گفتوگۆى ئایینى یان گفتوگۆى مەدەنى

گفتوگۆى ئایینى یان گفتوگۆى مەدەنى

پڕۆفایل:

*ساڵى ١٩٧٤ز، لە شنۆ لەدایک بووە.

*قۆناغى سەرەتایى و ناوەندى لە شنۆ و مەهاباد تەواو کردووە.

*ساڵى ١٩٩٩ بەکالۆریۆسى لە ئیلاهیات لە زانکۆى تەربییەت موعەللمین لە تەورێز بەدەستهێناوە.

*ساڵى ٢٠١٥ لە زانکۆى پەیامى نوور لە تاران ماستەرى لە فەلسەفەى ئەخلاقدا بەدەستهێناوە.

*ماوەى ٢٠ساڵە لە بۆکان مامۆستایە.

*نزیکەى ٢٠ ساڵە کارى ڕۆژنامەوانى ئەنجام داوە.

*لە هەفتەنامەى داهاتوو کارى کردووە.

*وەک دەستەى نووسەران لە گۆڤارى ئەندێشەى ئیسڵاح کارى کردووە.

*ئێستاش سەرنووسەرى گۆڤارى (شەهرى خدا- مانگى خوا)یە.

*خاوەنى دوو کتێب و دەیان وتار و لێکۆڵینەوەیە.

*خاوەنى چەندین دیدارى ڕۆژنامەوانییە ( چ سازیدابن، چ لەگەڵیدا ساز درا بێت).

------------

پ: گفتوگۆکردن چییە، ئایا پرۆسەیەکى تاکلایەنەیە یان دوو لایەنە و زیاتر؟

مەولوود بەهرامیان: بەر لە هەموو شت، پێویستە چەمکی گفتوگۆکردن(dialogue) پێناسە بکەین و لە بواری چەمکایەتییەوە، زیاتر ڕوونی بکەینەوە. ئاشکرایە کە گفتوگۆ لەگەڵ گەپ لێدان(chattering) جیاوازی هەیە. گەپ لێدان شێوە دواندنێکە، بێ‌ ئامانجى، گرنگترین تایبەتمەندییەتى. لەبەر ئەوەی بێ‌ ئامانجە، هیچ چەشنە وردبینییەکیشی تێدا بەدی ناکرێ و بە خێرایی و بێ ‌وەستان دێتە ئەنجام. لە ڕاستیدا چەشنێک زۆربڵێیی و بەڕەڵلایەتییەکی وتارییە، بەڵام گرنگترین تایبەتمەندیی گفتوگۆ ئامانجدارییەتییە. دیارە گفتوگۆ لەگەڵ شەڕەچەلەحانێ و جەدەل(dispute) جیاوازی هەیە. هەرچەندە جەدەلیش ئامانجدارە، بەڵام هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەشنێک سەلماندنی خۆ بەسەر ئەویدیدا، لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر ئەو یان بەرگریکردن لە خۆ لە هەمبەر هێرشەکانی بەرامبەرەکەدا. لە وتووێژدا، کە پرۆسەیەکی دوو لایەنەیە، هەردووک لا، هەوڵ دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی فیکری، یان تیۆر و گرفتێکی پراکتیکى، دەکۆشن لەگەڵ یەکتریدا دانوستان بکەن، هەرکامیان تێدەکۆشێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسێک کە هی هەردووکیانە، گوێ لە بەرامبەرەکەی بگرێ. لەم حاڵەتەدا هیچکامیان، نایانەوێت بەسەر ئەویدا سەربکەوێ، قسەکردنێکی واقعییانە، هەروها گوێدانێکی ڕاستەقینە لەئارادایە. لەڕاستیدا پەیڤێکی ڕاستەقینە و بێدەنگییەکی ڕاستەقینە بەدى دەکرێت. تاک لە بێدەنگیی ڕاستەقینەدایە، کە لە بیری جیددی چارەسەرى پرسێک یان لابردنی کێشەیەکی هاوبەشە، تێگەیشتنێکی دروستی قسەکانی بەرامبەر دێتە ئەنجام و ئیمکانی ڕەخنە و گازندەش بەهەمان شێوە بۆ بەردەنگ، دەڕەخسێ. بەواتایەکی دیکە، مەبەستى هاوبەشى دوولایەنەکە بەرەو لێکترتێگەیشتن و ڕەخنە لە بانگەشە و قسەکانی یەکدی دەبا.

گفتوگۆکردن، ئاخاوتنێکە بەشداربووان بۆ گەیشتن بۆ ئامانجێکی هاوبەش و چارەسەرکردنی کێشە یان پرسێک، کە گرفتی هەمووانە و لە قسەکانی یەکدی تێدەگەن، هەروەها ڕەخنەش لە قسەکانی یەکتر دەگەن. لە پرۆسەی گفتوگۆکردندا، تێگەیشتنی من لە قسەی تۆ، بەستێنی ڕەخنەی من لە پەیڤەکانی تۆ دەڕەخسێنێ و دەرەنجامی ڕەخنەی من لە قسەکانی تۆ دەبێتە ئەوەی کە تۆ یان بانگەشەکەی خۆت ڕوونتر بکەی یان بەڵگەکەی خۆت پتەوتر و بە‌هێزتر دەکەی، ئەو دووانەش دەبنە هۆکاری ئەوەی کە من تێگەیشتنێکی قووڵترم لە قسەی تۆ و ڕەخنەی وردترم لە کۆی قسەکانى بەرامبەر هەبێ. ئاکامی ئەو ڕەوتە جەدەلییە دوولایەنەیە، هەنگاو بە هەنگاو مرۆڤ لە چارەسەرکردنی کێشەکە نزیکتر دەکاتە‌وە.

 

پ: ئایا گفتوگۆکردن لەگەڵ خوددا، یان لەگەڵ ناخدا پێى دەگوترێت گفتوگۆ؟

مەولوود بەهرامیان: بیرکردنەوە بەدەر لەوەی کە ناوەڕۆکەکەی چ بێ و کارمان بەوەوە نەبێ کە باسی چ مەسەلەیەک دەکرێ و بە چ مەبەستێکەوە دەکرێ، لە ناخی خۆیدا پرۆسەیەکی گفتوگۆییە. زۆر پێویستە، ئەو کەسەی کە لە گۆشەی خەڵوەت و تەنیاییی خۆیدا بیر دەکاتەوە، بتوانێ بۆ ماوەیەکی کاتی لە بۆچوونەکانی خۆی دوور کەوێتەوە و پرسەکە لە چەند گۆشەنیگاوە بخاتە بەر سەرنج و لێکۆڵینەوە و تێڕامان و وای پیشان بدات کە دژبەری ئەو مەسەلەیە کە هاتووتە گۆڕێ، لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە لە ڕەوت و دەستکەوتەکانی بیری خۆی، ورد ببێتەوە. گفتوگۆ لەگەڵ نیوەکەی دیکەی خۆت، لە نزمترین ئاستدا، بەدیەێنەر و پاڵپشتی گفتوگۆیە. لەلایەکی دیکەوە، بەبێ ئاوها وتووێژێک، گریمانە‌ی ڕوودانی هەڵە لە بیرکردنەوە و ناکارابوونی ئەندێشە، یە‌کجار لەسەرێیە، هەر بۆیەش شتێکی سەیر نییە ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکەین کە گفتوگۆ، گەرەنتی بە کەڵکبوونی ئەندیشە و بیرکردنەوەیە.

 

پ: پێشنیازەکانی گفتوگۆکردن کامانەن؟

مەولوود بەهرامیان: بۆ گفتوگۆ، پێویستمان بە دوو پێشنیازی سەرەکی هەیە. یەکەمیان هۆگرى بۆ زانین، دیارە گفتوگۆ بەوە پێناسە کرد کە دوو لایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی فیکری یان گرفتێکی کردەیی، هەوڵى بۆ دەدەن و لە یەکدی باش تێبگەن و باشتر ڕەخنە لە یەکدی بگرن و خێراتر بە ئامانجەکەیان کە چارەسەرى کێشەى هاوبەشەکە، بگەن. بەڵام سروشتی لێکتگەیشتن، ڕوونبوونەوە و توێژینەوە و پرسیارکردن و لەیەکدی گەیشتن ئاکامی لێکۆڵینەوە و پرسیارکردنە. درێژەدانی گفتوگۆ، بە واتای درێژپێدانی لێکۆڵینەوە و پرسیارکردنە. دیارە لێکۆڵینە‌وە و پرسیارکردن، دەرنجامی هۆگرى زانین و تێگەیشتنی زیاتر و گەیشتن بە حەقیقەتە. بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئاخۆ چلۆن ئەو هۆگرییە بۆ زانین لە تاکدا بەدی دێت؟ بەڕای من کاتێک، هۆگریى بۆ زانین لە مرۆڤدا گەشە دەکا کە کەسەکە خۆی لە هەمبەر کەڵکەڵەیەکدا ببینێ کە چلۆنایەتی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دڵەڕاوکێ ‌و خەمەدا نازانێ. دەکرێ تاک خۆی لە دوو دۆخی جیاوازدا ببینێتەوە: یان خۆی لە بەرانبەر کێ لەگەڵ ئەو کێشەیە بدۆزێتە‌وە و گوێی پێی نەدات و لەناو کەوانەیەکدا دابنێ و پرسیارە‌کە بسڕێتە‌وە. دەشکرێ گرفتەکە و کێشەکەش بە جددی وەربگرێ، بەڵام متمانەبەخۆبوون و شەهامەتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کێشەکە لەخۆدا نەبینێ و بە گرتنی پەڵپ ‌و بیانوو، خۆی لە چارەسەری کێشەکە و بەدواداچوون، بدزێتە‌وە. حاڵەتی دووەم ئەوەیە، کە تاک تا ئەو ڕاددەیە، دڵەڕاوکێى خۆی بە جددی وەربگرێ، کە درێژەدانی ژیانێکی بەختەوەرانە بۆخۆی لە گرێ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو گرفتەدا ببنینێتەوە. لەم دۆخە‌دا ئەو بەجیددی بۆ لای زانست و زانیاری زیاتردا دەچێ، چونکە بەهرەمەندبوون لە زانینی زیاتر، جددییەتێکی باشی دەوێ. هەوڵدان بۆ زانینی زیاتر ئەو بۆ لای پێوەندی گرتن بە خەڵکانی دیکەوە، ڕادەکێشێ، خەڵکانێک کە مومکینە وەک ئەو بیر نەکەنەوە و جیا بیر بن. پێوەندی لەگەڵ خەڵکی جیا بیر وای لێ دەکا کە لەگەڵ بۆچوونی جیاوازدا ئاشنا ببێ، کە خۆی نایانزانێ. کەڵکەڵەی زانینی زیاتر، وای لێ دەکا ڕێز لە بەرانبەر یاخود ئەو کەسە جیابیرەی کە پێوەندی پێوە گرتووە، بگرێ.

دووەەم پێشنیاز بەرانبەری و هاوشانبوون بۆ دانوستان و دیالۆگ زۆر پێویستە. ئاشکرایە هەر کەسێک لە بەستێنێکی فەرهەنگی، چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی تایبەت سەری هەڵداوە و پێگەیشتووە. هەر بۆیە ئەو لە ڕوانگە‌ی کولتورییەوە لە باوەڕ و پێشداوەری و لە سۆز و قسە و کردەوەدا لەگەڵ تاکەکانی دیکە، کە شێوازی ژیانیان جۆرێکی ترە، جیاوازی هەیە. ئەگەر هەر کەسێک سیستەم و بەها و ئامانج و بیروباوەڕ و سۆزی تایبەت بەخۆی بە حەق بزانێ و لە بەرانبەر هەر تاکێکی جیادا بەرگرى لە خۆی بکات. ئەوا تێدەکۆشین کە بۆ پیشاندانی هەڵەبوونی ئەو بوارانە لە ئەویدیدا، ڕاستبوونی بۆچوونی خۆمان، وەک دەرئەنجامێک، نیشان بدەین. بەو جۆرە تێڕوانینە دەتوانین لەگەڵ ئەویدیدا، موجادەلە و مونازەرە موزاکەرە و باس بکەی، بەڵام بێگومان ناتوانین گفتوگۆ بکەین. پێویست ناکا لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر بۆچوونێکی جیاواز، بۆ ئەو و بۆچوونەکەی خۆمان، بەشێوەیەکی بەرانبەر، ئیمکانی حەقیقیبوون لەبەرچاو بگرین، تا بتوانین لەگەڵ کەسی باوەڕدار بەم باوەڕە، وتووێژ بکەین. یەکسانبوون هاوتەریب لەگەڵ ئەو شتانە نییە کە لەبەرمان کردوون، بەڵکوو هاوتەریبن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە جیاواز لە یەکدی بیر دەکەنەوە. ئەگەر بەرانبەرەکەمان بە هاوتای خۆمان نازانین، ناتوانین گوێى بۆ ڕابگرین و بێدەنگ بین و لەگەڵیدا هاودڵ بین، یان لانیکەم دڵساف بین و باش لە مراز و ویست و ڕاو بۆچوونی ئەو تێ بگەین و بتوانین باشیش ڕاڤەی بکەین و ڕەخنەی لێ بگرین و هەنگاوێک بەرەو حەق و حەقیقەت نزیک ببینەوە. هەر پێوەندییەکی گوتاریى بە مەرج دەتوانێ وەک گفتوگۆ مەزندە بکرێ، کە هۆکاری هێز و پلەوپایەیە، ئەڵبەت نابێت بە هۆى هێزەوە بسڕێتەوە. هێز، بابەتێکی جێگیرە و ناسڕێتە‌وە، وەک هێزى مامۆستا و قوتابی کە پەیوەست بێ بە زانستی مامۆستاکە کە ئەو جۆرە هێزە لاناچێ. بەمەرجێک دەتوانێ لەگەڵ قوتابییەکانی دیالۆگ بکا کە لەو هێزەى بەسوودی خۆی کەڵک وەرنەگرێ و گوێ‌ لەمستبوون، لە جێگەی ئەرگۆمێنت، دانەنێ.

 

پ: ئەگەر دەکرێ باسی بنەما نەزەرییەکان و فاکتەرە کردەییەکانی گفتوگۆ بکەن.

مەولوود بەهرامیان: گفتوگۆ وەک گشتێکى یەکپارچە وایە، دەرەنجامی تێکەڵانی و تێکەڵبوونی کۆمەڵێک ڕێسا و فاکتەرە کە هەندێکیان بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین:

-بەشداری و گوێگرتنی گفتوگۆیانە لە بەرانبەر چەندکەرتبوون(fragmentation) و گوێلێبوونی دژەگفتوگۆیانە: بەشداریکردن وەک بنەمایەکی تیۆریکی گفتوگۆ، پەیوەستە بە ئەو بۆچوونەی «دیڤید هیوم» کە جیهان وەک کوللێکی یەکپارچە وایە و هەر جیاییەک لەم جیهانەدایە، بەرهەمی زەین یا ئەندێشەی مرۆڤە، بە مەبەستی دۆزینەوەی واقعییەتی جیهان. بە ڕای هیوم لە سێ ڕوانگەوە دەتوانین بەشداری بخوێنینەوە: چاولێکردن لە جیهان وەک کولێکی یەکپارچە، بینینی خۆت وەک بەشێکی دانەبڕاو لەم جیهانە و پەسەندنەکردنی جیایی لەنێوان خۆت وەک بینەر و ئەو شتەی وا دەیبینی. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یەکدی وەک کولێکی یەکپارچە لە پێوەندی گوتاریدا، سەبارەت بە بابەتێک کۆنکرێت هاوبەش کولێکی یەکپارچە کە سەبارەت بە واقعیەتی جیهان و خودی ئینسان هاوئەندێشیکی گفتوگۆیانە دەکا.

لای هیوم پێکهاتەی ئەندێشە جۆرێکە کە ئیمکانی بینینی جیهان وەک کۆ(کل) و ئیمکانی لێک جیاکردنەوە‌ی بینەر و شتی بینراو لە مرۆڤ دەگرێ، چونکە هزری ئینسان وەک کۆمەڵێک شتی لەبەرکراوی زەینی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ واقعیەتی جیهان بەمەبەستی ناسینی، واقعیەتەکە لەت‌ لەت دەکا، پاشان هزری مرۆڤ، هەر لە تەو بەشێوەیەکی جیا، لێکدانەوەی بۆ دەکات، لەئاکامدا ئەندێشە، ناسینێک کە لە هەر یەک لەم کۆتەواقعیەتانە وەدەستی هێناوە تا ئاستی ناسینی کۆی واقعییەت ڕەوایی و بەهای پێدەدا.

هیوم لەسەر ئەو خاڵە جەخت دەکاتەوە کە ئێمە بە ئەندێشەی خۆمان وەک کۆیەکی لە ئەو شتانە‌ی لە زەینماندان کە بریتین لە پێشداوەرییەکان و باوەڕەکان و سۆز و عاتیفەکانمان دەچینە سەروکاری جیهان و پێوەندی پێوە دەکەین. ئەو دەڵێ: هزر وەک پڕۆگرامێک ئیش دەکا کە زۆر خێرایە و خۆشی دەشارێتە‌وە. هەموو مەسەلەکە ئەوەیە کە هزر دەیەوێ خۆی حەشار بدا، لەوانە مرۆڤ تێبگا کە ئەندیشە وەک بەرنامەیەک بۆ ئەوە ڕێک خراوە کە بشارێتە‌وە بەڵام هەر پێدەچێ هێرشێک بۆ ئەم بەرنامەیە، هەڵمەت بۆ ئەو شتە بێ کە ئەمن هەم. هەر بۆیە، بەشێوەیەکی ئوتوماتیک لە هەر جووڵەیەک پێشگری دەکەم کە لام وابێ بۆ ئەندێشەکەم دەکرێ.

لێرەدایە کە هیوم کە پێی وابوو، ئەندێشە، واقعیەت لەت ‌لەت دەکا، دەگاتە ئەو دەرئەنجامە کە دەبێ بەشداری لە گفتوگۆدا وەک بنەما قبوڵ دەکا. ئەو پێی وایە گفتوگۆ نایەتە دی مەگەر ئەوەی کە گفتوگۆکاران بیانەوێ کۆمەڵی خۆیان وەک کۆیەکی یەکپارچە دابنێن کە لە بەدیهێنان ‌و پاراستنی ئەودا بەشداری دەکەن. تەنیا لەو کۆمەڵە کە بنەمای بەشدارییان کردووتە پیشە، هاوئەندیشی لەئارادایە. پێکەوەبیرکردنەوە پیشاندەری بەشداریخوازانە لە وتووێژدایە.

بەشداری لە وتووێژ بە مەبەستی بەدیهێنانی واتای هاوبەش و ئافراندنی مانای نوێ بەشێوەیەکی هاوبەشە. بەواتایەکی دیکە ئەگەر بتوانین هەموومان لە واتایەکی هاوبەشدا شەریکە بین لەگەڵ یەکدیدا بەشداریمان کردووە. ئێمەش پشکێکمان لە مانای هاوبەشدا هەیە. ئێمە وێکڕا تێدەکۆشین، پێکەوە قسە دەکەین و واتای هاوبەش بەدی دێنین ئا ئەمە هەم بەشداریکردنە کە بە واتای «بەشداریکردن لە» و «شەریکبوون لە».

بە کورتی ئەگەر بەرانبەری و هاوشانبوون نەبێ بنەمای بەشداری نایەتە دی. بەشداری لە وتووێژ، پێکەوە بیرکردنە‌وەی کەسگەلی هاوشان و بەرانبەرە:

-گوێگرتن: گوێگرتن فاکتەری کردەیی بنەمای بەشداری لە وتووێژدایە. لەنێوان دوو فاکتەری گوێگرتن و قسەکردن، بەرەوپێشەوەچوونی سەرکەوتووانە‌ی وتووێژ، بە پلەی یەکەم بەستراوەتەوە بە گوێگرتن و نە توانایی قسەکردن. هەرچی تاک لەگەڵ گفتوگۆ ئاشناتر بێ و تێیدا پوختەتر و بەئەزموونتر بێ، پێیخۆشترە کە کەمتر قسە بکا و زۆرتر گوێ ڕابگرێ. گوێدان چەشنێک سکووت و بێدەنگییە و بەمەبەستی لێحاڵیبوون لە بەرانبەرە و حازربوونی گوێگرە لە کاتی قسەکردنی قسەکەر. لە کاتی گوێگرتن نابێ بیر لەوەی بکەینەوە کە قسەکەر «بۆچی» ئەو قسەیە دەکا. ئەو دۆخە وامان لێدەکات نەتوانین لە کۆی قسەکانی بەرانبەرەکەمان تێبگەین. بە هۆی ئەوەی کە متمانەمان بە یەکدی کەمە زۆر جار لە کاتی قسەکردنی بەرانبەرەکەمان بیر لە چیەتی ئەو شتانە‌ی دەیانڵێ، دەکەینەوە؛ لەحاڵێکدا دەبێ بیر لەوە بکەینە‌وە کە ئەو «چ دەڵێ» و «چۆنی دەڵێ»؟ ئەگەر لەو دوو شتە ورد بینەوە و بمانەوێ وڵامی ئەو دوو پرسیارە وەربگرینە‌وە، باشتر دەتوانین لەویدی تێبگەین. باشتر وایە تێگەیشتنی خۆمان بۆ قسەکەرەکە بڵێینەوە و لێی بپرسین ئەرێ ئەمن ئاوا لە قسەکەی تۆ تێگەیشتم، ئایا تێگەیشتن و خوێندنەوەکەی من دروستە؟ دواتر لەو داوا دەکەم ئەگەر من بەهەڵە تێگەیشتووم، هەڵەکانم ڕاست کاتەوە. گوێگرتن دەبێ بۆ ئەو مەبەستە بێ کە ئەویدی لە «چ شتێک»، «چلۆن» حاڵی بووە. هەر بۆیە دەبێ پرسیارەکانی منی گوێدێر، لەو دووانە بن.

-لە کاتى گوێداندا دەبێ تێکۆشین تاوەکو لە گۆشەنیگای ئەویدیەوە سەیری قسەکانی بکەین. هەر بۆیە ئێمە لە گوێگرتندا هەم خۆمانین و هەم ئەویدی، لە ئاکامدا لە کاتی گوێگرتندا، خۆمان لە وێژەر جیا هەستپێناکەین. ئەم جیابوونە، هۆکاری سەرەکی باش گوێنەگرتنە. لەبەر ئەوەی کە دەبێتە هۆکاری ئەوە کە لە کاتی ئاخاوتنی ئەویدی بیر لە هۆکارەکانی قسەکانی ناوبراو بکەینە‌وە و حوکمیان لەسەر بدەین.

-باشتر وایە گوێگرتنە لەگەڵ هاودڵیدا بێ. هاودڵی بەو مانایە کە لە ڕوانگەی ئەوەوە شتەکان ببینین و بتوانین خۆمان لە جێگەی ئەو دابنێن و بە پێڵاوەکانى ئەو بتوانین بە ڕێگادا بڕۆین. بە هاودڵی دەتوانین لە هەمانکاتدا کە لەگەڵ بۆچوونە‌کانی ئەویدی دژایەتیمان هەیە، ئیجازە بدەین ئەو جۆرەی خۆی دەخوازێ لە قسەکانی تێ بگەین. زۆر ئاساییە ڕەنگە قسەکانی ئەویدی هۆکاری ناڕەحەتیی ئێمە بەدی بێننن بەڵام هاودڵی وامان لێدەکات کە ئەو سۆزە، نەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم تێگەیشتن لە قسەکانی بەردەنگەکەمان. هێندەک شت ناهێڵن هاودڵی بەدی بێ وەک ئەوەی کە حەزمان لەوە بێ کە زۆر خێرا، قسەکانی ئەویدی داوەری لەسەر بکەین، یان لە نیەت و مرازی دڵی ئەو سەبارەت بەو شتانە‌ی دەیانڵێ، تێبگەین. حەزمان لەوە بێ کە بەرانبەر ئامۆژگاری کەین و زۆرتر قسە بکەین تا گوێی بۆ ڕابگرین و هەروەها زۆر جاریش، بە جیددی وەرنەگرتن و بە هەندنەگرتنی بابەتی هاوبەش دەبنە ڕێگری ئەوەی کە نەتوانین لەگەڵ بەرانبەر هاودڵی بکەین.

-گوێدان بێ بەرگرى ناوەکی بێ. بەرگرى هەمان هێنانەکایەی بیروباوەڕەکانی خۆمان لە بابەتی هاوبەشدا لەنێوان خۆمان و ئەویدیدا. ئەگەر لە بۆچوونەکانی خۆمان بەشێوەیەکی دەرمارگرژانە دیفاع بکەین، بەرگرى ناوەکی زیاتر دەبێ. بۆ کەمکردنەوەی ئەو بەرگرییە دەبێ بەردەوام لە خۆمان پرسیار بکەین ئەو چى دەڵێ و چلۆنی دەڵێ؟ دەبێ خۆمان لە زەمەنی حاڵدا ڕابگرین کە ئەو دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی بەرگرى. کاتێک دەتوانین بەتەواوەتی گوێگری بەرانبەر بین کە بە تەواو واتا، حوزوورمان ببێ، حوزووریش یانی لە لەحزەی ئێستادا بژین.

-لە گوێداندا نابێ لە نیەت و مرازی دڵی بێژەر بکۆڵینە‌وە. لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لەمە دەبێتە ئەوەی کە ئێمە بە وەڵامی ئەو پرسیارە بگەین کە ئاخۆ ئەویدی بۆچی ئەو قسەیە دەکات؟ هەوڵدان بۆ ئەوەی کە لە نیەتی دڵی بێژەر تێبگەین وامان لێدەکا قسەکانی ناوبراو وەک کۆیەک وەرنەگرین و لە زەینی خۆماندا لەتلەتی بکەین و لە یەکترتێگەیشتن و ڕوونبوونەوەی چەمک و تیۆرەکان بێبەش بین. لە گفتوگۆدا نییەتی دڵ و ئامانجەکان نە گرنگن و نەجیددیشن. ئەوەی گرنگە و جیددیشە، وەڕێکەوتنی ئیدە و واتا بۆ لێکتێگەیشتن و ڕوونبوونە‌وەو پێکەوە بیرکردنەوەیە. وەدوای نیەتی بێژەر کەوتن، ئێمە بۆ لای داوەریکردن سەبارەت بە کەسایەتیی بێژەر دەبا و یەکێک لەو هۆکارانەی وتووێژ بە بنبەست دەگەیەنێ، دادوەریکردن سەبارەت بە کەسایەتی بێژەرە، نە سەبارەت بە قسەکانی.

 

پ: مەرجە دەرئەنجامى هەموو گفتوگۆیەک بەرهەمدار و دڵخوازى کەسەکان و بەرامبەر بێت؟

مەولوود بەهرامیان: هەروەک پێشتر باسمان لێکرد، مەرج نییە هەموو گفتوگۆیەک بە ئامانجێکی دیاریکراو بگا، لە گفتوگۆدا دوو لایەن گوێ بۆ یەکدی دەگرن تا سوود لە یەکدی ببینن. بەڵام ئەگەر یەکیان پێی وابێ کە هەقیقەت هەمووی لای ئەوە و ئەویدی ناهەقى تەواوە، لەم حاڵەتەدا هیچ وتووێژێک نایەتە ئارا و دەبێتە دەمەدەمێ و بێدەنگکردنی بەرانبەر. بەڵام ئەگەر من بمەوێ لە ڕاستی و ناڕاستبوونی بۆچوونەکانم تێبگەم و بزانم چەندە بە قازانجی بانگەشەکانم بەڵگە، شاهێدم بەدەستەوەیە، ئایا هاوتەریبی لە نێوان باوەڕەکانی من و بەڵگە و ئەرگۆمێنتەکاندا هەیە، دەبێ، باوەڕەکانم بخەمە بەر گفتوگۆە، لەو پرۆسەیەدایە کە مەعلووم دەبێ چەندە باوەڕەکانی من عەقڵانین و چەندە کێشەیان هەیە. بەڕای من وتووێژ چەشنە یەکلاییکردنەوەیەکى دەوێ، ڕێژەیی بیرکردنەوەش لە باوەڕەکاندا، پێویستە. کەسی دۆگما و دەمارگرژ و خوڕافەپەرەست و لەخۆبایی هەرگیز ناتوانێ گوێ بۆ ئەویدی بگرێ. فێڵبازیی و توندوتیژیی ئالێرەوە دەستپێدەکات کە کەسێک بێ ‌بنەما و بەڵگە، بانگەشەیەک بخاتەڕوو. بەکورتی هیچ گفتوگۆیەک، بە واتا واقعییەکە بێ دەرئەنجام نییە و حەتمەن شوێندانەر دەبێ لەسەر هەردووک لایەن و پێموایە لە هەقیقەت نیزیکتریان دەکاتە‌وە و ئاسۆی دیدیان فراوانتر دەکات. لە گفتوگۆدا دەبێ من مەمنوونی ئەو کەسە بم کە من و بۆچوونەکانی من بە هەند وەردگرێ و گوێم لێدەگرێ و دەیەوێ یارمەتیم بدا تا لە حەق و حەقیقەت نیزیکتر بمە‌وە. ئەگەر بەو شێوازە بیر بکەینەوە و ڕۆحی نیگەتیڤگەرانە و ململانێ و یەکترشکاندن لەگۆڕیدا نەبێ، وا دەزانم، گفتگۆ و ئەندیشەی ڕەخنەیی دەتوانن، وەک فارس دەڵێت: باری ئێمە بار بکەن و بۆ سازکردنی شارستانییەت و پێشکەوتنی و پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە یارمەتیدەرمان بن.

 

پ: تۆ مێژووى گفتوگۆ بۆ وتوێژى نێوان سوکرات و نەیارەکانى دەگێڕیتەوە، دەتوانین بڵێین ئەوە یەکەمین گفتۆگۆى مێژووییە، مەگەر وتووێژى نێوان قابیل و ەابیل دێرینتر نییە؟

مەولوود بەهرامیان: من زیاتر لەو نووسینەمدا کە لە بنەڕەتدا نامەی ماستەرەکەمە، جەختم لەسەر چەمکی فەلسەفیانەی گفتوگۆ کردووتەوە. لە بۆچوونی فەلسەفیدا، سوکرات بە باوکی گفتوگۆ دەناسرێ و لەڕاستیدا ناوبراو هیچ بەرەەمێکی نووسینی نییە و هەموو هەوڵ و تێکۆشانی فەلسەفیی ئەو بە شێوازی گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک دابووە. ناوبراو بەناو شاری ئاتێندا دەگەڕا و لەگەڵ خەڵک قسە و دانوستانی دەکرد و بە شێوازی پرسیار و وەڵام، تێدەکۆشا تا بەرانبەرەکە ئاگادار بکاتە‌وە کە ڕاستی مەسەلەکە چلۆنە. ئەو دەیگووت: جیاوازی نێوان من و خەڵک لەوەدایە کە من دەزانم نازانم و ئەوان نازانن، کە نەزانن. واتە من لە یەک مەسەلەدا لەوان زاناترم ئەویش ئەوەیە کە من ئاگاداری نەزانینی بێسنووری خۆم هەم و جەهلی ئاساییم هەیە، بەڵام ئەوان دوو نەزانینیان هەیە، واتە: جەهلی مورەکەبیان هەیە. جا بۆیە ئەو دەیگووت: ئەمن خەرمەگەسی ئاتێنم و دەچم لەسەر خەڵک دەنیشم و بە وتووێژ لێیان حاڵی دەکەم، کە نەزانن، دەبێ هەوڵ بدەین ئەو نەزانییە بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. لە ڕاستیدا من لە کاتی نووسینی ئەم نووسینەدا سەرنجم نەداوەتە باسی وتووێژی کورتی هابیل و قابیل لە قورئاندا. ئەوەی من لەو نووسینەدا، مەبەستم بووە ئەوەیە کە بە مانا نوێ و کۆنەکەى دیالۆگ و گفتوگۆ، لە قورئاندا وتوێژ بوونی نییە و زیاتر جەدەل و بێدەنگکردنی بەرانبەر لە ئارادایە، چونکە لە هەڵوێستى بەرانبەرەوە قسە ناکرێ و هەمیشە لایەنێک لەسەرەوە ڕا، بۆچوونی خۆی فەرز کردووە بەسەر ئەوانی دیکە‌دا.

 

پ: لە سەردەمى نوێدا پێویستمان بە گفتوگۆیەکى ئایینییە یان مەدەنى، ئەگەر یەکەمیان بێت ئایا نەیارەکانیش ڕازى دەبن، ئەگەر دووەمیان بێت، کەسى ئاییندار پێویستى بە گفتوگۆى مەدەنى ەەیە، یان گفتوگۆیەکى ئایینى و بە مەدەنییانە پێویستە؟

مەولوود بەهرامیان: وەک لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوودا عەرزم کرد، بناغەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و کۆمەڵگەیەکی کراوە و فرە ڕەهەند، دیالۆگ‌ و دانوستانی فیکری و مەعریفییە. جا ئەوەی کە لە ڕوانگەیەکی مەعریفی و پلۆڕالیستانەوە بۆ کێشە ئاینییەکا، یان بۆ کێشە هاوچەرخ و مەدەنییەکان، بڕوانین، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. ئەگەر بمانەوێ بە کۆدەنگییەک لە کێشەکاندا بگەین، چارەیەکمان نییە جگە لەوەی کە یەکدی بە هەند وەربگرین و لەگەڵ یەکدی گفتوگۆیەکی واقیعییانە بەو مەرجانەی کە پێشتر باسیان کرا، بکەین. گفتوگۆ جومگەی کۆمەڵگەی مەدەنییە و ئەگەر ئەو نەبێ، ئاوا شەڕی حەقیقەتەکان و تێگەیشتنەکان و بەرژەوەندییەکان لە کۆمەڵگادا دێتە ئارا و توندوتیژیی و فێڵبازی هەموو شتێک دادەگرێ. بەڕای من چونکە کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگەیەکی نەریتی و سوننەتییە زیاتر و هێشتا تەواو نەکەوتووینەتە باری کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕن و هاوچەرخەوە و دین ڕۆڵی سەرەکی لە فەرهەنگی ئێمەدا هەیە، باشتر وایە بە دیدێکی کراوە، هەوڵ بدەین گفتوگۆیەکی ئایینی لەنێوان هەموو پێکهاتە دینی و ئایینییەکان ساز بدرێ‌ و فرەیی تێگەیشتن و لێحاڵیبوون لە دەقە پیرۆزەکان بە فەرمی وەربگیرێ، کە ئەوەش نایەتە دی جگە لەوەی کە لە ئامرازی وتووێژ بۆ لێکنیزیکبوونە‌وە کەڵک وەربگیرێ و ئاسۆی دید و مەعریفە و ئینسانناسى و جیها‌نناسی و ئامرازەکانی زمانەوانی بۆ ڕاڤە و تێگەیشتن بهێندرێنە بەر باس و خواسی زانستیانە، لە ئاکامدا لێکنیزیکبوونە و گۆڕانکاری ئەرێنییان لێ بێتەوە. گفتوگۆی ئایینی لەم حاڵەتەدا یەکێک لەو گفتوگۆیانەیە کە جەنابت ناوی گفتوگۆی مەدەنیانەت لێ ناوە. بەکورتی، تەنانەت دەعوە و بانگەوازیش بۆ دینێکی تایبەتیش دەچێتە خانەی گفتوگۆ و دانوستانی مەعریفییەوە، مەرج نییە بانگکراو حەتمەن، بانگەواز و دەعوەی داعی قەبوڵ بکا.

 

پ: ئایا هونەرى گفتوگۆکردن گرنگە یان زانستى گفتوگۆکردن؟

مەولوود بەهرامیان: گفتوگۆکردن خۆی لە یەککاتدا هەم هۆنەرە و هەم کردەیە و هەم زانست. گفتوگۆ مەبەست و ئامانج نییە، کەرەستە و ئامرازێکە بۆ لێکتێگەیشتن و لێکنیزیکبوونە‌وە و هاودڵی و پێکەوەژیان و گەیشتن بە کۆدەنگی لە پرسە جۆراوجۆرەکاندا. دیارە دەبێ ئەو بابەتەی قسەی لێدەکرێ و دەخرێتە بەرباس و خواس و گفتوگۆ، بێژەر و بەردەنگ، لەم بارەوە ئاگادارییەکی ڕێژیی و چڕوپڕیان هەبێ. لە گفتوگۆدا باسی باوەڕەکان دێتە ئاراوە. کەسی بێژەر، بانگەشەیەک سەبارەت بە پرس و دیاردەیەک دێنێتە گۆڕێ و داوا دەکات، بەردەنگ لێی قەبوڵ بکات. بەردەنگ بۆی هەیە، دوای گوێگرتن، داوای بەڵگەى لێ بکات. ئەگەر بەڵگە و شاهێدەکان هاوتەریبی باوەرەکە بوون و ئەو نەیتوانی بە لۆژیک و بەڵگە بۆچوونەکە ڕەد بکاتەوە، ئەوە بێژەرەکە تا ڕاگەیاندنی بەڵگەیەکى بە‌هێزتر لەسەر باوەڕەکەی خۆی دەمێنێتەوە و هەمیشەش ئامادەگی ئەوەی دەبێ ببێ کە باوەڕەکەی بە هێنانەوەی نموونەیەکی دژ، بەتاڵ بکرێتەوە. دیارە لە پرۆسەیەدا هەم لێهاتوویى گفتوگۆکردن گرنگە، هەم بەزانستی قسەکردنیش مەرجێکی بنەڕەتییە.

 

پ: هەمیشە بۆ پرسگەلى ئایینى و سیاسى بوونى جیاوازییەکان و نەمانى ناکۆکییەکان، گفتوگۆکردن بە چارەسەر دەزانرێت، ئایا بەڕاستى وایە، ڕات لەو بارەیەوە چییە؟

مەولوود بەهرامیان: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە وایە. بەڵام پرسگەلی ئایینی جیاوازن لە پرسی سیاسی. لە پرسە ئایینیەکاندا، دەبێ هەمیشە گەیشتن بە حەقیقەت یان لانیکەم نزیکبوونە لە حەق مەبەست بێ و بەرەژەوەندی ماددی‌ لەئارادا نەبن. بەڵام لە پرسە سیاسیەکاندا، باسی بەرژەوەندی حیزبی و وەدەسهێنانی دەسەڵات یان پاراستن و فراوانترکردنی پانتایی دەسەڵات بۆ لایەنەکان گرنگە. بۆیە لەوێدا باسی حەقیقەت، گرنگ و جیددی نییە و لە واقعیشدا گفتوگۆی واقیعییانە بە مانا فەلسەفییەکەی نایەتە دی، بەڵکوو بۆ ئەم چەشنە دانوستانە، لە چەمکی «موزاکەرە» یان «مفاوەزە» کەڵک وەردەگیرێ. لە موزاکەرەدا دوو لایەن یان هەرچەند لایەنی کە هەبن، هەوڵ دەدەن لەسەر مێزی موزاکەرە، تەنانەت ئەگەر بکرێ بە فریودانی بەرانبەر، پشکی خۆیان لە دەسەڵات و لە بەرژەوەندییەکان زیاتر بکەن، لایەنی بەرانبەر بەو قنیاتە بگەیەنن کە بەشی زیاتریان بداتێ. دیارە موزاکەرەش ئاداب و ڕێسای خۆی هەیەو تەشریفاتێکی تایبەت کە لە تەوەری باسەکەی ئێمەدا نییە. بەڵام هەر تەوافوق و لێکنیزیکبوونە و یەکترخوێندنەوە و دانوستان لە چەقبەستوویی و سەرەڕۆیی و لێک دوورکەوتنە باشترە و دەبێ زۆر لەسەر ئەوە کار بکرێ کە وتووێژ هەر لە خێزانە‌وە بگرە تا کۆمەڵگە و دەسەڵات دەبێ بێتە ستراتیژ و وەک وانە لە قوتابخانەکان بگوترێتە‌وە و بناغەی کۆمەڵگەیەکی فرەکولتوور لەسەر بنەمای گفتوگۆ دابمەزرێ. ئەوەش ئاماژە پێبدەم کە نەمانی ناکۆکی و جیاوازی لە کۆمەڵگەدا نە ئاساییە، نە دەکرێ و نە عەقڵانیشە. کۆمەڵگەی فرەکولتور بە کۆلکەزێڕینەی دەنگ و ڕەنگەکانە‌وە جوانە.

 

پ: مەرجە گفتوگۆ تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەى حەقیقەت بێت، یان بۆ دەستکەوت و سوودمەندبوون لە شتێکە؟

مەولوود بەهرامیان: بەڕای من گفتوگۆ بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر و گەیشتن بە حەقیقەت و نزیکبوونە ئەنجام دەدرێ. من ئەگەر وا هەست بکەم بە حەقیقەت گەیشتووم، دەبێ دوو کار بکەم:

یەکەم- ئەوەی کە دەتوانم بێ بنەما و بەڵگە داوای قەبوڵکردنی بۆچوونەکەم بکەم و لەبەرانبەر داواکردنی بەڵگە و ئەرگۆمێنتی بەردەنگەکانم، ڕێگەی دەمارگرژی و توندوتیژیی و فێڵبازی بگرمە پێش؛ دیارە ئەمە هەڵوێستێکی باش و ئەخلاقی نییە.

دووەەم- بۆچوونەکەم بخەمە بەر دیدی گشتییەوە و خەڵک بێن قسەی لێ بکەن، منیش تا ئەو جێگەیەی کە بۆم هەیە، وەک هەستەیەکی سەختی بیروباوەڕى، بەرگری لە بۆچوونەکەم بەبەهێزترکردنی بەڵگە و بە ڕوونکردنەوەی زیاتری چەمکەکە بکەم؛ بەڵام ئەگەر لە ناو گفتوگۆدا، بۆم دەرکەوت کە بە ئیقتزای ئەخلاقی باوەڕ، ئەرگۆمێنت و بەڵگەکانم بۆ باوەڕێکی دیاریکراو، گونجاو نین، یا خوود چەمکەکە ئەوەندە ڕوون نییە بۆ بەردەنگ و من تاکو ئێستا بەهەڵە، پێموابووە کە فڵان باوەڕە فیسارە بەڵگەی لەپشتە، دەبێ ئەو بوێرییەم هەبێ، ئیعلامی بکەم کە من ئێستا ئەو باوەڕی خۆمم بەو بەڵگە و بە شێوەى پێشوو لا پەسەند نییە. بەڕای من خوودی ئەو پڕۆسەیە کە نیزیکبوونەیە لە هەق و هەستی هەقویستی و هەقخوازی مرۆڤ تێرئاو دەکا، گەورەترین سوود و قازانجە و ڕاستییەکی تاڵ، ئەگەر چی ئارامی لە مرۆڤ بستێنێ لە هەزار درۆی دڵخۆشکەر باشترە.

 

پ: ڕۆڵى ئەخلاق لە کاتى گفتوگۆکردندا چییە، یاخود ئەخلاقییانە گفتوگۆکردن چۆنە؟

مەولوود بەهرامیان: بەڕای من خودی گفتوگۆ ئامرازێکە لە خزمەت ئەخلاق و بە ئەخلاقیکردنی تاک و کۆمەڵگەدا. ئەخلاقیش دیارە خۆی ئامانج نییە، ئەویش کەرەستەیەکە لە خزمەت مرۆڤدا، بۆ ئەوەی کۆی مرۆڤەکان لە بازنەی بەرتەسکی خۆپەرستی و خۆویستی بێنە دەرێ. لە ئەخلاقدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەجۆرێک لەگەڵ ئەویدیدا بجۆڵێینەوە کە پێمانخۆشە لەگەڵ ئێمەدا ئاوا هەڵسوکەوت بکرێ و هەرچی بۆخۆمان پێناخۆشە بۆ بەرانبەریشمان پێناخۆش بێ ‌و پێچەوانەکەشی ڕاستە. ڕێزگرتن لە عەقڵانییەت و ئازادیی بەرانبەر و پاراستنی کەرامەتى مرۆڤەکان بنەمایەکی قووڵی ئەخلاقییە. بە ‌گشتی ئەخلاق واتە: وەها خۆمان کۆنتڕۆڵ بکەین کە بازنەی کردە ئیزنپێداوەکانمان تەسکتر بێ لە بازنەی کۆی ئەو شتانەی دەتوانین ئەنجامیان بدەین. دیارە لە گفتوگۆشدا دەبێ ئەو پرینسیپانە بە فەرمی وەربگردرێن و خۆمان لە ڕێساکانی لۆژیک نەدزینەوە و تووشی سەفسەتە و جەدەلیات و تەشەیرپێکردن و ناوزڕاندن نەبین و شەهامەتی قبوڵکردنی هەڵەکانی خۆمان ببێت و بتوانین لە دانوستانێکی مەعریفیانەدا، ڕاستییەکانی بەرانبەر وەرگرین. دەبێ تەنانەت ئەخلاقی دوژمنیش –ئەگەر بەرانبەرەکەمان نەیارە- لەبەر چاو بگرین و بە عەدالەتەوە لەگەڵی هەڵسوکەوت بکەین، دوژمنایەتی وامان لێنەکات لە حەق و پارێزگاری لابدەین.

چەند هۆکارێک هەن ناهێڵن ئەخلاق لە وتوێژدا بێتە دی، کە بیرمەندی ئێرانی، مستەفا مەلەکیان باسیان دەکەین و ئێمە بە کورتی ئاماژە بەهەندێکیان، دەکەین:

-خودشەیدایى(narcissism): ئەو دیاردەیە بەم واتایە دێ کە تایبەتمەنی و دەسکەوتەکانی خۆت یان گروپی خۆت زیاتر لەوەی کە هەیە و دەبێ، مەزندە بکەین. یانی دەربارەی خۆت و گرووپەکەی خۆماندا، زێدەڕەوی بکەین. وەک ئەوەی بڵێین ئێمە گەلێکى ناوەنجى و هەڵبژێراوین و حەتمەن ڕزگار دەبین و خودا نەجاتمان دەدا. یان ئێمە گەلێکی ڕەحمپێکراوین، یان هۆزێکی هەڵبژێردراوی لای خوداین. یان کتێبە پیرۆزەکەی ئێمە بێ‌ هاوەتایە یان حەق بە ئێمەیە؛ یان ئێمە حیزبێکی پێشڕەوی گەلی کوردین و یەکەمی بێڕکابەرین و... ئەو باوەڕانە هیچ واقیعیەتێکیان تێدا بەستە نییە، جگە لە لەخۆباییبوون و لەخۆڕازیبوونی خاوەنی ئەم بڕوایانە. ئەمجۆرە بۆچوونانە، کۆمەڵگە دابەش دەکەن بەسەر دوو کەرتی خۆیی و ناخۆییەوە. دیارە ئەوانە‌ی نامۆن لە شان و شکۆ و ئیمتیازی خۆییەکان بێبەش دەکرێن. ئەو بیرکردنەوەیە چەشنە پیرۆزییەکی درۆ و دزێو دەدا بە خۆییەکان. کەسی ئاوا ناتوانێ لەگەڵ کەس گفتوگۆ بکا.

-پێشداوەری: بەو واتایە کە ‌شێوازێکی ناعەقڵانی، یانی بەبێ بوونی بەڵگەی بەهێز و پتەو یان ناسینێکی پێویست لەگەڵ کەس یان گروپێکی دیکە(جگە لە خۆمان و گروپی خۆمان) یان لەگەڵ کۆی ئەو تایبەتمەندیانەی کە پێمانوایە ئەو کەسە یان ئەو گروپە هەیەتی، دژایەتی یان دوژمنایەتی دەکەین. ڕا یان حوکمێک کە پێشوەخت، بێ ئەوەی ناسینی پێویست و یان بەڵگەی پتەومان لە چنگدابێ، دەربارەی کەسێک یان شتێک، دەیدەین، تەنانەت ئەگەر لە جێى دڵنیایى و پەسەندی ئەو کەسە یان شتەکە دابێ، پێچەوانەی بەرپرسیاریەتی فیکری و بیروباوەڕە، چونکە هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتییە یانی ئەخلاقی باوەڕ، ئەوەیە کە تاکو ناسینی پێویست و بەڵگەی باوەڕپێکراو لەسەر کەس یان شتێک نەبێ، نابێ هیچ بڕیارێکى ئەرێنی یا نەرێنی بدەین، دەشێ حوکمەکە هەڵپەسێرین و هیچ ڕایەک دەرنەبڕین.

-دەمارگرژی: بەو واتایە کە سەبارەت بە بابەتێک، خۆشى و شەوقێکی لە ڕادەبەدەر، غیرەت و دەمارگیرییەکى بێ‌بەڵگە و وێناکردنێکى نادروست و زێدەڕوانەمان هەبێ. ویلیەم جیمز گووتەنی: دەمارگرژی چەشنێک وەفادارییە کە تاکی بەوەفا، لە زۆریى وەفاداریەتی و بیرکورتییەک کە هەیەتی، خوودی خۆبەدەستەوەداو بە کەماڵی داواکراو دەزانێ و لەو نێوەدا، بەوەفابوونی خۆی، بە ئاستی زێدەڕەوانە دەگەینێ.

-دۆگمابوون و چەقبەستوویی: ئەگەر لە بواری باوەڕ و دڵنییاییەکى وامان هەبێ کە لەگەڵ بەڵگە، لەوانەیە، ئەرگۆمێنت و بەڵگە و نیشانەیەک کە بە سوودی باوەڕەکەمان هەمانە، ئەسڵەن هاوتەریبى لەئارادا نەبێ، ئەگەر بۆچوون یان باوەڕێک ئەوەندە بەدڵنیاییەوە وەربگرین، یان باسی بکەین، کە گوایە سەلمێنراوە، لەحاڵێکدا وانەبێ، ئەوا تووشی دۆگماتیزم و چەقبەستوویی بووین.

-نەبوونی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و لەگەڵ یەکدى هەڵکردن(intolerance): بەو مانایە کە کۆی ئەو بیروباوەڕ و کردەوانەی کە لەگەڵ بیروباوەڕ و کردارەکانی ئێمەدا جیاوازن یان دژبەرن، بە ڕەوایان نەزانین یان ئازادیان نەدەینێ یانی فرەیی و جیاوازى فیکری یان کردەیی پەسەند نەکەین، بەو بێنوویە کە ئەم باوەڕانە یان ئەو کردارانە دژى بەرژەوەندییەکانی گشتی یان دژبەری حەقیقەتگەلێکە کە لە ئەستۆى ئێمەدایە، هەربۆیەش یان لەباری ئەخلاقییەوە نادروستە، یان لەباری لۆژیکییەوە ناڕاستە.

-خورافەپەرستن: بەو واتایە کە بیروباوەڕ و وێناکان، کردار یان داب و نەریتێک پابەند بین کە لە نەزانین، ترسێکی ناعەقڵانی سەرچاوەى گرتوو لە هەندەک شتی نەناسراوە و سەیروسەمەرەدا دەردەکەوێت، هەستێکى نەخۆشاوی، متمانە بە جادوو و شانس یان بوونی وێنایەکى نادروست لە ئەسڵی هۆکارەکە.

جگە لەوانەش ئەگەر هەردووک لا پابەندی عەقڵانییەتی گووتاری نەبن، گفتوگۆ بەدی نایەت، چونکە گفتوگۆ کردەیەکە و عەقڵانیەتیش هەر عەقڵانیەتی تیۆری نییە، دەبێ هەردووک لا جگە لەوەی کە چەمکەکان بەڕوونی بەکار دێنن و شەفاف و بە ڕوونى قسە دەکەن، بەڵکوو هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە هێزی بەڵگەهێنانەوەیان بخەنە کار و بەڵگەکان بەهێزتر بکەن، هەچی دەگوترێ یان بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری چەمکەکان یان بۆ بەهێزترکردنی بەڵگەکان بێ، ئەگەر وانەبێ، ئەوە شیرازەی وتووێژەکە لێک هەڵدەپچڕێ. لە کۆتاییدا دەبێ قسەکان مەعریفەتبەخش بن و نەزم و پێشکەوتن و دواکەوتنی لۆژیکى قسەکان ڕەچاو بکرێن و لە درێژدادڕی خۆیان ببوێرن.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

خاتوونی زانای ئیسلام مێژووی (1398/03/16)
دیاریی ڕەمەزان- شه‌وانى قه‌در رمضان، ڕه‌مه‌زان (1398/03/16)