قازانج و بەرهەمەکانی حەج و عومرە بە کوردی و بە کورتی

قازانج و بەرهەمەکانی حەج و عومرە بە کوردی و بە کورتی

هیچ شک و گومانێک لەوەدا نییە کاتێک خودای حەکیم و کاربەجێ ئەمر و فەرمانی بە عیبادەتێک داوە تاکوو عەبدەکانی جێبەجێی بکەن، بەرژەوەندی و قازانجی بەندەکانی لەبەرچاو گرتووە و هەر تەکلیف و دەستوورێک کە داوییەتی بە مەبەستی قازانج گەیاندن بە بەندەکانییەتی .حەج و عومرەش وەک ئەرک و تەکلیفێک کە لە سەرشانی ئیمەی ئیماندار داندراوە، لەو بەهرە و سوودانە خاڵی نین .

خودای گەورە لە ئایەتی 28ی سورەتی حەجدا دەفەرموێ :{لِّيَشْهَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ عَلَىٰ مَا رَزَقَهُم مِّن بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ ۖ فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِيرَ} بۆ ئه‌وه‌ی سوود و که‌ڵکی مادی و مه‌عنه‌وی به‌ده‌ست بهێنن و ببینن و یادی خودا بکه‌ن و ناوی پیرۆزی به‌رده‌وام له‌سه‌ر زاریان بێت له ڕۆژانێکی دیاریکراودا که ڕۆژانی عه‌ره‌فه و جه‌ژنی قوربانه‌، سروودی (لبیك أللهم لبیك، لبیك لا شریك لك لبیك، إن الحمد و النعمة لك والملك، لا شریك لك) و (ألله أکبر، ألله أکبر، ألله أکبر، لا إله إلاألله و ألله أکبر ولله الحمد) له حه‌ج  و له ڕۆژانی جه‌ژندا لەبیر نه‌که‌ن، هه‌روه‌ها له‌ کاتی سه‌ربڕینی ئه‌و ماڵاتانه‌ی که پێمان به‌خشیون ناوی خوا (بسم الله‌) بێنن، ئه‌وسا له گۆشته‌که‌ی بخۆن و به‌شی هه‌ژار و نه‌دارانیشی لێ بده‌ن.

ئیبنوعەباس(بە عەڕەبی=ابن عباس) له ڕاڤە و تەفسیری ئەو ئایەتە پیرۆزەدا دەفەرمۆێ: «ئەو قازانج و بەهرانەی کە خودای گەورە باسی کردوون، هەردووک دەستە قازانجه مادی و مەعنەوییەکان لە خۆ دەگرن». بەهرەی مەعنەوی وەکوو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەروەردگار .بەهرەی مادی وەکوو سەربڕینی وشتر و مانگا و مەڕ، و کرین و فرۆشتن یا بازرگانی. 

جا ئێستا بەکورتی ئەژماریک لە بەرهەمەکانی حەج و عومرە دەخەێنە ڕوو.

قازانجە واتایی و مەعنەوییەکان 

۱- بە دەست هێنانی ڕەزامەندی خودای میهرەبان: 

یەکێک لە قازانجە هەرە سەرەکییەکانی حەج و عومرە وەدەستخستنی ڕەزایەتی خودای پەروەردگارە، ئەو بەرهەمە ئەوەندە بەنرخ و پڕبەهایە که ئەگەر بێجگە لەو بەرهەمە هیچی دی تێدا وەدەست نەکەوێ بۆ کابرای ئیماندار بەسه، چون ئەگەر قازانجێک ڕەزامەندی خودای بۆ مسوڵمان تێدا نەبێت بێ کەڵک و سوود دێتە ئەژمار و بەهرەیەکی پێ نابەخشێ !

۲- زیکر و یادی خودای باڵادەست :

لە بنەڕەتدا فەلسەفەی هەموو عیبادەت و خوداپەرەستیەک زیکر و یادکردنەوەی خودای تاقانەیە، هەر وەک چۆن بۆ نوێژ خودای بەخشەندە دەفەرموێ :( ٲقم الصلاة لذكرﻱ) واتە؛ «بۆ یادکردنی من نوێژ بەجێ بێنن». بۆ حەجیش دەفەرمۆێ :[وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ ...] خودای حەکیم باسی قازانجی ذیکریشمان  بۆ دەکا و دەفەرموێ :(الا بذكر الله تطمئن القلوب) واتە؛ «ئاگادار بن تەنیا بە یادی خودا دڵەکان ئارام دەگرن». بۆیە ئەگەر ژیانێک لە زیکری خودا بێ بەش بێ، ئەوە زەلکاوە ! هەر وەک خودا دەفەرموێ:[و من ٲعرض عن ذكرﻱ فٳن له معیشة ضنكا...]«هەرکەس ڕوو لە یادی من وەرگێڕێ ژیانێکی پڕ لە مەینەت و پەژارە چاوەڕانی دەکات» .جا حەج ئەو کەلێن و و بۆشاییە پڕ دەکاتەوە و زیکری خودا لەو شوێنە موبارەکە دەخاتە مێشک و دڵ و زاری ئیمانداران.

۳- سڕینەوەی تاوانەکان :

پێغەمبەر(د.خ)فەرموویەتی: «هەر کەسێک حەج بکا و قسەی ناشیرن نەکا و بەدڕەوشت نەبێ، وەک ئەۆ ڕۆژەی کە لەدایک بووە، تاوانەکانی پاک دەبێتەوە!»

یان بۆ عومرە ئاوای فەرمووە :«گوناحەکانی نێوان عومرەیەک تا عومرەی دی پاک دەبێتەوە و نامێنێ و حەجی چاک و تێروتەواویش (مبرور) جگە لە بەهەشت پاداشێکی دیکەی نییە»

قازانجە مادییەکانی حەج و عومرە 

1-کڕین و فرۆشتن یا بازرگانی :

سەوادکردن و بازرگانی ڕێگایەکە بۆ وەدەستخستنی قازانج و سوود و بەهرەی دونیایی، جا حەج و عومرە ئەو دەرفەتە بۆ مسوڵمانان دەرەخسێنێ .

خودای گەورە لە ئایەتی 198ی سووڕەتی بەقەڕەدا دەفەرموێ :[لیس علیكم جناح ٲن تبتغوا فضلا من ربكم ... ]؛ واتا: هیچ گوناهبار نابن ئه‌گه‌ر له کاتی حه‌جدا له چاکە و فه‌زڵی په‌روه‌ردگار، خۆتان بەهرەمەند بکه‌ن (وه‌ک بازرگانی و شت کڕین) هه‌ر کاتێک له عه‌ره‌فات دابه‌زین و گه‌ڕانه‌وه‌، یادی خوا بکه‌ن له‌ لای (مشعر الحرام که‌)- کێوێکه له داوێنی موزدلیفەدا- وه‌ک چۆن ڕێنموویی کردوون و هیدایه‌تی داون، چونکه به‌ ڕاستی ئێوه پێش هاتنی ئەم ئایین و ڕێنووماییه سه‌رگه‌ردان و گومڕا بوون.

حەج و عومرە پاڵپشتێکی ئابووریە بۆ خەڵکی مسوڵمان که ساڵانە دەیان شوغڵ و کار بۆ خەڵکی بەرهەم دێنێ، وەک پێشانگایەکی ساڵانە لە تەواوی دونیا خەڵکی کەلوپەل و کاڵاکانی خۆیان دەبەن و لەوێ دەیفڕۆشن و بۆ خۆشیان دەتوانن کاڵا و پێداویستی خۆیان لەوێ دابین کەن و بۆ بازرگانیش لە گەڵ خۆیان بیهێننەوە.

2-قازانجە کۆمەڵایەتییەکانی حەج :

هەموو ساڵێ لە ڕۆژانی حەج و عومرە خەڵکی مسوڵمان لە سەرانسەری دونیا بەرەو ئەۆ شوێنە پیرۆزە  وەڕێ دەکەون تا لەو کۆبوونەوە گەورەیەدا  بەشدار بن .ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەهایەکی زۆری بەم کوبوونەوانە داوە، هەر لە ئامادەبوون بۆ نۆێژە جەماعەتەکانەوە بگرە  - کە رۆژانە پێنج جار بەجێ دەهێندرێن - هەتا کۆبوونەوەی حەفتانە بۆ نۆێژی فەڕزی جومعە و ڕووکردنە مزگەوت و کۆبوونەوەی مسوڵمانان لە جێژنەکانی قوربان و ڕەمەزان بۆ ئەنجامدان و بەرپاکردنی نۆێژی جەژن .هەمووی ئەمانه بەهانەیەکن بۆ نزیکبوونەوەی مسوڵمانان و کۆبونەوەیان لە دەوری یەکتر، کە حەج بە جوانی ئەو ئامانجە دەپێکێ .

3-زیندوو کردنەوەی برایەتی ئیمانی نێوان مسوڵمانان :

گەورە ترین هۆکار بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستەقینەیە ڕۆیشتن بۆ حەج و دیداری خوشکان و برایانی ئیمانییە که لە سەرانسەری دونیاوە هاتوون و یەکتر  بەسەر دەکەنەوە. لەوێ یەکدەنگ و بەکۆمەڵ ڕوو دەکەنە خودای خۆیان و دوعا و پاڕانەوەکانیان ئاراستەی ئەو زاتە پیرۆزە دەکەن و بە خوێندنی دروشم و شوعاری (لبیک اللهم لبیک ...)  ئەو سۆز و برایەتیە بە ئەوجی خۆی دەگەیێنن .

4-یەکڕەنگی و یەکسانی(مساوات) لە نێوان خەڵکی مسوڵمان و ئیمانداران :

کاتێک حاجییەکان دەچنە نێو بەرگی ئیحڕامەوە، هەموویان بە یەکەوە بەڕگی پڕ له فەخر و جوانی و فیز و دەعیەی دونیای فانی فڕێ دەدەن و پۆشاکی ئیحڕام کە هێما و وەبیرخەرەوەی کفنی مردووەکانە لەبەر دەکەن، ئەو کفنەی کە شا و گەدا، دەوڵەمەند و فەقیر، دەستەڵاتدار و بێدەسەڵات ڕۆژێک دەچنە نێوی و لێی دەرناچن .

حاجیش دەچێتە نێو ئەو بەرگ و لیباسە و لەوێ کەس بە سەر کەسدا باڵادەستی و سەرتری نامێنێ .

هەموویان لە وێنەی یەکتر و بەیەکەوە بە دەوری ماڵی بەیتدا دەخڵوێنەوە و تەواف دەکەن، وەکوو یەک لە مەیدانی عەرەفات ڕادەوەستن، ئەو ڕاوەستانەی کە زیندووکەرەوەی یادی ڕاوەستانەکەی سەحرای مەحشەرە . بە فەرمایشی کاک ئەحمەد:

«یاران جەمن لەو سەحرایە 

چ سەحرایە لەباس نایە 

هاۆتای نیە لەم دونیایە

خاوەنی بانگێشتن خوایە ...» 

بۆیە بە پۆشینی ئەو بەرگە سپییە هەموو ئیمتیازێک بار دەکا و یەکسانی و یەکڕەنگی میوانی ئەو شۆێنە و بەشداربووانی دەبێ .

5-حەج و عومرە قازانجی فەقیرانی و خەڵکی هەژاری تێدایە :

لە فەرمایشە بەنرخەکانی خۆشەویستماندا هاتووە کە دەفەرموێ: «بەڕ دەوام حەج و عومرە ئەنجام بدەن چونکێ ئەو دووانە تاوان و فەقیری لەبەین دەبەن، هەروەک چۆن ئاوری ئاسنگر خەوشی ئاسن و زێڕ و زێو لەبەین دەبا و پاکیان دەکاتەوە». [نسائی / ۲٦۳۱ و احمد/ ٤٦٦۹]

قازانج و سوودەکانی حەج بۆ دەعوەت و بانگخوازی 

ئەو کۆنگرە گەورەیە کە ساڵانە لە مەکەی پیرۆز و ماڵی خودا بەڕێوە دەچێت، لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامی خەڵکی مسوڵمان تێیدا بەشدار دەبن و له لایان ئەژمارێکی زۆر لە میدیاکاران و دەزگاکانی هەواڵگری و کاناڵەکانی ڕاگەیاندن دەخرێتە ژێر چاوەدێری و لە سەرانسەری دونیا بڵاو دەبێتەوە، ئەوەش خۆی بانگەشە و دەعوەتە بۆ ئیسلام و یەکڕیزی و یەکدەنگی و بڕایەتی نێوان مسوڵمانانی دونیا نیشان دەدات.

 هەروەها دەرفەتێکی زێرینە بۆ ئەو تاقم و کۆمەڵانەی کە بیانهەوێ خۆیان بە مسوڵمانانی دیکەی دونیا بناسێنن و لە هەست و ویست و نیاز و کەموکورتییەکانی خۆیان ئاگاداریان بکەنەوە و خەڵکانی دی بکەن بە شەڕیکی غەم و پەژارە و تەم و بەم سێوەیە کەسەر و ناڕەحەتی لە خۆیان بڕەوێننەوە .

ئەوە بەشێکی زۆر کورت و کەم بوو بە کوردی لە قازانج و بەهرە و سوودەکانی ئەو دوو عیبادەتە گرینگ و بە نرخه واتا «حەج و عومرە» کە خودای تاقانە لە سەر ئێمەی ئیمانداری پێویست کردووە و بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەبردنیان هانی داویین .

لە خوداوەندی میری مەزن داواکارم لە ئەنجامدانی ئەو عیبادەت و خوداپەرستییانە یارمەتیدەرمان بێت و هەلی دیتنی ئەو شوێنە پیرۆزانەمان بە قسمەت بکات و چاومان ڕوون و دڵمان ئاوەدان بکاتەوە. ئامین... .

سەرچاوەکان:

۱- عبادت در اسلام / دکتر قرضاوی 

۲- فقه المنهجی 

۳- خواپەرەستی ئیسلامی / مامۆستا عەلی باپیر

٤- تەفسیر نور / محسن قرائتی

٥- تەفسیری ئاسان / برهان محمد ئەمین

٦- شێعری کاک احمد

 

ده‌نگێ نه‌دراوه