وتووێژێک لەگەڵ بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح سەبارەت بە مزگەوتەکانی سونەمەزهەب لە تاران

جەماڵ ئیسماعیلی؛ بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

ئاماژە: ستافی تێلێگڕامی "گفتمان"،  لە ٦ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لە میانەی وتووێژێکدا  لەگەڵ جەماڵ ئیسماعیلی، بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەت، سەباەرت کاردانەوە و دەستکەوتەکانی ئەم رێکخراوە مەدەنییە پرسیارگەلێکی خستە ڕوو، لەبەر گرینگیی بابەتی مزگەوتەکانی سونەمەزهەب لە تاران، پرسیار و وڵامەکانی تایبەت بەم بابەتە جارێکی تر بڵاو دەکرێتەوە، هیوادارین جێی سەرەنج و وردبوونەوەی خوێنەران و بەردەنگانی بەڕیز بێت.

- جەماعەت گەلێک جار لە کۆرە گشتییەکان باسی مزگەوتەکانی سونەمەزهەبی تاران دەکات و ئەندامانی جەماعەتیش ئەو دەستەواژەیە بەکار دێنن، لە حاڵێکدا دەزانین کە بە فەرمی لە تاران شتێک بە ناوی مزگەوتی سوننەمەزهەب بوونی نییە.

 جەماعەت هەروەک باقی کەسایەتییەکان و ڕوەتەکانی سونەمەزهەب، بەر لە شۆرشی گەلانی ئێران و پاش ئەویش،  ئاواتی هەبوونی مزگەوتی سونەمەزهەبی هەبووە و لە سەرەتای ساڵاکەنی شۆڕشیش بە کردەیی کارێکی هاوبەش کرا بەڵام لەم بوارەدا سەرکەوتنێک مسۆگەر نەبوو. بەڕێوەبەرانی جەماعەت بە خوێندنەوە و تاوتوێکردنی دۆخی هەنووکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، گەیشتنە ئەو ئاکامە کە دەکرێ بە شێوەیەکی تر ئاواتی لەمێژینەی پێشەوایانی سونەمەزهەب بەدی بێنن. لەم ڕووەوە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی، شوێنێکیان لە یەکێک شارەکانی نزیک تاران بەکرێ گرت و بانگهێشتنی خەڵکی دیندۆستی ئەو دەڤەرەیان کرد کە لە لایەن خەڵکەوە بە گەرموگوڕی پێشوازی لێ کرا. دوابەدوای ئەو هەنگاوە لە مەیدانی سادێقیە، کە لە ڕۆژاوای تاران هەڵکەوتووە، شوێنێکی تر تەرخان کرا و ئێستا پاش نزیک دوو دەیە بە هاوکاری باشی نوێژخوێنان، درواسێکان و دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی شارەوانی لە چەندها شوێنی جیاواز جومعە و جەماعەتەکان بە جوانی بەڕێوە دەچن.

- بۆ ناوی ئەم شوێنانەتان ناوە مزگەوت، لە حالێکدا هەندێک نویژگەیان پێ دەڵێن؟

هەندێک لەو هۆکارانەی کە  بوونە هۆی ئەویەک لە لایەن جەماعەتەوە بەم شوێنانە مزگەوت بگوترێ بریتین لە:

یەک: ئەو شوێنانە جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەو شوێنانە نییە کە لە دونیای ئیسلامدا لە لایەن خەڵکەوە بە مزگەوت ناسراون. بۆ وێنە تەرخانکردنی شوێنی تایبەت، هەبوونی ئیمامی جەماعەت و مجێور و بانگبێژ، بەجێهێنانی نوێژی جومعە(هەینی) و هەندێک جاریش بەجێهێنانی پێنج فەڕزەکان، بەڕێوەچوونی کلاسە قورئانییەکان، هەبوونی کتێبخانە و هەروەها ئەو شوێنانە لە لایەن خەڵکەوە وەک شوێنگەلێک بۆ عیبادەت و بەندایەتی ناسراون و خەڵک لەو گرینگە ئاگادارن.

جگە لەمەش، مزگەوتەکان بە شێوەیەکی چڕ و بە هاوبیری گشتی بەڕێوە دەچن و کاروباری مزگەوتەکان بەپێی یاسا و ڕێساکانی شۆڕا جێبەجێ دەکرێ و لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی، ئیمام و مجێوری مزگەوت هەرکامیان ئەرک و دەسەڵاتی خۆیان هەیە و هیچکامیان خۆی تێکەڵاوی کاری ئەویتر ناکات.       

دوو: لە ئەدەبیات و وێژەی قورئانی و ئیسلامیدا، مزگەوت دەستەواژەیەکی باو و مەنشوورە و لەم سەردەمەدا وێدەچی وشەی نوێژگە، لە شوێنگەلێک وەکوو ڕێستۆرانت و پارک و هۆڵ و کۆمپانیاکان بەکار بێندرێ کە لایان بەڕێوەبەرەکانیان بە شوێنانکی کاتی دێنە ئەژمار و لە هەر کاتێکدا ئەگەری گۆڕان و تەنانەت لابردنیان هەیە. بەکارهێنانی نوێژگە بۆ ئەو شوێنە پیرۆزانەی کە بۆ یەکەم جار لە تاران دامەزراون و ئاواتی لەمێژینەی پێشەنگان و چینی سونەمەزهەبیان هێناوەتە دی، بێموبالاتی و کەم ئینسافی دەرحەق بەو شوێنانەیە.

 سێ: یەکێک لە ئامانجەکانی شۆڕای جەماعەت بۆ کاروباری مزگەوتەکان لە تاران، هەوڵ بۆ جێگیرکردنی ناوی مزگەوت لە زەین و بیرۆکەی بەردەگاندا بووە. پتەوبوونی هەستی شانازی و متمانەی هاووڵاتی سونەمەزهەب بە خۆی  کاتێک باشتر مسۆگەر دەبێت کە ناوی مزگەوت لەسەر ئەو شوێنە تایبەتانە بێ نەک نوێژگە. هەروەها کاتێک هاووڵاتیان بە کردەییش هەست بە بوونی مزگەوتی سونەمەزهەب بکەن، تێڕوانینی ئەوان سەبارەت بەو بابەتانە ئەرێنی تر دەکات.

"شۆڕای مزگەوتەکانی تاران" هەوڵی داوە تا هاووڵاتیانی شیعەمەزهەب گەلێک ساڵ دراوسێی مزگەوتەکانی سوننەمەزهەب بن و تووشی گرفتێکیش نەبنەوە و وەک بابەتێکی ئاسایی سەیری بکەن، لە لایەکی تریشەوە هاووڵاتی سونەمەزهەبیش به هەبوونی مزگەوتی سونەمەزهەب هەست بە عیزەت و سەربڵیندییەکی زیاتر دەکات.  

- بەڵام شوێنی ئەو مزگەوتانە وەقف نەکراوە و مزگەت دەبێ وەقف کرا بێت. سەبارەت بەمە ڕاتان چییە؟

ئەژمارێک لەو شوێنانە وەقف کراون و بەتایبەتی بۆ مزگەوت کڕدراون و هیچکەس مافی بەسەریانەوە نییە و ناتوانێ بۆ هیچ مەبەستێکی تر کەڵكیان لێ وەرگرێ، ئەژمارێکیشان بەکرێ گیراون. خاڵی گرینگ لێرەدا ئەمەیە کە هەروەک چۆن زانایانی پێشوو فەتوای وەقفبوونی شوێنی مزگەوتیان داوە، زانایانی پسپۆری بانگخوازیش دەتواننن بە پێی دۆخی سەردەم و لە حاڵێکدا کە چینی سونەمەزهەب وەک چێنێکی کەمینە لە وڵاتی ئێران دێنە ئەژمار، بە ڕەچاوگرتنی هەلومەرجی گەورەشارەکان بە شێوەیەکی تر فەتوا بدەن. کاتێک زانایانی بەڕێزی پێشوو لە میسر و عێراق بەپێی عورف و نەریتی ئەو وڵاتانە فەتواکانیان دەگۆڕی، هەلومەرجی تایبەتی سوننەمەزهەبیش لە هەر وڵاتێک پێویستی بە بووچنێکی سەردەمیانەی فیقهی هەیە. جێگای سەرەنجە، ئەژمارێک لە کەسایەتییە بەڕێزەکانی دونیای ئیسلام لە بەکارهێنانی ناوی مزگەوت بۆ ئەو شوێنانە ئاگادارن و نەتەنیا دژیایەتییان نەکردووە بەڵکوو لە بواری مەعنەوی پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە. سەرەڕای ئەمانەش بۆچوونی وەقبوونی شوێنی مزگەوت بابەتێکی فیقهی و ئیجتیهادە، نەک ئایەتێکی ئاشکرای نەگۆڕ کە هەڵگڕی ئیجتیهاد نەبێت. 

-لە حاڵێکدا کە ئێوە ئەو شوێنانە بە مزگەوت ناو دەبەن کەچی بە شێوەیەکی فەرمی مزگەوت نین و لە بواری یاساییەوە مۆلەتیان نییە.

ئەگەر فەرمیبوون و هەبوونی مۆڵەت، پێوەری مزگەوت بوونی شوێنێک بێت، دەبێ تابڵۆی هەزاران مزگەوتی سونە و شیعە لە ناوچە جۆراوجۆرەکان بهێندرێتە خوارێ. چ ئەژمارێک لەو مزگەوتانەی خەڵک لە ناوچە ناوەندی و سنوورییەکان بینایان کردووە لە بواری یاساییەوە مۆڵەتیان هەیە؟ زۆرینەی مزگەوتەکان بە خەرج و تێچووی خەڵک بینا کراوان و دواتر لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی مزگەوتەکان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان هەڵسوکەتیان بووە و بە کردەیی ئەو مزگەوتانە فەرمی بوون. ئەم حاڵەتە لە تارانیش ڕووی داوە، پاش ئاوادانکردنەوەی ئەو شوێنانە وەک مزگەوت، جێگری تایبەتی سەرۆککۆمار بۆ کاروباری کەمینەکان لە دەفتەرەکەی خۆی دەبێتە میوانداری ٢٥ کەس لە ئیمامانی جومعەی سونەمەزهەبی تاران، لەو کۆبوونەوەیەدا بەڕێزیان چەندها جار وشەی مزگەوت بەکار دێنێ و لە نامە و ڕاسپاردە فەرمییەکانیشدا بە بەردەوامی ناوی مزگەوت بەکار هێندراوە.  

 جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە مەبەستی دابینکردنی شوێنگەلێکی شیاو بۆ بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکانی چینی سونەمەزهەب هەنگاوی خۆی ناوە و بۆ هەڵێنانەوەی هەنگاوەکانی تر تێدەکۆشی و لە هیچ هەوڵێكی ئاشتییانە بە مەبەستی گەیشتنی چینی سونەمەزهەب بە ئامانجەکانیان درێغی ناکات و سپاس و پێشوازی لە سەرجەم ئەو لایەنانەش دەکات کە لەم ڕێگایەدا هاوکاری دەکەن.

سەرەڕای ئەمانەش ئەگەر هەبوونی مۆڵەتی فەرمی بۆ مزگەوت وەک بابەتێکی پێویست قبووڵ بکەین، لانیکەم لە تاران مزگەتێکی سونەمەزهەب مۆڵەتی فەرمی هەیە. مزگەوتی نەبی لە شارۆچکەی دانیشی تاران کە لەژێر چاوەدێری شۆڕای جەماعەت بۆ کاروباری مزگەوتەکاندایە خاوەنی مۆڵەتی فەرمییە. 

 - ئایا بەکارهێنانی ناوی مزگەوت بۆ ئەو شوێنانە، ڕەتکردنەوەی قسەی ئەو کەسایەتییە سونەمەزهەبانە نییە کە دەلێن مزگەوتی سونەمەزهەب لە تاران بوونی نییە؟ 

ڕێزگرتن لە پێشەنگان و کەسایەتییە کاریگەرەکان ئەرکی سەرشانی گشت لایەکە، بەڵام هەبوونی ڕوانگەی جیاواز سەبارەت بە پرسەکان دیاردەیەکی ئاساییە. ڕوانگەی جەماعەت لەسەر ئەمە دامەزراوە کە ئەو شوێنانە بەپێی ئەو شرۆڤەیەی کە ئاراستە کرا بە مزگەوت دێنە ئەژمار. لە شوێنێک کە فەرهەنگی کاری بەکۆمەڵ جێ نەکەوتبێ، هەبوونی ڕای جیاواز بە بێئەدەبی و خۆڕانان دێتە ئەژمار، بەڵام لە ئەدەبیات و وێژەی سەلەفی ساڵح و ئەزموونە نوێیەکانی کۆمەڵگای سەردەمدا نیشانەی گەشە و پێشکەوتی فەرهەنگی کۆمەڵەیاتییە.

 - مزگەوتەکان مەنارە و گومبەزیان هەیە، بەڵام ئەو شوێنانە مەنارە و گومبەزیان نییە و شیاوی چینی سونەمەزهەب نین.

بە وردبوونەوە لە دەستەواژەی مزگەوت بۆمان دەردەکەوێ کە مزگەوت بریتییە لە ڕووبەڕیک لە زەوی بە قەبارەیەکی گەورە یا بچووک کە پاش خاوێنکردنەوە و بیناکردنی، قیبلە تێیدا دیاری دەکرێ و تایبەت دەبی بۆ نوێژخوێندن. ئەم زەووییە دیاریکراوانە هەندێک جار بە دیوار دەورەیان دەدەن و بە خۆلێکی خاوێن یا حەسیر و فەڕشی گران یا هەرزان ڕادەخرێن. جاری وایە بە گومبەز و مەنارە و میچی بڵیند دەڕازێندرێنەوە و هەندێک جاریش هیچکام لەمانەیان نییە. بەڵام هەمیسان مزگەوتیان پێ دەگوترێ و لەگەڵ مەزنترین مزگەوتەکانیش جیاوازییان نییە و گشتیان پیرۆزن و تایبەتمەندی خۆیان هەیە.

لە دونیای ئیسلام گەلێک مزگەوت هەن کە لە بواری نژیاروانی و مێعماری وەک مزگەوتە باوەکان دیزاین نەکراون، بۆ وێنە مزگەتی "قوبا"، بەڵام بەردەوام بە مزگەوت دەناسرێن وهیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەو شوێنانە مزگەوتن.

بۆ زانیای زیاتری بەردەنگانی بەڕێز چەند مزگەوت لەم وێنەیە بریتین لە:

*مزگەوت جامیعەی ئەبووبەکری سیدیق لە گەڕەکی براهوویانی کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە نوێژی جومعەی لێ دەخوێندرێ

*مزگەوتی موحەمەەدی لە ئێرانشار 

* مزگەوتی نەبی لە پاوە 

 *مزگەوتێک لە ناوچەیەک بە ناوی "چاهدگال"  لە شاری بەم لە کرمان

- کێشەی سەرەکی لێرەدایە کە حکومەت بە نەدانی مۆڵەت بۆ مزگەوتی سونەمەزهەب، نکۆڵی لە شوناسی سونەمەزهەبەکان دەکات و ئێوەش بە ناساندنی ئەو شوێنانە وەک مزگەت ئەو نکۆڵییە ڕەت دەکەنەوە، ئەگینا هەوڵی جەماعەت لەم بەستێنەدا جێی ڕێز و سپاسە. 

هەوڵەکانی جەماعەت بەربەستێکی بۆ هەوڵی ڕەوت و کەسایەتییەکانی بەڕێزی سونەمەزهەب ساز نەکردووە و جەماعەت سپاسگوزاری هەر کەسێکی دڵسۆزی سونەمەزهەبە. ئەوەیکە حکومەت کاتێک بڵێ کە مزگەوتی سونەمەزهەب لە تاران هەیە و بیکاتە بیانوویەک بۆ نەدانی مۆڵەت، لە ڕاستیدا ویستی چینی سونەمەزهەب جێبەجێ کراوە. سونەمەزهەب خوازیاری شوێنگەلێکی وەک مزگەوتە بۆ بەجێهێنانی بەندایەتی و جومعە و جەماعەتی خۆیەتی کە بە کردەیی بەم خواستەیە گەیشتووە.     خواستی هەبوونی مزگەوتی سونەمەزهەب، داوایەکی تایبەتی هاووڵاتیانی سونەمەزهەبی تارانە کە بە بەشداری بەردەوام و بەرچاو و سەبر و هەروەها پشتیوانی ئابووری و مەعەنەوی خۆیان، ڕەزامەندی و هاوڕایی خۆیان سەبارەت بە بوونی ئەو مزگەوتانە دەربڕیوە.

ئەگەر جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح توانیوییەتی دوور لە پەڕاوێز و بەبێ هەراوبگرەی میدیایی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن خزمەتێکی پایەدار بکات کە پێشتر وێنەی نەبووە، ئایا ڕەوایە بە هەڵسوکەوتی عاتیفی و بەبێ وردبوونەوەیەکی قووڵ، ئەم دەستکەوتە بە شتێکی لاواز و کەمبایەخ وەسف بکرێ!؟    

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)