«یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی» لە شاری بۆکان، به هەڵبژاردنی باشترین شانۆنامەکان کۆتایی هات

«یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی» لە شاری بۆکان، به هەڵبژاردنی باشترین شانۆنامەکان کۆتایی هات

یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسی کوردی کە لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو، به هەڵبژاردنی باشترین شانۆنامەکان، کۆتایی هات. ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتن بە یەکەم فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسی کوردی، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 11ی گەلاوێژ، بە ئامادەبوونی د. ناسر خودایاری بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، حەمید نیلی کارگێری گشتیی ئەنجومەنی هونەرەکانی شانۆی ئێران، د. جەماڵ خوسرەوی فەرمانداری بۆکان، مەنسوور ئەحمەدی بەڕێوەبەری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی بۆکان و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی تری شاری بۆکان وەک: ئەندازیار بابەک ڕۆستەمپوور سەرۆکی شارەوانی،  ئەندامانی شۆڕای شار و هونەرمەندان و نووسەرانی ناوچە و شارە کوردنشینەکان و هۆگرانی شانۆنامەنووسی بەڕێوە چوو.       

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا بەرپرسی بەشی زانستیی و توێژینەوەی فێستیڤاڵ، سەبارەت بە چۆنییەتی سازدان و هەروەها چۆنییەتی بەڕێوەچووونی قۆناغەکانی فێستیڤاڵ لێداوانێکی ئاراستەی ئامادەبووان کرد.  

پاشان د. جەماڵ خوسرەوەی فەرمانداری شاری بۆکان لە وتارێکدا باسی لە ڕۆلێ فەرهەنگ و پێگەی هونەری شانۆ لە کۆمەڵگادا کرد. 

وتاربێژەکانی تری ئەو رێوڕەسمە بریتی بوون لە: ناسر خودایاری بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، بابەک ڕۆستەم پوور شارەداری بۆکان و حەمید نیلی کارگێری گشتیی  ئەجومەنی هونەرەکانی شانۆی ئێران.

لە بەشێکی بەرنامەکە کۆبوونەوەیەکی زانستی بە ئامادەبوونی د. عەبدوڕەزا ڕادفەر، د. خوسرەوە سینا، بەڕیزان فاتح بادپەروا و ئەنۆر سەبزی، بەڕێوە چوو.    

نمایشکردنی تیزێرگەلێک کە دەرهێنەرانی بێهرووز و ئومید ئەسراری بوون، هەروەها ئاراستەکردنی بەرنامەیەکی مۆسیقایی لە لایان ئەرەستوو سۆهرابی نیا، بەشگەلێکی تر لە بەرنامەکانی ئەو ڕێوڕەسمە بوون.

شایانی باسه پێش بەڕێوەچوونی ڕێوەڕەسمی کۆتاییهاتنی فێسیڤاڵ، کارگەیەکی فێرکاری بە ئامادەبوونی دوکتور قوتبەدین سادقی(قطب الدین صادقی) بەڕێوە چوو.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکە و پاش خوێندنەوەی لێدوانێک لە لایان لێژنەی دادوەران، بەم چەشنەی کە لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە، ناوی باشترین شانۆنامەکان ئاشکرا کران:     

  • لە دوو شانۆنامەی «نامە» بە نووسەری بێهرووز ئەسراری لە بۆکان و نیهزەت قورس بە نووسەری موحەممەدسەعید فەرازمەند لە کرماشان، ڕێز گیرا. 
  • ڕێزی تایبەتی لێژنەی دادوەران، بە پێشکەشکردنی دیپڵۆمی فەخری و دراوی نەغد، لە شانۆنامەی «پەرپولە پیرەگان» بە نووسەری غوڵامڕەزا هیمەتییان لە بیجاڕ، گیرا. 

لە بەشی وەرگرتن، دوو شانۆنامە بەبێ سەرتری، خەلات کران:

  • دیپڵۆمی فەخری و دراوی نەغد و چاپی بەرهەمەکە لە کتێبی فێستیڤاڵەکەدا، لە بەشی وەرگرتن، کرا بە خەڵاتی شانۆنامەی «دەروێش عەودی» بە نووسەری ڕەسووڵ بانگین لە ورمێ.
  • هەر لە بەشی وەرگرتندا، دیپڵۆمی فەخری و دراوی نەغد و چاپی بەرهەمەکە لە کتێبی فێستیڤاڵەکە، کرا بە خەڵاتی شانۆنامەی «چریکەی چیای هاڵۆز» بە نووسەری بەختیار پەنجەیی لە مەهاباد.
  • پلەی سێهەم لە یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسی کوردی، درا بە شانۆنامەی «خانووی سێهه‌م» بە نووسەری «تریفه کەریمیان» لە سەقز، کە به پێشکەشکردنی دیپڵۆمی فەخری، قەوارەی فێستیڤاڵ،دراوی نەغد و چاپی بەرهەمەکە، خەڵات کرا. 
  • پلەی دووهەم لە یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسی کوردی، درا بە شانۆنامەی «پانکییەکان» بە نووسەری «سابیر نیکبەخت» لە سنە، کە به پێشکەشکردنی دیپڵۆمی فەخری، قەوارەی فێستیڤاڵ، دراوی نەغد و چاپی بەرهەمەکە، خەڵات کرا.
  • پلەی یەکەم لە یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆنامەنووسی کوردی، درا بە شانۆنامەی «هەموومان باشین» بە نووسەری «باقر سرووش» لە بیجار، کە به پێشکەشکردنی دیپڵۆمی فەخری، قەوارەی فێستیڤاڵ، دراوی نەغد و چاپی بەرهەمەکە، خەڵات کرا.

 

ده‌نگێ نه‌دراوه