پەیامی هاوخەمی ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە بۆنەی ڕووداوی تێرۆریستی نیۆزیلەند

پەیامی هاوخەمی ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە بۆنەی ڕووداوی تێرۆریستی نیۆزیلەند

بە بۆنەی ڕووداوی تێرۆریستی کوشتاری وەحشییانەی دەیان کەس لە مسوڵمانانی نوێژخوێنی دوو مزگەوتی شاری کریستچێرچی نیۆزیلەند، ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

 دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر دوو مزگەوتی نیۆزیلەند کە گیانلەدەستدانی ٤٩ کەس و برینداربوونی دەیان کەسی تری لێکەوتەوە، ڕوحی هەر مرۆڤێکی بەوێژدان و بەشەڕەف دەهەژێنی و ئازاری دەدات. ئەم ڕووداوە قێزەونە ئیدانە دەکەین و نیگەرانی خۆمان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی لەم چەشنە کە هەلی ئەم جورە لە توندوتیژی دەرخسێنن و پاساوی بۆ ساز دەکەن دەردەبڕین. 

دووری لە گرژی و توندوتیژی، ڕێزدانان بۆ گیان و ژیانی مرۆڤەکان و بانگهێشتن بۆ یەکسانی و ئاشتی، خاڵی هاوبەش وبنەڕەتی گشت ئایینە ئاسمانییەکانە و هەموومان دەبێ تێبکۆشین تا لە پوتانسیەڵ و زەمینەی ئەخلاقی و مەعنەوی سەرجەم ئاییین و مەزهەبەکان بە مەبەستی جێگیرگردنی فەرهەنگی ئاشتی و دۆستایەتی کەڵک وەربگرین. 

ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، جارێکی تر سەلماندی کە کردەوەی توندوتیژ و دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە ناو هەموو ئایین و نەتەوەیەک ئەگەری سەرهەڵدانی هەیە. هۆکاری ئەم ڕووداوانەش بۆ لاوازی ناوەندە مەدەنییەکان و فەرهەنگی حەوانەوە و یەکترقبووڵکردن دەگەڕێتەوە. ئاواتەخوازین تەواوی دەردەدارانی کۆمەڵایەتی و چالاکوانانی سیاسی ژیرانەتر لە جاران لە خەمی بنبڕکردنی ڕیشەکانی ئەم دیاردە شووم هەڕەشە جیهانییەدا بن و بە وشیارێکی زیاتر بەرامبەری ببنەوە.    

لە دەرگای خوداوەندی میری مەزن بۆ قوربانییانی ئەم ڕووداوە تێرۆریستییە بەرزی پلە و بەهەشتی بەرین دەخوازین و بۆ بریندارن و بەرکەوتووان تەندروستی و بۆ بنەماڵە و کەسوکاریان سەبر و خۆڕاگری و پاداشتی بێبڕانەوە داوا دەکەین.

ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧

.:: نوێ‌ترین ::.