مرۆڤ و به‌رپرسیاره‌تى به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وانى تر

مرۆڤ و به‌رپرسیاره‌تى به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وانى تر

به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ ده‌رباره‌ى خێزان:

خواى گه‌وره‌ له‌ ئایه‌تێكدا باسی به‌رپرسیارێتی مرۆڤی باوه‌رِدار ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌خۆی و خێزانه‌كه‌ى وه‌ك ده‌فه‌رموێت: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَاراً» ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ چه‌ندین بوارى گرنگی له‌خۆیدا كۆ كردۆته‌وه‌ له‌وانه‌:

یه‌كه‌میان به‌رپرسیارێتی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌خۆى، دووه‌میان كه‌ ژن و پیاو ده‌گرێته‌وه‌ له‌خێزاندا كه‌ كوڕه‌كان و كچه‌كان و نه‌وه‌كانی ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌. هه‌ركه‌سێك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ركه‌سێك بێت به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ری، ده‌بێت هه‌موو مرۆڤێك ته‌واوی هه‌وڵه‌كانى بخاته‌ گه‌ڕ بۆ پاراستنی نه‌وه‌كانى له‌ دونیا و دواڕۆژدا، مناڵه‌كان له‌سه‌ر سروشتی چاكی خواناسی له‌دایك ده‌بن، به‌ڵام دایك و باوك به‌رپرسیارن له‌وه‌یكه‌ ده‌بن به‌ مه‌سیحى یان جوله‌كه‌ یان ئاگرپه‌رست و بێ باوه‌ڕ، ئه‌گه‌ر مناڵ كوڕ بێت یان كچ و لابدات، ئه‌وا به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی دایك و باوك.

ته‌نیا كاتێك نه‌بێت كه‌ئه‌و هه‌موو هه‌وڵێكی له‌گه‌ڵدا بدات، به‌ڵام بێ سوود بێت، ئه‌وكاته‌ش وه‌ڵامی ڕوونی ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌خواى گه‌وره‌، له‌كاتێكدا كه‌ هه‌ریه‌كه‌مان به‌ته‌نیا له‌به‌رده‌میدا ده‌وه‌ستین یان له‌به‌رامبه‌ر فریشته‌كان له‌شوێنی تردا پرسیارمان لێ ده‌كرێت.

هه‌ڵبژاردنی ئیسلام:

ئه‌مه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كی گرنگه‌، چونكه‌ مناڵه‌كان به‌سروشت پاك و بێگه‌ردن و ئیسلامیان خۆش ده‌وێت، ئه‌گه‌ر ڕوو له‌ فیكرێكی تر بكه‌ن، ئه‌وه‌ ناته‌واوییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوارى په‌روه‌رده‌یی و پشت‌گوێخستن، ئه‌مه‌ش بۆ خراپی مامه‌ڵه‌كردن و هاوڕێیه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌رپرسیارییه‌تی دایك و باوكه‌ كه‌نه‌هێڵن مناڵه‌كانیان تووشی ئه‌و گرفتانه‌ ببن. ده‌بێت دایك و باوك چاودێری مناڵه‌كانیان بكه‌ن و له‌خه‌می په‌روه‌رده‌یاندا بن و هه‌موو هۆكارێكی نوێ به‌كار بهێنن له‌گه‌ڵیاندا هه‌تا مرۆڤێكی چاكه‌خوازیان لێ دروست ببێت.

به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵاتداران:

جۆرێكی تر له‌ به‌رپرسیارێتی بریتییه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڕێوبه‌ر و به‌رپرسه‌كان به‌رامبه‌ر به‌خواى گه‌وره‌ و ڕێنمایی گه‌له‌كانیان به‌ره‌و چاكه‌خوازی بكه‌ن، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان به‌ به‌رپرسیار بزانن به‌رامبه‌ر به‌ قه‌یران و گرفتی گه‌له‌كانیان، عومه‌رى كوڕی خه‌تتاب به‌جوانی ته‌عبیرى له‌م به‌رپرسیارێتییه‌ ده‌كرد و زۆربه‌ى جار ده‌گریا له‌ترسی خواى گه‌وره‌ كه‌نه‌یتوانی بێت مافی گه‌لانی ژێرده‌ستیان بده‌ن.

عومه‌رى كوڕى خه‌تتاب ڕۆژانه‌ ده‌چووه‌ بازاڕ تا شێوازی ژیانی خه‌ڵك ببینێت، ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕدا بیبینیایه‌ كه‌ سته‌م له‌ ئاژه‌ڵێك ده‌كرێت، ده‌سبه‌جێ به‌رگری له‌مافی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ ده‌كرد كه‌ سته‌می لێ كراوه‌ و مافه‌كه‌ى بۆ ده‌گه‌ڕانده‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پێوست بوایه‌ داوای دابینكردنی خۆراك و ده‌رمانی پێویستی بۆ ده‌كرد، ئه‌مه‌ به‌رپرسیارێتی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌، ده‌بێت ئاگای له‌ ژیان و گوزه‌رانی گه‌له‌كه‌ی بێت، هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات كه‌ له‌ خۆشترین ژیاندا بژین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو مافه‌كانیان بۆ جێبه‌جێ بكات و سته‌میان لێ نه‌كات و ماڵ و سامانیان به‌فیڕۆ نه‌دات. ده‌بێت به‌رپرس خۆى به‌ به‌رپرسیار بزانێت به‌رامبه‌ر به‌خواى گه‌وره‌، چونكه‌ له‌ ڕۆژی دوایدا پرسیارى لێ ده‌كرێت به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رپرسیار بێت له‌یه‌ك كه‌سیش ده‌بێت مافه‌كانى به‌ته‌واوه‌تی پێ بدات، پێغه‌مبه‌رى خوا له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت: «كلكم راع وكلكم مسؤول عن رعيته» ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی شتێكی گشتییه‌ و به‌رامبه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌.

به‌رپرسیارێتی (حسبه‌)

به‌رپرسیارێتی سێیه‌م له‌بوارى كۆمه‌ڵایه‌تی دایه‌ كه‌ له‌ شه‌ریعه‌تدا به‌ (حسبه‌‌) ناسراوه‌، ئه‌مه‌ش مانای بوونی به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گشتییه‌، واته‌ هه‌موو مرۆڤێك به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر براكه‌ى، ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ دروستكردنی ئارامییه‌كی گشتی جیهانی، چونكه‌ هه‌موو جیهانی وڵاتان و گه‌لان په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه‌، ئێستاش جیهان وه‌ك گوندێكی بچوكی لێ هاتووه‌، پێغه‌مبه‌رى خوا نموونه‌ی جیهانی وه‌ك كه‌شتییه‌ك باس ده‌كات كه‌ هه‌موومان له‌ناویداین: «مَثَلُ الْقَائِمِ عَلَى حُدُودِ اللَّهِ وَالْوَاقِعِ فِيهَا، كَمَثَلِ قَوْمٍ اسْتَهَمُوا عَلَى سَفِينَةٍ، فَأَصَابَ بَعْضُهُمْ أَعْلاهَا وَبَعْضُهُمْ أَسْفَلَهَا، فَكَانَ الَّذِينَ فِي أَسْفَلِهَا إِذَا اسْتَقَوْا مِنَ الْمَاءِ، مَرُّوا عَلَى مَنْ فَوْقَهُمْ، فَقَالُوا لَوْ أَنَّا خَرَقْنَا فِي نَصِيبِنَا خَرْقًا، وَلَمْ نُؤْذِ مَنْ فَوْقَنَا، فَإِنْ يَتْرُكُوهُمْ وَمَا أَرَادُوا هَلَكُوا جَمِيعًا، وَإِنْ أَخَذُوا عَلَى أَيْدِيهِمْ نَجَوْا وَنَجَوْا جَمِيعًا»

چونكه‌ كه‌شتییه‌كه‌یان به‌ئارامی ده‌گاته‌ كه‌نار، یان كون ده‌بێت هه‌موومان تیایدا نوقم ده‌بین. ئه‌مه‌ بۆ حاڵه‌تى ژیانی دنیایه‌، كه‌هه‌مووی تووشی هه‌ژاری و نه‌بوونی و نه‌خۆشی و دواكه‌وتووی و تاوانكاری ده‌بین، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رپرسان هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی نه‌كه‌ن یان به‌دیوی دووه‌مدا ده‌توانن ژیانێكی ئارام و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی دابین بكه‌ن.

پابه‌ندبوون به‌ یاسا:

به‌رپرسیارێتی كایه‌یه‌كی گشتییه‌، نابێت هیچ كه‌سێك بڵێت من خاوه‌ن ئازادی بێ سنوورم، چونكه‌ سنوورى ئازادی تۆ تا ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ئازادی یه‌كێكی تر ده‌ست پێ ده‌كات، له‌كاتیًكدا كه‌تۆ له‌ وڵاتێكدا ده‌ژی پێویسته‌ تۆ پابه‌ندی یاسا و رڕێساكانى ئه‌و وڵاته‌ بیت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌یت، ده‌بیته‌ گرفت بۆ به‌رامبه‌ره‌كانت و كه‌مته‌رخه‌م له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێیت و له‌وانه‌یه‌ تووشی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ببیت. به‌رامبه‌ر به‌ یاساكانی خواى گه‌وره‌ش هه‌مان شته‌، به‌ڵام لێپێچینه‌وه‌ی خواى گه‌وره‌ بۆ ڕۆژی دواییه‌، ده‌بێت خۆمان له‌ تاوانكاری و سه‌رپێچی یاسا و فه‌زا بپارێزین، چونكه‌‌ دوایی هه‌موومان تووشی شوێنكاره‌ خراپه‌كان ده‌بین: »وَاتَّقُواْ فِتْنَةً لاَّ تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُواْ مِنكُمْ خَآصَّةً» لێره‌ به‌رپرسیارێتی گشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ست پێ ده‌كات: «من رأى منكم منكرا فليغيره بيده، فإن لم يستطع فبلسانه، فإن لم يستطع فبقلبه، وذلك أضعف الإيمان». هه‌ركاتێك گه‌له‌كه‌مان توانی ئه‌و به‌رپرسیارێتیانه‌ به‌باشی به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت له‌بوارى خۆی و خێزان و پاشان ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسان و هه‌روه‌ها به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وا كه‌شتییه‌كه‌مان ده‌گاته‌ كه‌نارى ئارامی و به‌ژیانێكی خۆش ده‌ژین.

ئه‌میندارى گشتى یه‌كێتى جیهانى زانایانى موسوڵمان

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.