هەنگاوێک بۆ پاراستنی ژینگە

هەنگاوێک بۆ پاراستنی ژینگە

ئەمرۆکە کێشەی پیسبوونی ژینگە بۆتە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکان کە ڕووبەڕووی جیهان بۆتەوە و هەڕەشە لە ئێستا و داهاتوومان دەکا، بە دڵنییایەوە ئەو کێشەیە شتێک نییە کە تەنها قسە و ترسان بێ و دروشم و هاوار چارەسەری کا، بەڵکوو ڕاستەقینەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە پێوەندی بە ئێمەی مرۆڤ و هەموو گیانلەبەرێکەوە هەیە، کەچی بەداخەوە ئێستاش هەموو کەس هەست بە مەترسیی ئەو کێشەیە ناکات.

 کەڵکوەرگرتن لە پیت و پێشکەشییەکانی ژینگە پێویسته بە شێوەیەک بێ کە هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی ژینگە واتە ئاو و خاک و هەوا تێک نەچێت، جا هەر کات ئەو هاوسەنگییە وەها تێک بچێ کە سروشت نەتوانێ دایانڕێژێتەوە یا نۆژەنیان بکاتەوە ژینگە پیس دەبێ و لە ئاکامدا سڵامەتی خەڵک و کۆمەڵگا و هەموو زیندەورێکی تر دەکەوێتە مەترسییەوە. 

لە هەمووشتێک مەترسیدارتر ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی شار و گوندەکان یا بایەخێکی شیاو و کارتێکەر بۆ ژینگەی خۆیان دانانێن یا لە ئاستێکی هەرە لاوازدا کاری بۆ دەکەن و پێی ڕادەگەن. ژینگەیەک کە وا لانکی ژیانە و بڕیار وایە منداڵانی ئێستا و نەوەکانی داهاتوو تێیدا پەروەردە بن، جێی خۆیەتی وەها ڕابگیرێ کە شارستانییەت و مەدەنییەت و پێشکەوتی خەڵک و وڵات و نیشتمانی پێوە دیار بێ و ڕەسەنایەتی لە ڕوخساریدا خۆی بنوێنێ.

ژینگەیەکی جوان و ڕازاوە لەوێنەی ژینگەی کوردستان پیویستی بە ئاگاداری و پاراستنی هەموو لایەکە، ئەگەرچی هەندێک کەس لەوانەیە وا بیر بکەنەوە کە پاراستی ژینگە بە گشتی ئەرکی دەزگاکانی حکومەت و دەسەڵاتە بەڵام پێویستە بگوترێ؛ تەنانەت لە پێشکەوتووترین وڵاتان و گەلانی جیهانیشدا پاراستنی ژینگە هیچ سنوورێکی دیاریکراوی نییە و پێوەندی بە هەموو خاوەن عەقڵ و هەستێکەوە هەیە و ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە، چونکه ژینگە زۆر گشتیتر و گەلێک گرینگتر لەوەیە کە پاراستنی تەنیا ئەرکی لایەنێکی تایبەت بێ و ئەوانی تر لێی بیخەیاڵ و دابڕاو بن، هەر بۆیە پێویسته هەستی بەرپرسیارەتی کۆمەڵگا لەمەڕ ئەو گرینگە بە ڕادەی پێویست و شایانی ژینگە بێت و پەرە بستێنێ.

لە لایەکی ترەوە لە بارودۆخی ئێستادا کەسانێک هەن کە به بیانووی گرفتی ئابوورییەوە ڕایان وایە کە لە ئاوەها دۆخێکدا نەتەنیا تێکۆشان بەڵکوو هێنانە گۆڕێی بیر و هزرێکی ئاسایی بۆ خاوێنڕاگرتن و پاراستنی ژینگە ئاستەمە، بەڵام لە ڕاستیدا پیسبوونی ژینگە هەم سڵامەتی تاک و کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە هەمیش زیانی ئابووری لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە سەرباری گرفتەکانی تر. کێشە و قەیرانی ئابووری لە ئاکامدا کۆتایی دێت چون شتێکی تازە نییە و لە مەودای مێژوودا زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی بوونەتەوە و چارەسەرییان بۆ دۆزیوەتەوە بەڵام با لەوە دڵنیا بین پیسبوونی ژینگە و لە دەستدانی سامانە سروشتییەکان گەلێک جار قەرەبوو ناکرێتەوە و نەتەنها بۆ هەمیشە شوێنەوارە دڵتەزێنەکانی دەمێنێتەوە بەڵکوو ئاستی شارستانییەت و بیرمەندی دانیشتووانی کۆمەڵگاکەش دەخاتە ژێر پرسیار و جێی ڕەخنە و لۆمە و گلەییکردنی نەوەکانی داهاتوو خۆش دەکا، چونکە ئەو نەوانە لە خێروبێری ئاو و خاک و هەوایەکی پاک و بەپیت و بەئەندازە لە داهاتوودا بێبەش دەبن و لەگەڵ هەموو جۆرە گرفت و کێشە و نەخۆشییەک ڕووبەڕوو دەبنەوە. 

بێگومان ئەگەرئەو ئەرکە، واته ژینگەپارێزی لەبیر بکرێ، بەر لە هەموو شتێک دیمەنی وڵات و نیشتمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر جوانی و دڵڕفێنی خۆی لە دەست دەدات و دواتر قەیرانێکی قووڵی ژینگەیی رووبەڕوومان دەبێتەوە و ژینگەمان لێدەکاتە مردنگە، ئەو کات بۆ چارەسەری قەیرانەکە یا کارێکی بەکەڵکمان پێ ناکرێ و دەرەقەتی نایەین یا درەنگ و ناوەختە و بە هیچ چەشنێک باشاری ناکەین.

کەوایە تەنانەت یەک هەنگاویش بۆ پاراستنی ژینگە لە لایان هەر هاووڵاتییەک دەتوانێ پاڵپشتێک بۆ ئێستا و پاشەکەوتێک بۆ داهاتوو بێ، تا ئەو ڕۆژەی که قەیرانە ئابوورییەکان دەستییان لە یەخە کردینەوە بتوانین لە داوێنی چیایەکی سەرکەش یا لە ژێر سێبەری درەختێکی سەوز و لە کەشوهەوایەکی پاکدا، ئاوێکی بێخەوش و خاوێن بە ئاسوودەیی بخۆینەوە.

ده‌نگێ نه‌دراوه