کۆچەری بیرکار یا بیرکاری کۆچەر

نووسەر: 
ڕەئووف ئازەری
ڕەئووف ئازەری

کۆچەر بیرکار؛ گەنجێکی کوردە، لە یەکێک لە ئاواییەکانی ناوچەی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک دەبێت و پاشان دوای وەرگرتنی بروانامەی بەکەلۆریۆس لە بەشی بیرکاری زانکۆی تاران، پەنا دەباتە هەندەران و لە وڵاتی ئینگلیز لە زانکۆی ناتێنگهام وەردەگیرێت و دوای بڕێنی قۆناغەکانی خوێندن، لە زانکۆی کەمبریجی ئەم وڵاتە، دەست بە کار دەبێت و ئەو دوایییانە بە هۆی هەوڵ و چالاکی زانستی، خەڵاتی فیڵدزی جیهانی بە هاوبەشی لەتەک۳ کەسایەتی پسپۆری تر، پێ دەبخشرێت...

ئەوەی گرینگە، ئەوەیە کە کاتێک چاو دەخشێنینە سەر نەخشەی تایبەت بە کۆچی مێشکەکان، ڕێژەی کۆچی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ هەندەران، لە سەر ئاستی جیهان، نرخی بەرزە و لەسەرووی زۆرینەی ولاتەکانە!

کاتێک بیر لە هێندێک کەسایەتی دەکەیتەوە کە لەو وڵاتەوە بەرەو هەندەران ڕۆیشتوون و قۆناغی پڕچەرمەسەری و نەهامەتیان بڕیوە، سەرت سووڕ دەمێنێ و مێشکت گڕ دەگرێت کە بۆ و بە چ تاوانێک و لە سەر چی و بۆ چی؟!

ئاشکرایە و ناشاردڕێتەوە کە نەتەوەگەلێک وەکوو کورد، لۆڕ، بەلووچ، عەڕەب و بە گشتی ئەو توێژانەی جیا لە فارس و شیعەی۱۲ ئیمامین زۆرتر تووشی ئەو کۆڕەوی و نەهامەتیە بوون، بەڵام جگە لەوانە ژمارێکی زۆر لەم نووسەر و بڵێمەت و کەسایەتیە بەرزە کۆچەرانەی وڵاتانی ئەمریکی و ئورووپایی و ... فارسن و شیعە مەزهەب!

دەی ئەوان بۆ؟!

هەر چی بیر دەکەمەوە، جگە لە بیرتەسکی و مالیخۆلیای دەروونی بەشێک لە کاربەدەستان کە خۆویستن و وڵات و سامانیان تەنیا بۆ خۆیان دەوێت و بۆ کەسی تریان نەگەرەک، هۆیەکی تر نادۆزمەوە کە ئەم خەڵک و حەشیمەتە هەڵوەدای هەندەران بکات!

بەڵام ڕێچارە چییە و دەبێ چی بکەین تا لەم شەپۆلە ئابلۆقەدراوە ڕزگار بین؟!

بە ڕای من چەند ڕێکار دەکرێ بگرینە بەر:

۱. هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی مێشک و بیر و هزری ئەم بەشە لە کاربەدەستان کە هۆکارن بۆ ڕەتاندن و تاراندنی مێشک و بیر و هزرەکان واتە سامانی مڕۆڤی، بە لێ نزیک بوونەوە و ئەوسا تێگەیاندن و حاڵی کردنیان کە برا! ئەم سامانە هێندە زۆرە کە بارتاقەی تۆش و جەنابی خاوەریش دێت و پێویست ناکا هەموو خەڵک بتارێنن و شوێنە گەشتیارییەکەی داهاتووی خۆشتان بشێوێنن، گیرفان و هەنبانان پڕ کەن و بڕۆنە لای برا بە وزە و ورەکەتان و خۆشی بگوزەرێنن کە بە ڕاستی ئەوێتان خۆش تر و بێ دەردی سەرترە! (بەڵام وێدەچێ ئەوە خەیاڵی خاو بێت)

۲. تێگەیاندن و حاڵی کردنی ئەو بەشەی تر لە بەرپرسان و کاربەدەستان کە هێشتا تۆزقاڵێکیان کەلێنی خۆویستی ماوە و جێگای ئومێدن بۆ ئەوەی بتوانن کەڵکێکی زۆرتر لە دەسەڵاتی خۆیان وەرگرن و توزێک دەرووی ئاسوودەیی و گەیشتن بە مافی ڕەوای خەڵک، گەورەتر بکەن و لە دەلاقەی بنەماڵەیی و توندەئاژۆییەکانی بێننە دەر!(ئەمەش ئاستەمە هەرچەند بەردەستە)

۳. دروستکردن و پێکهێنانی ستاف و گروپێک بۆ ناسینی رێگای کەم کێشە و بێ کەند و کۆسپی دەربازبوون لەم هەرێمە ماف زەوتکراو و وزە ئابڵۆقەدراوە تا رێگای دەربازبوونی خاوەن وزە و بیرتیژەکان،  بە ئاسانترین شێواز دابین بکەن و توانایی و وزەی خۆیان لە هەندەران، وەکوو خاتوو «مەریەمی میرزاخانی»، «کۆچەر بیرکار»، «دکتۆر سەمیعی»، «فیرصوز نادری»، «ئەنەوشە ئەنساری» و هتد  وەگەڕ خەن و دەرووی خزمەت بە خۆیان و گەلان و مرۆڤایەتی بکەنەوە... چۆن من پێموایە، کۆچەرەکان «بیرکار» نین، بەڵکوو ئەوە «بیرکارەکانن» کە دەبنە کۆچەر و ئەگەر هەر لەم هەڕێمەش رێگەیان بەرتەسک نەکرێتەوە و مافیان زەوت نەکرێ و وزەیان دەستی بەسەردا نەگیڕێت، ئەوا «بیر»یان گەشەی زیاتر دەکات و هەرچی داهاتی بێت بۆ وڵات و نیشتمان و گەلی ئەم سنصورە دەبێت و بەریتانییەکان و رۆژاواییەکان نابنە خاوەنی ...

جا من هەر ئەم سێ رێگایەم پێ شک هات و ئەگەر ئێوەش رێگایەکی تر کە توندوتیـژی و داڕمان و داڕووخان و شۆرشی ماڵ وێرانکەری بەدواوە نییە و ئاشتیخوازانە رێگای مافە ڕەواکان بۆ بیرتیـژان و ورەبەرزان و بڵیمەتەکان خۆش دەکات، بیچێژن، بیبێژن و بیهاوێژنە ئەم ژوورە، با من و خوێنەران لێی بەهرەمەند بین...

لە کۆتاییدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە برای هێـژا و هاووڵاتی بیرکاری کۆچەر؛ دکتۆر «فەرەیدون درەخشانی» بە بیانووی وەرگرتنی دوایین خەڵاتەکەی تا ئەم کاتە، ئارەزووی مسۆگەربوون و بڕینی لوتکە بەرزەکانی سەرکەوتن بۆ خەڵکی ئێران و بە تایبەت گەلی کوردستان دەکەم.

بە سپاسەوە... چاوەڕوانی بۆ چوونە بە پێزەکان و رێگاچارە ئاشتەواییەکانتانین... .

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

ڕاڤه‌ی شیعره‌ فارسییه‌كانی مه‌حوی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر (1398/05/15)
کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)