چەند ڕۆچنەیەک بۆ تێگەیشتن لە مێژوو

د. عوسمان هەڵەبجەیی

 مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە تۆمارکراوەکانی مێژوو وەک مامەڵەکردن لەگەڵ چەند بۆمبێکی ئامادەکراو بۆ تەقینەوە وایە، گەر بە وشیاریی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێن دەبنە هۆکاری وێرانکاریی و ئاژاوە نانەوە و هەڵگیرساندنی ئاگرێکی وا کە بە هەزارەها زانا و دانا نەکوژێتەوە. بۆیە بە پێویستی دەزانم لەم چەند ڕۆچنەوە سەیری ژووری تاریک و ڕوونی مێژوو بکەین.

یەکەم ڕۆچنە: تێگەشتن لە مێژوو وەک تێگەشتن لە ماتماتیک نییە کە ئەنجامەکانی بێ کێشە و گرفت بن.

 کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە یەک کۆ یەک و یەک جاران دوو و چوار دابەش دوو، دەکەنە دوو، بەڵام لە یەک ڕووداودا دەیەها شرۆڤە و خوێندنەوە و تێگەشتنی جیاجیا دەبیسترێن و دەخوێنرێنەوە و دوای هەزار ساڵيش بە بەردەوامى خوێندنەوەی نوێی بۆ دەکرێت، زۆر جاریش دەستەوسان و مایەپووچ دەبین و ناگەینە دوا شرۆڤە و خوێندنەوەی یەکلاکەرەوە. لەم دەلاقەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نابێت بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتێک پشت بە زۆرێک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەک بەڵگەی حاشاهەڵنەگر ببەستین.

دووهەم ڕۆچنە: پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردانی دروستی و نادروستی ڕووداوەکانی مێژووی مسوڵمانان، دەقە پیرۆزەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی ڕاست و دروستی پەیامبەرە(د.خ)، هەر هەڵوێست و ڕووداوێک پێچەوانەی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی ڕاست و دروست بێت هەڵەیە و دروست نیە.

سێهەم ڕۆچنە: زۆربەی ڕووداوە مێژووییە تۆمارکراوەکان بێ بەڵگە سەنەدن و تەنها قسەی وتی وتیان نەبێ شتێکی دیکە نین، بۆیە کەم مێژوونووس دەبینین تەنها ئەو ڕووداوانە تۆمار بکات کە بە چاوی خۆی دیبێتنی، یان خودی خۆی بەشێک بووبێت لە ڕووداوەکان.

بەشێک لە گرفتی مێژوونووسان لەوەدایە کە قسە لە هەموو بابەتێک دەکەن، دەم لە گشت ڕووداوێک دەدەن با چەند هەزار ساڵ نێوانیان بێت، بەڵکوو باسی دەستپێکی گەردوون و ژیانی ئیبلیس و فریشتە و جنۆکەی پێش ئادەم دەکەن، لەکاتێکدا بەو شێوازە لە دەقێکی پیرۆزدا نەهاتووە و پەیبردن بە زۆرێک لەو جۆرە زانیارییانە تەنها لە ڕێگای سرووش و نیگاوە دەبێت. بۆ نموونە تەبەری(طبری) لە (ب1، ل٨١) باس لە ئیبلیس دەکات کە گەنجینەوانی بەهەشتەکان و پاشای ئاسمان و زەویی  بووە...!!

دواتر دێتە سەر باسکردنی ڕووداوەکانی سەردەمی ئادەم و حەوا و باس لە کوشتنی قابیل و هابیل دەکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بڕیار وابووە قابیل خوشکی هابیل بخوازێت و هابیلیش خوشکی قابیل، بەڵام قابیل ئەوینداری خوشکی خۆی بووە و بەوە قایل نەبووە هابیل خوشکەکەی بخوازێت، دواتر پەلاماری هابیلی داوەو کوشتوویەتی، ئیتر تا ئێستاش زۆرێک لە وتاربێژان دووبارەی دەکەنەوە و وەک تووتیی بەبێ خۆماندووکردن لە لێکۆڵینەوە لەسەر دروستی و نادروستی دەیڵێنەوە، لەکاتێکدا ئەمە حیکایەتی بەرئاگردانە و هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نیە.

هەروەها زۆر لە مێژوونووسان و ڕاڤەنووسانی قورئان باس لە پەڕجووی ساڵح پەیامبەر دەکەن، کە بێبڕوایان داوایان لێکردووە لە گابەردێک حوشترێکی دووگیان دەربێنێ، ئەویش ئەو کارەی بۆ ئەنجامداون، لەکاتێکدا ئەم کارە ئەفسانەیەکی درۆ و هەڵبەستراوە و لە قورئانی پیرۆز و نە لە دەقی فەرموودەدا باس نەکراوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش بانگخوازان و زانایانی ناوداری جیهانی ئیسلامیی وەک: "أحمد الکبیسی" و "عمر عبد الکافی" و "طارق السويدان" و "صالح المغامسي" و "عمرو خالد" و "محمد العريفي" و "نبيل العوضي" دەیڵێنەوە و باسی دەکەن، پێگەی "ویکیپیدیا"ش وەک ڕووداوێکی حاشاهەڵنەگر بڵاوی دەکاتەوە.

زانایاکی وەک "ابن عثیمین" کاتێک ئەم ئەفسانە ڕەت دەکاتەوە، دەڵێت: لە ڕیوایاتی ئیسرائیلیەکانە، ئەم مامۆستا بەڕێزە نازانێت لە پەرتووکی پیرۆزی جوولەکە و گاورەکاندا بە هیچ شێوەیەک ناوی ساڵح پەیامبەر نەهاتووە، چونکە پەیامبەرێکی عەرەبە و پەیوەندیی بە ئیسرائیلیيەکانەوە نییە.

چوارەم ڕۆچنە: ڕووداوەکانی مێژوو جگە لەو ڕووداوانەی تایبەتن بە ژیانی پەیامبەرانەوە- ڕەنگدانەوەی کار و هەڵسوکەوتی مرۆڤن، هەڵسوکەوتی مرۆڤیش نابێتە بەڵگەی شەرعی، لە ئیسلامیشدا کەس یەکسان نییە بە پەیامبەر(د.خ)، بۆیە کاری هەڵەی هیچ کەسێک – با ئه‌بووبه‌کر و عومه‌رـ یش بێت نابێتە ماڵ بەسەر خودی ئیسلامەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەو کەسانەی ڕووداوە مێژووییەکانمان بۆ دەگێڕنەوە وەک ئێمە مرۆڤن و تووشی هەڵەی زۆر دەبن و تەنها گێڕانەوەیان بەڵگە نیە لەسەر ڕاستی و دروستی ڕووداوەکان.

سرووشتی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتیی لە کاتی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییدا لە باسکردنی ژمارەی کوژراوانی لایەنی بەرامبەر حەزی لە زیادەڕەویی کردنە. بۆ نموونە ژمارەی کوژراوانی "بنی قریظه" لە ژمارەیەکی کەمەوە دەسپێدەکات تا دەگاتە چل کەس و بەرە بەرە زیاد دەکات و دەگاتە پێنجسەد، دواتر حەوتسەد، دواتر نۆسەد، ئیتر نازانم چۆن ئەو ژمارە زۆرە لە یەک خانووی بچووکی ئەو سەردەمەدا جێیان بووەتەوە وەک ڕیوایەتەکان باسی لێوە دەکەن!

هەروەها مێژوونووسانیش لەبەر ئەوەی سەرنجی خوێنەر زیاتر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن بە ئارەزووی خۆیان ژمارە و داتای سەیر سەیر ڕیز دەکەن، بۆ نموونە سەیری ژمارەی ئەو سەربازانە بکە کە لەگەڵ فیرعەوندا هێرشیان کردووەتە سەر موسا و بڕواداران، تەبەری (ب١: ل٤١٩)دا دەڵێت: شەشسەدوبیست هەزار چەکدار بوون، ئیدی نازانم کێ هەڵساوە بەم داتا وردە و کێ بۆی گێڕاوەتەوە!!

هەروەها لە (ب٩، ل١٣٦)دا دەڵێت: "حجاج بن یوسف الثقفی" سەدوبیست هەزار کەسی کوشتووە.!! باوەڕناکەم لە مێژوودا هیچ ستەمکارێک-ستەمی لەڕادەبەدەر بووبێت- توانیبێتی بە داتای ورد ژمارەی قوربانیانی دەستی چەپەڵی دیاری بکات.

پێنجەم ڕۆچنە: مێژووی نوسراوەی مسوڵمانانمان نییە، ئەوەی هەیە مێژووی شەڕ و جەنگ و کوشتن و بڕینە، بەڵام مێژووی شارستانییەت و زانست و پێشکەوتن و باری ماریفیی و کۆمەڵایەتیی و بەها بەرزەکان-بە دەگمەن نەبێت بوونیان لە کتێبە مێژووییەکاندا نیە.

کتێبەکانی سیرە لە ژیانی پڕشکۆی پەیامبەریشماندا تەنها جەختیان لەسەر باری سیاسیی و مێژووی جەنگەکان کردووەتەوە، وەک ئەوەی سیرە یەکسان بێت بە جەنگ، ئیتر زۆربەی ئەو هەمووە فەرموودە جوانانەی کە باس لە ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی پەیامبەر دەکەن، لە کتێبەکانی سیرەدا دیار نامێنن و باسیان نییە.

شەشەم ڕۆچنە: گێڕانەوەی مێژوو وەک عه‌لی وه‌ردی دەڵێت: وەک ڕووماڵکردنی خۆپیشاندان و ئاپۆڕایەکی جەماوەرییە، چاودێرانی ئەو ئاپۆڕایە هەریەک لە لایەکەوە لێی دەڕوانن. پارتە سیاسیيەکان سەیری دروشم و پەرچەم و ئاڵاکان دیکەن تا بزانن کام لایەن و چ پارتێک جەماوەری زیاترە، پەرچەم و ئاڵای زەرد یا سەوز یا ئاڵایەکی دیکە باڵایە. ڕۆژنامەنووسان هەڵپەی زوو بەدەسهێنانی هەواڵی نوێن و بە هەڵەداوان هەوڵدەدەن پێش هاوپیشەکانیان بکەون. زمانەوانان سەرقاڵی ڕاستکردنەوەی هەڵە زمانەوانیيەکانی درووشمە نووسراوەکانن. هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر هەر چاوێکیان بۆ بینینی دیمەنێکی نامۆ و گومانلێکراو دەکەنە دە چاو.

هەرزەکارانیش سەرقاڵی تەماشاکردنی ئەگریجەی خاون و وەک ڕاوچیی هەوڵی ڕاوکردنی نێچیرن، مامۆستایەکی ئایینیش لە دوورەوە تێبینی خۆی لەسەر بەزاندنی هێڵی سووری شەریعەت تۆمار دەکات، شرۆڤەکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیش هەریەک لە دیوێکەوە دەڕوانێتە ئاپۆڕا جەماوەریيەکە و لە گۆشەنیگایەکەوە شرۆڤە و تاوتوێی ڕووداوەکان دەکات. ڕووداوە مێژووییەکانیش بەهەمان شێوە لە یەکلاوە بۆ ئێمە دەگوێزرێنەوە، ئیتر حەقیقەتی هەمەلایەنەی تەواو لە نێوان دێڕدێڕی نووسراوکاندا حەشار دەدرێت و لە خوێنەر و بیسەر ون دەکرێت.

حەوتەم ڕۆچنە: پەرتووکە مێژووییەکان تەنها ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕنەوە و-بە شێوەیەکی گشتیی- کاریان بە هۆکارە دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و ڕامیاریی و ئابووریی و هزرییەکانەوە نییە و شرۆڤەی گشگیرانە بۆ ئەو ڕووداوانە ناکەن. بەم کارەش دیوێکی تری ڕووداوەکان ون دەبێت.

بۆ نموونە کاتێک کوشتنی کەسێک-بەبێ باسکردنی تەواوی هۆکارەکان و ئەو تاوانانەی ئەنجامیی داون- تۆماردەکرێت و بۆ نەوەی داهاتوو دەگوێزرێتەوە، خوێنەر و بیسەر هاوسۆزیی خۆیان بۆ تاوانبار دەردەبڕن و زۆر جار لە بری دەستخۆشی لە بکوژ با لەسەر هەقیش بێت فرمێسک بۆ کوژراو ـ با شایستەی کوشتنیش بێت ـ- دەڕێژن و بە قوربانیی ڕێگەی هەق و ئازادیی ناوی دەبەن.

هەروەها زۆرجار هۆکارەکانیش باس دەکرێن، بەڵام چونکە لەلایەک پچڕ پچڕ باس دەکرێن، لە لایەکی دیکەوە ئەو هۆکارانە لەکاتی خوێندنه‌وە و بیستنی ئەنجامدانی سزادا لە مێشکی خوێنەر و بیسەردا ئامادەییان نیە، ئەو کاتە عاتیفە و سۆز لەبری هۆش و عەقڵ بڕیار دەدات و ڕاست و چەوت تێکەڵ دەبن و ستەمکار بە قوربانی و قوربانی بە ستەمکار دەخوێنرێنەوە.

بۆ نموونە لەسێدارەدانی ستەمکارێکی وەک سەددام بووە هۆکاری هاوسۆزیی بوونی خەڵکێکی زۆر، تەنانەت لەنێو کوردی ستەمدیدەشدا، چونکە ئەنجامدانی سزای لەسێدارەدانی لە بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا بوو، لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرد و هەستان بە جێبەجێکردنی ئەو سزایە لە سەددام باشتر نەبوون و تاوانەکانی سەددامیش لەکاتی لەسێدارەدانیدا لە هزر و بیری بینەردا ئامادەییان نەبوو.

هەشتەم ڕۆچنە: ئەوانەی مێژوومان بۆ دەگوێزنەوە مرۆڤن، مرۆڤیش لەژێر فشار و کاریگەریی دەرەکی و ناوەکییدا ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان بە شێواویی تۆمار دەکات و دەگوێزێتەوە.

خۆشەویستیی کەسێک، ئایین و ئایینزایەک، قەومییەتێک، یان ڕ‌قلێبوونیان کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر شاردنەوە و شێواندنی بەشێکی زۆر لە ڕاستییەکان. گەر کەسێکت خۆشبوێ هەوڵ دەدەیت جوانییەکانی بخەیتە ڕوو، دیوی دزێو و قێزەونی بشاریتەوە، بە پێچەوانەوە گەر ڕقت لە کەسێک بێت هەوڵ دەدەی تەنها دیوی قێزەونی دەرخەیت، چاوت بەرایی نادات جوانییەکی ببینیت و ویژدانت ئازارت نادات لە شاردنەوەی دیوە جوانەکەی.

دیارە خزمایەتی و هاوڕایی و هاوئایینیی و هاوئایینزایی و هاوقەومییەتیی و هاووڵاتیبوون، یاخود جیاوازیبوون لە هەر یەکێک لەو خاڵانە ڕۆڵی خراپی خۆی لە سەر شێواندنی ڕاستييه‌كان بینیوە و دەبینێت. بەدەگمەن مێژوونووسێک دەبينیت بە ویژدانەوە باسی ئایین و ئایینزا و قەومییەتی بەرانبەر بکات بەتایبەت لەکاتی خوڵقانی کێشە لە نێوانیاندا. بۆیە گەر کەسێکی مسوڵمان باسی دیوێکی  جوانی نامسوڵمان بکات،-یاخود بە پێچەوانەوە دەدرێتە بەر هێرشی توند و بە خۆفرۆش و شلگیر ناوزەد دەکرێت. هەروەها لە نێوان شیعە و سوننە، کوردو عەرەب و تورک و ... هتد ئەم دیاردە زشتە بەدی دەکرێت و لە واقیعی ژیانماندا ڕەنگی داوەتەوە.

بۆ نموونە کاری خۆکوژیی و خۆتەقاندنەوە لە دیدی زۆرێک لە ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینیی کورددا بە کارێکی قێزەون و نامرۆڤانە دەدرایە قەڵەم، بۆیە کاتێک گەنجێکی فەلەستینیی بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئایین و نامووس خۆی بە داگیرکەرێکی ئیسرائیلیدا دەتەقاندەوە، لە کوردستانی ئازیزمانەوە دەنگی ناڕەزایی دژ بەو کارە بەرز دەبوویەوە، بەڵام کاتێک خانمە گەریلایەکی کورد بۆ بەرگریی لە خاک و وڵات و شەرەفی کورد کارێکی خۆکوژیی ئەنجامدا، کەس دەنگی ناڕەزایی لێ بەرز نەبوویەوە، بەڵکوو بە کارێکی فیداکاریی و شەرعیی  باسکرا.

من لێرەدا مەبەستم هەڵسەنگاندنی ئەو جۆرە کارانە نییە، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە نابێت لە بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی کار و ڕووداوەکاندا سیاسەتی بانێکە و دوو هەوامان هەبێت. گەر کاری خۆکوژیی بۆ کوردی ستەمدیدە دروست و ڕەوابێت، دەبێت بۆ گشت ستەمدیدەیەک ڕەوا و دروست بێت، گەر بۆ فەلەستینییەک ڕەوا نەبێت، دەبێت بۆ کوردیش ناڕەوا بێت.

ڕووداوەکانی ژیان و سەردەمی خۆمان وەک خۆیان ڕووماڵ ناکرێن، وەک دەبینیین ڕووداوێک ڕوو دەدات بەڵام هەر میدیا و شرۆڤە کارێک بەلایەکیدا دەبات، چۆنیان بوێت ئاوا شرۆڤە و خوێندنەوەی بۆ دەکەن. تائێستاش حەقیقەتی گرووپە تیرۆریستیەکان بۆ خەڵک باس ناکرێت، لە پشت پەردەوە کێ درووستی کردوون؟ کێ یارمەتیان دەدات، لە کوێوە چەکیان بۆ دەڕوات؟ کێ هاوپەیمانە لەگەڵیاندا؟

ئایا ڕاستە گشت وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەمریکا و ڕووسیا و بەریتانیا- بەو هەموو تەکنۆلۆژیا و دەستگای سیخۆڕیی و هەواڵگری و پێشکەوتنە سەربازییەوە دوژمنی داعشن، بەڵام داعش لە هەموویان بەهێزترە و ناتوانن پشتی بشکێنن، یاخود بەکرێگرتەی خۆیانن و یاری بۆ جەنابیان دەکەن؟!

کێ هەیە حەقیقەتی مەرگەساتی هەڵەبجە و شەنگال شەڕی براکوژیی نەوەدەکان وەک خۆیان و بەبێ ڕتووش تۆمار کردبێت و ڕیزبەندیی بۆ گشت تاوانباران و کەمتەرخه‌مان کردبێت؟، ئەوەی کراوە بریتیيە لە دیاریکردنی تاوانبارە دیارەکانی وەک سەدام و عەلی کیمیاویی و داعش، ئیتر تاوانبارانی دیکە و تێوەگلاوان و ڕێخۆشکارانی ئەو تاوانانە دەشاردرێنەوە و ناویان لە لیستی تاواندا ون دەبێت.

ئایا تەنها ئەوانە تاوانبارن، یاخود دەستیی چڵکنی ناوەکی و دەرەکیش هەیە، کوان ناوی ئەو کەسانەی هەڵەبجەیان ڕووت کردەوە و بانکەکانیان فەرهوود کرد و دەس و مەچەک و گوێی خانمە شەهیدەکانیان بۆ دزینی بازن و گوارە بڕیيه‌وه‌؟

"طارق محمد رمضان" ئەو فڕۆکەوانەی هەڵەبجەی کیمیاباران کرد؛ دوای زیندانیکردنی لە ئاسایشی سلێمانی چۆن هەڵات و ڕایکرد؟ کێ لە پشت هەڵاتنییەوە بوو، ئێستە لە کوێیە؟ بۆ حکوومەتی هەرێم لەو کەیسەدا بێدەنگە و بەدواچوونی بۆ ناکات و داوای ڕادەستکردنەوەی بە حکومەتی هەرێم ناکات؟

پەرتووکێکم بۆ بێنە بە ویژدانەوە باسی سەدامی دیکتاتۆرى کردبێت، ئەو پەرتووکانەی چاپکراون لەلایەن دوو جۆر نووسەرەوە نووسراون:

جۆری یەکەمیان بریتین لە هەوادار و دۆست و یاری سەدام و کەسانی دۆڕاو و فاشيست کە سەدامیان گەیاندوەتە کەشکەشان و کەشکەڵانی فەلەک، یەک ڕەخنە و هەڵە و تاوانی سەدامیان تۆمار نەکردووە.

بەشی دووهەمیان نەیار و دوژمن و ستەمدیده‌ و کەسوکاری قوربانیانی دەستی سەدامن، جگە لە تاوان و زوڵم و ستەم بە وشەیەکیش باسی کردەوەیەکی باشی ئەو زاڵمەیان نەکردووە، بەم شێوەیەش تەنها دیوێکی ڕووداو و کەسەکانمان بۆ دەردەکەوێت ئەویش بە شێواویی.

جا ئەگەر لە ڕووداوە سەردەمییەکاندا نەتوانین بگەینە حەقیقەتی تەواو، ئیتر چۆن دەتوانیین ڕووماڵی ڕووداوەکانی پێش سەد و دووسەد و هەزار و دووهەزار ساڵ بکەین و ئەنجامەکان یەکلایی بکەینەوە؟!!

نۆیەم ڕۆچنە: هەروەک چۆن ناکرێت بە عە‌قڵییەتی دوێنێ ڕووداو و کار و هەڵسوکەوتی ئەمڕۆ هەڵبسەنگێنیت، بەهەمانشێوە ناکرێت ڕووداوە مێژووییەکان -گەر دروست و حاشاهەڵنەگریش بن- بە عەقڵییەت و نەریتی ئەمڕۆ هەڵبسەنگێندرێن، بەڵکوو دەبێت بە پێوەر و عەقڵییەتی سەردەمی خۆیان خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و هەڵبسەنگێندرێن، چونکە مەرج نییە ئەو کارەی دوێنێ بە کارێکی باش زانرا بێت، ئەمڕۆ لە دیدی خەڵکیدا باش بێت، مەرجيش نییە ئەو کارەی ئێستە بە خراپ دەزانرێت، لە ڕابردوودا هەمان بۆچوونیان دەربارەی هەبووبێت، لەبەرئەوەی عەقڵییەتی مرۆڤەکان بەپێی شوێن و سات و کات و داب و نەریت دەگۆڕدرێن و لە ئەنجامدا هەڵسەنگاندنیشیان دەگۆڕدرێت.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

خاتوونی زانای ئیسلام مێژووی (1398/03/16)
دیاریی ڕەمەزان- شه‌وانى قه‌در رمضان، ڕه‌مه‌زان (1398/03/16)