دیاریی ڕەمەزان- شه‌وانى قه‌در

دیاریی ڕەمەزان-  شه‌وانى قه‌در

پرسيارى زۆر ئه‌كرێ سەبارەت بە شه‌وانى قه‌در و زيندووكردنه‌وه‌ و پاداشتی و (اعتكاف)، فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌م زانيارييانه‌ (سه‌ره‌تا ببوورن كه‌ بابه‌ته‌كه‌ درێژه‌، زۆر له‌مه‌ زياتر هه‌ڵده‌گرێ، له‌مه‌ زياتر بۆم كورت نه‌كرايه‌وه‌): 

١ـ شه‌وى قه‌در كامه‌يه‌؟

ئه‌و شه‌وه‌ شه‌وى ده‌سپێكردنى دابه‌زينى قورئانه‌، بۆ سەر دڵى پێغه‌مبه‌رى ئيسلام دروودى خواى له‌سه‌ر بێت كه‌ له‌ يه‌كێك له‌ دە شه‌وانى كۆتايی ڕه‌مه‌زاندا بووه‌، له‌ ڕێى ئه‌ويشه‌وه‌ بۆ مرۆڤايه‌تی، وه‌ك دوا په‌يامى هيدايه‌تيی خوايی بۆ سه‌ر زه‌ويی.

٢ـ له‌ چه‌ند جێى قورئاندا باسى شه‌وى قه‌در هاتووه‌؟

له‌ سێ جێي قورئانى پيرۆزدا ڕاسته‌وخۆ باسى ئه‌و شه‌وه‌ كراوه‌، 1ـ له‌ سوره‌تى (قه‌در). 2ـ له‌ سه‌ره‌تاى سوره‌تى (الدخان) كه‌ ئه‌فه‌رموێت: (إِنَّا أَنزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةٍ مُّبَارَكَةٍ إِنَّا كُنَّا مُنذِرِينَ* فِيهَا يُفْرَقُ كُلُّ أَمْرٍ حَكِيمٍ * أَمْرًا مِّنْ عِندِنَا إِنَّا كُنَّا مُرْسِلِينَ * رَحْمَةً مِّن رَّبِّكَ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ). 3ـ له (البقرة)شدا دووپات كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ قورئان له‌ مانگى ڕه‌مه‌زاندا دابه‌زيوه‌: (شهر رمضان الذي أنزل فيه القرآن..).

٣ـ گه‌وره‌يی ئه‌و شه‌وه‌ له‌ قورئان و سوننه‌تدا:

كه‌واته‌ به‌ پێى سووڕه‌تى قه‌در و ئه‌و ئايه‌تانه‌ى سووڕه‌تى (الدخان): شه‌وى قه‌در زۆر پيرۆزه‌، له‌ هه‌زار مانگ خێرتره‌ (ئه‌گه‌ر هه‌زار بۆ (تکثير)يش بێت، گه‌وره‌ييه‌كه‌ى هه‌ر دياره‌. له‌و شه‌وه‌دا جبريل و فريشته‌كان به‌ ئيزنى په‌روه‌ردگاريان هاتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌، شه‌وى پڕ له‌ ئاشتييه‌، تا كاتى ڕووناكی سپێده‌. هه‌روه‌ها له‌ (دخان)يش ئاماژه‌ كراوه‌ كه‌ شه‌وێكى موباره‌ك و پڕ خێره‌، به‌ فه‌رمانى خوا هه‌موو كارێكى به‌جێى تێدا يه‌كلايی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م كاره‌ش ميهره‌بانيی و ڕه‌حمه‌تى خواى بيسه‌ر و زانايه‌.

به‌پێي فه‌رمووده‌ش زيندووڕاگرتنى ئه‌و شه‌وه‌ به‌ بڕوا و بۆخوابوونه‌وه‌، مايه‌ى به‌خشينى گوناهه‌ ڕابردووه‌كانه‌. ده‌فه‌رموێت: (مَن يَقُمْ ليلةَ القَدْرِ إيمانًا واحتسابًا، غُفِرَ له ما تَقدَّمَ من ذَنبِه). البخاري (35)، ومسلم (760).

٤ـ ئايا شه‌وى قه‌در شه‌وێكى ديارى كراوه يان له‌ شه‌وه‌كانى ڕمه‌زاندا ده‌سووڕێت؟

زانايان يه‌كڕا نين له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌، (ابن حجرعسقلانى) تا (46) ڕا و بۆچوونى باس كردووه‌، (سيوطى)يش گه‌ياندوويه‌ته‌ (50) بۆچوون، بۆيه‌ نابێت كه‌س فه‌رزى بۆچوونێك به‌سه‌ركه‌سى تردا بكات.

به‌ڵام ڕاى زۆرينه‌ى پێشينان ـ له‌ موفه‌سيره‌كان و فه‌رمووده‌ناسان و فه‌قيهه‌كان ـ وايه‌ كه‌ شه‌وى قه‌در هه‌موو ساڵێك له‌ شه‌وێك له‌ شه‌وه‌كانى ڕه‌مه‌زاندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى چه‌ندين ڕيوايه‌تى دژبه‌يه‌ك له‌ دياريكردنى شه‌وه‌كه‌دا هه‌ن، كه‌ ئايا شه‌وى (21)ه‌، يان (23)، يان (25)، يان (27)، يان (28)، زانايان بوونه‌ته‌ دوو ده‌سته‌:

 ده‌سته‌ى يه‌كه‌م ـ كه‌ بريتين له‌ پێشه‌وايان مالك و ئه‌حمه‌د و سوفيانى ثه‌ورى و ئه‌بووسه‌ور و حه‌نه‌فييه‌كان و قه‌ولێكى شافيعييه‌كان و كه‌سانێكى تر، بۆ ڕێكخستنى ئه‌و ڕيوايه‌ته‌ دژبه‌يه‌كانه‌ ـ وتوويانه‌: شه‌وى قه‌در هه‌ر ساڵه‌ له‌ شه‌وێك له‌ شه‌وه‌ تاكه‌كانى ڕه‌مه‌زاندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و ده‌سووڕێت، هه‌ر ساڵه‌ له‌ شه‌وێكى تاكدا... (المجموع)ى نه‌وه‌وى، (6 / 459)، وفتح الباري، عه‌سقه‌لانى، (4 / 313).

ده‌سته‌ى دووه‌م ـ كه‌ بريتين له‌ به‌شێك له‌ شافيعييه‌كان و ئيبن حه‌زم ـ وتوويانه‌: شه‌وى قه‌در شه‌وێكى دياري كراوه‌ و هيچ ساڵێك ناگۆڕێت و له‌ دە شه‌وه‌ تاكه‌كانى كۆتايی ڕه‌مه‌زاندايه‌، به‌ڵام نازانرێت كاميانه‌، بۆيه‌ سوننه‌ته‌ ده‌ شه‌وه‌كه‌ زيندوو ڕاگيرێن.. (المحلى (6/ 44).

٥ـ له‌ قورئانى پيرۆزدا باسى مانه‌وه‌ له‌ مزگه‌وت (اعتكاف) كراوه‌؛

 هه‌رچه‌ند نه‌به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ مانگى ڕه‌مه‌زانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕه‌مه‌زاندا به‌تايبه‌تى له‌ ده‌ شه‌و‌ى كۆتاييدا خێرى زياتره‌ و سوننه‌تێكى گه‌وره‌يه‌، له‌ (3) جێى قورئاندا ئاماژه‌ى پێ كراوه‌: له‌ (128) و (187)ى (البقره‌)و (25)ى (الحج)، جگه‌ له‌ چه‌ند فه‌رمووده‌يه‌كى به‌هێزيش، وه‌كوو ئه‌وه‌ كه‌ خاتوو عائيشه‌ ئه‌فه‌رموێت: (كان رسول الله صلى الله عليه وسلم يعتكف العشر الأواخر من رمضان حتَّى توفَّاه الله، ثم اعتكفَتْ أزواجه من بعده) بوخارى، به‌ ژماره‌: (1922)و موسليم به‌ ژماره‌: (2841). ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌رى خوا هه‌ر ساڵێك بۆى ڕێكنه‌كه‌وتبێت (10) ڕؤژى كۆتايی ڕه‌مه‌زان (اعتكاف) بكات، له‌ ساڵى داهاتوودا قه‌ره‌بووى كردووه‌ته‌وه‌و (20) شه‌و و ڕۆژى ڕه‌مه‌زان ئيعتيكافی كردووه‌. 

٦ـ ئايا ئه‌و شه‌وى قه‌دره‌ يه‌ك جار بووه‌و دووباره‌ نابێته‌وه‌؟

له‌ زانايانى پێشين كه‌س نه‌يوتووه‌ كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ يه‌ك جار بووه‌ و ئه‌و خێر و گه‌وره‌يی و پاداشته‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌. له‌ هاوچه‌رخه‌كانيش ته‌نها له‌ مامۆستا ناسر سوبحانى بيستراوه‌ كه‌ پێى وايه‌ شه‌وى قه‌در شه‌وێكى زۆر گه‌وره‌ى بێ هاوتايه‌، شه‌وى دابه‌زينى هيدايه‌تی خوايه‌ بۆ مرۆڤايه‌تيی، بۆيه‌ ناگونجێ ئه‌و شه‌وه‌ گه‌وره‌يه‌ به‌ هه‌مان گه‌وره‌ييه‌وه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌ و شه‌وى قه‌درى هه‌ر ساڵێك به‌قه‌ده‌ر هه‌زار مانگ گه‌وره‌ بێت و پاداشت و خێرى ئه‌و شه‌وه‌ش حيسابى هه‌زار مانگى بۆ بكرێت. بۆيه‌ پێى وايه‌ ئه‌و فه‌رموودانه‌ى باس له‌ گه‌وره‌يی ئه‌و شه‌وه‌ ئه‌كه‌ن بۆ بيره‌وه‌ريی و يادكرنه‌وه‌ى ئه‌و ڕووداوه‌ گه‌وره‌يه‌يه‌، وه‌ك يادى مه‌وليد و يادى ميعراج و ..هتد، نه‌ك كت و مت دووباره‌ ببێته‌وه‌.

به‌ڕێزيان ئه‌م بۆچوونه‌ى هه‌يه‌ و نيسبه‌تيشى داوه‌ته‌ لاى (سيد قطب)، به‌ڵام سه‌يرى (في ظلال)م كرد نه‌ له‌ ته‌فسيرى سووره‌تى قه‌در و نه‌ له‌ (الدخان)، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ڕايه‌ى ده‌رنه‌بڕيوه‌، به‌ڵام له‌ ته‌فسيره‌كه‌ى بۆ سوره‌تى قه‌در باس له‌ گه‌وره‌يي و شكۆى ئه‌و شه‌وه‌ گه‌وره‌ ئه‌كات و خۆى لا ئه‌دا له‌ باسى دووباره‌بوونه‌وه‌ى كه‌ ڕه‌نگه‌ مامۆستا ناسر له‌وه‌ ئه‌و خوێندنه‌وه‌يه‌ى بۆ بۆچوونى سه‌يد كردبێت.

٧ـ هاوڕێيانێكى زۆر له‌ برا و خوشكانم له‌م ڕه‌مه‌زانه‌دا پرسيارى ڕاى خۆميان كردووه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌و بۆچوونه‌ى مامۆستا ناسر؟

 و‌ڵامم تا ئه‌م ساته‌ ئه‌مه‌يه‌:

به‌نده‌ ئه‌و ڕايه‌ى مامۆستا ناسر به‌ نامۆ ده‌زانم و پێم وايه‌ له‌گه‌ڵ واتاى ئايه‌ته‌كانى سووڕه‌تى قه‌دريش نايه‌ته‌وه‌ كه‌ يه‌ك وشه‌ى (كان)ى تێدا نيیه‌، تا بگوترێ باسی ڕابردووه‌، بگره‌ به‌ سيغه‌ى ڕسته‌ى ئيسميی (ليله‌ القدر خير من ألف شهر) و (سلام هي حتى مطلع الفجر) و سيغه‌ى موزاریعی (تتنزل الملائكه‌ والروح فيها.. ) هاتووه‌، كه‌ هه‌ردووک سيغه‌كه‌ به‌رده‌وامی و ئيستمراريیه‌ت ده‌گه‌يه‌نن. (ڕاسته‌ ئه‌مه‌ش و‌ڵامى هه‌يه‌ و ده‌وترێ كه‌ بۆ ئه‌وه‌يه‌ خوێنه‌رى قورئان بكه‌وێته‌وه‌ ناو ڕووداوه‌كه ‌و ئه‌م شێوازه‌ له‌ زۆر جێى قورئاندا دووباره‌ بۆ‌ته‌وه‌)، به‌ڵام جگه‌ له‌وه‌، بوونى چه‌ند ڕيوايه‌تێكى سه‌حيح ئه‌و واتايه‌ پشتڕاست ئه‌كه‌نه‌وه‌، بۆ نموونه‌: پێغه‌مبه‌ر درودى خواى له‌سه‌ر بێت، خۆى فه‌رموويه‌تى: (تَحَروا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان)، بوخارى، به‌ ژماره‌: (1913)و موسليم، به‌ ژماره‌: (1169)، ئه‌م ڕيوايه‌ته ‌و هه‌ندێكى تر و ڕاى زۆرينه‌ى فوقه‌هايانى سه‌حابه ‌و تابعين ئه‌و بۆچوونه‌ پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌يی ئه‌و شه‌وه‌ وه‌كوو خێر و به‌ره‌كه‌ت و خه‌ڵات و به‌خششێكى خوايي به‌ ئوممه‌تى ئيسلام به‌خشراوه‌... ئه‌مه‌ دوا بۆچوونمه ‌و بابه‌ته‌كه‌ش ته‌حقيقي زياتر هه‌ڵده‌گرێ.

٨ـ له‌ كۆتاييدا تێبينييه‌ به‌رده‌وامه‌كه‌ى خۆم دووباره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ چه‌ند شه‌وێكه‌ بيرى موسڵمانانى دێنمه‌وه‌: 

یەکڕیزیی موسڵمانان و ڕێزگرتن له‌ يه‌كتريى و پاراستنى حورمه‌ت و ئاسایشی مزگەوت و نه‌شێواندنى كه‌شي عيباده‌ته‌كان، واجیبە و لەپێشترە، ئەم کارانە ئەوپەڕی ئەوەیە سوننەت بن، لە هیچ حاڵەتێکدا ڕەواو ڕاست نیە بۆ سوننەتێک واجبێک پێشێل بکەین، بۆیە با کەس لۆمەی کەس نەکات لەسەر کردن و نەکردنی سوننه‌تێك يان ده‌رخستنى بۆچوونێكى جياوازو دەرگای غەیبەت و قسە و قسەڵوک نەکرێتەوە، به‌تايبه‌تى له‌ هه‌ر بابه‌تێكدا به‌ڵگه‌ى (قطعي الدلالة)و يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى له‌سه‌ر نه‌بێت و به‌و هۆيه‌وه‌ ڕاى جۆراوجۆرى زانايانى له‌سه‌ر دروست بووبيت۰

خوای گەورە ڕۆژوو و شەوبێداریی و ئيعتيكافی موسڵمانان وەربگرێت۰

(ربنا ... وَلا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلا لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ).

 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)