ڕاپۆرتی دووهەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی زمان و وێژەی کوردی و فارسی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان

بەپێی هەواڵی پێوەندە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەم زانکۆیە لە دوو ڕۆژی ۱۹ و ۲۰ی جۆزەردان میوانداری کۆنفڕانسی زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی بوو کە بە هاوکاری زانکۆکانی سەلاحەدین و ڕاپەڕێن بەڕێوە چوو.

ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە بە هەڵگرتنی هەنگاوێکی تر بەرەو لێکۆڵینەوەی ئاکادیمیک و زانستییانە و هەروەها ناساندن و ڕوون کردنەوەی لایەنەکانی زمان و وێژە و فۆلکلۆری کوردی و بەرەوپێشبردنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەی زانستی بە زمانی کوردی ڕاگەیێندرا کە تێیدا توێژەران و شارەزایانی زمان و وێژەی کوردی و فارسی دوایین دەستکەوتە توێژینەوەیی و زانستییەکانی خۆیان بە شێوەی وتار خوێندەوە و لە کۆتاییدا و بە ڕای لێژنەی داوەران وتارە هەڵبژێردراوەکان ناسێندران و خەڵات کران.

لە ڕۆژی شەمە ۱۸ی جۆزەردان لە پەنای دووهەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی زمان و وێژەی کوردی و فارسی، کارگەیێکی فێرکاری لە ژێر ناوی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی و کێشەی میتۆدۆلۆژی بەڕێوە چوو.

بەڕێوە بەری ئەم کارگەیە دوکتۆر فواد ڕەشید، پرۆفسۆری یاریدەدەری زمان و وێژەی کوردی زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر بوو کە لە تەلاری گۆرانی کۆلێژی زمان و وێژە بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمی دەسپێکی ئەم کۆنفڕانسە بە بەشداری بەرچاوی ئامادە بووان ڕۆژی یەکشەمە(۱۹ی جۆزەردان) لە تەلاری دوکتۆر شاهۆیی کۆلێژی کشتوکاڵ بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا سەرەتا سەرۆکی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە گرینگی بەڕێوە بردنی کۆنفڕانسی زانستی، وتی: بەڕێوە بردنی کۆنفڕانسهایێکی لەم شێوە دەبێتە هۆی ئاگادار بوونەوە لە دواهەمین دەستکەوتەکان و ئاڵوگۆڕی ڕوانگە زانستییەکان.

پرۆفسۆر ڕەحمەت سادقی لە درێژەشدا زانکۆی کوردستانی بە میوانان ناساند و ڕایگەیاند: زانکۆی کوردستان ۱۱ هەزار خوێندکار و ۳۷۰ ماموستای هەیە کە ۱۵ کەسیان پرۆفسۆرن و ناوبانگی نێونەتەوەییان هەیە.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: هیوادارم ئەم کۆنفڕانسە بەستێنێک بۆ بەڕێوە بردنی کار و توێژینەوەی هاوبەش دروست بکات و ببێتە هۆی پتەو بوونی هاوکاری نێوان هەردوو زانکۆ.

دوکتۆر ئەحمەد پارسا، بەرپرسی زانستیی کۆنفڕانسیش وتی:۱۳۷ وتار لە ۴۴ زانکۆی ناو و دەرەوەی وڵات بۆ ئەم کۆنفڕانسە بەڕێ کراون کە ۱۱۶ وتار وەرگیراوە و ئەوانیتر رەد کراونەتەوە.

ئەو وتیشی: لە زمانی کوردی کێشەی زۆرمان هەیە کە هیوادارین لە ئەم کۆنفڕانسەدا هەندێکیان بخرێنە بەر باس و گۆڕینەوەی ڕا و بۆچوونەکان و لە ئەنجامدا ببێتە هۆی چارەسەر کردنی هەندێک لە ئەو کێشەگەلە.

شیروان حۆسێن حەمەد، نوێنەری زانکۆی ڕاپەڕینیش خۆشحاڵی خۆی لە هاوکاری لە گەڵ زانکۆی کوردستان و بەڕێوە بردنی ئەم کۆنفڕانسە لە شاری سنە دەربڕی و وتیشی: پێوەندی و نزیکایەتی دوو زمانی کوردی و فارسی ڕاستیێکی حاشا هەڵنەگرە و وەکوو دوو دار بە دوو بەری جیاوازن.

بەڕێزیان هەروەها باسی کێشەکانی زمانی کوردی و بەربەستەکانی بەردەم لێکۆڵینەوە کوردییەکانی کرد و وتیشی: پێشتر پیاوانی ئایینی و هەروەها کوردناسەکانیش، بەرهەمی زۆریان لە بوارە جیاجیاکاندا نووسیوە کە دەتوانن یارمەتیدەری ئێمە بن بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو بابەتگەلە.

پاشان دوکتۆر بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی کوردی زانکۆی کوردستانیش وەکوو وتاربێژی سەرەکی وتارێکی لە سەر خەسارەکانی بەشی کوردی لە زانکۆکانی جیهان پێشکەش کرد و وتی: سەرۆکی بەشی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستان باسی خەسارەکانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکان کرد و وتیشی: ئەو بەشانە زیاتر خۆیان بە ئەرشیڤ سازی ئەدەبی کلاسیکەوە سەرقاڵ کردووە و بە شێوەیێکی جیدی ئاوڕ لە شیعری نوێ نادەنەوە تەنانەت ئێستاکەش هەندێ ماموستا لە زانکۆکانن نەک هەر ئاگاداری ڕەوتی ئێستای زمانی کوردی نین بەڵکوو تەنانەت تێشیاندا هەیە کە گۆران و شێرکۆ بێکەسیش بە شاعیر نازانن.

ئەو پێ وایە ئەو بەشانە بە شێوەیێکی جیدی گرینگی بە کورتە چیرۆک و گێڕانەوەی مۆدێڕن نادەن و دەڵێت: زۆر بە دەگمەن بەرهەمێکی ئەو بەشانە دەبینرێ کە لە سەر شرۆڤەکاری وردی چەمکێکی ڕەخنەیی بێت، سەدان چەمکی ڕەخنەییمان هەیە کەچی یەک بەرهەم بە کوردی لە سەر ئەم چەمکانە نەنووسراون.

ناوبراو لە درێژەشدا ئاماژەی بە ئەوە کرد کە تا ئێستا یەک بەرهەم لە بەشی کوردی لە سەر شێوازناسی ئەدەبی کوردی دەرنەچووە و وتیشی: لە باشووردا بە شێوازناسی دەڵێن شێوازگەری کە ئەمە هەڵەیە.

ئەو پێی وایە لێکۆڵینەوەکانی بەشە کوردییەکان ناوی سەرنج ڕاکێشیان هەیە بەلام لە ناوئاخندا ڕووکەشیانەن و ئاوڕ لە سامانی مرۆیی نادەنەوە و بە گشتی لێکۆڵینەوەکان ساکارن و بە ئاسانی تێئەگەین و خوێنەر ناهەژێنێ.

ئەو لە درێژەشدا باسی دیکەی خەسارەکانی بەشی کوردی لە زانکۆکان کرد و ڕایگەیاند: پێویستە گۆڕانکاریێک لە بەشی زمان و وێژەی کوردی بێتە ئاراوە و شێوەی لێکۆڵینەوەکان بگٶڕدرێ.

پاش کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی دەسپێک، پەنێلە زانستییەکان لە دوو هۆڵی مەستوورەی ئەردەڵان و فیردۆسی و هەروەها ژووری ۱۰۱ دەستی پێ کرد کە لە هەر پەنێل، سێ وتاربێژ و سەرۆک پەنێلێک بەشدار بوون و لە ڕۆژی یەکەم ۱۱ پەنێل و ڕۆژی دووهەمیش سێ پەنێل بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەمە پاش کۆتایی هاتنی پەنێلەکان، ۳۰ وتار لە سەر پۆستێر پێشکەش کرا و ڕێوڕەسمی کۆتاییش بە گوتاربێژی پرۆفسۆر ڕەحمەت سادقی و یەدوڵا پەشابادی بەڕێوە چوو.

دوکتۆر سادقی لەم کۆڕەدا وتی: هیوادارم ئەم کونفڕانسە دەستکەوتی باشی بووبێت و دەرفەتێکی بۆ کار و توێژینەوەی زانستی لە داهاتوودا ڕەخساندبێت.

بەڕێزیان هەروەها ئامادەیی زانکۆی کوردستانی بۆ هەموو چەشنە هاوکاریێک ڕاگەیاند و وتیشی: ئێمە وەکوو زانکۆی کوردستان جگە لە بەشی زمان و ئەدەبیات, لە هەموو بەشەکانیتریش هاوکاری زانستیمان ببێت لە گەڵ زانکۆکانی عێراق.

لە درێژەشدا دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی, بەرپرسی جێبەجێکاری کۆنفڕانسەکە سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئامادە بووان دەربڕی و هەروەها ڕێز لە گوتاربێژان, خوێندکاران و بەرپرسانی بەڕێوەبەری کۆنفڕانسەکەش گیرا.

شیاوی ئاماژەیە دووهەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی زمان و وێژەی کوردی و فارسی کە لە لایەن زانکۆی کوردستان و بە هاوکاری زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی ڕاپەڕین لە زانستگای کوردستان ۱۹ و ۲۰ی جۆزەردان بەڕێوە چوو.

بخش اخبار: 
اصلی

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)