کورتەباسێک سەبارەت بە دەستووری خوایی و دەستوورە دانراوەکان؛ لە وتوویژێک لەگەڵ د. مستەفا زەڵمی

کورتەباسێک سەبارەت بە دەستووری خوایی و دەستوورە دانراوەکان؛ لە وتوویژێک لەگەڵ د. مستەفا زەڵمی

پرسیار: سەرەتای پرسیارەکانمان بەوە دەست پێ دەکەین دەستوور چيیە؟ یان بە واتایەکی تر دەپرسین قورئان چيیە و دەستوور چیيە؟

د. مستەفا زەڵمی: قورئان ئەو دەستوورە خوداییەیە کە هەمواری هەموو دەستوورە خوداییەکانی پێشتری کردووە کە بەر لە هاتنەخوارەوەی قورئان بۆ پیغەمبەران-سەلامی خوایان لێبێت- ڕەوانە کراون، بەمەش هەموو ئەو بنەمایانەی کە دەکرێت بەتێپەڕبوونی کات و شوێن و کەس گۆڕانیان بەسەردا بێت گۆڕدراون، قورئان ئەمەی بە (شرعە) ناو بردووە؛ (لِكُلّ جَعَلْنَا مِنكُمْ شِرْعَةً وَمِنْهَاجاً)، لە هەمان کاتدا ئەو بنەما بنەڕەتیانەی وەک خۆی هێشتۆتەوە کە ناکرێت لەگەڵ گۆڕانی زەمان و مەکان و گەشەسەندنی شارستانییەت و پێگەیشتنی عەقڵی مرۆڤدا بگۆڕدرێن، قورئان ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە: (إِنَّ هَذَا لَفِي الصُّحُفِ الْأُولَى صُحُفِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى)، ئەمەشی بە دین ناوبردووە کە لە نێوان هەموو پەیامە ئاسمانیەکاندا هاوبەشە، لەم بارەشەوە خوای گەورە دەفەرمووێت: (شَرَعَ لَكُم مِّنَ الدِّينِ مَا وَصَّى بِهِ نُوحاً وَالَّذِي أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ وَمَا وَصَّيْنَا بِهِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى وَعِيسَى أَنْ أَقِيمُوا الدِّينَ وَلَا تَتَفَرَّقُوا فِيهِ).

ئەم دەستوورە خواییە کە قورئانی مەزنە بنەما گشتيیەکان و رێسا بنەڕەتیيەکانی لەخۆ گرتوو، بواری بەعەقڵی مرۆڤ داوە لەبەر رۆشنایی ئەمانەدا لە رێگەی ئیجتیهادەوە بابەتەکانی دیکە پەیوەست بکاتەوە بەو بنەما گشتییانە و حوکمەکانی دەربهێنێت. دەبێت ئەوەمان لەیاد نەچێت کە دەلالەتەکانی ئەم دەستوورە کە قورئانە بۆ سەر واتا و حوکمەکانی دوو جۆرە:

یەکەمیان: قەتعیە، ئەمەش ئیجتیهاد و هەموار و گۆرانکاری هەڵناگرێت، واتە دەقی ئایەتی لەسەرە بە دەلالەتێکی قەتعی، وەک: (وَلَكُمْ نِصْفُ مَا تَرَكَ أَزْوَاجُكُمْ إِن لَّمْ يَكُن لَّهُنَّ وَلَدٌ فَإِن كَانَ لَهُنَّ وَلَدٌ فَلَكُمُ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْنَ مِن بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِينَ بِهَا أَوْ دَيْنٍ وَلَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِن لَّمْ يَكُن لَّكُمْ وَلَدٌ فَإِن كَانَ لَكُمْ وَلَدٌ فَلَهُنَّ الثُّمُنُ مِمَّا تَرَكْتُم مِّن بَعْدِ وَصِيَّةٍ تُوصُونَ بِهَا أَوْ دَيْنٍ).

دووهەم: هەیانە دەلالەتەکەی زەنیە، ئەمەیان ئیجتیهاد هەڵدەگرێت چونکە زیاد لە واتایەک هەڵدەگرێت، وەک: (وَأَعِدُّواْ لَهُم مَّا اسْتَطَعْتُم مِّن قُوَّةٍ وَمِن رِّبَاطِ الْخَيْلِ تُرْهِبُونَ بِهِ عَدْوَّ اللّهِ وَعَدُوَّكُمْ)، لەم ئایەتەدا هێز واتایەکی فراوانی هەیە، هەموو کەرەستەکانی بەرگری شەرعی دەگرێتەوە لە هەموو سەردەم و شوێنەکاندا، مەبەستیش لە وشەی (ترهبون)ە، ئیرهاب نيیە بە واتا هاوچەرخەکەی، بەڵکوو ترساندنی دوژمنە، چونکە دوژمن کە زانی هێزەکەت هاوتای هێزیەتی یان لە هێزی ئەو زیاترە لێت دەترسێت و ناوێرێت دەستدرێژیت بکاتە سەر.

پرسیار: پێش ئەوەی باسی دەستوورمان بۆ بکەیت، پێمان خۆشە بپرسین رۆڵی پێغەمبەر – دروودی خوای لێ بێت- لە دەستووردا چيیە؟

د.مستەفا زەڵمی: لەوەی باسم کرد دەگەینە ئەو ئەنجامەی دەستووری خوایی تەنها قورئانی پیرۆزە، رۆڵی پێغەمبەر –درودی خوای لێ بێت- لە خودی قورئاندا بەئایەت باس کراوە، ئەویش:

١- (التبین) واتە: روونکردنەوە، (وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ)، خوێنەری بەرێز بۆ زانینی درێژەی ئەمە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانم.

٢- ( التبلیغ) واتە: گەیاندنی، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَا عَلَى الرَّسُولِ إِلَّا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ)، بۆیە دەتوانین بڵیین کە قورئان تاکە سەرچاوەی دانانی حوکمی خوای گەورەیە و سوننەتەکانی پێغەمبەریش سەرچاوەی خستنەڕوو و ڕوونکەرەوەی ئەو حوکمانەی خوایە، ئەو سەرچاوانەی دیکە وەک: ئیجماع، قیاس و سەرچاوەکانی تر هەموویان سەرچاوەی دۆزینەوەی حوکمەکانی خوای گەورەیە، واتە کەشفی حوکمەکە دەکات.

بەمە دەگەینە ئەو ڕاستییە، دەسەڵاتی دانانی دەستور بۆ خوای گەورەیە، دەسەڵاتی یاسادانانیش بۆ مرۆڤەکانە کە ئەوانیش موجتەهیدەکانن.

فیقهی ئیسلامیش لە هەموو کات و شوێنەکان ئەو حوکمانەی خوای گەورەی لەو دەستوورە کە قورئانە دەرهێناوە بە مەبەستی رێکخستنی ژیان، فیقهی ئیسلامیش وەک یاسا وایە گۆرانکاری و هەمووارکردنی تێدا دەکرێت بەپێی گۆرانکاریەکانی ژیان.

پرسیار: با بێینە سەر دەستوور یان یاسای دەستووری؟

د. مستەفا زەڵمی: یاسای دەستووری باڵاترین یاسایە لە هەر وڵاتێکدا، لەبەر ئەوە نابێت هیچ یاسایەک لەو وڵاتەدا دەربچێت کە لەگەڵی دژ بێت، ئەگەر دەقێکی دەستوور لەگەڵ دەقێکی یاسادا دژ بەیەک بوون، دەبێت دادوەر دەقە یاساییەکە ڕەت بکاتەوە چونکە نادەستووریە.

دەستوورە دانراوەکان بەوە پێناسە دەکرێن کە کۆمەڵێک بنەمای گشتيی بنەڕەتیە کە لە واقیعی کۆمەڵگاوە سەرچاوەیان گرتووە و ئەرکەکەی دیاریکردنی شێوازی دەوڵەت و دیاریکردنی بنەماکانی حوکمرانيیە تێیدا، هەروەها گەرەنتییەکانی مافی تاکەکان لەخۆ دەگرێت و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن لێک جیا دەکاتەوە، تایبەتمەندی هەریەکەیان و پەیوەندیان بەیەکەوە دیاری دەکات.

پرسیار: چ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان دەستووری خوایی کە قورئانە و دەستوورە دانراوەکانی مرۆڤ؟

د.مستەفا زەڵمی: هەردووک دەستوورەکە لەوەدا یەک دەگرنەوە کە مەبەستیان رێکخستنی ژیانی مرۆڤ و بەدیهاتنی بەرژەوەندیەکانییەتی بە باشترین شێوە، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ)، ڕەحمەت لێرەدا بەرژەوەندی مرۆڤایەتيیە، ئەم رەحمەتەش یان ئەوەتا ئیجابییە وەک بەدیهێنانی بەرژەوەندییەک، یان سلبیە وەک دوورخستنەوەی خراپەیەک.

بە هەمان شێوە هەموو دەستوور و یاسا دانراوەکانیش دەیانەوێت خزمەتی مرۆڤ بکەن، هەریەکەیان به‌ بەشێوازی خۆی، کەوابوو دەستووری خوایی و دەستوورە دانراوەکان لە ئامانجەکەیاندا بەیەک دەگەنەوە، بەڵام لە چەندین بابەتی بنەڕەتیدا لێک جیاوازن، لەوانە:

١- لە رووی سەرچاوەوە: وەحی سەرچاوەی دەستووری خوایە، لە کاتێکدا سەرچاوەی یاسای دەستووری عەقڵی مرۆڤ و کۆششەکانییەتی، گومانی تێدا نیيە عەقڵیش هەرچەندە پێگەیشتوو و تێگەشتوو بێت دوور نابێت لە کەموکورتی و بەئاگابوون لە ڕابردوو ئێستا و داهاتوو، لەبەر ئەوەیە دەستوورە دانراوەکان هەمیشە پێویستیان بەهەموار و گۆڕانکاریيە.

٢- لە رووی گشتێتیەوە: دەستوورە دانراوەکان بۆ یەک کۆمەڵگان، بەڵام دەستووری خوایی پەیامەکەی ڕووی لە تەواوی مرۆڤایەتيیە و داننانێت بە سنوورە سیاسيی و جوگرافیيەکاندا.

٣- لە ڕووی بەردەوامی و جیگرییەوە: دەستووری خوای گەورە زیندووە و گۆڕان و هەموارکردنەوە و سڕینەوە قبووڵ ناکات، چونکە بنەما گشتیيەکانی لەخۆ گرتووە و بنەما گشتيیەکانیش پێویستی بە گۆڕانکاری نیيە.

٤- لە ڕووی کەموکورتی و هەڵەوە: قورئان دوورە لە هەڵە و کەموکورتی، چونکە خوای گەورە دایناوە و خوای گەورەش زاتێکی کاملە.

٥- دەستووری خوای گەورە کە قورئانە گرنگی و بایەخی زۆری داوە بە ڕەوشت، لە کاتێکدا یاسای دەستووری و یاسا ئاساییەکان ئەو گرنگی و بایەخە زۆرە نادەن بە ڕەوشت.

٦- لە روی پاداشت و سزاوە: دەستوورە دانراوەکان و یاسا هەمیشە لێپێچینەوەیان تێدایە و سزا لەخۆدەگرن بۆ سەرپێچیکار، بە پێچەوانەی دەستووری خوای گەورەوە کە سزای بۆ خراپەکار بڕیار لێداوە، لە هەمان کاتدا پاداشتیشی بۆ چاکەکار بڕیار داوە.

٧- لە ڕووی سنووری پاداشت و سزاوە: سنووری دەستووری خوایی فراوانە و پاداشتی دونیا و قیامەت لەخۆ دەگرێت.

٨- لە رووی بواری جێبەجێکردنەوە: لە دەستوورو یاسا دانراوەکاندا حوکم بەسەر زاهیردا دەدەن و ناچنە قووڵایی ناخی مرۆڤەوە تا بڕیار لەسەر نیەتە خراپەکانی بدەن، بە پێچەوانەی قورئانەوە کە دەیەوێت مرۆڤەکان ناخیان و نیەتیشیان پاک بێت.

چەندین پرسیاری دیکەش هەیە کە لێرەدا بابەتەکە درێژ دەبێت لێی بدوێین، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ کتێبە نوێیەکەم لەسەر دەستوور.

پرسیار: دەکرێت نمونەی ئەو ئایاتانە کە بنەمای دەستووریان تێدایە بۆمان بخەیتە ڕوو؟

د. مستەفا زەڵمی: قورئانی پیرۆز زۆر بنەمای دەستووری بەهێزی تێدایە کە هەموو دەستوورە هاوچەرخەکان لەخۆیان گرتووە، وەک: ڕاوێژ، دادپەروەری و یەکسانی، هەندێ ئایەتی دیکەی قورئان هەیە کە بابەتی گرنگی لەخۆ گرتووە و لە کاتی دانانی دەستوورێکی ئیسلامیدا دەکرێت بگەڕێینەوە و بۆیان، لەوانە:

·        وَشَاوِرْهُمْ فِي الأَمْرِ

·         وَأَمْرُهُمْ شُورَى بَيْنَهُمْ

·        وَإِذَا حَكَمْتُم بَيْنَ النَّاسِ أَن تَحْكُمُواْ بِالْعَدْ 

·         إِنَّ اللّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالإِحْسَانِ.

·        إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ.

له‌و ئایه‌تەشدا داوا دەکات پێویستە حوکم بەوە بکرێت کە خوای گەورە دایبەزاندووە: وَأَنِ احْكُم بَيْنَهُم بِمَا أَنزَلَ اللّهُ

  نمونەی ئەو ئایەتانەشی کە دادوەریکردنی لە نێوان خەڵکیدا لەخۆ گرتووە: وَلاَ يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلاَّ تَعْدِلُواْ اعْدِلُواْ هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى

بنەمای ئاشتی و جەنگ لە ئیسلامدا: وَإِن جَنَحُواْ لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا وَتَوَكَّلْ عَلَى اللّهِ ، هەروەها لەئایەتێکی دیکەدا هاتووە:  وَقَاتِلُواْ الْمُشْرِكِينَ كَآفَّةً كَمَا يُقَاتِلُونَكُمْ كَآفَّةً

زۆر نمونەی دیکەم لەم بابەتەدا باس کردووە لە دواین کتێبمدا هیوادارم بتوانن سوددی لێ وەربگرن.

 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)