هێشتا زۆرێك لە بەڕۆژووبووان لە ئاستی فەلسەفەی جوانی رۆژوودا نین

هێشتا زۆرێك لە بەڕۆژووبووان لە ئاستی فەلسەفەی جوانی رۆژوودا نین

ڕۆژووگرتن لە ئایینەكاندا بە گشتی پەرستشێكی دیار و هاوبەشە، لە ئیسلامیشدا فەڕزێكی ئایینییە و گەلانی موسڵمان لە سەرتاپای جیهاندا داب و كەلتووری خۆیان تێكەڵ بەم فەڕزە ئایینییە كردووە.

 ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە، زانینی هەندێك لە فەلسەفەی رۆژووە كە لێرەدا تەنیا ئاماژە بە سێ خاڵیان دەكەین:

 ١- خودچاودێریی: خۆگرتنەوە و بایكۆتكردنی خواردن و خواردنەوە بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە، جۆرێكە لە چاودێریكردنی خود لە لایەن خودەوە لەبەر خودا، ئەمەش ئەگەر ببێتە خەسڵەتێكی زۆربەی كاتی ژیانی مرۆڤ، ئەوسا بەشێكی زۆری گەندەڵی و دیاردە نەخوازراوەكان كەم دەبنەوە.

 ٢- زمانپاكی: لە یەكێك لە جیاوازییەكانی نێوان (صیام) و (صوم) ئەوەیە كە (صیام) زیاتر پەیوەستە بە دووركەوتنەوە لە شتە مادییەكان، بەڵام (صوم) زیاتر بریتییە لە دووركەوتنەوە لە زێدەڕەویی بەكارهێنانی زمان لە باسی بێ سوود، هەروەها بریتییە لە پاراستنی زمان لە بەكارهێنانی وشەی نەشیاو. بۆیە ئەگەر ئەم مانایە پەرەی پێ بدرێت، ئەوسا زمانی پاك دەبێتە فاكتەری كاری چاك لەنێو كۆمەڵگەدا.

 ٣- ئازادیی رۆح: كاتێك خوای گەورە لە قورئاندا لەبری هەڵە و خەتاكانی مرۆڤ، داوای ئازادكردنی كۆیلەكان دەكات، ئەگەر نەبوو، داوای رۆژووگرتن لە مرۆڤ دەكات، واتە: رۆژووگرتن دەچێتە جێگەی ئازادی بۆ كۆیلەكان، بەمەش دەردەكەوێت كە ڕۆژووگرتن لە یەكێك لە ماناكانیدا گێڕانەوەی ئازادییە بۆ دەروونی مرۆڤ و زاڵبوونە بە سەر كۆت و بەندی داواكانی جەستەدا. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هێشتا گەلێک دیاردەی نەخوازراو هەن كە ساڵانە لەگەڵ هاتنەوەی مانگی ڕۆژوودا سەر هەڵدەدەنەوە، لەوانەش وەك نموونە:

 ١- تا ئێستاش جیهانی ئیسلامی كۆك نین لە سەر سوودوەرگرتن لە زانستی فەلەكناسی و مانگە دەستكردەكان و تەنكنۆلۆژیای نوێ بۆ دیاریكردنی سەرەتای مانگی ڕەمەزان و پشت دەبەستن بە چاو كە لەم سەردەمەدا بە هۆی پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن(CO2) لە هەوادا زەحمەتە مانگی یەك شەوە ببینرێت.

 ٢- هێشتا زۆرێك داوای ئەوە دەكەن كە تەواوی خواردنگە و چێشتخانەكان دابخرێن، تەنیا ژمارەیەكی كەمیان نەبێت، لەكاتێكدا دەبێت جیاوازی بكەین لە نێوان رێزگرتن لە ڕەمەزان و زەوتكردنی ئازادی ئەوانی دی، چونكە شاری ئەم سەردەمە تێكەڵەیەكە لە تەواوی شوێنكەوتووانی ئایینە جیاوازەكان و كار و پیشە جیاوازەكان و دەكرێت خواردنگەكان كراوە بن بە شێوازێك کە رێزگرتن لە مانگی رۆژووش زامن بكەن.

 ٣- هێشتا كێشەی نێوان نوێژخوێنان ماوە لەسەر ئەوەی كامیان ڕاستترە؟ تەراویحی یازدە ڕەکعەتی یان بیست و سێ ڕەکعەتی؟ ئایا تەراویح سوننەتە لە ماڵەوە بكرێت یان لە مزگەوت و بە جەماعەت؟ ئایا كەی شەوی لەیلەتولقەدرە؟ ئایا سەرەتای ڕۆژووی كام وڵات ڕاستتر بووە؟ ئایا كام جۆر نەخۆش و كام جۆر موسافیر دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت؟ ئایا كرێكاران دەتوانن دواتر ڕۆژوو بگرنەوە یان هەر دەبێت بەرۆژوو بن؟ ئایا قوتابیان دەتوانن بەڕۆژوو نەبن لەبەر تاقیكردنەوەكان، یان نا؟ زەكات بە كێ بدرێت؟ چۆن بدرێت؟ چەندی بدرێت؟ ئایا سەرفترە دەبێت هەر بە گەنم و جۆ و برنج بێت، یان بە پارەش دەبێت؟ ئایا سوننەتی ئیعتیكاف لە سوجدەگای ماڵەوە دەكرێت، یان لە مزگەوتەكاندا؟ ئایا ئەوەی دەوامی فەرمانگەی هەیە بۆ خزمەتكردنی خەڵك بۆی هەیە داببڕێت بۆ ماوەی دە ڕۆژ بۆ ئیعتیكاف؟ ئایا فەتوا بۆ تاك دەدرێت، یان بۆ كۆ؟ ئایا فەتوا تەنیا داواكاری فەتوا پابەند دەكات، یان ئەوانی دیكەش؟ 

 ئەم پرسیارانە و زۆری دیكەش هێشتا لەگەڵ هاتنەوەی هەموو ڕەمەزانێكدا دووبارە دەبنەوە و هەرچەندە هەر گرووپ و دەستە و كەسایەتییەكیش وەڵامیان داوەتەوە، بەڵام وڵامەكان هێشتا جیاواز و دژ بەیەكن.

 ٤- هێشتا دیاردەی رێزنەگرتن لە یەكدی بوونی هەیە، لە كاتێكدا پەیڕەوكردنی رێنماییە ئایینییەكان پەیوەستە بە ئازادییە تاكەكەسییەكانەوە، بەڵام هێشتا بەشێك لەوانەی خۆیان وەك عەلمانی و ئازادیخواز دەناسێنن، تانە و تەشەر و قسەی ناشیرین ئاراستەی رۆژووەوان دەكەن و فێر نەبوون وەك تاكی عەلمانی ئەورووپی رێز لە بژاردەی هەر مرۆڤێك بگرن.

 ٥- هێشتا دیاردەی زۆركردن لە منداڵان بۆ بەڕۆژووبوون لە لایەن هەندێك لە دایكان و باوكانەوە ماوە، بێ ئاگا لەوەی كە منداڵان ناكرێت زیاد لە توانای خۆیان لێ داوا بكرێت، بەتایبەت بۆ پەرستشە ئایینییەكان كە لە سەر بنەمای خۆشەویستی و ئارەزوومەندانەیە، نەك زۆرلێكردن.

 ٦- هێشتا دیاردەی سواڵكردن و دەرۆزەكردن ماوە و بگرە لە ڕەمەزاندا ئارامی و كواڵیتی ژیانیش لە شار و باژێڕەکان تێكدەدەن.

 ٧- هێشتا دیاردەی كۆنووستن لە مزگەوتەكاندا ماوە، لە كاتێكدا مزگەوت شوێنی نوێژكردنە بە جەماعەت، نەك شوێنی نووستن بە جەماعەت.

 ٨- هێشتا دیاردەی زیادەڕەویی لە خواردن و خواردنەوە ماوە، بۆ وێنە بە پێی داتاكانی وەزارەتی شارەوانیی هەرێم رۆژانە 7500 (حەوت هەزارو پێنجسەد) تۆن زبڵ و خاشاك هەیە كە نیوەی ئەم بڕە بریتییە لە پاشماوەی خۆراك، ئەم بڕەش لە ڕەمەزندا زیاتر دەبێت، لە كاتێكدا داتاكانی (دەبلیو ئێف پی) و (ئێف ئەی ئۆ) دەڵێن: نزیكەی یەك ملیار مرۆڤی برسی لە جیهاندا بوونیان هەیە.

 ئەمە لە كاتێكدایە کە ڕەمەزان مانگی كەمكردنەوەی خواردنە، كەچی زیاتر دەخورێت لە چاو مانگەكانی دیكەدا، بەمەش فەلسەفەی ڕۆژووی ڕەمەزان ون دەبێت.

 ٨- هێشتا دیاردەی گرانكردنی شتومەك و بەرزكردنەوەی نرخەكان لە رەمەزاندا هەر ماوە، لە كاتێكدا دەبوایە بازرگانی موسڵمان بازاڕی هەرزان بكردایە، نەك گران، بەداخەوە ئەگەر شتێكیش هەرزان بكەن، ئەوە لەبەر ئەوەیە كە مادەكە خراپ بووە، یان ماوەی بەسەرچوونی نزیك بۆتەوە.

 ٩- هێشتا هاووڵاتیان لەوە نەگەیشتوون كە ڕۆژوو واتە بایكۆت، ئەوان دەتوانن بازاڕ هەرزان بكەن، ئەگەر پێكەوە بە كەمپینێك بایكۆتی هەر كاڵایەك بكەن، كاتێك نرخی بەرز دەبێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو كۆئیرادەیە و ئەو فەرهەنگی بایكۆتكردنە لای هاووڵاتیانی ئێمە نەبۆتە كولتوور.

 ١٠- هێشتا هەندێك كە بەڕۆژوو نابن و بڕوایان بە ڕۆژوو نییە، دێن ئازادیی ئەوانی دی پێشێل دەكەن و واز لە بەڕۆژووەوان ناهێنن و دەپرسن: بۆچی خۆتان برسی و تینوو دەكەن؟ چۆن دەتوانن بەڕۆژوو بن؟ هەندێكی دیكەش كە خۆیان بەڕۆژوون، بە ناوی ئامۆژگارییەوە دەست دەخەنە نێو ژیانی تایبەتی تاكەكانی كۆمەڵگەوە و لە مانگی ڕەمەزاندا دەیان پرسیاری تایبەت ئاراستەی خەڵكانی دەوروبەریان دەكەن، لە جۆری: ئەمڕۆ بەڕۆژوویت؟ بۆ بەڕۆژوو نابیت؟ بۆچی تەنیا لەم مانگەدا سەرپۆشت كردووە؟ تۆ نوێژ ناكەیت، بۆچی بەڕۆژوو دەبیت؟

 بە ئومێدی رەمەزانێكی ئارام و شارستانییانە و بە هیوای تێگەیشتنی باشتر و جوانتر لە پەرستش و رێوڕەسم و بۆنە ئاینییەكان بە گشتی. 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

خاتوونی زانای ئیسلام مێژووی (1398/03/16)
دیاریی ڕەمەزان- شه‌وانى قه‌در رمضان، ڕه‌مه‌زان (1398/03/16)