پیاوێک به دلێکی پڕ لە هەتاوی عیشق و ئاوات کە کەمتر یادی لێ کراوە

پیاوێک به دلێکی پڕ لە هەتاوی عیشق و ئاوات کە کەمتر یادی لێ کراوە

بەهمەن فەریوەر ناسراو به "سۆران کوردستانی" ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی بەرامبەر به ١٩٥٥ی زایینی له شاری هونەرپەروەری سنە پێی ناوەتە دنیا. سۆران کوردستانی نووسەر، شاعیر و مێژوونووسی کوردی ئێرانه. له دایکیڕا له بنەماڵەی شێخانی مەردوخیی هەورامان (نەوەی شێخ محەممەدی مەردووخی کوردستانی) بوو.

 سۆران کوردستانی دوای فامکردنەوە له شارەکانی سنە، کرماشان، مەشهەد، ئەردەبیل، مەهاباد و ورمێ درێژەی به خوێندن داوه و ساڵی ١٣٥٥ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر به ١٩٧٥ی زایینی له دەبیرستانی ژماره سێی خارەزمی تاران دیپڵۆمی وەرگرت. 

هەر ئەو ساڵە لە کۆنکووڕی سەرتاسەریی زانستگاکانی ئێران بەشداری کردووە و لە دوو رشتەی حوقووقی قەزایی زانستگای میللەلی تاران (شەهید بێهێشتی ئێستا) و ڕشتەی پزیشکیی زانستگای تاران وەرگیراوە. لە نێوان ئەم دوو ڕشتەیەدا، رشتەی پزیشکی هەڵبژاردووە و ئیتر بەم جۆرە خوێندنی باڵای خۆی درێژە پێ داوە. هاوکات لەگەڵ خوێندنی ڕشتەی پزیشکی، چووەتە خزمەتی مامۆستایانی پایەبەرزی رشتەی ئیلاهییات و ئەدەبییات و بەم چەشنە لە خەرمانی زانست و تەجرەبەیان بەهرەی وەرگرتووە. ئیتر بەم جۆرە سۆران کوردستانی کەتووەتە سەر ڕیبازی زانست و لیکۆلینەوە و بە شۆر و شەوق و ئیشتیاقێکی زۆرەوە ئەم رێگا پیرۆزەی گرتووەتە بەر و بوارەکانی جۆراوجۆر و دژواری سەرکەوتنی لە هەورازەکانی زانین و تەجرەبەدا بڕیوە.[١]

سۆران گەرچی دەیتوانی به شێوەیەکی ئازاد له زانستگایەکی ئاسایی درێژه به خوێندن بدا، بەڵام به هۆی دەستەنگی له بوورسییەی ئەڕتەش کەڵکی وەرگرتووه و دوای تەواوکردنی خوێندن وەک پزیشکی ئەڕتەش دامەزراوە و خەریکی کار بووه. هاوکات لەگەڵ درێژەدان به خوێندن له زانستگادا به هۆی عەلاقه و هۆگرییەک کە بووویەتی لێکۆڵینەوەی خۆی له بەشی فەرهەنگی، مێژوو، ناسینی ئایینەکان، زمانناسی، کۆمەڵناسی و فەرهەنگی نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێ کردووه و دوای ٣٩ ساڵ کاری بەردەوام نزیک به هەزار وتاری نووسیوە.

دواتر لەبەر ئەوەی بۆ ماوەیەکی زیاتر له کاری پزیشکی ئەڕتەشدا دەوامی نەهێناوه به هۆگەلێک که به دڵنیایی دەبێ له ژیاننامەیدا نووسیبێتی واز لەو کاره دێنێ و لەبەر ئەوەی ماوەی تەعەهود و مەرجی خزمەتی له کارەکەیدا بە سەرنەچوو بوو بۆ هاتنه دەر لەو کاره ناچار به دانی غەرامه دەبێ و به یەکجاری دێته نێو مەیدانی فەرهەنگ و ئەدەبەوە. ماوەیەک له تاران دەبێ؛ شوێنێک وەک مەتەب دادەنێ و به کەڵکوەرگرتن لە گیاگەلی دەرمانی چەند جۆر دەمامکی جوانکاری ساز دەکا و لایەنگری زۆر دەبێ، بەڵام ئەو که هەوای گەڕانەوە بۆ مەوتەن و به تایبەت خزمەت به فەرهەنگ و ئەدەبی وڵاتەکەی لە دڵدا ئەبێ، پاش نووسینی کتێبی "ئیکسیری زیبایی" بەرەو سنە و پاشان بۆ مەهاباد و دوایه لەبەر تەنگ و چەڵەمەی ژیان ماڵی دێنێته ئاوایی گوێکتەپە و له ماڵی خەزووری نزیک دەبێتەوه. ساڵی ١٣٧١ بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک ماڵی دەباته ورمێ و بۆ یەکەم جار له زانستگای ورمێ ڕێوڕەسمی یادمانی ھەڵەبجە بەڕێوه دەبا و ڕاستەوخۆ هاوکاری خۆی دەگەڵ ناوەندی سەلاحەددینی ئەییووبی بۆ بەڕێوەبردن و چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری سروه دەست پێ دەکا و لەو دەرفەتەدا جگه له به چاپ گەیاندنی چەند بەرهەمی خۆی، دوو دەوره کلاسی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی کوردی دادەنێ و تا ڕادەیەکی زۆر له کارەکەیدا سەرکەوتوو دەبێ. 

له سەر داوای ئوستانداری وەخت بانگێشتی سنە دەکرێتەوه و ئیمکانی لێکۆڵینەوەی بۆ چەند بابەتی فەرهەنگی بۆ فەراهەم دەکرێ و تەنانەت گەڵاڵەی پێکهێنانی ئەنیستیتۆی کورد دادەڕێژێ، بەڵام لەبەر جیاوازیی بیر و بۆچوون، لەوێش دەوام ناهێنێ و دەگەڕێتەوه گوێکتەپە. له ساڵی ٧٥ تا ٧٧ لەوێ دەمێنێتەوه و پاشان ماڵی دەباته بۆکان و چوار ساڵ و نیو لەوێ نیشتەجێ دەبێ و لەو ماوەیەدا جگه له کاری گیادەرمانی، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو به ئەنجام دەگەیێنێ و سەرەنجام له ساڵی ١٣٨١ تا کۆتایی ژیانی له مەهاباد دەمێنێتەوه و بەر له هەموو شتێک هەوڵ دەدا به دانانی پێشانگا و پەیوەستبوون به ناوەندەکانی فەرهەنگی به تایبەت ڕادیۆتلەڤیزیۆنی مەهاباد و ورمێ چەرخی ژیانی بخاته گەڕ و جێدەستێک له بەرنامەکانی زانیاری و فەرهەنگی و ئەدەبیدا بکاتەوه. به شوێن ئەو ئاواته ئەرکی وەرگێڕان و دووبلەی چەند زنجیرەفیلم وەئەستۆ دەگرێ، بەڵام وەختایەک دەبینێ به دەسکەوتی ئەو کاره کون و کەلەبەرەکانی ژیانی بۆ پڕ نابێتەوه، له زانستی خۆی سەبارەت به ڕووەک و گیایەکان کەڵک وەردەگرێ؛ بۆ بەڕێچوون و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی پیشەی گیادەرمانی هەڵدەبژێرێ و بۆ یەکەم جار مەکۆیەکی گیادەرمانی بۆ ئەو کاره دادەنێ.

هاوکات بۆ چەند جارێکیش لە شارەکانی سنە و مەهاباد و بۆکان و سەردەشت پێشانگای کوردستانناسی بەرپا دەکا.

له شێعرەکانی دوو شێعری له لایەن دەنگ خۆشانی سنە بەڕێزان "هادی زەندسەلیمی" و "محەممەد ئەحمەدزاده" و "عومەر عەبدی" له نەغەدە کراونەته ئاواز و گۆرانی و بڵاو بوونەوه و شێعرەکانی "شارەکەم سنه" و "دایک" له دوایین بەرهەمەکانی شێعری ئەو خودالێخۆشبوویەن.

سۆران له دەورانی خوێندنیدا له ورمێ دەگەڵ محێدین ئیسماعیلپووری دانیشتووی مەهاباد هاوکلاس و دۆستایەتییان خۆش دەبێ و بەردەوامی ئەو دۆستایەتییه دەبێته هۆی زەماوەند لەگەڵ خاتوو نازەنینی خوشکی. ئەو خاتوونه بەڕێزه به ڕەفتاری له خۆبوردووانەی له ماوەی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ سۆراندا ئەوپەڕی ڕووسوری له خۆی دەنوێنێ و وەکوو نموونەی ژنێکی بەوەفا خۆی ئەسەلمێنێ.

سۆران کوردستانی بە دریژایی بوارەکانی جۆراوجۆری ژیانی، مەحزەری دەیان مامۆستای پایە‌بە‌رز و ئوستادی لێهاتووی دەرک کردووە و گەیشتووەتە خزمەتی گەلێک لە زانایان و گەورەپیاوانی کورد و فارس و لە کۆمای زانست و تەجرەبەیان کەڵکی وەرگرتووە و لە تیشکی مەعنەوییەتی ئەوان بەهرەمەند بووە و سوودی وەرگرتووە. ئەم کەسایەتییانە بریتی بوون لە:

ـ ئایە‌توڵڵا ناسری مەکارمی شیرازی.

ـ ئایەتوڵڵا جەعفەری سوبحانی.

ـ مەڕحوومی پروفیسۆر موحسینی هەشتروودی.

ـ‌ مەڕحوومی دوکتور موحەممەد سدیقی موفتی‌زادە.

ـ مەڕحوومی مامۆستا عەبدوڕەحمانی شەرەفکەندی (هەژاری موکریانی).

ـ دوکتور بە‌هرامی فرەوەشی ئوستادی زانستگای تاران.

ـ خوالێخۆشبوو مامۆستا سەیید ئیبراهیمی ستوودەی کوردستانی.

ـ خوالێخۆشبوو مامۆستا خاڵەمینی بەرزنجی شاعیری موکریانی.

هەروەها ئوستادەکانی تری سۆران کوردستانی لە زانکۆی پزیشکیی زانستگای تاران بریتی بوون لە:

دوکتور موحەممەد سادقی ڕوجحان (ئوستادی هیستۆلۆژی) و گیادەرمانی/ دوکتور ناسری مەلەک‌نیا ئوستادی بیۆشیمی/ دوکتور نەزەری ئوستادی ئیمۆنۆلۆژی/ ئوستادانی فیزیۆلۆژی: خانمی دوکتور نادرەی موهتەدی و خانمی دوکتور سورەییا کامیاب و دوکتور سادقی و دوکتور ئیعتسامی و دوکتور زەڕابی و دوکتور فەڕوخی شادان و دوکتور بێهزاد / ئوستادانی ئاناتۆمی: دوکتور خالدیان و دوکتور بە‌ِهرامی ئیلاهی و دوکتور کەوسەری/ دوکتور عارفی ئوستادی قەلب و عرووق/ دوکتور مەنووچێهری قاروونی توستادی قەلب و عرووق/ دوکتور جەمشیدی و دوکتور سەوادکووهی ئوستادانی بەشی ئۆرتۆپێدی/ دوکتور موحەممەدی مەلیک ئوستادی بەشی منداڵان/ دوکتور عەلیڕەزا یەلدا و خانمی دوکتور گیتی سەمەر ئوستادانی بەشی عوفوونی/ دوکتور ئەردەهاڵی ئوستادی بەشی پێست/ دوکتور عەلی ئەکبەری ویلایەتی ئوستادی بەشی فیزیۆپاتۆلۆژیی سیل/ دوکتور ویلیام مورادخان ئوستادی داخڵی و قەلب و عرووق.[٢]

بەرهەمەکان:

یەکەم کاری ئەدەبی و فەرهەنگیی سۆران کوردستانی لە ساڵی 1353ی هەتاوی، وەرگێڕانی کتێبێک لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسی بووە بە ناوی "حەوت دەستووری بەختەوەری و سەرکەوتن". لەو کاتەدا سۆران لە شاری تاران لە پۆلی چوارەمی دەبیرستان (ناوەندی)‌ خوێندوویەتی[٣].

دوکتور سۆران جگە لە سەدان وتار و بابەت، دەیان کتێبی چاپ کراو و چاپ نەکراوی هەیە کە یەکێک لە لە گرینگترینیان "فەرهەنگێکی دە بەرگییە" کە بە شێوەی فیش نووسراوە ؛ بەڵام هەزار مەخابن؛ بەداخەوە هێشتا لە چاپ نەدراوە.

لەو ئاسەوارانەی به چاپی گەیاندوون هێندێکیان له تیراژی زۆر و هێندێکیان له تیراژی کەمدا بڵاو کراونەتەوە کە ئەوانەی تا ێستا زانیارمان لەبارەیانەوە هەیە بریتین لە:

١-ڕێزمان

٢-تەقویمی سۆران

٣-کوردی فێر بین

٤-ئیکسیری زیبایی

٥-ڕەساڵەی عیشق

٦-چەپکێ نەرگس

٧-دوو ڕشته یاقوت و مەرجان

٨-خوا یارت بۆ

٩-ڕۆڵە بزانین

١٠-فێرکردنی سەرەتایی زمانی کوردی (بۆ پۆلی یکەم و دووەم به جودا)

١ا-مەنزوومەی کوردی "شاهۆ گیان سڵاو"

١٢-قەباڵه کۆنەکانی هەورامان

١٣-ژینەژان

....

کۆچی دوایی:

دوای چەند ساڵ ژیان لێره و لەوێ جارێکی دیکه له گوێکتەپەیڕا دەچێته مەهاباد و لەوێ ماڵۆچکەیەک پێکەوه دەنێ و دەکەوێته چالاکیی فەرهەنگی و لێکۆڵینەوه. ئەو که زمانێک بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە به پێیان به دێهاتەکاندا دەگەڕا و شاخ و کێوەکان لە ژێر ڕکێفیدا بوون، ئەو جار بۆ نووسینەوەی ئەو شتانەی بەدەستی هێنابوون ناچار دەبێ له ماڵێ دابنیشێ و بیاننووسێتەوه؛ بەڵام  کوتوپڕ تووشی نەخۆشی شەکره دەبێ. هەر چەند به لێزانی خۆی و ڕێنومایی پزیشکان هەوڵی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو نەخۆشییه دەدات، بەڵام هەوڵ و پارێزەکانی بێسوود دەبێ و له ئاخری پاییزی ساڵی ١٣٧٨ ناچار دەبن لاقی چەپی ببڕنەوە، هە بۆیە لەمەو دوا دەورانێکی تاڵتر له پێشووی ژیانی دەست پێ دەکا. لە لایەک بنەبڕ نەبوونی شەکرەی خوێنی و لە لایەکی ترەوە وەزن و قورسایی لەش و سەرهەڵدانی برین و ئازاری نوێ پەکی هەڵسووڕانی دەخەن و که تەنانەت سەرکەوتن له پلیکانێک بۆی دەبێته عەزابێکی گەوره و ناتوانێ ئەو جوری پێویسته هاموشۆی دۆستان و هاوبیرانی بکا، کەچی هەندێک له دۆستان لەبەر ئەوەی قەت جارێک به پێڵاوی ئەو به ڕێدا نەڕۆیشتبوون، ئەو دوورەپەرێزییەی سۆرانیان به جۆرێک به خۆبەزلزانی ئەو دەزانی.

 سۆران خاوەنی ڕووحێکی گەوره بوو. هەوڵی دەدا نەخۆشی له خۆی نیشان نەدا و لە حاڵێکدا لەوپەڕی کێشانی ڕەنج و ئازاردا بوو، وای دەنواند له هەموو کەس ساغتره و هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کەسانی دیکه دەدا، بەڵام سەرەڕای ئەم گشتە خۆڕاگرییەوه شەکرەی خوێن دەستی لێ هەڵنەگرت و له مانگی سەرماوەزی ١٣٩١ گورچیلەکانی لە کار خست. کەوته بەر دیالیز و وردەورده ئەو نەخۆشییه شوێنەواری له سەر دڵی دانا و لە ڕێکەوتی ١٣٩١/١٢/٠٩ی هەتاوی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەدەنی تەورێز کرا و سێ ڕۆژ دواتر نەشتەرگەری دڵیان بۆ کرد و سەرجەم له چاردەی ڕەشەمەی ١٣٩١ڕا تا سی خاکەلێوەی ١٣٩٢ بۆماوەی چل و حەوت ڕۆژ له کۆمادا بوو. سەرەنجام له پازده دەقەی سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣٩٢/٠١/٣٠ دڵی بریندار و پڕ له عیشق و ئاواتی بۆ هەمیشه له خورپه ڕاوەستا و خزم و کەسانی تەرمی بێ گیان و ئازارچێشتوویان هێناوه مەهاباد و هەر ئەو ڕۆژه هاوکات دەگەڵ بانگی ئێوارێ لەوپەڕی غەریبیدا له تەنیشت گۆری شاعیرێکی له خۆی غەریب تر به ناوی قادر لوتفیانی له ئارامگای هونەرمەندان ئەسپەردەی خاک کرا و بۆ هەمیشه ماڵاوایی لێ کردین.

...........................................

تێبینی: پاڕاگڕافەکانی [١] و [٢] و [٣]، لە ماڵپەڕی دوکتور سۆران کوردستانی وەرگیراون کە بە وتارەکەی بەڕێز "ڕەسووڵ ئەحمەدڕەش" پەیوەست کراون.

...................

سەرچاوەکان:

١-گۆڤاری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئەدەبی مەهاباد - ژمارەی ١٤٦ - لاپەرەی ٢٨ تا ٣٠ 

٢- ماڵپەڕی دوکتور سۆران کوردستانی؛ www.sorankurdistani.com

تصاویر ضمیمه: 
وێنـــــه‌كه‌م پــێشكه‌ش به تۆيه با بميــێـنێ يادگار / خۆڵی به‌ر پێی ئه‌و كه‌سه‌م دڵسوزه بو كوردی هه‌ژار
پیاوێک به دلێکی پڕ لە هەتاوی عیشق و ئاوات کە کەمتر یادی لێ کراوە

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)