بۆ خواردنەوە ئەڵکۆڵییەکان هیچ ئاستێکی سڵامەتی بوونی نییە

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات "خواردنەوەی ئەڵکۆڵ بە شێوەیەکی مامناوەندییانە لەوە زیانبەخشترە کە پێشتر بیری لێ دەکرایەوە".

تەواوی توێژینەوەکە کە زانیاری ملیۆنان خەڵکی لە ٢٠٠ وڵاتی جیاوازەوە لێکدایەوە، ئەوەی دۆزییەوە ساڵانە ئەڵکۆڵ هۆکاری مردنی نزیک بە ٣ ملیۆن کەسە لە سەرتاسەری جیهاندا، هەروەها لەو کەسانەی تەمەنییان لە نێوان ١٥ بۆ ٤٩ ساڵییە رێژەی مردنیان نزیکەی یەک کەس لە دە کەس، بە هۆکاری بەکارهێنانی ئەڵکۆڵە.
لەوە زیاتر، هەر کاریگەرییەکی تەندروستیی پارێزی ئەڵکۆڵ پارسەنگ دەبێتەوە بە مەترسییەکانی خواردنەوەی ئەڵکۆڵ، لەو مەترسییانەش ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە لە نێوان خواردنەوەی ئەڵکۆڵ و مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجە و برینداربوون لە دەرەنجامی ڕووداوی هاتوچۆدا هەیە.
توێژەرەکان دەڵێن "ئەو تێڕوانینە بەرفراوانەی قسە لەسەر سوودەکانی ئەڵکۆڵ دەکات پێویستی بە پێداچوونەوەیە" هەروەها دەڵێن "ئەنجامەکانمان ئەوە نیشان دەدەن کە سلامەتترین ئاستی خواردنەوەی ئەڵکۆڵ یەکسانە بە سفر".
دۆزینەوەکان ناکۆکن لەگەڵ زۆربەی ئەو ئامۆژگارییە تەندرووستییانەی پێیانوایە خواردنەوەی ئەڵکۆڵ بە شێوەیەکی مامناوەندی -نزیکەی یەکجار خواردنەوە بۆ ئافرەتان و دووجار بۆ پیاوان- سوودبەخشە.
هەرچۆنێک بێت، لێکدانەوەی مەترسییەکانی ئەڵکۆڵ بۆ کەسێک کە پچڕ پچڕ -واتە ئەو کەسانەی ئەڵکۆڵ هەموو دوو هەفتەیەک جارێک- دەخۆنەوە گرانە، بۆیە ڕەنگە دۆزینەوەکان بەسەر ئەو کۆمەڵانە جێبەجێ نەبن. پرۆفیسۆر کیس هامفرەیز دەڵێت " ئەوە مانای ئەوە نییە ئەگەر تۆ لە ڕۆژی لەدایکبوونت یان لە کریسمس خواردتەوە، ئەوا تۆ دەمری".
هامفرەیز دەشڵێت"بەڵکوو ئەو توێژینەوەیە زیاتر لەسەر ئەو کەسانە جێبەجێ دەبێت کە رۆژانە جارێک و زۆربەی رۆژەکانی هەفتەش دەخۆنەوە". بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر دۆزراوەتەوە "ئەو جۆرە کەسانەی کە هەموو هەفتەیەک دەخۆنەوە، بەڵام هەرگیز بڕێکی زۆر ناخۆنەوە، ئەو کەسانە لە ڕاستیدا لەو کەسانە باشتر نین کە هەرگیز ناخۆنەوە".

*ئاستی سڵامەت بوونی نییە

توێژەرەکان زانیاری نزیک بە ٧٠٠ توێژینەوەی پێشووتریان لێکدایەوە تا دەریبخەن خواردنەوەی ئەڵکۆڵ چەند بڵاوە لە جیهاندا و هەستان بە لێکدانەوەی نزیک بە ٦٠٠ توێژینەوەی تر کە بە گشتی ٢٨ ملیۆن کەسی لە خۆگرتبوو بۆ لێکۆڵینەوە لەو مەترسییە تەندروستییانەی بەستراون بە ئەڵکۆڵەوە.

توێژەرەکان دۆزییانەوە کە لە جیهاندا لە هەر ٣ کەس کەسێکیان ئەڵکۆڵ دەخواتەوە (سەدا 5/32ی خەڵکی جیهان) کە ئەوەش یەکسانە بە ٤/٢ ملیارد کەس لە جیهاندا، سەدا ٣٩ی پیاوان و سەدا ٢٥ ژنان ئەڵکۆڵ دەخۆنەوە.
لە جیهاندا، خواردنەوەی ئەڵکۆڵ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زوو مردن بووە لە ساڵی ٢٠١٦، کە بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی سەتا ٢ی ژنان و سەتا ٧ی پیاوان. بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٩ ساڵیدایە، خواردنەوەی ئەڵکۆڵ بەرپرسیار بووە لە حاڵەتی مردنی سەدا ٤ی ژنان و سەدا ١٢ی پیاوان لە ساڵی ٢٠١٦.
توێژینەوەکە ئەوەی دۆزییەوە کە خواردنەوەی ئەڵکۆڵ بە شێوەیەکی مامناوەندییانە، لە ڕاستیدا، پارێزەرە بۆ نەخۆشی گیرانی خوێنبەری دڵ، بەڵام ئەم سوودە پارسەنگ دەبێتەوە بە کاریگەرییە تەندروستییە خراپەکانی خواردنەوەی ئەڵکۆڵ. بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی ڕۆژانە جارێک ئەڵکۆڵ دەخۆنەوە، بە درێژایی ساڵێک مەترسی توشبوون بە یەکێک لەو ٢٣ نەخۆشییەی بە ئەلکهولەوە گرێ دراوە زیاد دەبێت بەڕێژەی سەدا 5/0، بە بەراورد بەو کەسانەی ئەڵکۆڵ ناخۆنەوە.
ئەو مەترسییە بەڵام، تا خەڵک زیاتر ئەڵکۆڵ بخواتەوە بە خێرایی زیاد دەکات. بۆ ئەو کەسانەی ڕۆژانە دوو جار ئەڵکۆڵ دەخۆنەوە ئەوا مەترسیی توشبوون بەو نەخۆشییانەی کە بە ئەڵکۆڵەوە گرێ دراون بە درێژایی ساڵێک بە ڕێژەی سەدا ٧ زیاد دەکات و بۆ ئەو کەسانەی ڕۆژانە پێنج جار دەخۆنەوە ئەوا ڕێژەکە لە یەک ساڵدا سەدا ٣٧ زیاد دەکات.
لە لێدوانێکیدا ئیمانوێلا ژاکیدۆ پڕۆفیسۆڕی تەندروستیی جیهانی لە زانکۆی واشنتۆن وتی"لەمڕۆدا بە نەبوونی ڕێگەچارەی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەڵکۆڵ ، ئەڵکۆڵ ئاکامێکی بە ئازار لەسەر داهاتووی تەندروستیی دانیشتووان دروست دەکات".
توێژەرەکان دەڵێن، بە پشتبەستن بەو ئەنجامانەی دەستیان کەوتووە، دەبێت کەمپینەکانی تەندروستیی گشتی، کەمپینێکیش بۆ خۆگرتنەوە لە ئەڵکۆڵ ڕەچاو بکەن.

*خۆگرتنەوە لە ئەڵکۆڵ؟

هامفرەیس بەم جۆرە وەسفی کارەکە دەکات: "پێشکەوتووترین توێژینەوەی جیهانی لە بارەی کاریگەریی ئەڵکۆڵ لەسەر تەندروستیی مرۆڤ ئەنجام دراوە".
هامفرەیز دەڵێت: "توێژینەوەکە ئەو پشتڕاست دەکاتەوە کە خواردنەوەی ئەڵکۆڵ یەکێکە لە هۆکارە جیهانییەکانی توشبوون بە پەککەوتن، نەخۆشی، مردن".
هەرچۆنێک بێت، دەربارەی خۆگرتنەوە و وازهێنان لە ئەڵکۆڵ هامفرەیز دەڵێت گەیاندنی پەیامێکی لەو جۆرە سەخت دەبێت، لە سەرێکەوە لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەڵکۆڵ دەخۆنەوە و لەبەر کاریگەری ئەو بازرگانییە بەهێزەی لە بازاڕی ئەڵکۆڵدا هەیە. هامفرەیز دەڵێت"من ناڵێم ئەو بیرۆکەیە کارەساتە" بەڵام "ململانێیەکی سەخت و ماندووکەر دەبێت".
لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕەچاوکردنی خۆگرتنەوە لە ئەڵکۆڵیش، توێژەرەکان هەندێ ڕێگەچارەی تر پێشنیار دەکەن کە تیشک دەخاتە سەر کەمکردنەوەی ئەڵکۆڵ لەلایەن دانیشتووانەوە، وەکوو زیادکردنی باجەکانی سەر ئەڵکۆڵ، کۆنترۆڵکردنی بەردەستبوونی ئەڵکۆڵ و ژمارەی ئەو کاتژمێرانەی کە تیایدا دەفرۆشرێت، هەروەها ڕێکخستنی ڕیکلام بۆ ئەڵکۆڵ. ژاکیدۆ دەڵێت:" هەریەک لەو ڕێگەچارەیانە که دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی ئەڵکۆڵ لەلایەن دانیشتووانەوە، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کەمکردنەوەی زیانە تەندروستییەکان بەهۆی بەکارهێنانی ئەڵکۆڵ."

وشەکان:
ischaemic heart disease: نەخۆشی گیرانی خوێنبەری دڵ
alcohol: ئەلکهول= ئەڵکۆڵ
alcohol taxes: باجی سەر ئەڵکۆڵ
global health: تەندروستی جیهانی
.....................................................
ئامادەکردن: عەبدوڕەحمان ئەبوبەکر
سەرچاوە:
www.livescience.com/63420-alcohol-no-safe-level.html
....................................................

بخش اخبار: 
اصلی