شەپۆلی نوێژی جەژنی قوربان لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبۆرز و قەزوین

شەپۆلی نوێژی جەژنی قوربان لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبۆرز و قەزوین

سوننەمەزهەبەکان لە زۆربەی ئەو شوێنانەی وا جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بەڕیوەیان دەبا، نوێژی جەژنی قوربانیان بەرپا کرد. به پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، لە زۆربەی ئەو شوێنانە بە هۆی کەمی جێگا و پێشوازی و بەشداری بەرچاوی نوێژخوێنان، ڕێوڕەسمی خوێندنی نوێژی جەژن زیاتر لە جارێک بەڕێوە چوو.  

مزگەوتەکانی سادقیه، نوور لە شارۆچکەی قودس، مزگەوتی نووری کەرەج و مزگەوتی وەحیدیە، شوێنگەلێک بوون کە تێیاندا نوێژی جەژن خوێندرا.

لە هەندێک لە شوێنەکانی چوونەژوورەوەی مزگەوتی سادقیە، لە چوونەژوورەوی نوێژخوێنان ڕێگری کرا و دەستەیەک لە خەڵک نەیانتوانی نوێژ بەجێ بێنن؛ بەو حاڵەشەوە نوێژی جەژن لە سادقیه بۆ چوار جار هاتە خوێندن و کۆمەلێک لە خەڵک کە ئەژماریان نزیکەی نۆ تا دەهەزار نەفەر دەبوو نوێژیان بەرپا کرد؛ بەڵام هاووڵاتیانی تامەزرۆی نوێژی جەژن لە گەڕەکانی ڕەسالەت و خەلیجی فارسی تاران سەرەڕای ڕەزامەندی پارێزگار و فەرمانداری تاران، بە هۆی ڕێگریکردنی پۆلیسی ئەمنی، لە بەجێهێنانی نوێژی جەژن بێبەش مانەوە.

بە پێی بەدواداچوونانەکان، بەرپرسانی پۆلیسی ئەمنی ڕایانگەیاند، هۆکاری ئەو بەرگرییە دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەبڕیاڕێک کە ساڵانی ڕابردوو لە لایان شۆڕای پاراستنی پارێزگاوە پەسند کراوە کە تێیدا هاتووە: نوێژەکانی جەژنی قوربان و ڕەمەزان جگە له چەند شوێنی دیاریکراو نابێت لە شوێنەکانی تری تاران و دەوروبەری بەرپا بکرێ. 

سەبارەت بەو شوێنانەی تر کە ئەرکی بەرێوەبردنیان لە ئەستۆی جەماعەت نییە، بە پێی ئەو زانیارییانەی وا بڵاو کراونەتەوە، خوێندنی نوێژ کە چەند ساڵ لەوە پێش لە پوونەک قەدەغە کرابوو، ئەم جەژنە بەرپا کرا، بەڵام لە یافتاباد هێزکانی ئەمنی نەیانهێشت ڕێوڕەسمی نوێژی جەژن بەڕێوە بچێ.  

هیوادارین بە ڕاوتەگبیری کاربەدەستان و بەرپرسانی باڵای وڵات لە پێناو پتەوکردنی برایەتی و یەکگرتوویی و جێبەجێکردنی ڕاگەیێندراوی مافی هاووڵاتی و بنەماکانی یاسای بنەڕەتی، ئەم لەمپەر و بەربەستانە بۆ هەمیشە هەڵبگیرێن تاکوو هاووڵاتییانی سونەمەزهەبیش بتوانن لەشێوەی باقی هاووڵاتییە بەرێزەکانی وڵاتەکەمان، بە خەیاڵێکی ئاسوودە و دەروونیکی هێمن ڕێوڕەسمەکانی بەندایەتی بە پێی بنەما مەزهەبییەکانی خۆیان بەڕێوە بەرن.    

ده‌نگێ نه‌دراوه