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا، ئاوەها لە ستەمی زەمانە خەڵکی دەپرینگاندەوە و بانگەشەی بۆ عەداڵەتی زەمانە دەکرد، ئەگەر ئەو لەم چاخەی ئێستادا ژیابا، مافی مرۆڤی قوبوڵ دەکرد یان دژایەتی دەکرد؟ ئەگەر پرسەکە ئاوا تەرح کەین، یەک وڵام وەردەگرینەوە ئەویش ئەوەیە که بەڵێ قوبوڵی دەکرد. بەڵام ئەم وڵامە کاتێک وەردەگرنەوە که لە واتای «مافی مرۆڤ» باش تێگەیشتبن و بزانن کە مافی مرۆڤ پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان ڕێک دەخا و نە پێوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ خودا. ئەو ئازادییانەی لە مافی مرۆڤدا هاتوون ئازادیی ئینسان لەبەرانبەر مرۆڤ دایە‌و واتای ئەوە نییە که دانپێداهێنان یا هاشا لێکردنی خوا بۆ مرۆڤایەتیی مرۆڤ لەلای خوا دەرەنجامێکی یەکسانی هەبێ.

موجتەهیدی شەبستەری گەورە بیرمەندی ئێرانی لە درێژەدا دەڵێ: ڕواڵەتگەلی دیاریکراو لە هەر چاخێکدا دەکەونە ناو زبڵدانی مێژووە؛ بەڵام پەیامە هەرمانەکان، هیچکات وایان لێ بەسەر نایە. پەیامەکان هەمیشە بە تەوێڵی مێژوودا دەدرەوشێنەوە. پەیامی پێغەمبەران و دۆستانی خوا، ئاوان.

٣- واقع‌گەرایی

سێهەمین تایبەتمەندی گوتاری پێغەمبەری ئیسلام و پێغەمبەرانی دیکەش، واقعگەرایییە. گوتاری ئەوان واقع‌گەرایانەیە و خەیاڵات نییە. ئەو گوتارە، ڕاستییەکانی چاخ و کۆمەڵ دەبینێ. کردەوەی پێغەمبەر بەدرێژایی ٢٣ ساڵ، کردەوەیەکی واقعبینانە بوو؛ بۆیەش سەرکەوتوو بووە. ئەو یەکەم ڕۆژ کە دەستی دایە بانگەواز، تەنیا چەند کەس بەگوێیان کرد وەک خەدیجەی هاوژینی، عەلی ئامۆزای و ئەبووبەکری هەڤاڵی؛ بەڵام ئەو ڕۆژەی کۆچی دوایی کرد، ڕاستییەکی کۆمەڵایەتیی گەورەی بەرهەم هێنابوو. دوورگەی عەرەبی هەمووی ڕووی لە تەوحیدو تاقانەپەرەستن کردبوو. حوکومەتێکی ناوەندی دروست کرابوو. زۆر جار ئێمە بە سانایی لە هیندەک شت دەگوزەرێین، بەڵام ئەمە پرسێکی گرنگە. چلۆن ئەوانەی مێژوویان گۆڕیوە، لەو کارەدا سەرکەوتوو بوون؟ بێگومان ئەو کەسایەتییە تایبەتانەی که ڕێوەڕەسمێک(سنت) بنیات دەنێن، لە جۆرێک کردەوە کەڵک وەردەگرن تا ئەو سەرکەوتنەیان بۆ بەدی دێت.

پێغەمبەری ئیسلام بۆ ماوەی سێزدە ساڵ لە شاری مەککەدا، ڕووبەڕووی هەموو چەشنە ئازار و دژایەتییەک بۆوە، بەڵام خۆڕاگرانه بەرخۆدانی کرد؛ پاشان بۆ مەدینە کۆچی کرد و لەوێدا، چونکی بوار ڕەخسابوو، حوکومەتی بنیاد نا و ڕێبەرایەتی ئەم حوکومەتەشی ئاوەزمەندانە کرد. لەو چاخیدا حوکومەت و دین لێک جیا نەبوون. کرداری واقعبینانە ئەوە بوو که پێغەمبەر بۆ بەهێزکردنی دەعوەتە دینییەکەی پێشنیاری دروستکردن و ڕێبەرایەتیی حوکومەت قوبوڵ بکا و دینەکەی خۆی لەم ڕێگەوە بخەمڵێنێ و سەقامگرتووی بکا. جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت پاش زۆر گۆڕانکاری فەرهەنگی‌و کۆمەڵایەتی‌و دروستبوونی کۆمەلگە و دەوڵەتی نوێ هاتە ئاراوە؛ هەڵبەت ئەمڕۆ واقعبینی جیاکردنەوەی ئەو دووانەی دەخوازێ بەڵام لە چاخی پێغەمبەردا واقعبینی ئەوە بوو که ئەو، حوکومەت بینا بکات. واقعگەرایی پێغەمبەری ئیسلام دەیخواست که بەڕێزیان لە تەشریعاتی خۆیدا مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی تەواوو چەندڕەهەند ببینێ که هەم رەهەندی جەستەی هەیە و هەم ڕەهەندی مەعنەوی؛ هەم تاکە‌و هەم بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیشە. لە تەشریعاتی پێغەمبەردا هەموو غەریزە و مەیلەکانی مرۆڤ بەفەرمی وەرگیران و رەهبانیەت و تەرکەدونیابوون قەدەغە کرا. شەڕ و کەڵک‌وەرگرتن لە توندوتیژی بەشێوەیەکی دەگمەن مۆڵەتی پێدراو هەر چەشنە زێدەڕەوییەک‌ لەودا یاساغ کرا.

٤- ڕەحمەتگەرایی

بانگەواز بۆ ڕەحمەت‌وبەزەیی لەبەرانبەر پەنابردن بۆ توندوتیژی‌و تۆڵەستاندنەوە

یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی گوتاری پێغەمبەر، ڕەحمەت و بەزەیی و ناتوندوتیژی بوو. ئەگەر چاوێک لە بنەمای توڵەستاندنەوە(قصاص) لە ئیسلامدا بکەین، ڕەنگە هەندەک کەس پێیان وابێ ئەمە هێمای توندوتیژی لە ئیسلامدایە لەحاڵێکدا واقعییەت شتێکی دیکەیە و ئەم یاسایە لە چاخی پێغەمبەری ئیسلامدا هێمای ڕەحمەت بووە نەک توندوتیژی. لە قوڕئانی پیرۆزدا (قصاص) بۆ کۆنتڕۆڵی توڵەسەندنەوەگەلێک که لە کۆمەڵگەدا باو بوون، هاتۆتە ئاراوە. لەم کاتیدا ئەگەر کەسێک لە قەبیلە یان عەشیرەیەک دەکوژرا بەدەیان کەس لە خزموکەسی بکووژەکە بێسووچ‌و تاوان دەکوژرانەوە. قورئان فەرمووی که ئەگەر دەتانهەوێ تۆڵە بستێننەوە تەنیا مافتان هەیە یەک کەس بکووژن ئەویش بکووژەکەیە‌و نە کەسێکی دیکە و نەک زیاتر. پاشان لە ئایەتی قیساسدا گووتی: «‌وإن عفي له من أخيه شيء» واتە ئەگەر بکووژ، نەکوژنەوە و بیبەخشن زۆر باشترە. واته بانتر لە عەداڵەتیش هەیە ئەویش بەزەیی و بەخشینە. ئەگەر نەکوژن و ببورن خوا ڕازیتر دەبێ. لۆژیکی پەیام‌و گوتاری پێغەمبەر، نەتەنیا لۆژیکی تۆڵە‌و توندوتیژی نەبوو بەڵکوو جگە لە ڕەچاوکردنی دادپەروەری، بانگەواز بۆ ڕەحمەتیش بوو. گوتاری دینیی ئەمڕۆ نەتەنیا دەبێ بە گوێرەی عەداڵەتی زەمانە بێ بەڵکوو دەبێ بە گوێرەی ڕەحمەت لە چاخی ئێستادا بێ؛ واته سۆزو عاتیفەی گۆڕدراوی مرۆڤەکان لەم چاخەدا لەبەر چاو بگرێ. ئەم چوار خاڵەی باسمان لێکردن واته عەقڵگەرایی، عەداڵەتگەرایی، واقعبینی و ڕەحمەتگەرایی، هەموو پانتایی ژیانی مرۆڤ لەم جیهانەدا دادەگرن. مرۆڤ بەمجۆرەی لە مێژوو و لە کۆمەڵگەدا خۆی پیشان داوە، هەرێمی عەقڵانیەت، عەداڵەتگەرایی، واقعگەرایی و ڕەحمەتگەرایی هەیە؛ بەڵام گوتاری پێغەمبەر لە هەمانکاتدا کە هەمووی ئەوانە لەبەر چاو دەگرێ، نابێتە زیندانیی هیچکام لەوانە. پێغەمبەر بە ڕەچاوکردنی ئەم چوار هەرێمەوە، پەیامێک ڕادەگەینێ که بانتر لەو چوارەیە. ئەو پەیامەی خودا بۆ مرۆڤ و پەیامی ئاسمان بۆ زەوی بەمەبەستی کرانەوەی ئاسۆی سروشت و دەرچوون لە ژیانی ڕۆژانەیە بۆ ئەوەیکه مرۆڤەکان بتوانن ئەم پەیامە وەک خۆی ببیستن هەڵبەت پێغەمبەر دەبێ عەقڵگەرا، دادپەروەر، ڕەحمەتگەرا و واقعبین بێ بەڵام ئەم پەیامە ئەگەر تەنیا لەم چوار هەرێمەدا قەتیس بخوا، زایە دەبێ. ئەم پەیامە ئەگەر لە ماهیەتی خۆیدا که بانگەوازە بۆ دەرچوون لە چوار زیندانی مێژوو، کۆمەڵگە، زمان و جەستە، نەمێنێتەوە، ئیدی پەیامی خوا نییە. ئەو پەیامە کاتێک فەلسەفە، زانست و سیاسەت و قانوون و... بە ڕەنگی دین، جێی ئەو دەگرنەوە، ئیتر پەیامی خوا نییە. 

پەیامی خوا دەبێ هەمیشە زەڵاڵ بمێنێتەوە تا ببیسرێ. ئەم زەڵاڵ بوونە کاتێک دێتە دی کە هیچ فەیلەسووف و زانا و سیاسییەک قسەی خۆی به عەینی قسەی خوا نەزانێ و فەرمانی خۆی بە فەرمانی خوا نەزانێ و هیچ ڕاڤەکارێک هیچ گوزارەیەک بە بەیانی کۆتاییی ووتەی خوا ڕانەگەیەنێ و هەمیشە ڕێگەی ڕەخنە لە گوزارە دینی و کەلامی و گەڵاڵەی خوێندنەوەگەلی جۆراوجۆر لە دەقە دینییەکان ئاوەڵا بێ و هەموو قوبوڵی بکەن که زانستی ئێمە مەحدوود و دەسوێڕاگەیشتنی ئێمە بە حەقیقەت ڕێژەیییە‌و ڕێگاکانی گەیشتن بۆ لای خوا بەئەندازەی هەموو مرۆڤەکان یان هەناسەکانیانە. پەیامی خودا پەیامی هیوا و بوێری ژیانکردن بە مرۆڤە، پەیامی لادانی ناهۆمێدی و پووچی و بنیاتنانی بینایەکی پتەو بۆ ژیانی ناوەکی و دەرەکیە تا مرۆڤ بتوانێ دەرەقەتی ژانی(ڕەنج)ی بوون بێ. خوا خوودی خۆی لە پەیامدا پیشان داوە که من هەم و ئەی مرۆڤ تۆ لە ژیاندا بەتەنیا نی. ئەگەر مرۆڤ بەم خاڵە بگا کە لەڕاستیدا تەنیایە ڕەنگە تووشی دڵەڕاوکێ و ترسێک ببێ که هیچ ترسێک لەو بانتر نییە. خۆکوشتنی ڕۆشنبیرانە ئی ئەو کەسانەیە که بە تەنیاییەکی لەم چەشنە دەگەن.

پەیامی نەبەوی دەیهەوێ ئەم دەردە چارەسەر بکات کە مرۆڤ لە جیهانی بوونەوەردا هاوقسەیەکی هەبێ واتە کەسێک هەبێ قسەی لەگەڵدا بکا، ئەگەر ئەو پەیامە بیهەوێ لە ئاستی پەیامی ئاسمانیدا بمێنێتەوە دەبێ لە ئاستی مەشغووڵیاتی ڕۆژانەدا نەبێ، بەڵکوو بانتر بێ. زانای ناوداری مەسیحی کارڵ بارس(Karl Barth) دەڵێ پەیامی ئاسمانی دەبێ «بەتەواوی جیاواز/ بکلی دیگر» بێ. مەولانای ڕۆمیش لە شێعرەکانیدا باسی «شتی دیکە/ چیز دیگر» دەکا، وێدەچێ کارل بارس ئەم عیبارەتەی لە مەولانا وەرگرتبێ. مەولەوی کاتێک دەڵێ: آن چیز دگرم آمد، قسەی خوا «آن چیز دیگر»ـه. نان و ئاو و سیاسەت و فەلسەفە و مەعاش و زانست و... نییە. کارڵ بارس دەلێ قسەی خودا هیچکام لەو شتانە نییە کە ئێمە ناسیاویمان لەگەڵیاندا هەیە بەڵکو شتێکی بەتەواوەتی ترە. 

٥- پەیامبەری واتە پێغەمبەرایەتی

گوتاری نەبەوی بە وەحی دەس پێدەکا. وەحی واتە ئاماژەی خوا، پێغەمبەر دەیگووت ئەمن وەحیم بۆ لا دەکرێ. خوا به ئاماژە قسەم لەگەڵدا دەکا. پێغەمبەر تا کۆتایی تەمەنی بانگەشەی هاتنی نیگا و وەحی دەکرد و پێغەمبەرایەتی به گرنگترین ڕەهەندی کەسێتی خۆی دەزانێ. ئەو هیچکات لە قسەکانیدا خۆی نەهێنایە ڕیزی فەیلەسووفەکان و حەکیمەکان و سیاسەتمەدارەکان و دەسەڵاتدارانەوە. قورئان هیچکات بە پشت‌ئەستووربوون بە بەڵگە فەلسەفییەکان بانگەشەکانی پێغەمبەری نەسەلماند. لەو جێگەیەدا کە باسی وەحی بوو، هەر ئاتۆریتەی وەحی پشتی پێدەبەسترا. وەحی خۆی لە فەلسەفەدا کورت نەدەکردەوە. هەربۆیە پەیامبەر تا کۆتاییی تەمەنی هەر پێغەمبەر مایەوە. ئەگەرچی تەواوی دوورگەی عەرەبی لەژێر دەسەڵاتی بەڕێزیان دابوو بەڵام ڕەهەندی زەقی ژیانی ئەو تا کۆتاییی تەمەنی هەر «پەیامبەری» بوو. پێغەمبەرایەتی تایبەتمەندییەک بوو که ڕووی لە گیانی باوەڕداران بوو. ئەم تایبەتمەندییە بوو که بواری بۆ ئیمان و باوەڕ دەڕەخساند. ئەمڕۆکەش دەبێ ووتەی دینی، دەبێ بوار بڕەخسێنێ تا ئیمان بەدی بێ. ئەم ئیشە کاتێک سەردەگرێ که قسە بتوانێ گیان‌و دڵی بیسەران و بەردەنگەکان داگیر بکا و بهێنێتە ژێر هەژمۆنی خۆی. ئەم دەستەمۆکردنە کاتێک دەبێتە کردار که زانایانی دینی لە قسە و کرداریاندا خۆیان لەسەرووی کێشمەکێشەکانی دونیای سیاسەتدا ببینەوە؛ بەچەشنێک کە بتوانن قسە «بەتەواوی جیاواز»ـەکانی خوا بگوازنەوە. ئەگەر دین کەرەسەی سیاسەت بێ؛ ئەگەر بانگخوازانی ئایین گوزارەکانی خۆیان بە گۆزارەگەلی کۆتایی بزانن‌و ئیزنی ڕەخنە لەوان بە هیچکەس نەدەن؛ ئەگەر ئەوان ڕاسپاردەکانی خۆیان که لەهەرحاڵدا هەڵگری هەڵە و کەمایەسییە، بە ئەمر و نەهیی خوا بزانن؛ ئەگەر ئەوان بۆخۆیان پیرۆزی و قەداسەت دابتاشن، ناتوانن گوتاری دینی بەرهەم بێنن. گوتاری دینی هاوچەرخ دەبێ هەم عاقڵانە بێ، هەم دادپەروەرانە‌‌و هەم ڕەحمەتگەرا و هەم واقعبینانەو پەیامگەێین بێ. کەسانێک دەتوانن گوتاری دینی بەدی بێنن که عەقڵ، عەداڵەت، ڕەحمەت و ڕاستییەکانی زەمانەی خۆیان بناسن و ئەوەندە قسە و کرداری پاکیان هەبێ که پەیامی جیاوازی(بەکلی دیگر) خوا لە ڕێگەی ئەوانەوە بە خەڵک ڕابگا.( نقدی بر قرائت رسمی از دین، ل ٣٤٠-٣٥٣)

سەرچاوەکان:

١.باقی، عمادالدین(١٣٨٢)، گفتمان‌های دینی معاصر، تهران، نشر سرایی.

٢.سروش، عبدالکریم(١٣٧٦) فربه‌تر از ایدئولوژی، تهران، مؤسسه فرهنگی صراط.

٣.سروش، عبدالکریم(١٣٧٩) آیین شهریاری و دین‌داری«سیاست- نامه ٢»، تهران، مؤسسه فرهنگی صراط.

٤.علوی‌تبار، علیرضا(١٣٨٠)، «صورت‌بندی گفتمان‌های دینی معاصر»، ماهنامه، آفتاب، سال اول، شماره 9.

٥.مجتهد شبستری، محمد(١٣٧٩)، نقدی بر قرائت رسمی از دین(بحرانها، چالشها، راه‌حلها)، تهران، طرح نو.

٦.ملکیان، مصطفی(١٣٩٤)، در راهگذار باد و نگهبان لاله، جلد دوم، تهران، نشر نگاه معاصر. 

 

تێبینی: ئەم ووتارە لە گۆڤاری پەیامی ڕاستی ژماره ١١٦-١١٧دا بڵاو کراوەتەوە.

ده‌نگی ئێوه ناوه‌ندی ده‌نگه‌کان: 4 (2 votes)

بۆچوونەکان

1
بدون‌نام (not verified)
1399/9/23 03:02

مامۆستا مەولوود گیان دەستتان خۆش بێ‌و قەڵمتان هەروا بەبڕشت بێ.
هیوادارم دۆستانیش ئاوڕێک لەو باسە بدەنەوە و بە چاوی تێبینی و سرنجەوە لێی بڕوانن.

2
اسعد (not verified)
1399/9/23 03:08

کاک مولود بزرگوار هرچند مطلب برای من کمی ثقیل بود و نیاز به مقدماتی که بندە متأسفانە با قلت بضاعت با متن روبرو شدم. اما گمان می‌کنم فتح باب مهمی در اندیشه دینی است و می‌توان بیشتر بدان پرداخت. بابت مقاله محققانە سپاسگزارم هرچند می‌طلبد مورد نقد قرار گیرد .
با تشکر

3
Husaen Sayed Adham (not verified)
1399/9/23 03:14

دەستان خۆش و بیرتان هەمیشە ڕەوان و زەینتان ڕوونتربێ استاد

4
Abdoolah Alipoor (not verified)
1399/9/23 03:16

دەست خۆش مامۆستا مەولوود، باسێکی گونجاو بەکەڵک و بەنرخە

5
Karzan A. Jan (not verified)
1399/9/23 03:16

ده‌ستانخۆشبێت ئوستاز گیان

.:: نوێ‌ترین ::.