جیاوازیی نێوان کەسێکی چەقبەستوو و کەسایەتی ئاوەزمەندی گۆڕانخواز

جیاوازیی نێوان کەسێکی چەقبەستوو و کەسایەتی ئاوەزمەندی گۆڕانخواز

پێشینیانی ڕەحمەتیمان گوتوویانە: ئەگەر ئاو بۆ ماوەیەکی زۆر لەجێی خۆی بمێنێتەوە، بۆگەنیو دەبێ؛ هەر بۆیە هەرکەسێک ئەبێ، جووڵەی ناوەکی تایبەت بەخۆی هەبێ. 

سایکۆلۆژیستەکانی سەر بە شەپۆلی سێهەمی سایکۆلۆژیا دەڵێن: کەسایەتیی مرۆڤ لە پێنج ڕەهەند پێک هاتووە. سێ ڕەهەندیان ناوەکین کە بریتین لە بیرو باوەڕ، ڕەهەندی عاتیفە، هەستەکان و ڕەهەندی ویست و ئیرادە و هەروەها دوو ڕەهەندی دەرەکیش کە بریتین لە وتار و کردەوە و بەگشتی ڕەفتار یان کردار یان زمانی لەشی ئینسان.

مرۆڤی زیندوو، کەسێکە کە گەشە و نەشەی لەو پێنج ڕەهەندەی بوونیدا، هەبێ و شوناسێکی پوویا و داینامیکی ببێ‌ و وەک دەماسەنج بەردەوام پلەی گەرمای ئەو شوێن ‌و کاتە پیشان بدا کە تێیدایە. مرۆڤی زیندوو و حەقخواز بەردەوام لەنێوان باوەڕ و بیروڕاکانی و بەڵگە و داکیۆمێنتەکانی هاوسەنگی بەدی دێنێ و ڕادەی هۆگریی تیۆر و پابەندی کردەییی خۆی بە باوەڕێک لەگەڵ بەڵگە و شاهیدەکان بەسوودی ئەو باوەڕە هاوتەریب دەکات. ئەگەر لەپاش هەوڵ ‌و تێکۆشانی بی رو هزر و لە ڕووی بەڵگە، پێچەوانەی باوەڕەکانی بۆ سەلما، ئاوا ئەو باوەڕە فڕێ دەدات و ڕەچاوی باوەڕێکی پشتئەستوور بە بەڵگە‌ و ئەرگۆمێنتی نوێ دەکات.

بەواتایەکی تر شوناسی مرۆڤی حەقخواز دەبێ حاڵەتێکی پوویای هەبێ و نە لە دۆخێکی ئیستاتیک و چەقبەستوویانەدا بمێنێتەوە. ئەوانەی شوناسی خۆیان لەگەڵ باوەڕێکی تایبەتی نەگۆڕدا، لێک گرێ داوە، ئاوا ئەو باوەڕەیان کردۆتە بەشێک لە شوناسی خۆیان و مۆری شوناسێکی نەگۆڕیان لە کەسایەتیی خۆیان داوە و هەرکات بەرگری لەو باوەڕەش دەکەن وەک بەشێک لە هۆییەت‌ و شوناسی تاکەکەسی خۆیان لێی دەڕوانن و بەرگری لە خۆیان نەک لە باوەڕەکە دەکەن.

ئەوانە باوەڕەکانیان حاڵەتێکی میراتی، هۆکاری(علتی) و تاکڕەهەندی و بێبەڵگە و... یە و بۆیەش کەمتر گۆڕانیان پێوە دیارە و تەنانەت زۆر جار، لەوانەیە پێچەوانەی قەناعەتەکانیان پیشان بدەن، چونکە پێیان وایە، ئەگەر بەگوێرەی قەناعەتی فیکریی نوێیان، بجووڵێنەوە، ئابڕوویان دەچێ و حەیسیەت و ئابڕووی خۆیان لەپێناوی باوەڕێکی دیاریکراودا ناوە.

لەکۆتاییدا دەمهەوێ ئەوە بڵێم کە باشتر وایە ئەو دەرەتانە بە تاک تاکی کۆمەڵگەمان بدەین کە ئازایەتی و ئازادی وەرگرتنی ڕای نوێ‌و  هەڵسوکەوت بەگوێرەی بیری نوێی خۆی پێ ڕەوا ببینرێ و کۆت و زنجیری باوەڕی کۆن و باو نەخەینە سەر بیر و هزری هیچکەسێکەوە و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لەو هزرە نەشیاو و دژەعەقڵییە بکەین کە لە کۆمەڵگەی عەشیرەتی پیاوسالاردا جەخت لەوە دەکا کە قسەی پیاو یەکە! بەجێی ئەوەیکە مرۆڤی بوێر کە شەهامەتی بیرکردنەوە و گۆڕان و گەشەی هەیە، بخەینە بەر تەوس‌ و پلار، باشتر وایە، خۆمان سەرکۆنە کەین و باوەڕەکانمان بەپێی ئەخلاقی باوەڕ، هەڵسەنگێنین، ئاخۆ، چەند گوزارە لە باوەڕەکانمان، هاوتەریبن لەگەڵ قورسایی بەڵگە و ئەرگۆمێنت و چەندە شەهامەتی گۆڕان و هەرەسی باوەڕەکانی خۆمان هەبووە و لە مەحکەمەی ئەخلاقی باوەڕدا چ پلەیەک وەدەست دێنین و چەندە عەقڵییەتی تیۆریک بەسەرماندا زاڵە و پابەندی ڕێساکانی ئەوین؟

 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)