لەنێوان ناو و ناوەڕۆك و واتا و واقیعدا برا، موسوڵمان، ئیسلام (برایه‌تیی موسوڵمانان)،

لەنێوان ناو و ناوەڕۆك و واتا و واقیعدا برا، موسوڵمان، ئیسلام (برایه‌تیی موسوڵمانان)،

بەداخەوە واقیعی ئەمڕۆی موسوڵمانان بە پەرتەوازەیی و سەنگەرگرتن و ڕەتكردنەوەی یەكتریدا گوزەر دەكات، لە كاتێكدا كه‌ ئایینی ئیسلام هات سەرسەختترین دوژمن و نەیاری كردنە دۆست و كۆی كردنەوە و لەژێر چەتری ئیسلامدا یەكی خستن. ڕەنگە دیارترین بەڵگەی ئەم دەعوایە كۆتاییهێنان بێت بە جەنگی (ئەوس و خەزرەج) كە شەڕێكی تایفەگەریی نێوان دوو هۆزی عەرەبی ئەوكات بوون و بە درێژاییی چەندین ساڵ بەردەوامیی هەبوو.

بەڵام خوای گەورە بە ناردنی پەیام و پەیامدارەكەی (د.خ) كۆتاییی پێ هێنا و لە سایەی نیعمەتی ئیسلامدا لە دووبەرەكی ڕزگاری كردن و بوون بە برا. بۆیە خوای گەورە بە بایەخەوە باسی گۆڕینی ئەو دژبوون و دووبەرەكییە بۆ برایەتی و پێكەوەسازان دەكات و دەفەرمووێت: [وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا وَكُنْتُمْ عَلَى شَفَا حُفْرَةٍ مِنَ النَّارِ فَأَنْقَذَكُمْ مِنْهَا كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ آَيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ].

كەواتە یەكێك لە ئەرك و كارە گەورە و لەپێشینەكانی ئیسلام، دروستكردنی پردی پەیوەندی و زنجیرەی پێكەوەبوون و پێكەوەژیانە، هەر ئەوەیش ئەسڵ و ئامانجە، هەر كەسێكیش بە هەر بیانوویەكەوە لەم بنەمایە لا بدات بێگومان ڕاستیی ون كردووە و لە حەق لای داوە.

جا من لەم دەرفەتە كورتەدا لەسەر هەركام لەو دوو چەمكە ڕەسەن و پەسەند و بەرفراوانەی (برایەتی) و (موسوڵمانیێتی) ڕادەوەستم و كورتەیەكیان لەبارەوە دەڵێم، هیوادارم بایەخدار و بەسوود بن.

 چەمكی یەكەم: برا و برایەتی

ئەم چەمكە هێندە بەرفراوان و لق و پۆپدارە، تەواوی بەرەی ئادەم لە سایەیدا جێیان دەبێتەوە و تەواوی مرۆڤەكان لەخۆ دەگرێت، چونكە لە دنیادا سێ‌ بازنەی برایەتیی سەرەكی، دەورەی مرۆڤیان داوە. خوای گەورە بە چەند بازنەیەكی جیاواز گرۆی مرۆڤایه‌تیی كردوون بە برای یەكتری، ئەوانیش بازنەكانی برایەتیی نەتەوایەتی، برایەتیی ئیمانی و برایەتیی ئینسانین.

بازنەی یەكەم: برایەتیی نەتەوەیی

خوای گەورە لە یەكەم بازنەی برایەتیدا ڕوو دەكاتە هەموو ئەو نەتەوانەی كە لە چێوەی نەتەوەییدا كۆ دەبنەوە، ئەم بازنەیە هەموو ئەندامانی ئەو نەتەوەیە له‌خۆ ده‌گرێت، هەروەك قورئانی پیرۆزیش بە برای یەكتر ناویان دەهێنێت.

خوای گەورە هەریەكە لە پێغەمبەرانی كردوون بە برای نەتەوەكەی خۆیان، وەكوو لەم ئایەتانەدا دەردەكەوێت: [وإلی عاد أخاهم هودا] . [وإلی ثمود أخاهم صالحا] . [وإلی مدین أخاهم شعیبا] .

ئەم پەیوەندیی برایەتیی نەتەوایەتییەیش لەگەڵ تەواوی تاكەكانی نەتەوەكەدایە، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەیش كە پێغەمبەران بە درۆ دەخەنەوە و ئیمانیان بە پەیامەكانیان نەهێناوە، خوای گەورە هێشتا پێغەمبەران بە برا بۆ ئەوان دا دەنێت: [كذبت قوم نوح المرسلین إذ قال لهم أخوهم نوح ألا تتقون] . [كذبت عاد المرسلین إذ قال لهم أخوهم هود ألا تتقون] . [كذبت ثمود المرسلین إذ قال لهم أخوهم صالح ألا تتقون] .

بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر ڕەنگە ئەم دوو ئایەتەی باس لە پێغەمبەر شوعەیب دەكه‌ن باشتر مەبەستەكەمان بۆ ڕوون بكه‌نەوە:

 حەزرەتی شوعەیب تاكوو لەناو نەتەوەكەی خۆی_مەدیەن_دا دەژیا و بانگی دەكردن بۆ ڕاستەڕێی ئیسلام، خوای گەورە بە برای ئەوانی ناو ده‌برد: [والی مدین أخاهم شعیبا] . هەرچەند ئیمانیشیان پێ نەهێنا و بە درۆیان خستەوە. بەڵام پاش ئەوەی نەتەوەكەی خۆی دەربەدەریان كرد، لێیان دوور كەوتەوە، چووە ناو هۆزێكی بێگانە و شوێنێكی غەریب (أصحاب الأیكة) كە لە نیشتمان و گەلی خۆی نەبوو، لەوێدا خوای گەورە شوعەیبی بە برای ئەو نەتەوە بیانییە ناو نەبرد، بەڵكوو تەنها وەك پەیامبەرێك ناوی هێنا و هیچی تر، وەك دەفەرمووێت: [كذب أصحاب الأیكة المرسلین إذ قال لهم شعیب ألا تتقون].

هەر لەبەر ئەمەیشە خوای گەورە بە پێغەمبەری خۆشەویست (د.خ) دەفەرمووێت: [وإنه لذكر لك ولقومك وسوف تسئلون] . واتە: ئەم قورئانە یادخەرەوەیە بۆ تۆ و بۆ نەتەوەكەیشت.

بازنەی دووهەم: برایەتیی ئیمانی

ئەو كامەرانی و خێر و خۆشییەی كە دەرەنجامی پیادەكردنی بەرنامەی ئیسلامە، سەرەتا لە هەر مرۆڤێكی موسوڵمانەوە دەست پێدەكات، ئەم بازنەیەیش كۆكەرەوەی تەواوی تاك و كۆمەڵ و نەتەوە موسوڵمان و باوەڕدارەكانە، بازنە بچووكەكەی پێشوویش (برایەتیی نەتەوەیی) لە ئامێز دەگرێت، بەبێ ئەوەی بیانبڕێت یان بیانسڕێتەوە، ئەمەیش واتای ئایەتی: [إنما المؤمنون إخوة]یه‌.

كەواتە بازنەی موسوڵمانی و باوەڕداریێتی، تەواوی نەتەوە و گەلانی موسڵمانی جیهان لە بازنەیەكی فراوانتردا كۆ دەكاتەوە، دەیانخاتە هاوشانی یەك و دەیانكاتە برایەكی سەرڕاست و دڵسۆز بۆ یەكتری؛ هەرچەندە نەتەوە و ڕەگەز و نیشتمانیشیان یەك نەبێت.

بازنەی سێهەم: بازنەی مرۆڤبوون

بەدوای دوو بازنەكەی سەرەوەدا بازنەیەكی فراوانتر دێت، كە تەواوی مرۆڤەكان لەبازنەی (برایەتیی ئینسانی)دا كۆ دەكاتەوە، ئەم بازنەیە هێندە گەورە و بەرفراوانە كە سەرەڕای جیاوازیی ڕەگەز و بیر و باوەڕ، تەواوی بەرەی ئادەمیزاد لەخۆ دەگرێت، ئەمەش بە دەقی ئایەتەكانی: [الذی خلقكم من نفس واحدە] . [یاأیها الناس إنا خلقناكم من ذكر وانثی].

ئەم دوو ئایەتە ئەوە بیری مرۆڤەكان دێننەوە كە هەموومان لە یەك دایک و بابین و نەوەی یەك خێزانین، بۆیە دەبێ مامەڵەمان لەگەڵ یەكدیدا بە كەسایەتی و دۆستایەتی بێ و سەرنجیشمان ڕادەكێشێت بۆ وەفاداربوونمان بەرانبەر یەكتر و بەرز و زیندووڕاگرتنی پەیوەندییە مرۆڤییەكان. هەر لە بازنەی برایەتیی ئیمانییشەوە، بانگەوازی ئیسلامی ڕوو دەكاتە ئەم بازنە فراوانەی برایەتیی ئینسانیبوونە، تا بە هۆی ئیسلامەوە بمانخاتە نێو بازنەی برایەتیی ئیمانییەوە، [تبارك الذی نزل الفرقان علی عبده لیكون للعالمین نذیرا].

بۆیە بە پشتبەستن بەم لێكدانەوەیە دەگەینە ئەو ڕاستییەی بڵێین: زۆر ئاسان و ئاساییە هەموو مرۆڤەكان -سەرباری جیاوازیی دەنگ، ڕەنگ، سەنگ، ڕەگەز، تەمەن، زمان، نەریت و بیر و باوەڕیان- پێكەوە برا و تەبا بن و لە هەمانكاتدا دوور بن لە تەفرەقە، سەنگەرلێكگرتن، لێكترازان و هەستیاربوون بەرانبەر یەكدی.

ئێمەی كوردی موسوڵمان خۆشبەختانە هەموو بازنەكانی سەرەوە دەمانگرێتەوە و كەوتووینەتە چەقی هەموویشیانەوە، بەڵام بەداخەوە وا دەبینین پەرتەوازەیی و دەستەگەرایی لێكی دابڕیوین و مه‌ودایەكی زۆر له‌ نێوانمانە، بە ڕادەیەك جاروبار یەكتر دەخەینە دەرەوەی هەموو بازنە بەرفروانەكانی پێشووەوە، كە ئەمەیش دووركەوتنەوەیە لە ڕووحی ئیسلام و بەها بەرز و پیرۆزەكانی.

خۆ ئەگەر هات و لەنێو ئەم بازنانەدا خۆمان و ئەوانیترمان نه‌بینییەوە و یەكتریمان قبووڵ نەكرد، ڕێزمان لە ئیرادە و بیروڕای پەسەند و ئیختیلافی شەریفانەی یەكتر نەگرت و ئەم چەترە گەورانەی برایەتی كۆی نەكردینەوە، ئەوا پەرتەوازە دەبین، ناكۆكییەكانمان قووڵتر دەبنەوە، گشت جوانییەكان لە دەست دەدەین و سەرەنجامیش شكست دەهێنین و ئەوەشی پێشینە باشەكانمان بنیاتیان ناوە لە دەستمان دەچن و دەیانڕوخێنین.

خوای گەورە دەفەرمووێت: [ولاتنازعوا فتفشلوا وتذهب ریحكم].

له‌باره‌ی وشەی (ریح)ی نێو ئایەتەكەوە هەر یه‌كه‌ لە "ئه‌خفه‌ش"، "ئه‌بوعوبه‌یدە"، "به‌یزاوی"، "جه‌لاله‌ین" و "ئه‌بوحه‌ییانی ئه‌نده‌لووسی" و ژمارەیەكی تری زانایان فەرموویانە: مەبەست لێی (دەوڵەت و هێزە) واتە بەهۆی ناكۆكیی نێوخۆیی و ناڕێكیی ڕیزی موسوڵمانانەوە هێز و وزە و تواناكان لە دەست دەدەن و دەوڵەتەكەتان دەڕوخێت.

چەمكی دووهەم: موسوڵمان و موسوڵمانیێتی

 ئەو ئایەت و فەرموودانەی فەرمان بە یەكڕیزی و تەباییی نێو موسوڵمانان دەكەن گەلێك زۆرن، ئێمە لەم دەرفەتە كورتەدا توانای خستنەڕووی هەموویانمان نییە، بەڵام بە كورتی دەچینە خزمەت دوو فەرموودەی شیرین، لە یەكێكیاندا خۆشەویستمان (د.خ) موسوڵمانان دەشوبهێنێت بە بینا و تەلارێكی پێكەوە بەستراو و پەیوەستەوە.

لە دووەمیشیاندا دەیانشوبهێنێت بە جەستەی مرۆڤێكەوە.

ئەم دوو فەرموودە پیرۆزە تابلۆ و نیگارێكی قووڵ لە زەینی باوەڕداراندا ده‌كێشن، چونكە ئەگەر بێتو هەموومان پێكەوە پێكهێنەر و تەواوكاری یەك تەلار بین و بەش و ئەندامی یەك جەستە و لاشە بین، ئەوا یەكتری تۆكمە و بەهێز و دامەزراو دەكەین و تەواوكار و پاڵپشتی یەكدی دەبین، هه‌روه‌ها خۆشی و ناخۆشییەكانیشمان وابەستە و ئاوێتەی یەكتر دەبن.

چونكە ئەگەر چاو ئازاری هەبێ و فرمێسك بڕێژێت، ئەوكات دەست فرمێسكەكانی چاو دەسڕێت، كاتێك دەست ئازاری هەبێ چاوەكان فرمێسكی خەم و ئازاری بۆ دەڕێژن. بەم چەشنە هەموو ئەندامەكانی جەستە لە خەم و ئازاری یەكتریدا دەبن، ئەوكاتیش هیچ ئەندامێك بە زیادە نازانرێت و ئەمیان ڕقی لەو ئەندامەكەی تر نابێ و هەبوونی نادیدە ناگیرێ، بەڵكوو بەپێچەوانەوە بەبێ یەكتری، ناتەواو و ناكام دەبن. كەواتە موسوڵمانانیش هەروەها...

نابێ و ناكرێ هیچ موسوڵمانێك ڕق و ئیرەییی بەرانبەر بە ئه‌وی تر هەبێ، بەڵكوو هەموو پێكەوە تەواوكاری یەكترن.

ئێمەی موسوڵمان گەر بێتو بەربڵاو و دوورەپەرێز و دەستە-ده‌سته‌ بین بێگومان بچووك و لاواز دەبین، ئەگەریش كۆك و كۆ بین ئەوا ژمارە و قەبارەمان گەورە و گران دەبێت.

 بۆ نموونە هەركام لە دەستە و گرووپە جیاوازەكانی موسوڵمانان ژمارە (1)ی بۆ دابنێین و دوور لە یەكتر بن، كاتێك بمانەوێت كۆیان بكەینەوە، وا دابنێین سێ گرووپن واتە سێ ژمارە 1، ئەوا لە ئەنجامدا كە كۆیان دەكەینەوە بە هەرسێكه‌یانەوە یەكسان دەبن بە ژمارە 3. بەڵام هەر ئەم ژمارە یەك(1)انە بیانهێنینە تەنیشت یەكتر و لە پاڵ یەكدی دایان بنێین، ئەوكات ژمارەیەكی گەورەترمان دەست دەكەوێت و ئەنجامەكەی دەكاتە (111)، چونكە پێشتر لێك دوور بوون و بە كۆكردنەوەیان بوون بە (3). بەڵام ئیستا كە لە تەنیشت یەك و هاوتا و هاوڕێی یەكترن، دەرەنجامەكەیش گۆڕاوە و ژمارەكە گەورەتر بووە زیادی كردووە و بەهاكەی بووە بە (111) .

بێگومان ئەم بیردۆزە بە نیسبەت دەستە و تاقمە موسوڵمانە لێكترازاوەكانی نێو ئیسلام هەمان شتە، كەواتە بۆ ئەوەی زۆر و بەهێز بین، سەنگمان هەبێ و ژمارەیەكی بەرچاو و حیساب بۆكراو بین، دەبێ شانبەشانی یەكتر و لەپاڵ یەكتردا بین تاكوو لە گشت كات و شوێنێكدا سەنگی ڕاستەقینەمان دەر بكەوێت.

 چەمكی سێهەم: ئیسلام و ئیسلامەتی

ڕێگەچارەی خێرا و هەنووكەیی بۆ هێنانەدیی ئەو ئامانجەی سەرەوە، دەبێ یەكەم هەنگاو لەوەوە دەست پێ بکرێ كە هەموو ئەو ناوونیشانە دروستكراوانەی لە دوای سەردەمی زێڕینی خۆشەویستەوە هەریەكە لە خۆی ناوە و بانگەشەی حەقبوونیان بۆ دەكه‌ن، بەزوویی لە خۆمانیان داماڵین و چیتر بەكاریان نەهێنین، چونكە خودای گەورە ڕەزامەندیی نیشانداوە لەوەی ئایین تەنها ناوی (ئیسلام) بێت، هه‌روه‌ها هەر چەشنە ناوێكی تر بخرێتە پاڵی یاخود بكرێتە جێگرەوەی ئەوا بیدعە و داهێنراوە.

خودای پەروەردگار لە سوورەتی (ئالی عیمران)دا ئەمەی یەكلا كردووه‌تەوە و فەرموویەتی: [إن الدین عند الله الإسلام]. واتە: ئایین لە میزانی خوادا تەنها ئیسلامە.

ئەم ئیسلامبوونەیش هەر لە دێرزەمانەوە خوای گەورە بڕیاری لەسەر داوە و گەورەترین ناسنامە و فەخرە بۆ پەیامهەڵگرانی ئیسلام: [ومن أحسن قولا ممن دعا إلی الله وعمل صالحا وقا إننی من المسلمین]. [وإنی من المسلمین]. [وأمرت أن أكون من المسلمین].

باوكی پێغەمبەرانیش حەزرەتی ئیبراهیم (د.خ) هەمان ئەم ناوە موبارەكەی لێناوین و بە (موسوڵمان) ناوی هێناوین: [ملة أبیكم إبراهیم هو سماكم المسلمین من قبل].

پێغەمبەری كۆتا زەمانیش (د.خ) تەنها ئاماژە بە ناوی "ئیسلام" و دەستەواژەی "موسوڵمان"دەكات و دەفەرمووێت: ((فادعوا بدعوة الله التی سماكم الله بها المسلمین)) . واتە: بە ناوی خوداوە بانگی خەڵكی بكەن بۆ ئیسلام، خودا خۆی ناوی ئێوەی بە موسوڵمان هێناوە.

لەم دەقانەی سەرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی بڵێین: هەموو ئەو ناوە جۆربەجۆر و جیاوازانەی كە لەنێو مسوڵماناندا پەیدا بوون، هیچیان لەسەر بنەمایەكی دروست و بەڵگەدار دانەمەزراون، بەڵكوو تاكە ناوێك كە خودا بڕیاری لەسەر دابێت و جێگەی قبووڵ و ئیعتیبار بێت تەنها و تەنها "موسوڵمان"ه‌ و هیچی تر.

هەروەها پێویستە دوور بكەوینەوە لە بەكارهێنانی دەستەواژەی جیاواز و جۆراوجۆر و داتاشینی ناسنامەی "تائیفەی مەنسورە" و "فیرقەی ناجیە" و "تائیفەی حەقە" كە هەر تاقمە و بۆ خۆیی قۆرخ كردووە و بە خەیاڵی خۆی ئەمان لەسەر حەقن و كۆی ئەوانی دیكەی جگە له‌ خۆی، گومڕا و لادەرن، جا پێشتر بن یان پاشتر، ئەم تێزیش بێگومان پێچەوانەی پرەنسیپی قورئان و ئایەتی: [إن أكرمكم عند الله أتقاكم]ە.

بۆیە چارەسەری هەنووكەیی و لەپێشینە ئەوەیە لە ژێر چەتری ئیسلامدا و بە ناسنامەی موسوڵمانەوە هەمووان كۆ ببینەوە. ئیسلام یەكمان بخات و پشتئەستوورمان بكات بە یەكتری، هەروەك خودای گه‌وره‌ فەرمان بەم یەكگرتن و برایەتی و دووركەوتنەوە لە تەفرەقەیه‌ دەكات و دەفەرمووێت: [واعتصوا بحبل اللە جمیعا ولا تفرقوا] .

لە كۆتاییدا ئەم ئایەتە وەبیر گشت لایەك دێنمەوە كە خوای گەورە تێیدا هەست و ویژدانمان دەبزوێنێت و دەفەرمووێت: [فاتقوا الله وأصلحوا ذات بینكم].

ده‌نگێ نه‌دراوه