پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) وه‌ك خۆی

پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) وه‌ك خۆی

 هه‌موو پیاوێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵكه‌وتوو له‌ جیهاندا، كه‌ لێی ورد ئه‌بینه‌وه ‌و ژیانی ئه‌خوێنینه‌وه‌، تێده‌گه‌ین كه‌ گه‌وره‌یی ‌و بلیمه‌تییه‌كه‌ی هه‌ر له‌یه‌ك ڕووه‌وه‌ بووه‌، وه‌ك (سوقڕات)‌ و (فیساگۆرس)ی یۆنانی‌ و (كۆنفۆشیۆس)ی چینی‌ و (شاملیۆن)ی ئه‌مریكایی‌ و (میڕابۆ)ی فه‌ڕه‌نسی ‌، (كاریبالد)ی ئیتاڵی‌ و (كوتم)ی هیندی كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌مانه‌ له‌ تاقه‌ شتێكا پسپۆڕ و لێهاتوو بووه‌.

به‌ڵام گه‌وره‌یی پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) وه‌ك گه‌وره‌یی جیهانی بێ‌ پایان وایه‌، ئه‌م په‌ڕ و ئه‌و په‌ڕی نابینرێ و‌ه‌بیری مه‌ردووم ناتوانێ‌ ده‌وری بدات، هه‌ر ڕۆژه‌ی گۆشه‌یه‌كی بۆ زانایان ده‌ر ده‌كه‌وێ‌ و هەرده‌مه‌ی لایه‌كی بۆ دانایان ئاشكرا و نمایان ده‌بێ‌، كه‌وابوو مه‌ردووم نازانێ‌ له‌ چ ڕوویه‌كه‌وه‌ لێی بدوێ‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای میهره‌بانی ‌و لێبوردن ‌و ڕاستی‌ و چاوپۆشی‌ و هێمنی‌ و پیاوه‌تی‌ و سه‌نگینی‌ و بێ‌ ده‌ماری‌ و دڵ نه‌رمی‌ و زمان شرینی‌ و له‌سه‌رخۆیی‌ و ده‌ست‌ و ده‌م‌ و دڵ پاكی‌ و ئازایی‌ و به‌رچاوتێری‌ و مه‌ردووم نه‌وازی‌ و دادپرسی ‌و هه‌ژارپه‌روه‌ری ده‌كه‌یت، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین كه‌سێكه‌ له‌ جیهانا كه‌ سه‌رچاوه‌ی ڕه‌‌وشت‌ و خوی شیرین و سه‌رمه‌شقی ڕه‌فتار و گوفتار و كرداری ڕه‌نگین بووه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ژیری‌ و بیری به‌رزی و ڕامیاری (سیاسه‌) و ڕێكخستنی ئه‌م هه‌موو ئیش‌ و كاره‌ گه‌وره‌ گه‌ورانه‌ی ده‌كه‌یت كه‌ له‌ ماوه‌ی بیست‌ و سێ‌ ساڵا كردوونی و هه‌موو عێل ‌و تیره ‌‌و هۆز و خێڵ‌ و نه‌ته‌وه ‌‌و بنه‌چه‌ و خێزانی عه‌ڕه‌بی پێكه‌وه‌ نووسان و كردنی به‌ كۆمه‌ڵێكی یه‌ك دڵ ‌و یه‌ك بیر و یه‌ك ئامانج و هه‌رچی ناكۆكی‌ و دووبه‌رەكی‌ و ناپاكی ‌و نامه‌ردی هه‌بوو له‌ناویان هه‌ڵیگرت و گه‌لێك‌ و دینێك‌ و ده‌وڵه‌تێكی دروست كرد و یاسا و ڕێبازێكی بۆ دانان كه‌ مایه‌ی مانه‌وه‌یان بێت تا ڕۆژی دوایی و سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش به‌شی زۆری ئاده‌میی كرد به‌ برای یه‌ك به‌ ڕه‌نگێكی وا ئه‌گه‌ر له‌ مه‌ڕاكیش زۆر و سته‌م له‌ موسوڵمانێك بكرایه‌، له‌ ئه‌نده‌نووسیا بۆی خه‌فه‌تبار ده‌بوون، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌مه‌ی ده‌كه‌ی، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین سیاسییه‌ك بووه‌ له‌ جیهانا كه‌ هه‌موو ژیانی خۆی به‌خت كردووه‌ هه‌ر له‌ ڕێی ناسینی ڕەوشت‌ و خوی ئاده‌میدا، تا بزانێ‌ كه‌ به‌پێی سروشتیان قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكات و بچێته‌ ناو دڵ‌ و دروونیانه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای خواپه‌رستی ده‌كه‌یت، كه‌ به‌ ڕۆژ به‌ڕۆژوو بووه ‌و به‌ شه‌و شه‌ونوێژی كردووه‌ و ئه‌مه‌نده‌ له‌ نوێژا به‌پێوه‌ وه‌ستاوه‌ تا پێی هه‌موو ئاوساوه‌ و له‌ سه‌عات زیاتر له‌ سوجده‌دا ماوه‌ته‌وه،‌ سه‌ری به‌رز نه‌كردۆته‌وه‌، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كەمین خواپه‌رست بووه‌ له‌ جیهانا و هیچی تری نه‌زانیوه‌ ته‌نها خواپه‌رستی نه‌بێ‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئاماده‌یی و شاره‌زایی ده‌كه‌ی له‌ دانانی پلانی جه‌نگا، كه‌ چۆن هاوڕیكانی رێك خستووه ‌و دایمه‌زراندوون و كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ به‌پێی شوێن دابه‌شی كردوون و له‌كاتی گه‌رمبوونی جه‌نگا خۆی چۆن وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی جه‌نگی چووه‌ته‌ به‌ره‌وه ‌و سینگی داوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین جه‌نگاوه‌رێكی له‌شكرشكێن بووه و هه‌موو ژیانی خۆی هه‌ر له‌ جه‌نگدا به‌خت كردووه‌ و هه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ به‌هه‌ره‌مه‌ند بووه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ده‌ستوور و فه‌رمایشاتی ده‌كه‌ی كه‌ له‌بابه‌ت پاشه‌كه‌وتییه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی به‌ گوفتارێكی ڕێكوپێك‌ و دڵ چه‌سپی وا كه‌ بچێته‌ دڵ‌ و ده‌روونی هه‌موو كه‌سێكی دەستبڵاوی بەرچاوفراوانەوە، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین زانایه‌كی ئابووری‌ و پاشه‌كه‌وتی بووه‌ كه‌ هه‌موو ژیانی خۆی هه‌ر لەو ڕووه‌وه‌ به‌خت كردووه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای جومعه ‌و دوانگه‌ی دوانده‌ری (منبر خطابه‌)ی ده‌كه‌یت، كه‌ هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌وپێش دایناوه‌، ورد ده‌بینه‌وه‌ له‌ وتاری ڕه‌نگاوڕه‌نگ‌ و گوفتاری گه‌رموگوڕی له‌سه‌ر ئه‌و دوانگه‌یه‌ و چووه‌ته‌ ناو دڵ‌ و ده‌روونیانه‌وه‌ و كاری تێ كردوون، به‌ ڕه‌نگێكی وا كه‌ زۆر له‌ گه‌وره و‌ سه‌ركۆماره‌كانی عه‌ڕه‌ب نه‌یانوێراوه‌ بچنه‌ كۆڕی په‌ند ‌و ئامۆژگارییه‌وه‌، نه‌وه‌ك دڵیان نه‌رم ببێ ‌‌و موسوڵمان ببن، ده‌ڵیێ: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین دوانده‌ (خطیب) بووه‌ له‌ جیهانا و هه‌ر له‌و ڕووه‌وه‌ پسپۆڕ بووه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای پزیشكی‌ و حه‌كیمی ده‌كه‌ی له‌وكاتی نادانی‌ و نه‌خوێنده‌وارییه‌دا و‌ له‌و چۆڵی گه‌رمی عه‌ڕه‌بستانه‌دا، كه‌ هه‌رچی خوێندن‌ و خوێنده‌واری بێ‌ تیای نه‌بووه‌ و سه‌رنج ده‌ده‌یت له‌و ده‌ستووره‌ جوان جوانانه‌ی كه‌ له‌ ته‌ندروستیدا دایناوه‌ و تازه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین حه‌كیمێك بووه‌ له‌ جیهانا كه‌ هه‌موو ژیانی خۆی به‌خت كردووه‌ له دۆزینه‌وه‌ی نه‌خۆشی‌ و ده‌رمان بۆ دانانی و هه‌ر لە ڕووه‌وه‌ زانایه‌كی هه‌ڵكه‌وتوو بووه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای بواری زانستی عیلمی ڕیازیات‌ و فه‌له‌كیاتی ئه‌كه‌ی كه‌ چۆن له‌ ئاسمان‌ و زه‌وی ‌و ڕۆژ و مانگ ‌و ئه‌ستێره‌ و بوونیان ‌و ڕووناكییان هاتوچۆ و چه‌رخه‌ و خولخواردنیان دەکەیت، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین فه‌له‌كییه‌ك بووه‌ له‌ جیهان و هه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ زانا و شاره‌زا بووه‌. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای زانینی چۆنێتی گۆڕانی هه‌وای ناو ئاسمان (علمی طقس و طبقاتی جو)ی ده‌كه‌ی، كه‌ چۆن قسه‌ ده‌كا له‌ هه‌ور و سایه‌قه‌ و به‌فر و باران ‌و ته‌زره ‌و هه‌وره‌تریشقه‌، ده‌ڵیێ: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین زانایه‌كه‌ له‌م عیلمه‌دا و چه‌ند جار خۆی به‌ فڕۆكه‌ سه‌ركه‌وتووه و به‌راوردی لای ژوورووی كردووه‌ و هه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ ئاگادار و پسپۆڕ بووه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای دانانی ئه‌و ده‌ستوور و یاسا جوانانه‌ی ده‌كه‌ی كه‌ دایناوه‌ و سه‌راسه‌ر مایه‌ی به‌ختیاری‌ و كامه‌رانی مروڤایەتییە، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین قانونییه‌ك بووه‌ له‌ جیهانا و هه‌رچی ژیانی خۆی هه‌یه‌ به‌ شه‌و و به‌ڕۆژ به‌ختی كردووه‌ له‌ دۆزینه‌وه ‌و دانانی ئه‌و یاسایانه‌دا و هه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ڵكه‌وتوو بووه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای محاكه‌ماتی ده‌كه‌ی، كه‌ هه‌میشه‌ موسوڵمانان پرسیاریان لێ‌ كردووه‌ له‌ بابه‌ت نوێژ و ڕۆژوو، حه‌ج‌ و زه‌كات ‌و كڕین‌ و فرۆشتن‌ و بارمته‌ (رهن)‌ و ئیجاره‌ و نیكاح‌ و ته‌ڵاق‌ و به‌شكردنی كه‌له‌پوور و میرات‌ و ده‌عوا و به‌یینات‌ و قه‌ساس‌ و جینایاته‌وه‌ و وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین حقوقییه‌ك بووە له‌ جیهانا و هه‌موو ژیانی خۆی به‌خت كردووه‌ له‌ زانستگا و له‌ (كلیـه‌)ی حقوقا و هه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ڵكه‌وتوویه‌كی بێ‌ هه‌متا بووه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای جوانی پەروەردە و به‌رهه‌مهێنان (تربیه‌ و تعلیم)ی ده‌كه‌ی، كه‌ ژنی وه‌ك حه‌زره‌تی عائیشه‌ی پێگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ دوای كۆچی خۆی له‌ ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵیدا بووه‌، كه‌چی نیوه‌ی ئیسلام له‌ ده‌می ئه‌و وه‌رگیراوه‌، و هه‌ر شتێك كه‌ هاوڕێ‌ گه‌وره‌كان نه‌یانزانیایه‌، ده‌چوون‌ و پرسیاریان لێ‌ ده‌كرد، و پیاوی وه‌ك حه‌زره‌تی ئه‌بووبه‌كر و عومه‌ر و عوسمان‌ و عه‌لی‌ و عه‌بباس‌ و مه‌عاوییه‌ و عه‌مری كوڕی عاسی پێگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌موو ڕووپه‌ڕی مێژووی جیهان به‌ زانایی‌ و دانایی‌ و زرینگی ‌و هۆشیاری ‌و ژیری ‌و كارزانی ‌و داد‌ و كارامه‌یی ئه‌وان پڕ كراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێی: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ یه‌كه‌مین كه‌سێكه‌ له‌ عیلمی پەروەردە و به‌رهه‌مهێنانا كه‌وا ئه‌و عه‌ڕه‌به‌ نادانانه‌ی پێگه‌یاند ‌و په‌روه‌رده‌ی كردن و به‌ ڕووناكی ئایینی ئیسلام شرینقه‌ی {سرنگ} له‌ مێشكیان دا تا سه‌ر و ماڵی خۆیان به‌خت كرد له‌ ڕێی ئیسلاما و له‌ ژیانی پێغه‌مبه‌را عه‌ڕه‌بستانیان پاك كرده‌وه‌ له‌ بێگانان و له‌ دوای كۆچكردنیشی به‌ حه‌فتا هه‌شتا ساڵ به‌یداخی ئیسلامیان هه‌ڵدا له‌ چینه‌وه‌ تا ئیسپانیا‌ و قه‌راغی ده‌ریای ئه‌تله‌سی و له‌ قازانه‌وه‌ تا ده‌ریای هیند، كه‌ هه‌موو مێژووناسی جیهان و هوموو فلاسیفه‌ ‌و زانایانی كۆمه‌ڵایه‌تی (علمای اجتماعی) كاس‌ و سه‌راسیمه‌ن له‌ مایه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئایینه‌ له‌و چه‌ند ساڵه‌ كه‌مه‌دا، ئه‌مانه‌ به‌هۆی ئه‌و پەروەردە و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ بووه‌، كه‌ ئه‌و پێغه‌مبه‌ر گه‌وره‌یه‌ كردوویه‌تی.

هه‌ر به‌م ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ر گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ورد ده‌بیته‌وه‌ له‌ گه‌وره‌یی پێغه‌مبه‌ر ژیر‌ و بیری په‌ی پێ‌ نابات ‌و ناتوانێ‌ به‌ ده‌وریا بسوڕێته‌وه‌. كه‌وابوو پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ‌ بێ‌) له‌ یه‌ك كاتا خواپه‌رست‌ و گۆشه‌گیر و سیاسی‌ و سه‌رباز و فه‌رمانده‌ر (قائد) ‌و دوانده‌ر (خه‌تیب)‌ و پزیشك‌ و زانایه‌كی ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و یاسایی‌ و فه‌له‌كی‌ و ریازی‌ و مرشد‌ و موڕه‌بی‌ و دادوه‌ر و پێشه‌وا و پاشایه‌كی گه‌وره‌ بووه‌، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌رێكی خاوه‌ن قوڕئان‌ و پایه‌به‌رزیش بووه‌، كه‌وابوو ده‌ریای گه‌وره‌یی ‌و زانایی پێغه‌مبه‌ر ئه‌مه‌نده‌ فراوان ‌و بێ‌ پایانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌زاران زانا ‌و فه‌یله‌سوف‌ و هه‌ڵكه‌وتووی جیهان هه‌یه‌ داوێنی لێ‌ هه‌ڵكه‌ن، ئه‌مپه‌ڕوئه‌وپه‌ڕی ناكه‌ن.

چ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌م به‌ڵگه‌یه‌ گه‌وره‌تره ‌‌و به‌هێزتر هه‌یه‌، له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌رێتی ئه‌م پێغه‌مبه‌رە، نه‌خوێنده‌وارێكی جیهان نه‌دیده‌ی هه‌ژاری، بێ‌ پشتیوانی پێگه‌یشتوو له‌ ده‌شتی چۆڵی گه‌رمی عه‌ڕه‌بستانا له‌ناو هۆزێكی جانه‌وه‌ری كێویی بتپه‌رستی بێ‌ وێڵی، بێ‌ ڕه‌وشت ‌و خوی خاوه‌ن پڕوپووچا ئینقلابێكی وا به‌سه‌ر ئاده‌میدا بێنی له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌ما، هه‌رچی باو(عاده‌)ی ئایینی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شی زۆری گه‌لانی سه‌ر زه‌وی هه‌یه‌، هه‌ڵی گرێ‌ و باوی ئایینی ‌و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له‌ناو دڵ ‌و ده‌رونیانا بڕوێنێ‌ ‌و جێگیر بكات و بگات به‌ پایه‌ی هه‌زار ملیۆن ئاده‌می لە هه‌موو گۆشه‌ ‌و كه‌نارێكی سه‌ر زه‌وییه‌وه‌ شه‌و ‌و ڕۆژی پێنج جار له‌ نوێژا ناوی به‌رامبه‌ر به‌ناوی خوا ببه‌ن و شاهێدی له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌رێتی بده‌ن و هه‌رچی زانا‌ و فه‌یله‌سوفی تێگه‌یشتووی به‌ئینساف هه‌یه‌ له‌ كاتی ناوبردنیا سه‌ری شه‌رم ‌و حه‌یای بۆ دابنه‌وێنێ‌.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.