کێبەرکێی شارستانییەتەکان

کێبەرکێی شارستانییەتەکان

  شارستانییه‌تەکان هەر لە دێرزەمانەوە هەندێکیان لەوانی دی پێشکەوتووتر بوون و پێشەنگی شارستانییەته‌ دواکەوتووەکان بوون، هەڵبەت ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووانه‌یش لە چاوی خۆیانەوە بەو شێوەیه‌ دەر دەکەوتن، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون وا خۆیان پیشان بدەن ئەمانیش لەگەڵ سەردەمن، ئەویش بە لاساییکردنەوەی میللەتان و شارستانییه‌تە پێشکەوتووەکان. مەرجیش نەبوو هەموو کات لاساییەکان بە بارێکی خراپدا ڕۆییشتبێتن. لەو کاتەوەی کە سوقراتی فەیلەسووف گەشتی بۆ ناوچەی میسری ئێستا دەکرد و بە حیکمەتی وان دڵگیر بوو، پاشان ڕۆژگار لە سووڕانەوەی خۆی بەردەوام بوو تا وای لێهات موسوڵمانەکان بە فەلسەفە و شارستانییه‌تیی گریک کاریگەر ببن نەک ئەوەندەیش بەڵکو کتێبی لۆژیک و فەلسەفە نەمابوو کە لە کتێبخانەی عەباسییەکاندا نەبێت.

دوای بەرەنگاربوونەوە و تێکشکانی لێشاوی خاچپەرستی، هێشتا ئەوروپییەکان سەرسامی زانست و ئاسایش و تەباییبوونی ئومەتانی ژێر چەتری ئیمپراتۆرییه‌تی زێرینی مە بوون، ناهەقیشیان نەبوو ئەو کاتەی کەنیسە پلیتی بەهەشتی بۆیان مۆر دەکرد لە دیوی ئێمە "فمن شاء فل یؤمن" هەبوو، کاتێک ئەوان گالیلۆیان بە هۆی زانستەکەیەوە نەفرەتبار دەکرد ئیبنول هەیسەم پەڕاوی لە دوای پەڕاو پڕ دەکردەوە لە پێناو زانست، پێشه‌نگانی ئوممەتەکەمان ئەوەندە بێ شومار بوون لە بەر زۆریی باشەکانیان نامەوێت نووسینەکەم داگیر بکه‌ن هەر بەوەندەوە دەوەستم، بەڵام ئەو سەردەمەیش گۆڕا و پێشەنگبوون کەوتە دەستی ڕۆژاواییەکان، رێنیسانس و مۆدێرنێتەکەیش تەواو بوو لەم سەردەمی بەناو پۆست_مۆدێرنە، کە بە دیدی من ئەوە قیامەت(کۆتاییی زەمان)ە کە سەروەرمان باسی دەکرد. لەوانەیە خوێنەر پرسیار بکات بڵێت کێشە چییە گەر ئەوانیش پشکی خۆیان هەبێت لە چەرخی پێشکەوتن؟ بەڵام لەڕاستیدا کێشەکە لەمەدا نییە ئەوە سونەتی ژیانە بەڵکو ئەو دەم کێشەیە کە ئێمە خۆمان بە قەزەم و کورت ببینین لەبەردەم پێشکەوتنی ئەوان و سەرلێشێوانی خۆمان، بە ڕادەیەک کە زۆر گەنج نەفرەت لە باوباپیران و لە کلتوری ناوچەیان بگرە تا ڕادەی حاشاکردن لە ئایینیش بەردەوام دەبن، گۆڕانکاری لە سەروسیما و پۆشینی جلوبەرگی وان تەنانەت خۆیشمان بە کونی بزنمژەکیش هەڵکێشاوە، گۆڕانکاریمان لە زمان کردووە بۆ نموونە میلەتێکی ڕەسەنی وەک کورد کە بە ناوی پاڵفتەکردنی وشەی بیانی وشەی "بدیل" دەگۆرنەوە بە "alternative "!، ئەمەیان هەمووی بەلایەک و چاوگەشبوون بە دیوی ماددی و دەرەکیی رۆژاوا بە لایەکی تر، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە چی هۆکاری پێشکەوتنە یان کێ لە پشتی پێشکەوتنەکانە، کە کۆمەڵە کەسانێکی خۆنەویستی دلسۆزن هەر وەک بەدیعوزەمان دەفەرمووێ گەر کوفر دڵسۆزی لەگەڵ بێ ئەوا بەرهەمدارە، کەسانێک کە شەونخونی دەکەن، لە تاقیگە داهێنان دەکەن دەستکەوتی دیپلۆماجی وەدەست دەخەن، نەوەک ئەوەی کە لە فیلمەکان دەیبینین یان ژیانی شەوانی رۆژاواییەک.

ئەم پارچە نووسینە بە مانای ئەوە نایەت کە ڕەخنەگرتن لە خراپیی کۆمەڵگەکەمان تاوانە، بەڵکو دەبێت بەدوای هۆکاری دواکەوتن و نەنگییەکاندا بگەرێین، چاویشمان لەسەر ڕابردووی زێڕینمان بێت - نەوەک پەرەستنی، یان بە پێچەوانەوە نەفرەتلێکردنی- لە هەمان کات بینینەوەی هۆكاریی بەهێزبوونی رۆژاواییەکان، گەرچی دەردمان یەک دەرد نەبووە و دەرمانیشمان یەک نابێ، کوده‌تاکردن بەسەر دەسەڵاتی ثیۆکراسی و جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی سیکیۆلار بارودۆخێکی جیاوازە لەوەی کە ئێمە بە دەستییەوە دەناڵێنین، سەدەیەک کۆڵۆنیالیزم و ئێستەیش جیهانگیری لە ڕێگەی تۆری کۆمەڵایەتی و هاوردەکردنی سەدان کێشە و گرفتی نامۆ بە کۆمەڵگەکەمان، مانای ئەوە دەدات هێشتا کارێکی زۆر و ڕێگەیەکی درێژخایەنمان لە پێشە بۆ ڕزگاربوون لە ژەهری داگیرکەری رۆژاوایی و بوون بە پێشەنگی شارستانییەته‌کان.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)