"دوکتور ڕەحمەت موحەممەدی"؛ یارێکی مێهرەبان و یەکێک لە ئەندامانی جەماعەت کۆچی دوایی کرد

"دوکتور ڕەحمەت موحەممەدی"

 دوکتور "ڕەحمەت موحەممەدی" یەکێک لە ئەندامانی لاوی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، سەرلەئێوارێی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕێبەندان، لە نەخۆشخانەی ئەختەری تاران کۆچی دوایی کرد.

بە پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، دوکتور "ڕەحمەت موحەممەدی"؛ کە یەکێک لە ئەندامانی لاوی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی سەردەشت بوو، ماوەیەک لەوە پێش لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێ و بۆ چارەسەری ڕەوانەی تاران دەکرێ، بەڵام بەداخێکی گرانەوە پاش چەند ڕۆژ کەوتن و لە میانەی چارەسەری ئازارەکانی لە نەخۆشخانە، بە دەم داوای پەروەردگارەوە ماڵاوایی لە دونیای فانی دەکا و بە کۆچە دڵتەزێنەکەی کەسوکار و دۆست و نزیکانی نوقمی خەمێکی قووڵ و شادیبەزێن دەکا.

کۆچی دوایی ئەم برا خۆشەویستە و ئەم بانگخوازە خزمەتگوازرەی لەدایکبووی ناوچەی نەڵاسی شاری سەردەشت کە لە مەودای تەمەنی پڕپیت و کورتی وەک لاوێکی ئەمەگناس و چالاک و تەژی لە هێز و وزە و دڵسۆز و خولیای پێشکەوتی خاک و وڵاتەکەی دەرکەوت، دەردێکی یەگجار دڵتەزێن و خەفەتهێنەر بوو کە سەرجەم دۆست و ناسیاوێکی خەمبار کرد.

بڕوا بە کاربەجێی و حیکمەتی بێبڕانەوە و تەگبیری پڕ لە نهێنی خوداوەندی مەزن و مێهرەبان و ڕەوتی ئاسایی ژیانی مرۆڤ، هەر وەک خۆشی ئەفەرموێ: «الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا»، باشاری ئەم خەسارە و کەوتنی ئەو کۆسپە سانا دەکاتەوە.

ئیسلاح وێب بە بۆنەی کچی دوایی ئەم کەسایەتییە هەڵکەوتوویە، پڕ بە دڵ هاوخەمی خۆی دەردەبڕێ و  پرسە و سەرەخۆشی خۆی ڕادەگەیینێ و وێڕای ڕازیبوون بە خواست و ویستی خوداوەند، لە بارەگای یەزدانیدا بۆ ئەو یارە بەڕێزە و ئەو خۆشەویستە کوچکردووە بەهەشتی بەرین و بۆ کەسوکاری و نزیکانی سەبر و خۆڕاگری داوا دەکات.

.:: نوێ‌ترین ::.