ئیسلامخوازان لە پەرتەوازەییەوە بۆ ڕاجیایی

ئیسلامخوازان لە پەرتەوازەییەوە بۆ ڕاجیایی

جیاوازى نێوان مرۆڤەکان مەسەلەیەکى خواکرد و خۆڕسکە و ناتوانرێت لێی لا بدرێت، خواى گەورە دەفەرموێت [[وَلَوْ شَاء اللّهُ لَجَعَلَكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَـكِن لِّيَبْلُوَكُمْ فِي مَا آتَاكُم]] (المائدة: ٤٨)، ئەم جیاوازییە سەرتاپاى مرۆڤ بە دەرەوە و ناوەوەى دەگرێتەوە، هەر لە بەژن و باڵا و ڕوخسارەوە تا حەز و خولیا و بیرکردنەوە و باوەڕ و قەناعەت، ئەمە حەتمیەت و واقیع و چەسپاوە و نکۆڵى لێ ناکرێت.

نەبوونى جیاوازى واتە جووینەوە و کۆپیبوون و دووبارەبوونەوە و وەستانى ڕەوڕەوەى ژیان و کۆتاییهاتنى. بۆیە ئەم جیاوازییە لە دوو کوڕەکەى ئادەمەوە دەست پێ دەکات و دەبێتە مایەى ئەفراندنى فرە جوانی و ناشیرینى، خۆشيی و ناخۆشی، ئارامي و بشێوى، ئاوەدانى و کاولکاری....، تا دوا مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە نیشتەجێ بێت جیاوازیش بەردەوام دەبێت.

ئەم ڕاستییە زانراوانە بۆیە جەختی لێ دەکەمەوە تا ئەوەى ئەمڕۆ لە نێوانماندا دەگوزەرێت بە بارێکى نامۆ لێی نەڕوانین.

سەرنجى قورئانى پیرۆز بدەین بەتایبەت بەسەرهاتەکان، دەبینین ململانێی تیایاندا بە زەقی ڕەنگى داوەتەوە، گەشتێک بە ژیانى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله علیه وسلم) بکەین دەبینین هەر بابەتێک یان دەقێک کە بێ چەند و چوون یەکلایی نەکردبێتەوە، جێگەى مشتومڕى نێوان هەواڵان بووە، هەر کە نیگاى خوداییش کۆتایی دێت و دەق نامێنێت کە دابەزێت، هێشتا جەستەى پێغەمبەرى خودا (صلى الله علیە وسلم) نەنێژراوە، جیاوازى لە نێوان باشترین نەوە لە مێژوودا بە شایەتى قورئان (كُنتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ) [آل عمران : ١١٠] پەیدا دەبێت بۆ مەسەلەى پڕکردنەوەى بۆشایی دواى پێغەمبەرى ئیسلام (صلى الله علیە وسلم)، ناکۆکى دەکەوێتە نێوان هەواڵانی پشتیوان و کۆچەرییان لەسەر شایستەیی پڕکردنەوەى بۆشاییەکە(١)، ئەم جیاوازییە تەنها لە بوارى سیاسيی و ئیدارییدا نەبووە، بەڵکوو بوارەکانى فیقهـ و زانستەکانى دیکەشی بە بەشێک لە مەسەلە عەقیدەییەکانیشەوە گرتۆتەوە (٢)، ئەم ڕاجیایی و ناکۆکییانە تایبەت نییە بە مێژووى موسڵمانان و جیهانی ئیسلاميیەوە بەتەنها، بەڵکوو هەموو مرۆڤایەتي و زانست و ئایدیاکانى دیکەشى گرتۆتەوە، چونکە وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێ دا ڕاجیایی بابەتێکى خواکرد و خۆڕسک و پێویستیشە بەردەوام بێت.

بەدڵنیاییەوە ئەم جیاییە دەرهاویشتەى دەبێت، کاریگەریی و کاردانەوە و ناکۆکى و تێکگیرانیشى بەدوادا دێت و ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت و نەخرێتە سەر ڕێڕەوى خۆى تەشەنە دەکات، گرژى و ئاڵۆزى و ئاژاوە تەنانەت شەڕ و پێکدادانیشى لێ پەیدا دەبێت.

بۆیە زانا و بیریارەکان بە وردى لەم بابەتە کۆڵیونەتەوە و کۆمەڵێک بنەما و شێوازیان بۆ داڕشتووە بە پشتبەستن بە دەق و توێژینەوە و لۆژیک و ئەزموونە جیاوازەکان(٣). لە پێش گشتییانەوە دەچینە ناو خودى بابەتەکە تا بزانین ئیسلامییەکانى کوردستان لە کوێی ئەم بنەمایانەدان.

دیارە پێش هاتنى بانگەوازى نوێی ئیسلامى(٤)، ئەوانەى کارى بێدارکردنەوەى خەڵکیان لە ئەستۆ گرتبوو لە ڕووە ئاینیيەکەوە شێخ و مەلاکان بوون، لەناو شێخەکانیشدا هەردوو تەریقەتى قادريى و نەقشبەندى بەربڵاو بوون و بە هەزاران مورید و مەنسووبیان هەبووە، ئەگەر سەرنجى مێژوو بدەین ئەو جیاوازییە نەتەنها لە نێوان مەلا و شێخەکان لە لایەک و لە نێوان ئەو دوو تەریقەتەدا لە لایەکى دیکەوە بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵکوو زۆرجار سەرى کێشاوە بۆ مشتومڕى توند و تۆمەتبارکردنى یەکدى و سەنگەر و ناوچە لەیەک جیاکردنەوە، تەنانەت هاندانى دەسەڵات و خەڵک لە دژى یەکترى(٥)، ئەم حەقیقەتە هەر لەناو دوو تەریقەتەکەدا نەبووە، بەڵکوو لەناو خودى مەلاکانیشدا ڕاستە و هەمان حاڵەت ڕووی داوە(٦).

کە بانگەوازى نوێی ئیسلامیش هاتە کوردستان بە ئایدۆلۆژیایەکى نوێ و زمانیکى دیکە کەوتە چالاکى، هەر زوو لەگەڵ هەردوو بەرەکەدا جۆرێک لە ناکۆکى و ململانێ هاتە ئاراوە، سەرەتا بە خودى بانگەوازەکەش، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ قۆناغى جیاجیا و هەوراز و نشێوى زۆرى بڕیوە، (قۆناغى دامەزراندن ـ قۆناغى متبوون ـ سەرهەڵدانەوە ـ پێکهێنانى حیزب ـ هاوخەباتيى و بەشدارى سیاسيی و ئیدارى ـ قۆناغى جیابوونەوە و فرەیی) هەریەک لەم قۆناغانەش بە هەلومەرجى خۆیاندا تێپەڕیون و هۆکارى خودى و بابەتى، ناوخۆیی و دەرەکى ڕۆڵیان هەبووە لە پەیدابوون و بەردەوامى و کۆتاییهاتنیاندا.

بە هەمووشیانەوە کاروانەکەیان گەیاندووەتە ئەمڕۆ بە گشت خاڵە ئەرێنيى و نەرێنییەکانیيەوە، ئەگەر توێژینەوە لە گشت ئەو قۆناغانە بکەین ڕاجیایی و ناکۆکى بە زەقی لە هەموویاندا بەدى دەکەین، ئەوەى ئەمڕۆش خەمى بانگەوازى ئیسلامى هەڵگرتووە، جگە لە ڕەوتەکانى ڕابردوو (مەبەستم مامۆستایانى ئایینيى و تەریقەتە جیاوازەکانە) بریتین لە:

١ـ حیزبە ئیسلامییەکان.

٢ـ هەڵگرانى بیرى سەلەفى.

٣ـ ڕەوت و گرووپ و کەسایەتییە ناحیزبییەکان.

ڕوونیشە هەریەک لەم سێ تاقمەش لەناو خۆیاندا دابەشن، ڕاوبۆچوون و ئیجتیهاد و بیرى جیاوازیان هەیە لەمەڕ شێوەى کار و بانگەوازى ئیسلامى و ئەولەوییەتى بایەخپێدان و ئامانج و هۆکارەکاندا.

ئەم جیاوازییانه‌ لە سەرەتادا کەم و بچووک بوون و لەناو بازنە داخراوەکاندا بوون، بەڵام بەتێپەڕبوونى کات و فراوانبوونى کار، جیاوازییەکانیش دیار و دیارتر کەوتن کە ئەمڕۆ هەموو لایەک لێی ئاگادارە و هەر تاقمێک شێوازى خۆى و میمبەرى تایبەت و گوتارى لەوانى دیکە جیاوازە، ئەم ڕاستییە هەم خۆیان ڕایدەگەیەنن و هەم جەماوەریش لێی ئاگادارە.

ڕاستە زۆرجار لێرە و لەوێ لە لایان یاران و نەیارانیان لە ڕووى سۆزدارى و عاتیفەوە یان بە مەرامى تانە و تەشەر و شکاندن، ڕەخنەى توند لە جیاوازییەکانیان دەگیرێت، جارجارەش کەسایەتییەکان وەک پڕوپاگەندە یان پابەندبوون بە بنەما ئاینییەکەوە لەسەر یەکڕیزى دەڕۆن و دەڵێن هەموومان یەکین و هیچ جیاوازییەکمان نییە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەگوزەرێت نەک ئەوەى دەگوترێت یان حەزمان لێیەتى.

هۆى جیاوازییەکانیش هەندێکى نەگۆڕ و بەشێکیشی گۆڕاون، نەگۆڕەکان ئەوانە بوون کە باسمان کردن:

١ـ حەتمیەتى ڕاجیایی خواکرد و خۆڕسکە و ڕەوڕەوى ژیان لەسەر ئەوە گەشە دەکات.

٢ـ پاشخانى هزری و بیرکردنەوە و سەرچاوەى بەرنامە.

٣ـ هۆکارى مێژووی و ئەولەوییەتى بایەخپێدان.

٤ـ هۆکارى سیاسی بە ناوخۆیی و دەرەکییەوە.

٥ـ هۆکارى شەخسيی و دەمارگیری.

ڕەنگە هۆکارى دیکەش هەبن، بەڵام لەو بڕوایەدام لە ناو یەکێک لەم هۆکارە سەرەکییانەدا جێگەیان دەبێتەوە. کەواتە لەبرى ئەوەى بەدووى ڕێگاى سڕینەوەى ڕاجیاییدا بگەڕێین کە ئامانجێکى مەحاڵ و دەستنەکەوتووە، دەبێت لە دووى چارەسەرى دیکەوە بین.

بەدڵنیاییەوە ئەم جیاوازییە تەنها لە سنوورى ڕاجیاییدا قەتیس نەماوەتەوە زۆر جار و لە زۆر شوێندا گەیشتۆتە ئاستى ناکۆکى و سنووربەزاندن و هەندێک جاریش پەرتەوازەیی، ئەمانەش کاریگەریی نەرێنی بەدواى خۆیاندا هێناوە لە ئاستى ناوخۆیی ئیسلامخوازان و دەرەوەشیاندا.

دڵسۆزانى کارى ئیسلامى زۆر جار هەوڵى چارەسەرى ئەو پەرتەوازەبوونەیان داوە و چەندین جۆر پرۆژەى لێکنزیکبوونەوەیان ئاراستە کردووە، سەردان و دیدار و کۆبوونەوە و کۆنفرانس لە ئاستە جیاوازەکاندا ساز دراوە و ناکرێت بگوترێت هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە نەگەیشتۆتە ئامانجى سەرەکییان، لەوەش ناچێت بەم زووانە هەر هەوڵێکى دیکە بەو ئامانجە بگات، لەبەر زۆر هۆکارى خودى و دەرەکى، مێژوویی و دنیابینى، دەروونيى و دەستەگەریی.

کەواتە گرینگە لە نێوان پەرتەوازەییدا کە هەمووان لێی بێزارن و لە نێوان یەکڕیزییشدا کە بۆى عەوداڵین و پێی ناگەین، لەدووى چارەسەرى دیکە بگەڕێین. چارەسەرێکى واقیعى مومکین نەک ئەوەى پێمان خۆشە و حەزى لێ دەکەین، بەڵکوو ئەوەى تواناى بە کرداریی بوونى هەیە.

ڕەنگە باشترین چارەسەر پێش هەموو شتێک لێکتێگەیشتن  و یەکترقبووڵکردن بێت، بە دوورکەوتنەوە لە خوێندنەوەى سلبى بۆ مەرام و نیازى یەکدى و گەڕان بە دواى کەموکورتیدا، یان تۆمەتبارکردنى یەکدى بە لادەر، بیرتەسک، بیدعەچی، دواکەوتوو، لەبرى ئەوانە بگەڕێین بە دواى خاڵى هاوبەشی نێوان بیروڕا جیاوازەکاندا کە زۆر لە خاڵە جیاکان زیاترن. بە واتایەکى دیکە دەکرێت کارى ئیسلامخوازان کارێکى تەواوکاری بێت.

مەبەستم ئەوەیە ئایینى پیرۆزى ئیسلام ئایینێکى تێروتەسەل و سەرتاپاگیرى ژیانە، هەریەک لەم دەستە و بیروبۆچوونە جیاوازانەش ئەگەر وەک قەناعەت ئاینییان بەو شێوە تێروتەسەلە وەرگرتبێت، گومانى تێدا نییە کە چالاکى و توانایی خۆیان لە بەشێکى ئەو سەرتاپاگیرییەدا چڕ کردۆتەوە، خۆیانى زیاتر تێدا ماندوو دەکەن و پێی ناسراون و بۆتە پسپۆڕى ناسنامەیان.

بە ڕوونى دیارە کە بەشێکیان زۆرترین کاتیان بۆ زانستە شەرعییەکانەوە بەتایبەت بوارى عەقیدە تەرخان کردووە، سیاسییەکانیش لە هەوڵى گۆڕانکارى دەسەڵاتدان و تواناکانیان لەم بواردەدا خستۆتە گەڕ، بەشێکیش باسی کارى تەزکيیە و پاکژکردنەوەى دەروون زۆرترین سەرقاڵى بۆ دروست کردوون، خەڵکێکیش کارى ڕێکخراوەیی و پیشەییان کردۆتە ڕێڕەوى خۆیان و بوونەتە ڕێبوارى ئەو ڕێگایە.

ئەگەر لە سەرجەمى ئەم بوارانە و بوارى دیکەى هاوشێوەیان سەرنج بدەین، لە هیچیان بێ ئاتاج نین و هەریەکەیان زەرورەتى خۆى هەیە، سروشتى بەشێک لە چین و توێژەکانى کۆمەڵگەش بەسەر هەموویاندا دابەش دەبێت.

بەدرێژایی مێژووى بانگەوازى نوێ هەر لایەنێکیش لافى ئەوە لێ بدات کە تاقمەکەى ئەو سەرتاپاگیرە و بایەخ بە سەرجەم ئەو بوارانە دەدات، لە ڕووى تیۆرییەوە لێی بسەلمێنرێت هەرگیز بۆى نەلواوە و فریاى گرتنەبەرى گشت بوارەکان نەکەوتووە.

کەواتە لێرەوە دەگەینە دەرچەیەک، ئەویش ئەوەیە کە دەکرێت هەردەستە و تاقمێک سەرقاڵ بێت بە کار و پسپۆڕى خۆیەوە و پێکەوەش ببنە جەستەیەکى تەواوکاریی (تکاملی) بۆ یەکتر، بەم شێوازە کارکردنە سەرتاپاگیرى و تێروتەسەلی ئایینى ئیسلام بەرجەستە دەبێت، هەمووشیان پێویست دەبن  و لێیان بێئاتاج نابن، ڕەنگە لە زەمین و زەمانێکدا بەشێکیان سەردەستە بن و لە ڕیزى پێشەوەى زەرورەتيیەکان بن، بەڵام مەرج نییە لە هەموو قۆناغەکاندا ئەو ڕیزبەندییە لزوومێکى بمێنێت، سەرەکى و لاوەکى جگە لە مجێزى مرۆڤەکان کات و شوێن کاریگەرییان هەیە لە دیاریکردنیاندا.

هەنگاونان بۆ بڵاوبوونەوەى ئەم گیانە تەواوکارییە، ڕەنگە سەرەتاى گرتنەبەرى ڕێگە ڕاستە دوورودرێژەکە بێت کە ئامانجى هەموو لایەکە، چونکە پەیدابوونى ئەم قەناعەتە زۆر تەمومژى گومانى دەڕەوێنێتەوە و چاویلکەى ڕەشی چاوەکان ڕوون دەکاتەوە، کاریگەریی گەورە لەسەر دنیابینى لایەنەکان دادەنێت.

لە پڕۆسەیەکى وەها بنەڕەتدا، کەس بەشی کەس ناخوات، برا گەورە و برا گچکە نامێنێت، هیچ لایەک خەمى توانەوە و پاشقولى لایەنەکەى دیکە ناخوات.

بەدڵنیاییەوە تایبەتمەنديى و جیاوازى هەر دەمێنێت، ڕەخنە و گلەیی ناسڕێتەوە، ئیشی خۆ بەگرنگترزانین بەردەوام دەبێت، بەڵام زاراوەى پەرتەوازەیی هەڵدەگیرێت و دەگۆڕێت بۆ ڕاجیایی.

وەک ئاماژەمان پێدا ئەگەرى مەیسەربوونى ئەم پڕۆسەیە هەیە ئەگەر دڵسۆزانى هەموو لایەک بەرنامەى بۆ داڕێژن و خۆیانى بۆ ماندوو بکەن، بەو مەرجە کە کێشە شەخسی و نەفسییەکان نەبنە بەربەست.

...............................................

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان

١ـ سەیرى ناکۆکییە سیاسییەکانى نیوان هەواڵان بکە، و.ڕێدار ئەحمەد، وردەکاريى و جۆرى ئەو ڕاجیاییانە باس دەکات. 

٣ـ زانایان لە کۆن و نوێدا لەم بابەتە دواون، ڕەنگە یەکێک لە باشترین نووسراوەکان کتێبی (أدب الاختلاف)ى د. طه جابر العلوانی بێت کە زیاد لە نووسەرێک بۆ زمانى کوردى وەریانگێڕاوە.

٤ـ بانگەوازى نوێی ئیسلامى بە مانا سیاسییەکەى مێژووى دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو، بڕوانە ئیدریس سیوەیلى: ڕەوتى ئیسلامى لە کوردستانى عێراق.

٥- سەرنجى کتێبی د.موستەفا زەڵمى(کاروانى ژیانم) بدە کە بۆچی سلێمانى و کوردستانى بە یەکجاری جێ هێشتووە و وازى لە مەلایەتیش هێناوە.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)