بۆنی حوجرە و بۆنی تەمەنێکی درێژی خوێندن

 حاجی مامۆستا مەلا ڕەشید بورهانی

ئاماژه: ڕوون و ئاشکرایە ئەو پێگەیەی کە زانایانی ئایینی لە ناو موسوڵمانادا هەیانە، لە هەموو پلە و پێگەیەکی تر گەورەترە؛ هەر لەبەر ئەوەشە کە جەماوەر گرنگییەکی ناوازە بە ژیان و هەڵوێست و کارەکانی زانایان دەدن، مامۆستایان و زانایانی ئایینی لە ژێر چاودێرێکی وردی خەڵکدان، بۆ ئەوەی چاویان لێبکەن و وەک پێشەنگ بە شوێن پێیاندا بڕۆن ... . 

هۆکاری ئەم گرنگیدانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زانست و زانایان بەشێکن لە بیر و باوەڕی ئایینی، ئەم ڕاستییە کاتێک زیاتر خۆدەنوێنی و زەق دەبێتەوە که زانرا پێغەمبەر ـــ دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، فەرموویەتی: «العلماء ورثة الانبیاء» واتە زانایان میراتگری پێغەمبەرانن. 

بێگومان کاتێک سەیری مێژوو و رابردووی نەتەوەییمان دەکەین دنیایەکی هێندە بەرفراوان لە گەورەیی و شکۆی زانایان بەدی دەکەین کە هیچ کەسێکی خاوەن هەست و ژیر، ناتوانێ نکۆڵی لێ بکات. دیارە سەنگ و قورسایی هەر چین و توێژێک، دڵسۆزی و خزمەتگوزارییەکانی دیاری دەکات؛ چونکە مرۆڤ تەنها و تەنها به خزمەت و خۆبەخشی گەورە دەبێت و بێگومان زانایان لە ڕابردووشدا زیاتر ڕۆڵی ئیجابی و مەزنتریان بینیوە لەپێناو خزمەتکردنی ئیسلامی ڕەسەن و سەرەڕای ئەوەش بۆ بەرەو پێشبردنی ئەمانج و مەبەستەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری هەوڵی بەردەوامیان داوە... .

لە هاوینی ئەم ساڵ بە مەبەستی وتووێژ و چاوپێکەوتن سەردانی زانای هەڵکەوتە و ڕۆشنبیر و نموونەی بەرجەستەی زانای سەردەمیانە و بە هەڵوێست و بوێر، حاجی مامۆستا ڕەشیدی بورهانی مەشهوور بە «مەلا ڕەشیدی قایر»م کرد، لە پاڵ کتێبخانە خنجیلانە و سادەکەییەوە لای یەک دانیشتین، ئەو کتێبخانەیەی وا وەک خۆی سادە بوو، بۆن و بەرامی کتێبەکانی بۆنی حوجرە و بۆنی تەمەنێکی درێژی خوێندنی لێ دەهات. 

ڕنگە کەم بن ئەوانەی ناوی زانای دیاری هەڵکەوتووی شاری شنۆ «حاجی مامۆستا ڕەشیدی بورهانی ـ قایر»یان نەبیستبێ. ئەو زانایە یەکێکە لەو زانا دەست ڕەنگینانەیه کە لە بەر دڵان، ڕوح سووک و خوێن شیرین و خۆبەکەمگر و لێو بە بزە و دەم بە پێکەنین بوو، توڕەبوونی بە دەگمەن یا هەر پێوە دیار نەبوو؛ هەر کە چاوت پێی کەوتبایە خۆشت دەوێست. لە ڕاستێدا ئەو پیاوە جوانچاک و نورانییە وەک زۆرێک لە زانایانی تری کوردستان بۆنی حوجرە و خاکی بوونی لێدەهات و ئێستاش بە خاکی و دڵسوزی و سادەیی ژیان دەباتە سەر.

چەند جوانە مرۆڤ خاکی و خۆبەکەمگر بێ و هەمیشە خۆی بە خەمخۆر و دڵسۆزی ئەوانی تر بزانێ، بە تایبەت مەلا و زانای ئایینی کە لە لایەک پێشەوای خەڵکی بێ و لە لایەک بە بارێک زانست و زانیاری ببێتە مۆم و بۆ دەوروبەری و بتوێتەوە.

بە داخەوە هەندێک جار خاکی نەبوون و ڕۆحی کیبر و خۆبەزلزانی سنووری هەموو چین و توێژەکان دەبەزێنێ و مەخابن ئەو دیاردە ناشیرینە پەڕیوەی چین و توێژی مەلایانیش دەبێت، کە لێرەوە کارەسات دەخوڵقێ... بەداخەوە هەندێک جار بە هۆی زانست و فیز و بە هۆی ڕێزلێنان لە لایەن خەڵکییەوە کەم کەس دەتوانێ لەگەڵیان بدوێ، بە تایبەت ئەگەر ئەو پلە و پایە و ڕێزلێنانە لە شان و شەوکەتی ئەودا نەبێ!

جارێکی تر وەک وەفایەک بۆ تەمەنێک تەدریس و خزمەتکردن بە حوجرە و مزگەوت و هۆشیارکردنەوەی خەڵک، بە پێوستمان زانی ژیان و کەسایەتی و ڕۆڵی بەرچاوی مامۆستایەکی میراتگری پێغەمبەر(د.خ)، دیندار و خواناس و بەپارێز و زانا و دڵسۆزی دین و گەڵ و نیشتمان و ئەستێرەیەکی فەرامۆشکراوی ئاسمانی ئێسلام و کوردایەتی لە دەڤەری شنۆ، جەنابی حاجی مامۆستا مەلا ڕەشیدی بورهانی ناسراو بە ـــ مەلا ڕەشیدی قایر ـــ بخەینە بەر سەرەنجی بەردەنگانی بەڕێز، هەر بۆیە دیمانەیەکمان لەگەڵ ئەو بەڕێز و خۆشەویستە پێک هێناوە کە سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین:

-سەرەتا حەز دەکەین خۆتان بە خوێنه‌ران بناسێنن، قوناغی تەمەنی منداڵی و لاوی خوێندنمان بۆ باس بکەن، چۆن بوو رێگای حوجرەتان گرتە بەر؟ 

وڵام: بە ناوی خوا ـ نێوم ڕەشیدە، شۆرەتم بورهانییە، ناوی باوکم مەلا سەعیدە، ناوی باپیرم مەلا عەبدولقادرە؛ زیاتر لە دووسەد ساڵ لەمەوبەر بنەماڵەی ئێمه لە نەڵۆسێ بوونە هەر لەو دێیەش زیاتر لە نەوەد ساڵ پێش بەوەلەد بوومە، بە گوێرەی وەسییەتی باوکم کە هەر لە تەمەنی منداڵیمدا فەوتی کردبوو، بە تەشویقی دایکم کە لە ساداتی حوسێنی بوو، رێگای خوێندنی عیلمیم گرتە بەر ـ قورئانم لای سێ نەفەر لە قاریانی مەعرووفی ئەو زەمان خوێند، یەک لە قارییەکان شوکر ئەلحانیش دە قەیدی حەیات دایە. پاش قورئان خوێندن، فارسی و «فتح القریب» و یەک دەرسی «عزّی»م هەر لە نەڵۆس خێند. لە ساڵی١٣٢١ی هەتاوی چوومە نێو فەقێیان لە دێی سینگان... خولاسە لە مەنتەقەی شنۆ و لاجان(پیرانشار) و مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ و مەهاباد و عێڕاق لە لای زوبدەی فوقەها و مودەڕیسینی ئەو زەمان علوومی موتەداوەلەی حەوزەویم بە ئاخیر گەیاند و لە کۆتاییدا توانیم ئیجازەی تەدریس و ئیفتا لای ئوستاد مامۆستا حوسێن مەجدی مەهاباد و عەلامە قازی موحەممەدی خزری شنۆیی و مامۆستا تەرجانی «من افضل علماء اربیل» وەرگرم، و لە زانکۆی تاران گەواهی مەعقوول و مەنقوول لە هەیئەتی مومتەحینەی زانکۆ کە مەڕحوومی شیخ الاسلامی سەنەندەجی یەکێ لەوان بوو وەرگرم و تا ئەڵحان لە تەدریس و تەحقیق ڕانەوەستاوم...

-قوناغی فەقێ و فەقێیایەتی لە سەردەمی خوێندنی خۆتان چۆن پێناسە دەکەن؟ 

وڵام: دەورانی فەقێیاتی ئێمه لە لەحاز زیندەگی زەحەمات و کیشە و گرفتی زۆری تێدا بوو ـ حوجرەی چووکە و دوورە وڵات و بێ ئیمکانات و ساردن دەدیت، بەڵام بەعزە مەعنەوییاتەک هەبوو کە ئەمانەی دادەپۆشی ـ ئۆستادی چاک، عیلمی خالیس و زۆر، تەعەدودی علووم، حەلکردنی مەسائیلی موشکڵی عیلمی و موحەببەت و سەمیمییەت بەینی فەقێ و ئۆستادی؛ ئەو مەعنەوییاتە لە بواری ڕوحییەوە خۆشی ئێمەی زیاد دەکرد و بۆی مەعلووم دەکردین کە عەلاقە بە خۆراک و مادییات کاری ئەهلی عیلم نییە.

 -وانەی ئەو کاتی حوجرەکان لە چ قەوارەیەکدا بوون و چۆن هەڵیان دەسەنگێنی؟ 

وڵام: زۆربەی حوجرەکان فەقێ و مامۆستای باشی تێدا بوون و وەک پێشتر ئیشارەن پێ کرد دار و دیوار و خوراک و مادییات مەترەح نەبوو؛ لە زۆر حوجران بە دوو فەقێ نانێکن خواردووە، بەڵام ئەو کات کە دەکەوتینە سەر دەرسەکان لە بیرمان دەچوو کە برسینە ـ جاری وا هەبووە بە دوو ڕۆژ نەفەری چایەکن خواردووە ـ ئەگەر موسائەلە و موزاکەرەی عیلمی دەهاتە پێش بە کاشییەک ئاو تۆڵەی چامان دەکردەوە.

-«لادەرس» و «سەماع» دوو دەستەواژەی دەرسی حوجرەن، تکایه لەم بارەوه بۆمان بدوێن؟ 

بەڵێ لە بەعزە حوجرەیەکی کە ئۆستادی گەورەیان تێدا بوو، تەواوی وەختەکەی بە موتالەعە و دەرسی موستەعیدەکانی خۆی دەگوزەرا وا دەبوو موستەعیدەک یا دوو موستەعید دەهاتنە ئەو حوجرەیە و ڕازی بوون بە سەماعی دەرسی موستەعیدەکانی دیکە، یەعنی بە لادەرس دانیشن و لە بەیانات و دەرسی موستەعیدەکان ئیستفادە بکەن؛ جا ئەگەر موستەعیدێکی ئەسڵی ئیجازەی وەرگرتبا یا نەقڵی مەکانی کردبا ئەوە فەقێی لادەرس جێی وی دەگرتەوە و دەرسی خۆی دەخێند.

-وانەی حوجرەکان بۆ بردنەسەری ئاستی زانستی لە کەشی ئەو کاتیدا چۆن بوو؟ 

وڵام: لە وڵامی پڕسیارەکانی پێشوو ئاماژەیەک بەو خاڵە کرا کە ئاستی زانست زۆر بەرز و عالی بوو و بەعزە مودەڕیسەک لە بەعزە عیلمەکیدا موتەخەسیس بوونە ـ بەعزەکیش لە هەموو عیلمەکاندا مەلەوان بوونە و مەعلوومە کە بە نەسی قورئان «فوق کل ذی علم علیم»

- «زانست» و «عیبادەت» دوو باڵی گەشەکردنن، ئەوکات لەناو حوجرەکاندا چۆن بوون؟ 

وڵام: لە ڕاستێدا ئەوکات دیانەت و عەقیدە و بڕوا و موحەببەت یەکجار زۆر بوو، ئەگەر سوختەیەک نوێژی سبەینێی نەکردبا و حوجرەکانی دیکە بیانزانیبا ئەو سوختەیە نوێژی سبەینان ناکا و لە هەموو حوجران دەریان دەکرد و ڕایان نەدەگرد.

- دەستەواژەی «مەلای دوازدە عیلم» بە چی دەگوترێ، ئاخۆ ئەم دوازدە عیلمە لە حوجرەکان دەگوترانەوە؟ 

وڵام: هەر مەلایەکی کە لە لای مامۆستایەکی بەناوبانگ ئیجازەی وەرگرتبا، پێیان دەگوت مەلای دوازدە عیلم ئەگەر چی ئەو عیلمانەی لە حوجرێ دەخوێندران لە دوازدەی زۆرترە. 

- بەرچاوترین کێشەی فەقێیاتی سەردەمی ئێوە چ بو؟ 

وڵام: بەرچاوترین کیشەی فەقێیاتی ئەودەم لە بارەی ئەو شتانە بوونە؛ قەواعیدی نەحو و سەرف، حاشیەی قزڵجی و تەسریفی مەلا عەلی، ئەبوتالیبی حاشیەی سیوتی، بەستی عیبارەتی موتەوەلی تەفتازانی و حاشیەی سەید شەریفی جوزجانی و حاشیەی قەرەداغی لەسەر گەلنەبەوی بورهان(به فارسی= گلنبوی برهان) و عیبارەتی موشکیلەی بەیزاوی و مەداریک.

- پاش تەواوکردنی دەرس و وەرگرتنی ئیجازەنامە، وانەبێژیتان کردووە؟ لە چ قۆناخێکدا؟ 

وڵام: لە وڵامەکانی پێشوو ئیشارەی پێکراوە ـ بۆ وەبیر هاتنەوە؛ لە وەتی ئیجازەم وەرگرتووە، بەلکوو پێش ئیجازەش لە زەمانی خوێندنی کتێبی مەلاجامی بۆ خۆم دەرسم گوتۆتەوە و تا ئیستاش بەردەوامم لە هەموو عیلمەکانی موتەداوەلەی بەینی عولەما.

-هۆکاری هەرەسهێنانی حوجرەکان لە چیدا دەبینن، هەروەها کەمبوونی فەقێیەتی لە کوردستان؟ 

وڵام: گرنگیدان بە مادییات و تەرجیحی سرووری مادی لەسەر سرووری مەعنەوی و چاولێکەری تەرەقییاتی دونیایی بۆتە باعیسی کەمبوونەوەی حوجرە و فەقێیان. هەروەها لە گەورەترین کۆسپ و بەربەستی ئەم دیاردەیە ئیختلافات و زۆر بوونی ئارای موتەنەویع که بێ دەخل نییە.

- چ ئامۆژگارییەکتان هەیە بۆ دایکان و باوکان تا جگەرگۆشەکانیان هان دەن بۆ خوێندنی ئایینی؟ 

وڵام: ئامۆژگاریم بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە که دە هەرحالێکدا بن بیر لەو نیعمەتانە بکەنەوە کە خودا پێی داون و دە حیساب نایە، دیارە ئەولادیش لە نێعمەتەکانی خودایە ـ ئینجا بۆ سپاسی خودا لازمە بنەماڵه لانیکەم کوڕێک یا کچێکی هان بدا بۆ خوێندنی ئایینی؛ هەموو منداڵەکانی خۆم هان داوە بۆ خوێندنی دەرسی ئایینی، شوکر بۆ خودا سێیان بوونەتە مەلا و لە خێندنی مەداریسی جەدیدەش مەحڕووم نەبوونە.

-ئاخۆ خوێندنی ئایینی بە شێوەی رابردوو بۆ چاخی سەردەم و عەسری تەکنۆلۆژی کاردانەوەی دەبێ؟ 

وڵام: بەڵێ دەیبێ و زۆر لازمە دەستێکی تێوەردرێ، بەڵام دەستێکی موحەقیقانە.

- پەرتەوازەیی بە ڕوونی دیارە لە ناو مامۆستایانی ئایینی، ئەم لێکدابڕان و پەرتەوازەییە لە چیدا دەبینی و هۆکارەکان چن؟

 وڵام: بە بڕوای من نەقسی عیلم و کەمی موتالەعەیە و نەبوونی سیعەی سەدر.

-بە ڕای بەڕێزتان دەکرێ مامۆستای ئایینی سەر بە لایەنێکی ئیسلامی یا سیاسی بێ، یا سەر بەخۆ بێت؟ 

وڵام: بەڕای من سیاسی بوون و ئیسلامی بوون پێکەوە زیدونەقیز نینە، چونکە کوتوبی ئیسلامی بەخسوس کتێبی فیقهی لە بابی تەهارەتەوە تا بابی عەتیق چ ئەحواڵی شەخسی بێ چ مسائیلی ئیجتماع هەمووی مەسائیلی دین و سیاسەتە، بە قەولی فەلاسیفە لە سیاسەت ـ المنزل ـ تا سیاسەت ـ البلد ـ بەڵکوو تا مەدینەی فازیلە ـ بەڵام بۆ ئاگاداری با بزانین یەک فەردی عالیمی موحەقیق مەقامی باڵاترە لە یەک گروهی سیاسی یا ئیسلامی موتەحەزیب؛ چونکە ڕوحی موحەقیق دەریایەکە و لە جۆگەلەیدا جێی نابێ. بە قەولی مەولەوی ڕۆمی:

 دەریا لە گوزە دا جێی نابی ـــــ ئەی عالم تۆ دەریای خۆت لە گۆزەی حاسێ مەکە.

-مامۆستای ئایینی خاوەن پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام ئێستا ئەم دۆخە وا نییە و لە ئاستێکی هەستیار دایە؛ بۆچی؟

وڵام: عیلەت ئەمەیە کە نە کۆمەڵگا و نە مامۆستا وەک جاران نەماون، هەردووک لا، لە لایەک پێشکەوتوو بوونە و لە لایەک پاشکەوتوو؛ بەڵام دوور نییە بە عیلم و عەقڵ هەردووک لا -عەڕەب کوتەنی- مەقامی مەجد و عەزەمەتی سابیق بەدەست بێنیتەوە: 

گهی بر طارم اعلام نشینم / گهی پشت پای خود نبینم

- ئێستا بۆشاییەکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردەواریدا هەست پێدەکرێ، ئاخۆ لەم دۆخە هەستیارەدا ڕیسالەتی مەلای کورد دەبێ چۆن بێ؟ 

وڵام: ئەگەر ئەو بۆشاییە لە مەعنەویەت دایە فەقەت عەقیدەی باش، تەحسیلی عیلم و دانیش بۆشاییەکە پڕ دەکاتەوە، ئەگەر دە ماددیات دایە ئەم بۆشاییە کەسب و کار و تەوەکول بە خودا و خواستنی ڕزق لە خودا چارەیەکی باشە و موجەڕەبە؛ بەڵام دەبی ئەولیای ئوموور تێکوشن کە بۆشایی ماددی و مەعنەوی لە ناو کۆمەڵگا پڕ بێتەوە و مەعلوومە لای خودا هەر شەعب و قەبیلەیەک بێ. «ان اکرمکم عنداللە اتقاکم»

- ئایین دەبێ وڵامدەری کێشەکانی سەردەم بێ، ئەمڕۆ بە فەتوای تاکەکەسی دەبێ وڵامی پرسە گرینگەکان بدرێتەوە یا دەبێ لێژنەی فەتوا هەبێ؟ لەم پێوەندییە هیچ هەنگاوێک هەڵێندراوەتەوە؟

وڵام: ڕای من وایە پاش پێغەمبەران «د.خ» ئەوی جەمع دەیزانێ فەرد نایزانی «همەچیز را همگان می‌دانند» بۆیە دەبێ لێژنەی فەتوا هەبێ و بۆ سەڵاحی کاری عامە ئیستفادە لە هەموو مەزهەبەکانی مودەوەن بکرێ ـ لە زەمانی ئیمامی ئەبوحەنیفەوە (ڕه‌زای خودای له‌سه‌ر بێ) ئەم کارە دەست پێکراوە و بەداخەوە(مع الاسف) نەبۆتە باو؛ لە قەڕنی هەشتدا شێخ شەعـرانی و لە قەڕنەکانی ئەخیردا ساحیبی «الفقە المذاهب الاربعة» شێخ جەزیری و سەید سابێق لە «فقەالسنە »دا ودە عەسری خۆماندا ئۆستاد «وهبة الزحیلی»، خودا ڕەحمەتێ لە هەمووان بکا؛ بۆ ئاسانی ئەم لێژنەیە کاریان کردووە. «المجلی» کە لە لێژنه‌ی عیلمی زەمانی ئیمپڕاتووری عوسمانی تەئلیف کراوە، هەنگاوێک بووە بۆ هەبوونی لێژنەی فەتوا.

- چ ئامۆژگارییەکتان بۆ ئەم کەسانە هەیە کە سەرەتای خوێندنیانە؟ بەتایبەت خوێندنی ئایینی؟

وڵام: ئامۆژگاریم ئەوەیە عەقیدەیان باش بی، دەرسەکان چاک بخێنن، بە دەرسێک و دوو دەرس ڕازی نەبن، لانیکەم دەرسی عیلمی و حەدیس و فیقه و تەفسیر بخوێنن، بەڵام تەفسیری موختەسەر وەک جەلالەدین و موختەسەری بەیزاوی، شت لە ڕەفیقان فێر بن و ئەوەی دەیزانن بەوانی بڵێن؛ قەدیم گوتەنی ئوخووەتی عیلمیان هەبێ.

- لە ژیانی خۆتدا چ کەسایەتییەک کاریگەری دەروونی و مەعنەوی لەسەرت جێ هێڵاوە؟

وڵام: ئەووەڵ کەس کە کارێگەری دەروونی هەبوو لە سەرم دایکم بوو ـ دوایی کە چوومە ناو فەقێیان و بوومە فەقێ زۆربەی ئۆستادەکانم کە لای باوکمیان خوێندبوو کارێگەریان هەبوو لە سەر رۆحی تینووی خێندنی من.

-تکایە بفەرموون چەند کتێب و نووسراوەت هەیە؟ ئەگەر دەکرێ بێرەوەریەک لە ژیانی خۆتان بۆ خوێنەرانی ئازێز بگێرنەوە خۆشحاڵ دەبێن. 

وڵام: لە بەشی یەکەمی پرسیارەکەتان دەتوانم ئەوە عەرزی جەنابتان کەم کە هەندێ نووسراوەم هەن کە بەداخەوە بە هۆی هێندێک کیشە و گرفت چاپ نەکراون، ئەمە ناوی ئەو کتێب و نووسراوانەن کە لەبەر دەستم دان و بەشێکی زۆر لەوانە تەواو بوون و ئامادەی چاپ و بڵاو بوونەوەن، بەڵام لە چاپ نەدراون و بڵاو نەبوونەتەوە: 

۱‌-فتنه وهابیت 

۲-القرآن امام المسلمین  

۳-نقدی بر کتاب کرد و کردستان تألیف واسیلی نیکتین ترجمه محمّد قاضی

۴-تصوّف و اسلام - کردی 

۵- ترجمه‌ی سوره‌ی فاتحه از تفسیر بیضاوی با مقدّمه‌ی مترجم و مؤلّف  

۶ -حکم یاوه‌سرایی ترجمه‌ی مفتاح الفواحش 

۷-حلّ مشکلات بخاری در سه جلد 

۸-نقدی بر معالم المدرستین، علاّمه مرتضی عسکری 

۹-کفائة فی الدین

۱۰-حکم احیا‌ء موات در عصر جدید 

۱۱-ردّی بر سیّد مصطفی مدّعی نبوّت  

۱۲-ربا چیست؟ 

۱۳- ترجمه و تفسیر سوره‌ی یاسین

۱۴-اصول دین- علم النفس- علم التصوف-ترجمه کتاب الدرایه فی شرح النقایه 

۱۵- ترجمه‌ی  «عناصر القوة» سید سابق

۱۶-شش حروف تبعید شده از زبان کردی

۱۷-تفسیر قرآن به قرآن کردی

۱۸-علم گمشده مؤمن 

۱۹-فواتح السور سوگندهای قرآن

۲۰-زکات صائم

۲۱-ابونصر فارابی سید جمال الدین 

۲۲-قانون اتّحاد علما با استفاده از قرآن

۲۳-محراب

۲۴-اصلاح قانون اتّحاد علما عراق که در کردستان عراق چاپ شده 

۲۵-وحدت

۲۶-تاریخ حدوث علم نحو و صرف

۲۷-ترجمه‌ی «فی العمل السری» محمّد فوزی به کردی 

۲۸-تحقیقی در اجتهاد و روایت در اسلام

۲۹ -نداهای قرآن ۴جلد 

۳۰- خطبه‌های قرآن 

۳۱-تفسیر سوره‌ی یاسین دو دفتر

۳۲-عقیده بو منالانی کوردی

۳۳-دار الارقم- عشره مبشرّه  

۳۴-ابوعبیده جرّاح 

۳۵-زبیر بن عوّام 

۳۶-احادیث مشکله اللؤلؤ والمرجان ۳ جلد

۳۷-شرح حال ۱۲۳عرفا

۳۸-خطب الرسول بالغ بر ۳۰۰ خطبه

 ۳۹-زیبایی در اسلام 

۴۰-مباحثی درباره‌ی قرآن

41-تفسیر سوره‌ی انبیاء

۴۲-علاج ریا

۴۳-تفسیر سوره‌ی اخلاص- فارسی

۴۴-ترجمه و تفسیر زهراوین بدیع الزمان  

۴۵-زمین در قرآن ۴ جلد 

۴۶-نصایح برهانی 

47-اسلام و مقایسه‌ی مکاتب الحادی

 ۴۸-تفسیر اخلاص به کردی

۴۹-تقیه در اسلام 

۵۰-تحقیقی در زندگی پیامبر‌–صلّی‌الله علیه وسلّم–

۵۱-بعثت پیامبر–صلّی‌الله علیه وسلّم–

۵۲-ترجمه‌ی عقیده محمدسعید نورانی از لهجه سورانی به بادینی

۵۳-عظمت مسجد در اسلام

۵۴-هلال السنة

۵۵ـ هلال الشریعة

۵۶ـ هلال از نظر مذاهب اسلامی

۵۷-هلال در اسلام

۵۸-شرح حال علماء کرد به ترتیب حروف الفبا و تألیفات آنان 

۵۹- اسباب النزول ۶ جلد 

۶۰-صدها مقاله و مکتوب که در آرشیو کتابخانه به صورت رساله موجود است

٦۱ـ مقدّمه‌ی شریعت اسلام ۵۰۰ صفحه

٦۲ـ ترجمه و تألیف مکتوبات و نامه‌های حضرت عمر رضی الله عنه

٦۳ـ اسماء الله و شرح آنها

٦۴ـ جمع مختصری از فتوای یمینه

٦۵ـ جمع طلاق الاکراد جمعی از علمای کرد

٦٦ـ بحث بیمه با همکاری استاد وهبة الزحیلی طی نشستی که با ایشان داشته‌ام

٦۷ ـ چاپ بیشتر مقالات اینجانب در مجلّه‌ی الاخاء، کلک، سروە و....

لە بەشی دووهەمی پرسیارەکەتاندا دەکرێ بڵێن کە لە ڕاستێدا ژیانی مرۆڤ پڕە لە بەسەرهاتی خۆش و ناخۆش کە وەک بێرەوەری لە بێری مرۆڤدا دەمێنێ... لە ساڵی ١٣٧٢ لە سەفەرێکدا کو ڕۆیشتبوومە کوردستانی ئێڕاق، لەگەڵ بەتەمەنترین زانای ئایینی هەریمی کوردستان واتە «مامۆستا مەلا عومەری تورجانی» کە تەمەنی زیاتر لە سەد ساڵ بوو، هەروەها یەکێک لە شاگرد و فەقێ بەناوبانگەکانی مامۆستای گچکە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتی خۆی دوستی نیزێکی باوکم دەبێ؛ وەک بەرەکەت لە خزمەت بەڕێزیان ئیجازەنامەی عیلمی و ئیفتام لە دەستی مەمبارەکی وەرگرتووە و ئیستاش هەر لە ماڵێ ماومە...

لە سەر دەمی خۆیدا لە تاران گەڵ بەڕێز دوکتۆرڤ«وهبة الزحیلی» بۆ ماوەی یەک ساعەت لە گەڵ بەڕێزیان دانێشتم و وتووێژێکی زانستیمان هەبوو سەبارەت به «بیمە» و لە دواییشدا پەیوەندیمان هەر هەبوو، بەڕێزیان یەکێک لە گەورەزانایانی دونیای ئیسلام بوو، خوای گەورە دەرجاتی بەرز کات و فیردەوسی ئەعلای بە قسمەت کات؛ من ئەو وتووێژەم لە چوارچێوەی کتێبێکدا نووسیوە و هیوادارم لە داهاتوویەکی نزێک بخریتە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیز. 

- چ ئامۆژگارێکت هەیە بۆ خۆێنەرو خاوەن قەڵەمەکان؟

وڵام: ئامۆژگاریم ئەوەیە وەختی خۆیان بە فیڕو نەدەن: عەڕەب کوتەنی «الوقت سیف قاطع، ان لم یقطع یقطعک» واتە: «وەخت شەمشیرە، نەیبڕی دەتبڕی». 

خاوەن قەڵەمیش زوبدەی مەعلووماتی بێنیتە سەر کاغەز ؛ بەڵام بە هەر زمانێک بێ، بە عیبارەتی جوان و رێکوپێک و ئەدیبانە شت بنووسی ـ لازمە بڵێم کە خوێنەر و نووسەر و سوخەنڕان دەبێ عیفەتی خۆی و قەڵەمەکەی و زمانەکەی راگرێ ؛ چۆن لیباسی پاک ڕادەگرێ ئاوا زوبان و قەڵەمیش لە جنێو و جنێو فروشی و لاتاو ڕاگڕی ـ ئەگەر ژیاننامەی پێغەمبەرەکانی دیکە ـ د. خ ـ لە قورئان و حەدیس فێر بی دەزانی خۆت و قەڵەم و زمانەکەت چۆن رەفتار دەکا.

 - چ کاتێک هەست بە خۆشی دەکەیت؟

وڵام: ئەگەر دە موتالیعەی خۆمدا بەتایبەت لە «قورئان و حەدیس و بەعزە کتێبەکی عیلمی» جێیەکی موشکیل ببینم، زوو یا درەنگ بیزانم، وا دەزانم زانینی ئەو موشکیلە بۆ من جەوان بوونەوەیەکە ـ حاڵەتی زانین لە کتێبەکان بۆ من خوشترین کاتە.

باوەڕکە وا هەیە نانم بۆ دادەنێن لە بەر موتالیعەی لەبیرم دەچی بیخۆم. زۆر جار وا هەیە بە تێربوونی رۆحی ئیکتفا دەکەم و جەم هەبووە هیچ نەخواردووە. بە قەولی ئەبووعەلی سینا: زانینی عیلم خوشترە لە خواردنی حـەڵـوا کە منداڵ پێیان خۆشە، ئەهلی عیلمیش ئەگەر لەزەتەکەی هەر دە خواردندا بێ ئەوە خۆی منداڵ کردۆتەوە.

- کۆسپەکانی سەر ڕێگای نووسین لە چیدا دەبینیتەوە؟ چۆن وەسفی نووسین دەکەیت؟

وڵام: نەبوونی ورە و نەبوونی قەناعەت و هەبوونی ئیحتیاج گەورەترین کۆسپی نووسەران و وەرگێڕانی ئەو سەردەمەیە. دەگێڕنەوە عەلامە سەید شەریفی جورجانی لە حاڵەتی تەدریسدا کە منداڵەکەی پێی کوت «دایە دەڵێ ئاردن نەماوە بۆ نانی ئەوڕۆ»، دەرسەکەی ڵێ تێکچوو، جا ئەو فەقێیەی کە لە خزمەتی دەرسی دەخوێند عەرزی کرد قوربان ئەوە دەلێی چی؟! عەلامە فەرمووی: فەقێی عەزیزم بابە ئاردی ئەو کوڕەی هەموو شتی لە بیر بردمەوە... .

- ئایا ئەمڕو کۆمپیوتەر جێگای نووسینی نەگرتووتەوە؟

وڵام: ئەگەر سفرەیەک دانێن چەند نەوعە تەعامی لەسەر بێ، هەر یەکە تامی خۆی هەیە، ئەگەر خواردت هەموو حەل دەبن، ئەگەر ئیستفادە لە نووسین و کامپیۆتێر بکەی ئەوە نووری عەلا نوورە و دیارە  یهدی اللە ... .

-دوا گوتەتان بۆ خوێنەران چییە ؟ 

تەوسییەم بۆ خوێنەران ئەوەیە ئەگەر مەکتووب و نووسراوەیەکیان کەوتە دەست، بە جوانی بخێننەوە، ئەگەر نەقس یا قسورێکیان دیت زۆر بەئەدەبانە ڕەخنە بگرن و بە بەڕێوەبەرەکانی رابگەێینن. 

-سپاس لە بەشداریتان و سپاس بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکان

زۆر سپاس بۆ ئێوە و سپاس بۆ ئەوەی کە ئەو دەرفەتەتان بۆ من رێک خست.

.......................................... 

* لە کۆتاییدا زۆر سپاسی بەڕێز مامۆستا عەبدوڵباسیت بورهانی کوڕی بەڕێزی حاجی مامۆستا ڕەشید دەکەین کە لە سازدانی ئەم وتووێژە ئەرکی سەرهکی وەئەستۆ گرت. 

* ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ٢٧١٨ی کوردی بەرانبەر به ١٦ مرداد ١٣٩٧شمسی و ٢٤ ذی العقدە ١٤٣٩قمری و ٧ آگوست ٢٠١٨ میلادی


حاجی مامۆستا مەلا ڕەشید بورهانی و مامۆستا عەبدوڵڵا عەلیپوور
وێنەی نامەی مامۆستا رەشید بورهانی بۆ «علامه شیخ عبدالرئوف نقشبندی»، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەیزاوی
وێنەی نامەی «علامە شیخ عبدالرئوف  نقشبندی» لە وڵامی نامەی مامۆستا رەشید بورهانی سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەیزاوی
ده‌نگێ نه‌دراوه