پەیامی هاوخەمی ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح به بۆنەی گیانبەختکردنی تاقمێک لە چالاکوانانی ژینگە لە مەریوان

پەیامی هاوخەمی ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح به بۆنەی گیانبەختکردنی تاقمێک لە چالاکوانانی ژینگە لە مەریوان

بە بۆنەی گیانبەختکردنی تاقمێک لە چالاکوانانی بواری ژینگە لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگر له دارستانەکانی نزیک شاری مەریوان، ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندها کەس لە چالاکوانانی ژینگە لە مەریوان به هۆی ئەو ئاگرەی وا داوێنی دارستانە بەڕووەکانی ئەو دەڤەرەی گرتبۆوە، داخ و کەسەرێکی گەلێک گرانی لە دڵی هەموومان نایەوە. مەخابن ساڵەهایە کە نیشتمانەکەمان ئاوەها کارەساتگەلێک بەخۆیەوە دەبینێ.

گەرچی گیانلەدەستدان و زیاندیتووانی ئەژمارێک لە هاووڵاتییانی مەریوانی هەموومانی دڵمەند و خەمبار کرد، بەڵام حەول و تێکۆشانی ئەو چالاکوانانە لە بست بە بستی ئەو نیشتمانە زێڕینە، بەڵگەیەکی پیرۆز و مەبارەکە لە بزاڤێک کە تەوەرەکەی زاناییە و لەسەر خولگەی پاراستنی سامانە سروشتییەکان جێگیرە، دەسا ئەگەر بەپێی ئەو ئازار و گیانبەختکردنانە گرینگی پێ بدرێ، داهاتوویوکی جیاوازتر لە ئێستاکە دەخوڵقێنێ و فەرهەنگێکی نوێ بڵاو دەکاتەوە. 

جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، وەک ڕیکخراوەیەکی مەدەنی لە مانیفیست و بەرنامەی خۆیدا گرینگییەکی تایبەتی به پاراستنی ژینگە و ئاگاداری لە سامانە سروشتییەکان داوە و لە ڕیزی سەرەوەی خزمەتگوزارییەکانی داناوە، هەر بۆیە بە هۆی گیانلەدەستدانی، «کاک شەریف باجوور» و «كاك ئومید کۆنه‌پووشی» و هەروەها دوو کەس لە هاورێکانی کە بە گوێرەی قسەی هاوشارێکانیان بە تێکۆشانی بەردەوامیان، هەموو کات لە حەولی کەمکردنەوەی خەم و پەژارە و ئازارەکانی خەڵکی ناوچەکەدا بوون، هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕیزیان، چالاکوانانی مەدەنی، گەلی کوردستان و سەرجەم هاوووڵاتیان دەکا و لە خوداوەندی دلۆڤان دەخوازێ زیاندیتووانی کارەساتەکەش هەرچی زووتر لەشساغی و سڵامەتی بەدەست بێننەوە و هیوادارە گەلەکەمان بە ڕا و تەگبیری بەرپرسان و کاربەدەستان جارێکی تر تەماشاوان و شاهیدی ئاوەها ڕووداوگەلێکی دڵتەزێن نەبێت. بێگومان سێهەمی خەرمانانی ساڵی 1397، وەک ڕۆژێکی هەمیشە زیندوو لە مێژووی چالاکییەکانی پاراستنی ژینگەدا دەمێنێتەوە و و جێی خۆیەتی و چاوەڕوانین لە ڕۆژمێری نەتەوەیی وڵاتەکەمان بە فەرمی ئاماژەی پێ بکرێ و بخرێتە بەر سەرەنج و دیدی هاوولاتییان و بەرز ڕاگیرێ.        

ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح  

٦/٤/۹۷