پەیامی پیرۆزبایی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان

پەیامی پیرۆزبایی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان

مامۆستا عەبدوڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان پەیامێکی بڵاو کردەوە کە دەقەکەی بەم چەشنەیە:

بسم‌ الله الرّحمن الرّحیم

«قُلْ بِفَضْلِ اللّهِ وَبِرَحْمَتِهِ فَبِذَلِكَ فَلْيَفْرَحُواْ هُوَ خَيْرٌ مِّمَّا يَجْمَعُونَ»(یونس:۵۸)

بێژە: «بەو چاکە و میهر و ڕەحمەتەی کە خوا دەرحەق بە ئێوەی نواندووە دڵشاد و کەیفخۆش بن، چون ئەمە لە هەر شتێکی وەکۆی دەکەن بۆ ئێوە باشتر و بەکەڵکترە».

جێگای گەلێک سپاس و مایەی دڵخۆشی و شادومانییە کە توانیمان میوانی خوانی پیرۆزی ڕەمەزان بین. لە پەروەدگاری خاوەن ڕەحمەت و مێهرەبان بە دڵ دەپاڕێمەوە کە بەندایەتی و تاعەت و عیبادەت و بەخشین و دوعا و پاڕانەوەی گەلی ئیمانداران لەو مانگە پیرۆزەدا وەربگرێ و بیکاتە هەوێنی ئاوەدانی دونیا و سەرفەرازی و ڕزگاری ڕۆژی دوایی. 

بە دڵ هیوادارم ئەم تۆشەی تەقوا و خۆپاراستنەی کە لەو مانگەدا کۆمان کردۆتەوە، لە ڕەوگەر پڕ کەندوکۆسپی ژیان، وەکوو شەوچرایەک ڕێگەمان لێ ڕوون و ئاشکرا بکات، ئەوسا بە شوکرانە و سپاسی بەندایەتی و بەندەنەوازی پەروەرەندەمان، پیام و برووسکەی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکتر بکەین.

هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان کە تافی شادی و جەنگەی شوکر و سپاسگوزارییە، لە گشت خوشکان و برایانم لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و سەرجەم هاووڵاتیانم پیرۆزبایی دەکەم.

لە کۆتاییدا، بە پێویستی دەزانم کە بێژم؛ لەبەر بارودۆخی تایبەتی وڵاتەکەمان و بواری هاڵۆز و هەستیاری ناوچە و هەروەها بوونی پیلانی و سیاستی دوژمنکارانەی نەیاران، داوا لە هەموو لایەک دەکەم زیاتر لە جاران گرینگی بە برایەتی دینی بدەن و زێدەتر لە هەمیشە رێز لە جیاوازییە فکری و فەرهەنگییەکان بگرن، هەروەها بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی بخەنە بەر و لە سوود و مەنفعەتی گرووهی و تاکەکەسی بە گرینگتری بزانن. لە خوداوندی مەزن و بێهاوتاش دەخوازم، ئۆقرەی دڵ و ئارامی و هێمنایەتی زێدەتر بەسەر هاووڵاتیانی هێژادا ببارێنێ و سەرفەراز و عیزەتمەند و سەرکەوتوویان بکات. 

عەبدوڕەحمان پیرانی

ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

.:: نوێ‌ترین ::.

خاتوونی زانای ئیسلام مێژووی (1398/03/16)
دیاریی ڕەمەزان- شه‌وانى قه‌در رمضان، ڕه‌مه‌زان (1398/03/16)