دكتۆر عەلی قەرەداغی: سەودا و مامەڵە بە دراوی ئەلكترۆنی جائیز نییە

دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان، سەبارەت بە جائیزنەبوونی مامەڵەكردن بە دراوی ئەلكترۆنی -بێتكۆین(بە ئینگلیزی=bitcoin)- بەو شێوەی كە ئێستا هەیه، فەتوای دا.
قەرەداغی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی جەزیرە كە دواتریش لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە توویتەر بڵاوی كردۆتەوە دەڵێت: دراوی ئەلكترۆنی بەو شێوەی كە ئێستا هەیە جائیز نییە مامەڵەی پێ بكرێت، پاشان دەڵێت: لێرەدا دەکرێت بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ئەم دراوە بچێتە بازنەی مەشروعەوە تا لەو رێگەیەوە تووشی زیانی گەورە نەبین سێ چارەسەر دابندرێت، ئەویش بەو شێوەیە دەبێت كە سەرچاوەیەکی بۆ دروست بكرێت وەك ئەوەی دەوڵەتێك بیكات بە دراوی دووهەم یان یەكەمی خۆی، هەروەها كۆمەڵێك بانكی ئیسلامی وەك وەرەقەیەكی دڵنیایی لەخۆی بگرن یان كۆمپانیایەكی گەورەی وەبەرهێنانی بۆ بنیات بندرێ.
پاشان دەڵێت: بێتكۆین و دراوگەلێک لەم چەشنە، هەڕەشەن لەسەر ئاشتی ناوخۆی مرۆڤایەتی یان ئاسایشی ناوخۆ یان بەلانیکەم ئاسایشی ئابووری و كۆمەڵایەتی.
دكتۆر قەرەداغی وای دادەنێت كە بێتكۆین دراوێكی ڕاستەقینە نییە، چونكە ئەم دراوە هۆكارێك نییە بۆ كۆكردنەوەی سامان یان پێدانەوەی قەرز و جۆرەها شتی تر. لەم دراوەدا ئەو جۆرە مەرجانە نییە كە پێویستە لە دراوێكی فەرمیدا هەبێت و هیچ لایەنێكی فەرمی لە پشت نییە كە ناسراو بێت.
ڕای دكتۆر ئەوەیە، كە نرخی ئەم دراوە لە قەبارەی ئاڵوگۆڕ و گەیاندن و دزەپێكردنیدایە، وەك ئەمەش ناتوانرێت وەك كارتێكی دڵنیایی سەیر بكرێت، چونكە ئەو جۆرە كارتانە سەر بە كۆمەڵە كۆمپانیایەك یان كۆمەڵە بانكێكن.
دراوی بێتكۆین لە ئێستادا بەناوبانگترین دراو له ئاستی جیهان و بە تەواوی مانا ئەلكترۆنیە کە تەنیا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت، هیچ جۆرە بوونێكی فیزیایی و مادی نییە، یەكەمین دراوی ئەلكترۆنی بێ ناوەندە و بە سیستمێك کار دەكات كە كۆگایەكی ناوەندی و مەركەزی نییە و هەست ناكرێت بەڕێوەبەرێكی هەبێت، واتە بە هەموو شێوەیەك لە دراوە ئاسایی و تەقلیدییەكان جیاوازە.

بخش اخبار: 
اصلی