کۆبوونەوەیەک بۆ ڕێزلێنان لە هەڵکەوتووانی دەست بە قەڵەم و وتاربێژانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، لە شاری سەردەشت بەڕێوە چوو

کۆبوونەوەیەک بۆ ڕێزلێنان لە هەڵکەوتووانی دەست بە قەڵەم و وتاربێژانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، لە شاری سەردەشت بەڕێوە چوو

کۆبوونەوەیەکی یەک ڕۆژە بە مەبەستی ڕێزلێنان و حورمەتگرتن لە ژمارێک نووسەر و وتاربێژە هەڵکەوتووەکانی جەماعەت بە ئامادەبوونی بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی ناوەندی جەماعەت، بەرپرسانی پارێزگا و شارەکان لە ڕۆژی پێنجشەممە 4ی گەلاوێژ لە ڕەبەتی سەردەشت بەڕێوە چوو. 

بەپێی هەواڵی ئیسلاح وێب، لەو کۆبوونەوەیەدا، جەماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی پێوەندە گشتییەکانی ناوەندی جەماعەت، وەک یەکەمین وتاربێژی ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئاماژەدان بە مێژووی نووسین، باسەکەی هێنایە سەر بایەخی سەواد و خوێندەواری لە ئایینی ئیسلام و ژیانی پێغەمبەر(د.خ) و چەندها نموونەی خستە بەر باس و نووسینی لە هەمبەر وتاردان و قسەکردن بە گرینگتر و سەرتر زانی و هەروەها گوتی: گەڕان و لێکۆڵینەوە بەدوای داخوازی و پێداویستی بەردەنگان لە دونیای ئەمڕۆدا گەلێک گرینگ و پێویسته. 

ئیسماعیلی لە درێژەدا باسی لە ڕێژەی ئەو بەهرە و دەستکەوتە مادیانە کرد کە وڵاتانی ڕۆژاوا بە هۆی نووسین و دواتر چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاسەوارەکانیان دەستیان دەکەوێ و گوتی بە داخەوە ئەو ڕێژەیە لە وڵاتی ئێمە به هۆی نەگەڕان و بەدوادانەچوونی ویست و خواستی خەڵک، ئاستەکەی گەلێک نزم و لە خوارێیە.    

بەرپرسی پێوەندە گشتییەکان باسی لەوە کرد کە ئەو چالاکی و هەوڵانەی وا جەماعەت لە دە ساڵی ڕابردوودا لە چەندین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، بۆ بەجێبەجێکردنی پێداویستییە مەعنەوی و چاوەڕوانییەکانی نەوەی نوێ، خستوویەتە گەڕ، لە ئاستێکی باش و بڕواپێکراو و گونجاودا بوون؛ بەڵام لە ساڵەکانی 90ی هەتاوی بەم لاوە ڕادەی نووسین و خوێندنەوە لە نیو جەماعەتدا بە ئاستێکی بەرچاو، دابەزیوە. ئیسماعیلی هۆکاری سەرەکی بۆ نەخوێندنەوەی، گەڕاندەوە بۆ لەبەرچاونەگرتنی خواستی بەردەنگان و نەبوونی داهێنان و دووپاتکردنەوەی بابەتەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەروەها دابەزینی ئاستی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی وتاربێژان و تەنانەت نووسەرانیش.    

جەماڵ ئیسماعیلی لە درێژەدا جەختی کردە سەر بەدەستهێنانی شارەزاییگەلی کەلامی و ئاخافتەیی، کارامەیی لە وتاردان، تێفکرین و تێڕامان و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە بیردۆزگەلێکی نوێ و فروانکردنەوەی ئاسۆی ڕوانین و ڕاڤەکردن و رۆژەڤکردنەوەی ئاوەز و زانستە شەرعییەکان لە دونیای سەردەمدا بە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە بابەتگەلێک وەک دەروونناسی، کۆمەڵناسی و ئەو بابەتە سیاسی و ڕامیارییانەی پرسی ڕۆژانەی کۆمەڵگایە.   

بەرپرسی پێوەندە گشتییەکان لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بەو درز و دوورییەی وا لە نێوان نەوەی نوێ و چینی ڕابردوودا لە گۆڕێ دایە، هۆشداری دا و گوتی: کەڵکوەرگرتن لە فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چالاکی لە بەستێنە جیاوازەکانی مادی و مەعنەوی وەک هەل و دەرفەتێک وایە، بەو مەرجەی پەیامەکان کورت و ڕێک و بەجێ و بە حیکمەت و مێهرەبانییەکی ئیسلام ئاساوە بۆ بەرهەڵستکاران بنووسرێن؛ چونکە چالاکی و وڵامەکانمان لەژێر چاوەدێری ڕاگەیاندنەکاندا ڕاڤە دەکرێ و لێک دەدرێتەوە. 

کەریم عەزیززادە بەرپرسی کاروباری جێبەجێکردنی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، وێڕای بەخێرهاتنکردنی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، بە خاتری ئەو ڕەنج و سەختی و کەند و کۆسپانەی  کە نووسەران و وتاربێژان باشاری دەکەن سپاسی خۆی ئاراستە کردن و گوتی: خواستی مرۆڤ بۆ ئەوەی ڕێزی لێ بگیرێ و قەدری بزاندرێ، خواستێکی دەروونی و ئاساییە. بەڕێز عەزیززادە لە درێژەدا تیشکی خستە سەر گرینگی کاری تیمی و بەکۆمەڵ و گرینگی پێکهاتنی حیزب و ڕێکخراوەکان و سەبارەت بەو گرینگە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی وەک نموونە هێنایەوە و کارنامە و دەسکەوتەکانی ئەو ڕێکخراوەیەی بە ئەرێنی و جێگای ڕەزامەندی وەسف کرد.

بەڕیز عەزیززادە، پاشان ڕووی قسەی کردە وتاربێژان و سەبارەت بە چاوەڕوانییەکی زیاتر کە کۆمەڵگا لێیانی هەیە و هەروەها سەبارەت بە سادە-ئاڵۆزی(سهل ممتنع)وتاردان گوتی: پێویستە مامۆستاکان بەر لە وتاردان بۆ پشتیوانی لە قسەکانیان خوێندنەوە و توێژینەوەیان هەبێت، وتارەکانیان سادە، بەهێز و بە بەڵگە بێت و خواستی بەردەنگان لەبەرچاو بگرن، وتارەکانیان ڕۆژەڤ بێت و لە پێناو ڕێدۆزەکانی جەماعەت وەک مامناوەندی بوون، یەکترقبووڵکردن و سازکردنی جۆرێک هاوسەنگی لە نێوان ئیسلام و نەتەوە و ناساندنی کەسایەتی و ناودارنی نەتەوەیی و دووری لە توندوتیژی ئاراستە بکرێت.  

بەرپرسی کاروباری جێبەجێکردنی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، لە کۆتاییدا به هۆی ڕووداوی بەندکردنی بەختیار عارفی ئاماژەی بە دەربڕینی داخ و هاوخەمی جەماعەت چ لە ئاستی پارێزگا و چ لە ئاستی ناوەندیدا کرد و سپاسی سەبر و خۆڕارگریی خزمان و بنەماڵەی ئەو بەرێزەی کرد و گوتی: کاک بەختیار کە لە ڕێگای دین و دەعوەتدا حەولی داوە، بێگومان مایەی شانازی و سەربەزی بۆ کەسوکار و نزیکانێتی. عەزیززادە لە گوتنەوەی دروشمی: «ئێمە هەموومان وەک کاک بەختیار عارفی ئەندامی جەماعەتین و شانازی پێوە دەکەین» کۆتایی بە قسەکانی هێنا.

لە بەشیکی تر لە کۆبوونەوەکەدا مامۆستا سەید مستەفا مەحموودیان، وێڕای ئاماژە به ئایەتە قوڕئانی و فەرموودەکان سەبارەت بە سەرەتای خوڵقاندن بە قەڵەم، که پیت و بەهرەیە و یەکێک لە دروستکراوە پڕ بایەخەکانی یەزدانی مەزنە، باسی لە ڕێزی قەڵەم و قەڵەم بە دەستان و هیدایت و گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ لای خولقێنەری قەڵەم کرد.  

مامۆستا مەحموودیان،کاری ئیسلاح و پەروەدەی نووسەران و بوێژانی لە دونیای ئەمڕۆدا لە ئیسلاح و پەروەدەی بەردەنگان و  گوێگران بە گرینگتر زانی و گوتی: ڕوولەزیادبوونی شەڕ و ئاژاوە، کوشت و کوشتاری مرۆڤ، توندوتیژی لە ڕادە بەدەری مرۆڤی سەردەم، لێکدابڕان و دژایەتی لە ئەژمار بەدەری ڕەوتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە چوار دەوری جیهان، هەر هەموویان به هۆی ئەوە سەریان هەڵداوە کە نووسەران و قەڵەم بە دەستان بە شیاوی و بەو جۆرەی کە دروست و پێویستە نەیانتوانیوە پەیامی خۆیان ئاراستە بکەن.

 مامۆستا مرۆڤی سەردەمی بە خاتری ئەو لە خۆبایی بوونە زانستییە و پێشکەوتی ڕۆژبەدوای ڕۆژی تەکنۆلۆژیا، بە ئاماژە بە ئایەتەکانی سووڕەتی عەلق: « اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ ﴿٣﴾ الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ ﴿٤﴾ عَلَّمَ الْإِنسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ ﴿٥﴾ كَلَّا إِنَّ الْإِنسَانَ لَيَطْغَىٰ ﴿٦﴾ أَن رَّآهُ اسْتَغْنَىٰ ﴿٧﴾» سەرکۆنە کرد و دیادەی موحتاج نەبوونی مرۆڤ بە خودا و یاغی بوونی پڕمەترسی وەسف کرد و گەڕانەوەی مرۆڤی بەرەو فیترەت و بنەمایەک وا خودا لەسەری خولقاندووە بە پێویست و گرینگ زانی.

 و لە ڕاستیدا مەترسی نووسەرانی لەخۆبایی و بێ پارێزی لاپرەسەن لە چەک و بۆمبی کیمیایی گەلێک مەترسیدارترە. 

 

مامۆستا مەحموودیان لە بەشێکی تر لە وتارەکەیدا ڕووی قسەی کردە وتاربێژان و نووسەران و گوتی: ئێمە لەسەرمانە ئەرک و تەکلیفی خۆمان سەبارەت بە خۆمان و خودا و بەندایەتی کردنی و خزمەت بە خەڵک ڕوون بکەینەوە، چونکە کار و وەزیفەی ئێمە لە دونیای ئەمڕۆدا گەلێک قورستر لە ڕابردوویە. وتاربێژێکی باش دەبێ بخوێنێتەوە، لێکۆڵینەوەی هەبێ و بەردەنگەکانی بناسێ و گرینگی بداتە خۆپاراستن و شوێنکەوتووی کەسانی شارزا و هەڵکەوتوویانی ڕاستەقینه بێت.     

مامۆستا لە درێژەی قسەکانیدا ئۆمەتی پێغەمبەری بە ئۆمەتێکی بەربڵاو و جیهانی وەسف کرد کە بریتییە لە دوو ئۆمەت؛ یەکیان ئۆمەتی بەدەنگەوەهاتن و ئەویتریان ئۆمەتی دەعوەت، بانگێشتنی دەستەی یەکەم بەرەو هیدایەت و ڕاستەڕێ و، چاکسازی و ئسیلاحی دەستە دووهەمیشی، بە ئەرکی بانگخوازان و دەعەوتگران زانی. 

مامۆستا مەحموودیان لە درێژەی گوتەکانیدا باسەکەی هێنایە سەر ئەم بابەتە کە: زوڵم و ستەمی زاڵمان و ملهوڕان بە هۆی بێ سەوادی و کەم کاری نووسەران و زۆرینەی خەڵکە و خەبات و جیهادی گفتوگۆ، یەکترقبووڵکردن و حەوانەوە و قبووڵی بنەماکانی دێمۆکڕاسی گەلێک پڕبایەختر لەو شەڕ و خوێنڕشتنانەیە کە بە هۆی ڕاڤە و لێکدانەوە هەڵەکان سەریان هەڵداوە. لە کۆتاییدا مامۆستا بە خوێندنەوەی شێعرێک لەژێر ناونیشانی شۆڕشی قەڵەم  تام و چێژێکی تایبەتی بە کۆبوونەوەکە بەخشی. 

بەرێز عوسمان ئیزەدپەنا -وەرگێڕ و نووسەر- وەک ئاخرین وتاربێژی کۆبوونەوەکە، بە لێکدانەوی چەند ئایەتێک لە سووڕەتی ئەڕەحمان(الرحمن)، پیت و بەهرەی خوێندنەوە و توانایی دەربڕینی بە یەکێک لە گرینگترین و پڕبایەخترین خەڵاتەکانی خودا بۆ مرۆڤ هێنایە ئەژمار و بە دیاردەیەکی بێ وێنە و خوداکرد و کەسنەکردی وەسف کرد.

بەڕێز ئیزەدپەنا هەروەها گوتی: ئەگەر مرۆڤ لە هێزی قەڵەم و توانستی ئاخاوتن بێ بەهرە بوایە، ئەو دەستکەوت و پێشکەوتە جۆراوجۆر و جیاوازانەی لە بەستێنی زمان و بوێژیدا بە خۆیەوە نەدەدیت.   

بەڕێز ئیزەدپەنا لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا، ئاماژەی دا بە وردبوونەوەی مرۆڤ لەو نیشانە و بەڵگانەی وا بۆ فێربوون و زانین و گەیشتن بە ئەنجامەکانی پێشکەوت و پێداویستییەکانی ژیان، خراوەنەتە بەردەستی و گوتی: ئەرکی نووسەران و وتاربێژان لەو بەستێنەدا بە خاتری ئەم پیت و بەهرە تایبەتە گەلێک قورستر و ئاستەمترە.   

ئیزەدپەنا شوێندانان و جێدەستی نووسەرانی لە مەودای مێژوودا بە گرینگ زانی و ڕۆڵی ئەوانی لە وریاکردنەوە و پێکهێنانی ڕەوت و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و نەریتەکان، بە سوودە و پڕبایەخ وەسف کرد. 

بەرێز عوسمان ئیزەدپەنا لە درێژەی گوتەکانیدا، بە گرینگی زانی کە نووسەران و وتاربێژان پێویستە لە تایبەتمەندیگەلێک وەک؛ ڕەخنەهەڵگری و ڕەخنەگری، دووری لە لاساکردنەوە، ئاگاداری بەسەر خواستی بەردەنگان، ڕۆژەڤ بوون، بۆ خەڵک نووسین و گوتن، داهێنان، خۆپاراستن لە دووپاتکردنەوە لە نووسیندا، وێناکردنی ڕوخسار و ڕواڵەتێکی جوان و مێهرەبان لە ئایین و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە زمانی عەیار و تێگەیاندنی خەڵک بە گشتی، بەهرەمەند بن. 

ئیزەدپەنا لە کۆتایی قسەکانیدا دەستەیەک پێشنیار و ڕێنوێنی ئاراستەی جەماعەتی قەڵەم بە دەست و وتاربێژ کرد کە بریتی بوون لە: 

- بە زمانێکی سادە و ساکار و بۆ کۆمەڵگای خۆمان بنووسین.

- لە پیشەی خۆماندا وەشوێن فێربوون و شارەزایی و لێهاتوویی لە کارەکاندا بکەوین. 

- بە بەشداری لە فەزای مەجازی پەیامگەلێکی کورت و کاریگەر ئاراستە بکەین.

- نووسین بۆ منداڵان و نەوەی نوێ پڕبایەخترە؛ لە حاڵێکدا کە زۆربەی نووسراوەکانی ئەمڕۆ بۆ گەورەساڵانە و کەمترین گۆڕانکاریشیان بەسەردا دێنێ؛ بە پێچەوانەی مندالان کە نووسراوەکان دەتوانن زۆرترین کاریگەرییان لەسەردا بنێن.  

- پێکهێنانی کتێبخانەگەلێکی دەنگی، کە جەماعەت بۆ دامەزراندنیان پێشەنگ بێ و لەواندا کتێبەکانی سونەمەزهەب بە دەنگ ئاراستە کراون. 

- پێکهێنانی بنکە و ناوەندێک بۆ نووسەرانی جەماعەت بە مەبەستی دووری لە دووپاتکردنەوە و بەهێزکردنی تواناکانی نووسەران و وتاربێژان.   

- کۆبوونەوە و دانیشتنگەلێک کە لەواندا کتێبەکان بە مەبەستی ناسین و ڕەخنە و لێکدانەوە، هەروەها دەستپێوەگرتنی کات و کەمکردنەوەی خەرج و تێچوو، بەڕیوە بچێ.   

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا خەڵاتێکی ڕێزلێنان و سپاسنامەیەک بەخشرایە نووسەران و قەڵەم بە دەستان.

 شایانی باسە بە هیمەتی ناوەندی پێوەندە گشتییەکانی شاری سەردەشت، پێشانگایەکی بچووک بە مەبەستی نواندنی ئاسەواری نووسەرانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا بەڕێوە چوو کە لە لایان ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.