ژنان چییان دەوێت...!؟

وه‌رگێر: 
دڵشاد ئیبراهیم
ژنان چییان دەوێت...!؟

ئارتوورشا بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سه‌ر ژنێکی لادێنشین، یەکێک لە پاڵه‌وانه‌كانی وڵاتەکەی به‌ سێدارە سزا دەدات. بەڵام شاژن به‌زه‌یيی به‌ قارەمانەکەدا هاته‌وه‌ و داوای لە پادشا کرد ده‌رفه‌تێكی پێ بدات، قارەمان بۆ ماوەی ساڵێك مۆڵەت درا، بە مەرجێک وەڵامی پرسیارێك به‌ده‌ست بهێنێت، ئەگەر وەڵامی دەست کەوت، ئازاد دەکرێت، بە پێچەوانەوە سزاكه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

پرسیارەکەیش ئەمە بوو: "ژنان چییان دەوێت؟!"

پاڵەوان بە درێژایيی ساڵێک بە دوای وەڵامدا گفتوگۆی لەگەڵ هەرچی زانا و دانادا بوو کرد؛ بەڵام هیچ کەسێک وەڵامێکی باوەڕپێکراوی نەدایەوە، لە کۆتاییدا گه‌ییشت به‌و شه‌وه‌ی بۆ سبەینێ لە سێدارە بدرێت. سێداریان لە ناوەڕاستی شاردا ساز و ته‌یار کرد، خەڵک بە نائومێدییەوە چاوەڕوانی گزنگی خەماویی بەیانییان دەکرد.

پاڵەوان لە کۆتا کاتژمێرەکانی شەودا، بە ده‌ڵه‌دێوێکی مڕومۆچی ناشرین گەییشت و بە بێزارییەوە پرسیارەکەی لە ئەویش کرد، ده‌ڵه‌دێو وتی: من وەڵامی پرسیارەکەت دەزانم؛ بە مەرجێک هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ بكه‌یت، قارەمان بە ناچاری پەیمانی هاوسەرگیریی له‌گه‌ڵ به‌ست، ده‌ڵه‌دێو وەڵامی دایه‌وه‌:

"ژنان دەیانەوێت خۆیان لە کاروبارەکانیاندا بڕیار بدەن."

پاڵەوان پێش هەڵهاتنی خۆر وەڵامەکەی دەداتەوە و لە مردن ڕزگاری دەبێت. بەیانیی هەمان ڕۆژ، کەشیش دێنن و ژنە لە قارەمان مارە دەکەن، پێش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ده‌ڵه‌دێو و پاڵەوان دەچنە ژووری هەنگوینییەوە، ژنه‌ لە ژوورەوە بە پاڵەوانەکە دەڵێت: "ئازیزم، با من ڕازێکت بۆ ئاشکرا بکەم، من سیحرم لێکراوە، نیوەیەک لە شەووڕۆژ پیر و ناشرینم ونیوەکەی تر گەنج و جوانم، ئەگەر دەتەوێت، شەوان لە باوەشتدا گەنج و جوان بم و به‌ ڕۆژ هاوسەره‌كه‌ت پیر و ناشرین دەبینرێت، یان بە پێچەوانەوە، ڕۆژ گەنج و جوان بم، تا ئابڕووت لای خەڵک پارێزراو بێت، بەڵام شەوان پیر و ناشرینم، کامیانت دەوێت؟"

ئەگەر تۆ بوویتایە کام بژاردەت هەڵدەبژارد؟

قارەمان لە لایەک خانه‌دان و ئابڕوودارە، نایەوێت ژنێکی ناشرین بە ناوونیشانی هاوسەری ژیانی بە هاوڕێ و دۆسته‌ ژنه‌ نزیکه‌كانی بناسێنێت، لە لایەکی تر نایەوێت هاوسەری ده‌ڵه‌دێوێك بێت، هەرچۆن بێت دەڵێت: هەرچی تۆ بتەوێت، من بە جێت دەهێڵم، خۆت بڕیار بدەیت.

ژنە جادوویی خۆشحاڵ دەبێت و دەڵێت: "مادام له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت گه‌ییشتی، تەلیسمەکە به‌تاڵ دەبێتەوە هەر بۆیە لە ئێستاوە بۆ‌ هەمیشە بە شەو و بە ڕۆژ دەبمە کچێکی گەنجی جوان."

ئەم ئەفسانەیه که – بە شێوازی جیاواز لە ئەدەبیاتی ئینگلیزدا دەبینیدرێ– داواکارییەکی گرنگ پێشنیار دەکات، دەتوانێت کێشەیەکی بنەڕەتیی ئێمە چارە بکات. بابەتێک كه‌ لە هەموو کۆمەڵگه‌یەکی مۆدێرنەدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوه‌، لەبەینچوونی تێگەییشتنه‌ لە نێوان ژن و پیاو. بەشێک لە کۆمەڵناسان باوەڕیان وایە؛ ئاریشەی نەبوونی تێگەییشتن لە نێوان شارستانەتییەکان و وڵاتانی جیهاندا، ڕیشەکەی بۆ لێکنەگەییشتنی ژن و پیاو لە زمانی یەکتری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئەی بۆچی ده‌ڵه‌دێو هەڵبژاردنی دا بە قارەمانەکە؟ بۆچوونی داستانەکە ئەوە نییە ژن خۆی ئەنجامگری بکات یان نا، بەڵکو گرنگ ئەوەیە پیاو تێ بگات؛ ژن مافی هەڵبژاردنی هەیە. کێشەی قارەمانه‌كه‌ لەوێوە دەستی پێکرد کە دەستدرێژی بۆ سەر کچێکی گوندنشین کرد، لە زمانی ئەفسانەدا، ئەوە پیاوسالارییه‌ بەرانبەر ژن. چی زیادەڕۆییەک لەوە زیاترە هەڵبژاردن لە کەسێک زەوت بکەیت؟!

یەکێک لە یەکترناسینەکانی ئێمەی ئێرانی ئەوەیە بە یەکتری دەڵێین "اختیار دارید=به‌ ئاره‌زوی خۆت"، هەروەها لە زمانەکانی دیکەیشدا ئەم یەکترناسینە بڵاوە. لە ئینگلستان دەڵێن: "بەو جۆرەی تۆ دەتەوێت". بە گشتی په‌یڤ و قسان کاتێک لە دڵ دێنە دەر، زمان بڵاوی دەکاتەوە. ئەفسانەکان بۆ ئەوەن ئێمە لە دڵەکان نزیک ببینه‌وه‌.

بەڵام ژنان چییان دەوێت و لە کام کاروباره‌یاندا دەیانەوێت ئەنجامگری بکەن؟ ئەفسانەی ئارتوورشا ئاماژەی بەوە داوە، ژنان دەیانەوێت لەو کاروبارانەی پەیوەستە بە ئەوانەوە، خۆیان بڕیار بدەن و ئەنجامگری بکەن، بەڵام پرسیار ئەوەیە چ کاروبارێک پەیوەستە بە ژنانەوە؟ ئەگەر لە هەندێک پیاوی بەتەمەن بپرسیت، دەڵێن: کاروباری پەیوەست بە ژن، منداڵبوون و بەخێوکردن و پاکوخاوێنکردنەوەی ماڵه‌.

لە زەمەنێکدا کە ئاریشەکانی کۆمەڵگه‌ بە شمشێر و گورز و کەمان چارەسەر دەبوو، دەیانگوت بۆ "ڕوودابە" ئەوەندە بەسە کوڕێکی وەک "ڕۆستەم"بهێنێتە دنیاوە و بەرگری لە ناو و نامووس و سنوور و نیشتیمان بکات. هەڵبەتە ئەم قسە بۆ ئەو سەردەمە و ئێستەیش دروست نییە، چون ئەگەر ڕوودابەکان هەموو کاروباره‌کانیان ڕاده‌ستی ڕۆستەم نەکردایە، پێ دەچوو کوشتن و خوێنڕێژیی کەمتر ڕوویان بدایە.

نە لە ڕابروودا ئاریشەکان بە شمشێر و گورز، نە لە ئێسته‌یشدا بە تۆپ و تەیارە چارەسەر دەکرێن، هەروەتر هەموو ئەو بۆمبانەی لە جەنگی جیهانیدا تەقێنران، ئایا بەڕاستی هیچ کێشەیەکیان چارەسەر کرد؟ لە زۆرینەی کۆمەڵگه‌ کۆنەکاندا کاری ڕوودابە تەنها منداڵبوون بووە. لەم جۆرە هۆنراوەمان زۆر بیستوە:

زنان را همین بس بود از هنر *** نشینند و زایند شیران نر

(باشترین هونه‌ری ژن، هێنانه‌دنیای پیاوێكی پاڵه‌وانه‌)

لە حاڵێکدا دایکبوون، یەکێکە لەو کارانه‌ی سروشت بۆ ژنی هەڵبژاردووە؛ هەروەها ژنان ڕۆڵی گرنگیان بەسەر شارستانەتییەکانەوە جێ هێشووە، لە شانامەی (فیردەوسی)دا ئاماژەی زۆر بە داناییی ژنان کراوە. له‌ زۆرێک لە چیرۆکەکانی شانامەدا، ئەگەر گوێ بۆ قسەی ژنان بگیرایه‌، جەنگ ڕووی نەدەدا. "ئەسفەندیار" پێش ئەوەی بۆ جەنگی ڕۆستەم به‌ڕێ بكه‌وێت، ده‌چێت بۆ لای "کەتایون"ی دایکی، ئەو بە زمانێکی زۆر ڕۆشن دەیهەوێت کوڕەکەی تێ بگەیەنێت کە بۆ جەنگی ڕۆستەم نەچێت؛ بەڵام پاش بیستنی ئامۆژگاریی دایکی ئه‌م شیعره‌ ده‌ڵێت:

چنین گفت با مادر، اسفندیار  *** كه‌: نیكو زد این داستان هوشیار

مكن هیچ كاری به‌ فرمانی زن ***  كه‌ هرگیز نبینی زنی رایزن!

(به‌ دایكی گوت پیاوی عاقڵ پرسی ژن ده‌كات و به‌گوێی ناكات)

بەداخەوە لە کۆندا بایەخیان بە ڕاوێژی ژنان نەدەدا، بەم جۆرە ئەگەر "سیاوەش" گوێی بە قسەی "فەرەنگیس"ی هاوسەری بدایە، دەیتوانی گیانی خۆی ڕزگار بکات و ڕێگری لەو هەموو جەنگ و خوێنڕێژییەی پاش توڕه‌بوونی "سیاوەش" بکات. "تەهمینە"ی دایکی سۆهراب هەوڵی دەدا کوڕەکەی لەسەر لەشکرکێشی بۆ ئێران پەشیمان بکاتەوە، بەڵام سۆهراب بەتوندی وڵامی دایکی دەداتەوە و بە گوێی ناکات. هەروەها "گردافرید" لە سنووری ئێران هەوڵ دەدات سۆهراب لە جەنگ دوور بخاتەوە، بەڵام سۆهراب زمانی ئەو تێ ناگات.

له زۆربەی کاروباره‌كانی شانامەدا، بەم جۆرە گوێ بە ڕاوێژی ژنان نەدراوه‌، ناچار خۆیان کارەکەیان دەگرتە دەست و ڕێگریان لە خوێنڕێژی دەکرد. كاتێك سەرکێشیی داواکردنی ڕوودابە بۆ زاڵ دەخوێنینەوە، "سام"ی باوکی لە ڕوودابە زۆر توڕە دەبێت، کەچی "سیندوخت"ی دایکی ڕوودابە خۆی کارەکە دەگرێتە دەست و لەگەڵ زاڵدا دەست بە گفتوگۆ دەکات و جەنگ لە بەرژەوەندی و تێکەڵبوونی خێزان کۆتایی پێدەهێنێت.

لە ڕۆژاوادا تا ڕادەیەک ژنان ئازادییان دەست کەوتووە، بەڵام ئەم ئازادییە بە زۆری لەو ڕووەوە بووە وەک کەتایون و سیوندۆخت بتوانن وەک ئەسفەندیار و سام، گورز و شمشێر بەدەستەوە بگرن و بۆ جەنگ بچن؟! بەڵام ژنانی ڕۆژاوایی تا ئێستە ئەم ئازادییەیان پێ نەدراوە تا گورز و شمشێری پیاوان بگرنه‌ ده‌ست و بڵێن: ڕق و یەکتر کوشتن بەس بکەن. سروشت جگە لە "ئه‌دریناڵین و تێستۆستیرۆن"، هۆرمۆنی تری بە ئێمەی مرۆڤ داوە. تەنانەت ئاژەڵەکانیش هەموو ئاریشەکانیان بە شاخ و چڕنووک چارە ناکەن.

لەم قسانەدا ئێمە بە دوای ئەوەوەین تا بزانین ڕوودابەکان جگە لە منداڵبوون چ کارێکیان بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردووە، بەتایبەتی دەگەڕێین، ژنان چۆن دەتوانن، بە زانایی و سۆزیان، ببنە ڕێگه‌یەک بۆ بابەتە ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتی؟

لەم ڕێبازەدا زیاتر بە دوای پێداچوونەوەین بە ڕۆڵ و بیری ژنانە لە عیرفان و فەرهەنگی ڕۆژهه‌ڵاتیدا؛ لەم ڕووەوە ڕابوونی فیکریی سەردەمی پۆستمۆدێرن، زۆر لە عیرفانەوە نزیکە و عیرفان زیاتر پەیوەستە بە نیوەی خەیاڵی مرۆڤه‌وه‌؛ هەمان ئەوەی بیرمەندان لای ڕاستی مێشکی بۆ داده‌نێن. لێرەدا مەبەستی ئێمە بەرجەستە دەبێت، عیرفان لە ژیانی ئەمڕۆماندا، هەوڵ دەدەین عیرفان لە داڵانی مێژوو بەرەو ژیانی کلتووریی ئەمڕۆمان بهێنین، لێرەوە سوود ببینین و کێشە پێچخواردووەکانی سەدەی بیست و یەکی پێ چارەسەر بکەین.

ڕابوونی ژنان لە ڕۆژاوادا، خەریکە ڕێگەی دەگۆڕێت، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە کۆتایی سەردەمی مۆدێرنێتەدا، دووچاری سەرگەردانی بوو، زۆرینەی ژنانی گەنجی ئەمڕۆ ناتوانن بەو شوێنپێیانه‌ی دایکیان لە ڕابوونی ژنان کێشاویانە بڕۆن. بزووتنەوەی ساڵانی ۱۹۷۰ و ۱۹٨۰ لە ڕۆژاوا، دەیانەویست ژنانیش وەک پیاوان بن، بەڵام ئێستە زۆرینەی ژنان دەیانەوێت ژن بن بە پاراستنی سۆز و زانایی خۆیان مافی خۆیان داوا بکەن.

ژنانی سەردەمی پۆستمۆدێرن تێدەکۆشن کەسایەتیی واقیعی و سروشتیی ژن كه‌ له‌ سەردەمی مۆدێرنێتەدا شێواوه‌، دووبارە بنیاد بنێنەوە و ڕابوونی خۆیان بە شێوازێکی ژنانە، نەک پیاوانە، دروست بکەن.

لە کۆتاییدا هەندێک لە ژنانی ڕۆشنبیری ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، لەمە زیاتر چوونەتە پێش و دەڵێن: ڕابوونی ژنان لە سەردەمی پۆستمۆدێرنێتەدا، ڕابوونێکی ژنانە یان پیاوانە نییە، بەڵکوو هەستانەوەیەکی ئینسانی و مرۆڤانەیە، بۆ ئەم گرووپە، عیرفان دەتوانێت دووبارە زانایی ژنان ( لە ڕۆژاوا تا ڕادەیەک لە بیرکراوە) ڕێبەری بکات.

لەم قسانەدا که بۆچوونی نوێ لە ئەدەبیات و عیرفاندا هەبوو، خستمانە ڕوو. عیرفان لە دانایی ژنانەوه‌ سەرچاوە دەگرێت. ئەم داناییە نەک تەنها لە ژنانی عاریفی وەک "ڕابیعەی عەدەوییه‌وه"‌ دەست پێدەکات، بەڵکوو ئەمە لە ژنانی بێناوونیشانی داستانەکانی ناو خەڵکیشەوە سەرچاوە دەگرێت.

 

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

خاتوونی زانای ئیسلام مێژووی (1398/03/16)
دیاریی ڕەمەزان- شه‌وانى قه‌در رمضان، ڕه‌مه‌زان (1398/03/16)