مرۆڤ به‌رپرسه‌

مرۆڤ به‌رپرسه‌

خوای گه‌وره‌ بوونه‌وه‌ری زۆری له‌و دونیایه‌دا به‌دی هێناوه كه بێهووده‌ و له‌خۆڕایی وبێ ئامانج به‌دی نه‌هاتوون، به‌ڵكوو هه‌موویان به‌ره‌و ئامانج و مه‌به‌ستێك كه خوای گه‌وره‌ بۆی داناون‌، ڕێ ده‌پێون. ‌له‌ قوڕئانی پێرۆزدا به‌م چه‌شنه ئاماژه‌ به‌و بابه‌ته‌ كراوه‌: «و ئێمه ئاسمان و زه‌وی و هه‌رچی له‌نێویان دایه‌، به‌خۆڕایی و بێهووده‌مان‌ به‌دی نه‌هێناون.» (ساد/٢٧)

حه‌كه‌یمی نیزامی گه‌نجه‌وی ده‌ڵێ:

كوتاه كنم سخن كه نیست بازی                     كار من و تو بدین درازی

واته: «قسه‌ كورت بكه‌مه‌وه‌ كه ئه‌وه‌ یاری و گه‌مه‌ نییه، كاری من و تو زۆر دوور و درێژه‌، واته ئامانجێكی دوور و درێژمان هه‌یه‌».

له‌وه‌دا به‌ڕاستی مرۆڤ له‌و كارانه‌ی كه ده‌یكا ئاگاداره‌. له‌ ئاكام و سه‌ره‌نجامی كرده‌وه‌كانی تێده‌فكرێ و به‌ ئیڕاده‌ و ئیختیاری خۆی ڕێگایه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێ و هێندێ جار له‌داوی هه‌وا و ئاره‌زووه‌كانی ده‌كه‌وێ و له‌ گێژاوی دڕنده‌ییدا ده‌ست و لاقی لێ ده‌دا. هێندێ جاریش ڕووحی مه‌له‌كووتی و ئاوه‌زی ئینسانی دێته‌ هانای و ئه‌و ئاره‌زوو و هه‌وا نه‌فسانییه‌ی كۆت و زنجیر ده‌كا.

مه‌ولانا ده‌ڵێ:

تن زده‌ اندر زمین چنگال ها                             جان گشوده سوی بالا بال ها

 میل تن در كسب اسباب و علف                        میل جان اندر ترقی شرف

واته: جه‌سته چڕنووكی داگرتووه‌ به‌ حه‌رزا، ڕوح باڵه‌كانی به‌ره‌و ئاسمان كردۆته‌وه‌. جه‌سته خوازیاری به‌ده‌ستهێنانی خواردن و كه‌ره‌سه‌ی (ژیان)ه، ڕۆح خوزیاری گه‌شه‌ و نه‌شه‌ی هه‌ڤیازییه‌.

به‌ به‌ره‌كه‌تی ئه‌رك و هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تییه‌ كه مرۆڤ ده‌توانێ له‌ ده‌ست دونیای نزمی سه‌ر حه‌رزێ ڕزگاری بێ و به‌ره‌و جیهانی سه‌ره‌وه‌ بفڕێت. مرۆڤ، ئه‌مانه‌تداریی گه‌وره‌ی خوایه‌. به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و لای خوا، خۆی و كۆمه‌ڵگا، ئه‌ركێكی قورسه كه له‌ سه‌ره‌تای ئافراندندا پێی به‌خشرا، ئه‌و كاته‌ی كه به‌ ئاسمانه‌كان و زه‌وی ڕاگه‌یه‌ندرا، ئه‌وان دانیان به‌ لاوازی و داماوی خۆیان دانا و قه‌بووڵیان نه‌كرد و مرۆڤ قه‌بووڵی كرد: «ئێمه ئه‌مانه‌تی خۆمان به‌ ئاسمان و زه‌وی ڕاگه‌یاند. پاشان ئه‌وان (به‌هۆی لاوازی) له‌ قه‌بووڵكردنی خۆیان پاراست و ترسان، به‌ڵام ئینسان ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ی قه‌بووڵ كرد.» (ئه‌حزاب/٧٢)

قرعه فال به نام من دیوانه زدند                        آسمان بار امانت نتوانست کشید (حافز)

واته: پشكی فاڵ به‌نێوی منی شێت ده‌رچوو، ئاسمان نه‌یتوانی ئه‌و باره‌ ئه‌مانه‌ته‌ هه‌ڵگرێت.

هێندێك له ڕاڤه‌كاران، ئه‌مانه‌ت له‌و ئایه‌ته‌دا، به‌ هاوتای ئه‌ركیان زانیوه‌ و به‌م چه‌شنه مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی به‌رپرس و ئه‌ركدار ناسرا. ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ به‌ربڵاوه‌، واته هه‌ر مرۆڤێك جیا له‌ به‌رپرسیاره‌تییه‌كی كه له‌ ئاستی خۆی هه‌یه‌تی، له‌ ئاست كه‌سانی دیش و خوای گه‌وره‌ش به‌رپرسه‌. پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(دروودی خوای له‌سه‌ر بێ) له‌و بواره‌وه‌ ده‌فه‌رموێ: «ته‌واوی ئێوه‌ هه‌مبه‌ر ژێرده‌سته‌كانتان به‌رپرسن. كه‌واته ئه‌میر و ده‌سه‌ڵاتدار سه‌باره‌ت به‌ ژێرده‌سته‌كه‌ی به‌رپرسه. پیاو، سه‌رپه‌رشتی بنه‌ماڵه‌یه‌ و له‌ ئاست ئه‌واندا ئه‌ركی له‌سه‌ر شانه. ئافره‌ت، پارێزه‌ری ماڵی مێرد و مناڵه‌كانییه‌تی و سه‌باره‌ت به‌وان به‌رپرسه‌. كۆیله‌ش پاسه‌وانی ماڵ و سامانی گه‌وره‌ی خۆیه‌تی و له‌و بواره‌وه‌ به‌رپرسه‌. ئاگادار بن كه هه‌مووی ئێوه‌ ژیرده‌ستانێكتان هه‌یه‌ و له‌ئاست به‌نده‌كان به‌رپرسن.‌»

په‌یامی ده‌ق:

١- مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ئازاد و موختاره و خۆی ڕێگای ژیانی هه‌ڵده‌بژێریت.

٢- مرۆڤی ئازاد و موختار له‌ ئاست خۆی و كۆمه‌ڵگای به‌رپرسه‌.

به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ له‌ هه‌مبه‌ر خۆی

ته‌واوی بوونه‌وه‌رانی جیهان به‌ره‌و كه‌ماڵێكی كه بۆیان دیاری كراوه‌، هه‌نگاو هه‌ڵدێننه‌وه‌ و ته‌واوی دۆخ و كه‌ره‌سه‌ی پێویستیش بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجێكی كه خوای گه‌وره‌ بۆی دیاری كردوون، بۆیان ته‌یار و ئاماده‌ كراوه‌. به‌ڵام هه‌موویان جگه له‌ مرۆڤ، نه ئاگادارییه‌كیان له‌سه‌ر ئامانجه‌كانیان هه‌یه‌ و نه ڕێگاكه‌شیان بۆخۆیان هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌یه‌ كه جیهانی به‌م چه‌شنه ڕێك خستووه‌ كه هه‌ر بوونه‌وه‌رێك به‌ره‌و ئاكامی خۆی ده‌ڕوات و ده‌ره‌تانێكی جگه له‌وه‌شی نییه. هه‌ر وه‌ك قوڕئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێت: «...رَبُّنَا الَّذی أَعْطی کُلَّ شَیْءٍ خَلْقَهُ ثُمَّ هَدی» (تاها/٥٠) واته: په‌روه‌ردگاری ئێمه ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه بۆ هه‌مووشتێك ئافراندنێكی شیاوی پێ به‌خشیوه‌ و پاشان ڕێنوێنی كردووه‌.

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ مرۆڤ، خوای گه‌وره‌ له‌ قوڕئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێت: «أَ فَحَسِبْتُمْ أَنَّما خَلَقْناکُمْ عَبَثًا» (موءمێنوون/١١٥) واته: ئایا واده‌زانن كه ئێوه‌مان بێهووده‌ و به‌خۆڕایی به‌دی هێناوه‌؟

و له‌ شوێنێكی تردا ده‌فه‌رموێت: «أَ یَحْسَبُ اْلإِنْسانُ أَنْ یُتْرَکَ سُدًی» (قیامه‌ت/٣٦) واته: ئایا مرۆڤ واده‌زانێ كه ئازاد و وێڵ و نابه‌رپرسه؟

له‌و ئایه‌ته‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه خوای گه‌وره‌ ئامانجی مرۆڤی، گه‌یشتن به‌ ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ و پێگه‌ی به‌رزی به‌ندایه‌تی داناوه‌. چونكه داوای لێ كردووه‌ كه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی وێڵ و نابه‌رپرس به‌دوای كاری پووچ و بێكه‌ڵكدا نه‌بێ. هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی له‌خۆیدا په‌روه‌رده ‌بكات و به‌رده‌وام خۆی به‌ به‌رپرس بزانێت. له‌ ئاكامدا هیچ كات خۆی به‌ نرخێكی كه‌متر له‌ گه‌یشتن به‌ په‌روه‌ردگار و به‌هه‌شتی هه‌تاهه‌تایی نه‌فرۆشێت كه ئه‌گه‌ر وا بكات، بێگومان له‌ خه‌ساره‌تمه‌ندان ده‌بێ، هه‌روه‌ك حافزی وته‌ شیرین ده‌ڵێ:

یار مفروش به دنیا که بسی سود نکرد                          آن که یوسف به زر ناسره بفروخته بود

واته: به‌دیهێنه‌ری خۆت (خوای گه‌وره‌) به‌ دونیا مه‌فرۆشه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی كه (برایانی حه‌زره‌تی یووسف) حه‌زره‌تی یووسفیان به‌ به‌هایه‌كی كه‌م فرۆشت، قازانجێكیان نه‌كر‌د.

یا وه‌ك مه‌ولانا ده‌ڵێ:

از فزونی آمد و شد در كمی                              خویشتن نشناخت مسكین آدمی

بود اطلس، خویش بر دلقكی بدوخت                    خویشتن را آدمی ارزان فروخت

واته: له‌ كاتێكدا مرۆڤ به‌ڕێزه‌وه‌ لای خوای گه‌وره‌ هات، خۆی به‌شتێكی بێ نرخ سه‌رقاڵ ده‌كا و به‌ پێگه‌ و شوێنی خوی نه‌زانی و نزم بۆوه‌.

مرۆڤ شتێكی گرانبه‌ها بوو، خۆی سه‌رقاڵی شتێكی بێ نرخ كرد و پێگه‌ی خۆی زۆر به‌ هه‌رزانی فرۆشت.

ئیمامی سه‌ججاد خوا لێی ڕازی بێ، سه‌باره‌ت به به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ له‌ ئاستی خۆیدا ده‌فه‌رموێ: «هێز و تواناییه‌كانتان ته‌نیا له‌ ڕێی په‌یڕه‌ویكردن له‌ فه‌رمانه‌كانی خواییدا به‌كار بگرن و تا ئه‌وپه‌ڕی توانایی خۆتان، نه‌فستان به‌ كه‌ماڵ بگێنن تاكوو گوێڕایه‌ڵی خوا بن و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ركام له‌ ئه‌ندامانی خۆتان كه خوای گه‌وره‌ وه‌ك ئامزاری گه‌شه‌ و پێشكه‌وتن پێی به‌خشیون، مافی خۆیان پێ بده‌ن و بۆ ئه‌و كاره‌ داوای یارمه‌تی له‌ خوای گه‌وره‌ بكه‌ن».

په‌یامی ده‌ق:

هه‌ر بوونه‌وه‌رێك ڕێبازی كه‌ماڵ و ته‌واوكه‌ری تایبه‌تی خۆی ده‌پێویت و مرۆڤ له‌و بواره‌وه‌ ئازاد و موختاره‌.

به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ له‌ ئاست كۆمه‌ڵگا

مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. ئه‌و به‌ته‌نیایی توانای دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خۆی نییه. هه‌م له‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ماددی وه‌ك: خواردن، لیباس، خانوو و...هتد پێویستی به‌ هاوكاری كه‌سانی دیكه‌ هه‌یه‌ و هه‌م بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ مه‌عنه‌وییه‌كانی وه‌ك: هاوڕێیه‌تی، سۆزداری و...هتد پێویستی به‌ كه‌سێكه كه خۆشی بوێت و ئه‌ویش خۆشی بوێت. كه‌واته: مرۆڤ پێویستی به‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و زۆرێك له ده‌سكه‌وته‌كانی ژیانی خۆی له‌ منه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌زانێت و به‌رده‌وام له‌ كه‌سانی دیكه‌وه‌ خێر و به‌ره‌كه‌تی پێ ده‌گا. له‌ژێر سێبه‌ری هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، له‌ خه‌م و دڵه‌ڕاوكێی به‌ژانی ته‌نیایی ڕزگاری ده‌بێت. زرده‌خه‌نه‌ دێته‌ سه‌ر لێوانی و زانست و ئه‌زموون و وشیاریی زۆر ده‌بێ و به‌م چه‌شنه‌یه‌ كه ده‌ستی لوتف و سۆزی خوای گه‌وره‌ هه‌ست پێ ده‌كا، هه‌ر وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا(دروودی خوای له‌سه‌ر بێ) ده‌فه‌رموێ: «ده‌ستی خوای گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌.»

ئاسه‌وارێكی سوودمه‌ندی كه به‌ به‌ره‌كه‌تی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا نه‌سیبی مرۆڤ ده‌بێت، بێگومان ده‌بێته هۆی هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ له‌ ئاست ئه‌وان و له‌و ڕێبازه‌دا كه‌مترین ئه‌ركی ئه‌و، خۆپاراستن له‌ ئازاردانی ده‌ورووبه‌ریانیه‌تی، وه‌ك حافز ده‌ڵێ:

مباش در پی آزار و هرچه خواهی كن                                كه در طریقت ما، غیر این گناهی نیست

واته: به‌دوای ئازاری خه‌ڵكدا مه‌به‌ و جگه له‌وه‌ هه‌رچی پێت خۆشه‌ بیكه، كه له‌ ڕێبازی ئێمه‌دا، تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یه‌.

به‌و پێیه‌ ته‌نیا له‌ژێر سێبه‌ری هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی له‌ ئاست كۆمه‌ڵگایه‌ كه پاراستنی مافی خه‌ڵك مه‌عنا په‌یدا ده‌كا و نه‌گریسی زوڵم و سته‌م ئاشكرا ده‌بێ. دوباره‌، هه‌ر به‌و هۆكاره‌یه‌ كه به‌ دیتنی ئازاری برسێتی و هه‌ژاری و خه‌م له‌ ڕوخساری خه‌ڵكدا، دڵی مرۆڤ هه‌ست به‌ ژان ده‌كا و بێ‌هه‌ڵوێستی ده‌بێته‌ وشه‌یه‌كی دوور له‌ زه‌ین. به‌ڕاستی:

تو كز محنت دیگران بی غمی                                      نشاید كه نامت نهند ادمی (سه‌عدی)

واته: تۆ كه‌ له‌ خه‌م و غه‌می خه‌ڵك بێ خه‌به‌ری، نابێ نێوت لێ بنێن مرۆڤ.

په‌یامی ده‌ق:

١- مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و پێویستی به‌ كۆمه‌ڵگایه‌.

٢- پێوه‌ندی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا، پێوه‌ندییه‌كی ئامانجدار و دوولایه‌نه‌یه‌ و تاك له‌ ئاست خه‌ڵكدا به‌رپرسه‌.

به‌رپرسیاره‌تی له‌ ئاستی بنه‌ماڵه

‌ بنه‌ماڵه‌ بچووكترین یه‌كینه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌. به‌ هاوسه‌رگیری پیاو و ئافره‌تێك، ژیانی هاوبه‌ش ده‌ست پێ ده‌كا و ئه‌و خاڵه‌ ده‌ستپێكی پێكهێنانی بنه‌ماڵه‌یه‌ كه به‌ له‌دایكبوونی مناڵ، پته‌وی و ته‌كووزی زۆرتری پێ ده‌به‌خشه‌رێ. هاوسه‌رگیری و ئه‌وجار پێكهێنانی بنه‌ماڵه‌، پیاو و ئافره‌ت له‌ په‌رێشانی و بێئامانجی ڕزگار ده‌كا و متمانه و ئاسووده‌ییان پێ ده‌به‌خشێت. له‌ كولتووری ئایینی ئیسلام، بنه‌ماڵه‌ مه‌كۆیه‌كی پیرۆزه‌. هه‌ر بۆیه‌ بنه‌مای ژیانی خێزانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ مافێك كه خاوه‌ن چه‌نده‌ها خاڵی ورد و جوانه‌، بنیات نه‌راوه‌. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و‌ بنه‌مایه‌، هاوسه‌ران له‌ ئاستی یه‌كتر به‌رپرسن و هێندێك مافیان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌. له‌ ئیمامی سه‌ججاد ده‌گێڕنه‌وه‌:

بزانه كه خوای گه‌وره‌ هاوسه‌ره‌كه‌تی كردۆته‌ هۆی ئاسووده‌یی و هێمنایه‌تیت و به‌ هۆی ئه‌و، تۆی له‌ هه‌ڵه‌ و لا‌ڕێییدا پاراستووه‌. كه‌واته سپاسی بكه و ڕێزی لێ بگره‌ و له‌ هه‌ڵه‌ و خه‌تاكانی ببوره‌.

دایك و باوكیش سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ی مناڵان به‌رپرسن، هه‌روه‌ك ئیمام ده‌فه‌رموێ: مناڵ به‌شێك له‌ وجوودی تۆیه‌، چاكه و خراپه‌ی ئه‌و، پێوه‌ندی به‌تۆوه‌ هه‌یه‌. كه‌واته له‌ په‌روه‌رده‌ و ڕێنمایی ئه‌وان له‌سه‌ر ڕێبازی خوا و یارمه‌تیدانیان له‌ فه‌رمانبه‌رداری له‌ ئامۆژه‌كانی خوایی تێكۆشه‌ر به. جۆرێك ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ كه له‌ دونیادا ئاسه‌واری جوانی په‌روه‌رده‌كردنت، ببێته‌ هۆی سه‌ربه‌رزیت و ڕازێنه‌ری ژیانت بێ و له‌ دواڕۆژیشدا به‌هۆی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانت شه‌رمه‌زاری لای خوای گه‌وره‌ نه‌بی.

په‌یامی ده‌ق:

هه‌ر مرۆڤێك له‌ ئاست بنه‌ماڵه‌ و مناڵه‌كانی به‌رپرسه‌.

به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ له‌ ئاست خزمان

خزمایه‌تی نێوان تاكه‌كان، جۆرێك پێوه‌ندی ده‌روونی و سۆزداری پێك دێنیت و له‌ ئاكامدا خزمان، نێوان خۆیان هه‌ست به‌ نزیكی ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ هاتوچۆی نێوان خزمان، له‌ نێو ده‌قه‌ ئایینییه‌كان باس له‌ «سیله‌ی ڕوحم» كراوه‌. خوالێخۆشبوو نه‌راقی(ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێ) سه‌باره‌ت به‌ سیله‌ی ڕوحم ده‌ڵێ:

مه‌به‌ست له‌ سیله‌ی ڕوحم كه ئه‌نجامدانی واجب و پچڕاندنی حه‌رامه، ئه‌وه‌یه‌ كه هه‌ر خزمێك نیسبه‌تێكه كه به‌ «ئێ خۆ» ناسراوه‌. هه‌رچه‌ند خزمایه‌تییه‌كی دووری له‌گه‌ڵ ئینسان هه‌بێ و له‌گه‌ڵ یه‌كتریش مه‌حره‌م نه‌بن.

خزمان پیوسته له‌ كاتی سه‌ختی و دژواریدا یارمه‌تی یه‌كتر بده‌ن و كه‌مایه‌سییه‌ ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كان له‌سه‌ر یه‌كتر لابه‌رن و به‌ستێنی باش بۆ گه‌شه‌ و نه‌شه‌ی یه‌كتر ڕێك بخه‌ن. ئیمامی عه‌لی سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ قسه‌یه‌كی جوانی هه‌یه‌.

ڕێز له‌ خزمان بگره‌، چونكه ئه‌وان بۆ تۆ وه‌ك باڵ وان كه ده‌توانی به‌یارمه‌تی ئه‌وان هه‌ڵفڕی. په‌ناگایه‌كن ده‌توانی بۆ لایان بگه‌ڕێیه‌وه‌ و ئه‌و ده‌ستانه‌ن كه به‌ یارمه‌تی ئه‌وان ده‌توانی به‌ ئامانجه جوان و باشه‌كانت بگه‌ی.

ئه‌و ده‌ستانه‌ی كه مرۆڤ به‌ ئامانج ده‌گێنیت و ئاره‌زووه‌كانی به‌جێ دێنیت، وه‌ك دۆستان و خزمانی ئه‌ون. كه‌واته مرۆڤ ده‌بێ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ خزمان هه‌رچی زۆرتر بپارێزیت و به‌هێزی بكات، ژیرانه نییه كه مرۆڤ ئه‌و ده‌سته‌ به‌نرخانه ببڕیت و له‌ خزمانی بپچڕێنیت. پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(دروودی خوای له‌سه‌ر بێ) ده‌فه‌رموێت: «ئه‌گه‌ر مرۆڤ بۆ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خزمه‌كه‌ی پێویست بێ یه‌ك ساڵه‌ ڕێ بپێوید، جوان و بایه‌خداره‌.»

سیله‌ی ڕوحم و سه‌ردانی خزمان، له‌ مافه‌كانی به‌رامبه‌ری مرۆڤه‌كان هه‌مبه‌ر یه‌كترییه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ خزمان ئه‌ركی خۆی به‌جێ نه‌هێنا و پێوه‌ندی خزمایه‌تی پچڕاند، دیسانیش كه‌سی به‌رامبه‌ری نابێ وه‌ك ئه‌و بكات و به‌رپرسیاره‌تی له‌سه‌ر شانی ئه‌و لاناچێت، به‌ڵكوو جه‌ختی زۆرتر بۆ پێوه‌ندی خزمایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێ.

په‌یامی ده‌ق:

١ سیله‌ی ڕه‌حم له‌ مافه‌كانی به‌رامبه‌ری مرۆڤه‌كانه.

٢ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خزمێك كه ئه‌و پێوه‌ندی پچڕاندووه‌، وه‌ك جیهاد له‌ڕێی خوایه‌.

به‌رپرسیاره‌تی هه‌مبه‌ر جیران

یه‌كێك له‌ به‌رپرسیاره‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مرۆڤی بڕوادار، چۆنیه‌تی ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ جیرانه‌. له‌ پێناسه‌ی جیراندا هاتووه‌: «جیران واته: هاودیوار، دوو كه‌س كه ماڵیان له‌لای یه‌كه‌.» پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(دروودی خوای له‌سه‌ر بێ) ڕاده‌ی جیرانه‌تی، چل ماڵ له‌ چوار لای ماڵه‌وه‌ دیاری كردووه‌. له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی تردا پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای له‌سه‌ر بێ) جیرانی به‌ سێ ده‌سته دابه‌ش كردووه‌: ١- جیرانێك كه خاوه‌ن سێ ماف بێ: مافی جیرانه‌تی، خزمایه‌تی و موسوڵمانه‌تی. ٢- جیرانێك كه دوو مافی هه‌یه‌: جیرانه‌تی و موسوڵمانه‌تی. ٣- جیرانێك كه‌ به‌س مافی جیرانه‌تی هه‌یه‌ و ئه‌ویش جیرانی كه‌سێكی بێ بڕوا و ناموسوڵمانه كه له‌ جیرانه‌تی موسوڵمانان ژیان به‌سه‌ر ده‌با. ئه‌و دابه‌شكردنه‌، جه‌خت له‌ به‌ربڵاوی و گرینگی پاراستنی مافی جیران ده‌كا. به‌ڕاده‌یه‌ك كه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ناموسوڵمانێك جیرانی ئێمه بێ، پێویسته به‌ جوانترین شێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكه‌ین.

ئیمام محه‌ممه‌دی غه‌زالی له‌ كتێبی كیمیای سه‌عاده‌تدا ده‌نووسێت: یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ پیاوان له‌ده‌ست مشكی زۆر له‌ ماڵه‌كه‌یدا وه‌زاڵه‌ هاتبوو. پێیان وت: بۆچی پشیله‌یه‌ك ناهێنی بۆ ماڵه‌كه‌ت؟ وتی: ده‌ترسم مشكه‌كه‌ ده‌نگی پشیله‌كه‌ی گوێ لێ بێ و بڕواته ماڵی جیرانه‌كه‌م. ئه‌وده‌م شتێكی كه بۆخۆم پێم خۆش نه‌بووه‌، بۆ جیرانه‌كه‌م پێ خۆش بووبێ.

ئیمام سه‌ججاد سه‌باره‌ت به‌ پێویستی پاراستنی مافی جیران ده‌ڵێ: مافی جیران ئه‌وه‌یه‌ كه داوای یارمه‌تیت لێ بكات و تۆش یارمه‌تی بده‌ی. ئه‌گه‌ر داوای قه‌رزی لێ كردی، قه‌رزی پێ بده‌ی. كاتێك ده‌سكورت بوو، ده‌ستی بگری و یارمه‌تی بده‌ی. ئه‌گه‌ر نه‌خۆش كه‌وت، سه‌ردانی بكه‌ی. ئه‌گه‌ر خێر و خۆشییه‌ك ڕووی تێ كرد، پیرۆزبایی لێ بكه‌ی. كاتێك گرفتار بوو، دڵنه‌وایی بكه‌ی و ئه‌گه‌ریش كۆچی دوایی كرد، مه‌یته‌كه‌ی به‌ڕێ بكه‌ی. ماڵه‌كه‌ت به‌رزتر له‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌و نه‌كه‌ی مه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئیزنی ئه‌و نه‌بێ. بۆنی خواردنه‌كه‌ت نه‌بێته هۆی ئازاردانی ئه‌و، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه له‌و خواردنه‌ به‌شی ئه‌ویش بده‌ی. كاتێك میوه‌ت كڕی، به‌شێك به‌و ببه‌خشی و ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ش ناكه‌ی، میوه‌كه‌ به‌ نهێنی بۆ ماڵه‌كه‌ت ببه‌وه‌. مناڵه‌كه‌ت میوه‌ به‌ده‌ست نه‌گرێ و بۆ كۆڵان نه‌ڕوات. نه‌وه‌ك مناڵانی جیرانه‌كه‌ت له‌ تاوی میوه‌كه‌ ئازار بچێژن.

په‌یامی ده‌ق:

١- ئیسلام له‌سه‌ر جوان هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ جیران ڕاسپارده‌مان ده‌كات، هه‌رچه‌ند ناموسوڵمانیش بێت.

٢- ته‌ماعنه‌كردن له‌ ماڵ و سامانی جیران و خۆپاراستن له‌ ئازار و ناڕه‌حه‌تكردنی جیران، له‌ نیشانه‌كانی جیرانییه‌تی باشه‌.

به‌رپرسیاره‌تی له‌ ئاست موسوڵمانان

موسوڵمانبوون، ماف و ئه‌ركی تایبه‌ت بۆ تاكه‌كان به‌دی دێنیت كه یه‌كێك له‌وان، به‌رپرسیاره‌تی له‌ ئاست هاودینانه. موسوڵمان شوناسێكی نه‌ته‌وه‌یی و یاسایی هه‌یه‌ كه به‌و شوناسه، ده‌بێته خاوه‌ن مافی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌چوارچێوه‌ی حكوومه‌تی ئیسلامیدا ڕێز له‌ گیان و ماڵ و نامووس و ئابڕووی ده‌گیرێت. بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و شوناسه پێویسته كه باوه‌ش به‌ بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلامدا ‌بكات و ده‌ق و فه‌رمانه‌كانی جێبه‌جێ بكات. وه‌ها كه‌سێك له‌ كۆمه‌ڵگای ئیسلامیدا، موسوڵمان هه‌ژمار ده‌كرێ و ماف و ئه‌ركی تاكی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێ ده‌ده‌رێ.

پێڕاگه‌یشتن به‌ كاری موسوڵمانان و هه‌وڵدان بۆ لابردنی كێشه‌ و پێداویستییه‌كانیان، ئه‌ركی هه‌ر تاكێكی موسوڵمانه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ كه وازهێنان له‌و ئه‌ركه‌یان به‌رامبه‌ر به‌‌ موسوڵمان، لادان له‌ موسوڵمانیه‌تی زانیوه‌. ئیمامی سادق له‌و بواره‌وه‌ ده‌ڵێ: «هه‌ر كه‌س گرینگی به‌ بابه‌تی موسوڵمانان نه‌دات، موسوڵمان نییه.» ئامانجی گه‌وره‌ی سه‌رنج و پێڕاگه‌یشتن به‌ كاری موسوڵمانان، یارمه‌تیدانی ئه‌وان و نه‌هێشتنی ده‌سته‌نگی و سته‌م له‌ ژیانی پڕنه‌هامه‌تی ئه‌واندایه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك كه به‌ ئاستێكی باشی نه‌ته‌وه‌یی ئیسلامی بگه‌ن و وته‌ی په‌روه‌ردگاری كارزان سه‌باره‌ت به‌وان وه‌دی بێ: «... خوای گه‌وره‌ هیچ كات بۆ (زه‌ره‌رر‌گه‌یاندنی) بڕواداران، ڕێگایه‌كی بۆ كافران بڕیار نه‌داوه‌.» (نیساء/١٤١)

په‌یامی ده‌ق:

به‌ وته‌ی ئیمام سادق گرینگینه‌دان به‌ كاروباری موسوڵمانان، ده‌بێته‌ هۆی چوونه‌ده‌ر له‌ بازنه‌ی ئیسلام.

به‌رپرسیاره‌تی مرۆڤ له‌ ئاست ها‌وچه‌شنانی

خۆشویستنی كه‌سانی دی یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ جوانه‌كانی ئه‌خلاقی به‌رزه‌ كه پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی پته‌و ده‌كا و ژیان بۆ ته‌واوی مرۆڤه‌كان خوازیار و ڕه‌زامه‌ند ده‌كا. پێشه‌وایانی به‌ڕێزی ئیسلامیش ئه‌وه‌یان وه‌ك یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی ته‌واوی ئینسانه‌كان زانیوه‌ و ته‌واوی خه‌ڵكی سه‌ر گۆی زه‌وی پێ ڕاسپارده كردوون.

ئینسانه‌كان دوو ده‌سته‌ن: هێندێكیان هاوئایینی تۆن و ده‌سته‌یه‌كی تریش له‌ به‌دیهاتندا (مرۆڤبوون) وه‌ك تۆن.

په‌یامی ده‌ق:

مرۆڤدۆستی یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئاسووده‌یی و ئاشته‌وایی له‌ ئاستی جیهانییه‌.

به‌رپرسیاره‌تی له‌ ئاست سروشت

سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان، سه‌روه‌ت و سامانێكن كه سرووشت بۆ كه‌ڵكوه‌رگرتنی ئینسانه‌كانی به‌دی هێناون و هۆكاری ئینسانی، له‌ به‌دیهاتنی ئه‌ودا ڕۆڵێكی نه‌بووه‌. له‌ناوبردنی سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان و پیسكردنی ژینگه، یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین گرفته‌كانی سه‌رده‌مه كه ژیانی مرۆڤایه‌تی تووشی مه‌ترسی كردووه‌. به‌ ڕای زانایان، زۆرترین قه‌یرانه‌كانی ژینگه، وه‌ك: سێڵاو، پێشڕه‌وی ئاوی زه‌ریاكان، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی ژێرخانه‌كان و خه‌ساره‌ت به‌ لایه‌ی ئۆزۆن به‌هۆی له‌ناوبردن و پیسكردنی ژینگه‌یه‌. له‌ ڕوانگه‌ی ده‌قه‌كانی ئایینی، پاراستنی سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان و ژینگه، له‌ گرینگترین دۆزییه‌كانی ئه‌خلاقی-ئابووری هه‌ژمار ده‌كرێ.

قوڕئانی پیرۆز سه‌باره‌ت به‌ هێندێك له‌ دۆسییه‌ ئابوورییه‌كان، به‌ ڕوانگه‌یه‌كی گشتی و به‌ربڵاو، مرۆڤ له‌ هه‌موو چه‌شنه گه‌نده‌ڵییه‌ك له‌سه‌ر حه‌رز قه‌ده‌غه‌ ده‌كا و ده‌فه‌رموێ:‌ «وَ لا تُفْسِدُوا فِی اْلأَرْضِ بَعْدَ إِصْلاحِها» (ئه‌عڕاف/٨٥) واته: له‌سه‌ر زه‌وی، دوای چاكسازی، گه‌نده‌ڵی مه‌كه‌ن.

ئاشكرایه‌ كه له‌ناوبردنی سه‌رچاوه‌كان و پیسكردنی شوێنی ژیان، له‌ نموونه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر حه‌رزه‌. له‌ ئیسلامدا حه‌رز، سه‌رچاوه‌ی خێر و به‌ره‌كه‌ته‌ و وێنه‌ی دایكێكی به‌سۆز زانراوه‌ كه ئاگاداری و پاراستنی له‌سه‌ر هه‌مووان پێویسته. پێغه‌مبه‌ری خوا(دروودی خوای له‌سه‌ر بێ) له‌و بواره‌وه‌ دفه‌رموێ: «زه‌وی بپارێزن، چونكه زه‌وی ئه‌سڵ و سه‌رچاوه‌ی ئێوه‌یه‌.»

له‌ شوێنێكی تریشدا ده‌فه‌رموێ: «جگه له‌ كاتی پێویست نه‌بێ، داران مه‌بڕن.» و له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی تردا ده‌فه‌رموێ: «ئاودانی دار، وه‌ك تێراوكردنی بڕوادارێك وایه‌.»

كه‌واته، له‌ كۆی ئامۆژه‌كانی دینی كه جه‌خت ده‌كه‌نه سه‌ر‌ ئاگاداری و پاراستتنی ژینگه و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان، له‌و بواره‌وه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت كه ته‌واوی مرۆڤه‌كان له‌ ئاست سرووشتی خوداییدا به‌رپرسن و پێویسته بۆ پاراستنی تێبكۆشن. سه‌رنجڕاكێشییه‌كانی جوانی سرووشت، وه‌ك دارستانه‌كان، ده‌شت و بیایانه‌كان، گوڵ و گیاكان، له‌ هۆكاره‌كانی گرینگی ئاسووده‌یی و شادابی بۆ مرۆڤه‌كانن. له‌و ڕووه‌وه‌، له‌ناوبردنی نالۆژیكی و نایاسایی ئه‌و نیعمه‌ته‌ دڵڕفێنانه‌ی خوا، به‌ واتای له‌ناوبردنی شادابی و ئاسووده‌یی و هێمنایه‌تی خه‌ڵك و تووشكردنیان به‌ خه‌م و بێ هیوایی و خه‌مۆكییه‌.

په‌یامی ده‌ق:

ته‌واوی مرۆڤه‌كان له‌ ئاست سرووشت و ژینگه به‌رپرسن.

 

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری تووبا (طوبی)

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

وتە شیرینەکان، ژیان دروست دەکەن هه‌وارگه‌ی دڵان (1400/08/30)
ئامۆژگاری باوکێک بۆ کوڕەکەی... هه‌وارگه‌ی دڵان (1400/08/21)
كۆڕی هاوده‌می له‌گه‌ڵ قوڕئان له‌ ئیرانشار به‌ڕێوه‌ چوو روابط عمومی، هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1400/08/21)