مانگ بەڵگەیەکی بێ وێنە لە بەڵگە ڕوونەکانی خوای گەورە

مانگ بەڵگەیەکی بێ وێنە لە بەڵگە ڕوونەکانی خوای گەورە

چەند زانستێکی بە سوود لەسەر مانگ

قورئانی پیرۆز پەیامێکی بەردەوامی خوای گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی و مرۆڤەکان بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە دەدوێنێت، ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویان پێکەوە گرێ دەدات، لە گەڵ مرۆڤ وەک بەشێک لە جیهانێکی گەورەتر حیوار و گفتوگۆ دەکات... ئایەتەکانی قورئان پڕاوپڕن لە ئاماژەی زانستی و مەنتیقی. یەکێک لەو بەڵگانەی کە گەورەیی خوای گەورە ڕوونتر دەکاتەوە، ئەو مانگەیە کە شەوانە لەبەر چاومان هەڵدێت و ئاوا دەبێ. 

مانگ بریتیە لەو تەنە ئاسمانییە کە نزیکترین دراوسێ و دۆستی دێرینی دانیشتووانی زەویە.

مانگ هەمیشە جیگەی سەرنج و پێداهەڵگوتنی شاعیران و پەخشان نووسان و بێدارانی شەو و ئەویندارانە و بە درێژایی تەمەنی مرۆڤایەتی گڵۆپی سەفەری شەوان و کاتژمێری گەورە و ساڵنامەی هەمووانە.

لە ڕاستێدا مانگ هەمیشە باڵاگەردانی زەویە و وەک ڕۆڵەیەکی بەوەفا بە دەوریدا خول و چەرخییەتی. مانگ بە زوبانی حاڵ سروودی لایەلایەی خەو دەڵێ و باوەشێنی دڵان دەکات و ڕازی خەمەکان و گەشی چاوەکانه.

هەموو ئەو تەنە ئاسمانییانەی وا لە کۆمەڵەی خۆردا(بە فارسی= منظومە شمسی) جێگیرن، پابەندن بە هێزی کێشکردنی خۆرەوە و بە هەموویان۷۰ مانگیان بە قەبارە و کێش و خێرایی و دووری جیاوازەوە هەیە، بەڵام مانگی زەوی کە نزیکترین مادەیە لە زەوی و کاریگەری لەسەر ئاو و هەواو ژیانی سەر زەوی هەیە، جێگەی باس و ڵێکۆڵین و تۆژینەوەی تایبەتی گەردووناسەکانە ...

لە قورئانی پیرۆزدا سوورەتێک بە ناوی ئەلقەمەر(بەعەڕەبی=القمر) هەیە واتە مانگ ، کە ۵۵ ئایەتی لە خۆ گرتووە.

ئەگەر بەوردی سەیری ناوەرۆکی قورئان بکەین دەبینین کە ۲٦ جار وشەی«القمر» واتە مانگ بە کار هاتووە، کە واتە زۆر گرنگەو جێگەی تێڕامان وسەرنجدانە.

مانگ تەنێکی تەڵخنی تاریکە و رووناکی لە خۆرەوە وەردەگرێ و قورئانیش ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەکات و دەفەرموێ: { هُوَ الَّذِي جَعَلَ الشَّمْسَ ضِيَاءً وَالْقَمَرَ نُورًا ...// پەروەردگار ئەو زاتەیە کە خۆری کردووە بە چرا و مانگیشی کردووە بە ڕووناکی ...ـــ (سوورەتی یونس ئایەتی ۵ ).

زانایانی گەردوونناسی دەڵێن: مانگ نزیکترین تەنی(بە ئینگلیسی= object) ئاسمانە لە زەوی، خڕ و ڕەق و تەڵخنە رووناکی لە خۆرەوە وەردەگرێ و سەتا لە دەی بڕی ئەو تیشکەی بەری دەکەوێ دەیداتەوە و ئەوی تری هەڵدەمژێ و بە ۲۹ ڕۆژو ۱۲ کاتژمێر و ۴۳ خولەک یەک جار بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە، بە ئاراستەی خۆراوا بۆ خۆرهەڵات و هەر لەو ماوەیەدا یەکجاریش بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە... 

ئەگەر جوان سەیری مانگ بکەین بۆمان دەردەکەوی کە مانگ لە خۆر بچووکترە، قورئانی پیرۆز ئاماژە بەو خاڵە دەکا و لە ئایەتی ۷٨ی سوڕەتی ئەنعام باسی کردووە و دەفەرموێ:{ فَلَمَّا رَأَى الشَّمْسَ بَازِغَةً قَالَ هَٰذَا رَبِّي هَٰذَا أَكْبَرُ ۖ ... //ـــ واتە: کاتێ خۆر هەڵهات ئیبراهیم وتی گریمان ئەوە خوایە چونکە گەورەترە لە مانگ. بۆ نموونە ئەگەر خۆر دەفرێک بێ جێگەی  ۱۲۵۰۰۰۰ یەک میلیۆن و دوسەد و پەنجا هەزار قەبارەی وەک زەوی تێدا جیێ دەبێتەوە و زەویش 50 بەرابەر لە مانگ گەورە ترە...

خۆر و هەموو تەنە ئاسمانیەکان خول و دەوریان هەیە بە پێی ئایەتی ۲ی سووڕەتی «الرعد» (...وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ ۖ كُلٌّ يَجْرِي لِأَجَلٍ مُسَمًّى ۚ...ـــــ واتە: خوا ئەو زاتەیە کە خۆر و مانگیشی ڕام کردووە و هەر یەکەیان لە چەرخ و جووڵەی خۆیاندا بێوچان تا ماوەیەکی دیاریکراو دەسووڕێنەوە).

لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێ: وَهُوَ الَّذِي خَلَقَ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ ۖ كُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ ـــــ واتە: هەر ئەو زاتەیە شەو و ڕۆژی بەدیهێناوە و خۆر و مانگیشی دروستکردووە، هەر یەکەیان لە خولەگەیکدا دەسووڕێنەوە و مەلە دەکەن (سووڕەتی «الأنبياء» ئایەتی ۳۳ ).

چەرخەی مانگ لە خۆر خێراترە بە ئاماژەی ئایەتی ۴۰ سووڕتی یاسین کە دەفەرموێ: { لَا الشَّمْسُ يَنْبَغِي لَهَا أَنْ تُدْرِكَ الْقَمَرَ وَلَا اللَّيْلُ سَابِقُ النَّهَارِ ۚ وَكُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ ــــــ واتە : نە خۆر بە مانگ دەگات و نە شەویش پێش ڕۆژ دەکەوێ، بەڵکوو هەر کامیان لە ڕێڕەوی تایبەتی خۆیاندا مەلە دەکەن و دەسووڕێنەوە. 

زانایان و پسپۆرانی بواری گەردونناسی دەڵێن: خێرایی جووڵەی خۆر لە هەر چرکەیەکدا ۱۲ کیڵومەترە و هی زەوی لە هەر چرکەیەکدا ۱۵ کیڵومەترە و هی مانگیش لە هەر چرکەیەکدا ۱٨ کیڵومەترە.

ئەگەر سەرنجی خێرایی هەر کامیان بدەین ئەوسا بە تەواوی لە ئیعجازی زانستی وتەی خوایی کە فەرموێ: لَا الشَّمْسُ يَنْبَغِي لَهَا أَنْ تُدْرِكَ الْقَمَرَ ـــ تێدەگەین.

لەتبوونی مانگ

لەتبوونی مانگ بە یەکێک لە نایابترین موعجیزەکانی پێغەمبەر ٍﷺ هەژمار دەکرێ، بێباوەران هەوڵیاندا بە درۆی بخەنەوە، بەڵام بە هۆی گەورەیی ڕووداوەکەوە بوێری ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی ئەو موعجیزەیان نەبوو، وتیان سەرەتا با چاوەڕوانی کاروانییەکان بکەین، موحەممەد سیحری لە چاومان کردووە، بەڵام هەواڵەکانی ئەوان ڕاستییەکە دەردەخات، دواجار هەواڵی کاروانچیان ڕاستبوونی موعجیزەکەی سەلماند.

بە پێی ڕای زانایانی جوگرافیا، باشترین ناوچە بۆ بینینی لەتبوونی مانگ ناوچەیەک لە نیوەدوورگەی هێندووستانە.

لەدوای چواردە سەدە تێپەڕبوون بە سەر موعجیزەی لەتبوونی مانگ، لە۴ی مایسی ساڵی ۱۹٦۷ زایینی دا و لە بنکەی گەردوونی کوپە کەنەدی (بە ئینگلیسی=Cope Kennedy) یەکێک لە کەشتییە فەزاییەکان وێنەی ڕووی تاریکی مانگی گرت - کە لە لای ئێمەوە نابینرێ- لە دووری ۳۰۰۰ کیلۆمەتر، لە بەر ئەوەی لە دوورییەکی کەمەوە وێنەکان گیراون، پەو وێنانە زۆر بە ڕوونی ڕووی مانگیان پێشانداوە،لەو وێنانەدا قڵیشانێک لە سەر ڕووی مانگ هەیە وەک پشتێنەیەک بە درێژەی ۲۴۰ کیلۆمەتر  و پانایی ٨ کیلۆمەتر . هەرچەند لە سەردەمی پێغەمبەر ٍﷺ بەرەو سەردەمی ئێستامان دوورتر بکەوینەوە، دەبینین هێڵەکە وردە وردە بەرەوە نەمان و لەناوچوون دەڕوات، چونکە ڕووی مانگ کاریگەر دەبێ و هۆکارگەلێک هەن کە وا دەکەن ئەو هێڵەی ڕوون و ئاشکرا دیار بووە ئێستا و لە داهاتوودا نەمێنی.

لە ڕاستێدا مانگ و خۆر گرنگترین کاریگەریان بۆ ژیانی سەر زەوی هەیە خوای گەورە دەفەرمۆی: و سخر لکم الشمس والقمر.

 ڕاڤەکارانی قورئان دەڵێن: یەکێک لەو ڕێز و پایانەی کە خوای گەورە لە ئادەمیزادی ناوە، ژێربارکردنی دروستکراوەکانە بۆی، یەکێ لەوانە مانگە. ئەگەر مانگ کەمێک گەورەتر یان نزیکتر بوایه بە هۆی هەڵکشانی دەریاوە نقومی ئاو دەبووین، یا ئەگەر کەمێک بچووک بێتەوە یا لە زەوی دوورتر بکەوێتەوە، دەریاکان نامێنن...

 تۆژینەوەی زانستییەکانی نوێ دەڵێن: خۆر و مانگ بە یەکەوە کاریگەریان لە سەر زەوی زۆرە بۆ نموونە کاتێک هێزی کێشکردنی مانگ و خۆر لە سەر یەک راستە هیڵ کۆدەبنەوە کاریگەری زۆرترە لە سەر فشار و هەڵکشان و داکشانی شلەمەنیەکان بە گشتی و ئاوی دەریاکان بە تایبەتی ئەوەش لە ۲۴ کاتژمێردا چوار جار ڕوودەدا واتە هێزی ڕاکێشانی مانگ دەبێتە هۆی هەڵچوون و داچوونی ئاوی دەریاکان بە بەرزایی ٦۰ تا۷۰ مەتر.

دیاردەی خۆرگیران و مانگگیران

قورئانی پیرۆز لە دیاردەی خۆرگیران و مانگگیران دواوە، و دەفەرموێ: أَلَمْ تَرَ إِلَىٰ رَبِّكَ كَيْفَ مَدَّ الظِّلَّ وَلَوْ شَاءَ لَجَعَلَهُ سَاكِنًا ثُمَّ جَعَلْنَا الشَّمْسَ عَلَيْهِ دَلِيلًا / ثُمَّ قَبَضْنَاهُ إِلَيْنَا قَبْضًا يَسِيرً ــــ واتە : ئایا نابینیت چۆن پەروەردگار سێبەر درێژە دەکاتەوە، ئەگەر بیویستایە جێگری دەکرد، پاشان خۆریشمان کردووە بە بەڵگە و نیشانە لە سەر سێبەر، لەوەدوا بە شێنەیی ئەو سیبەرە بۆ لای خۆمان دەگێڕینەوە و دەیگرینەوە (سووڕتی الفرقان ئایەتی ۵،٦).

لەو ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژەیەکی زانستی هەیە کە پەیوەندییەکی پتەوی لە نێوان دیاردەی سێبەر و خۆردا ساز کردووە، بە جۆرێک کە خۆر بووەتە بەڵگە لە سەر سێبەر و سێبەریش بەڵگە لە سەر خۆر.

زانایانی گەردوونناسی دەڵێن: کاتێک مانگ دەکەوێتە نێوان خۆر و زەوییەوە و هەرسێکیان لە سەر یەک هێڵی ڕاست دەبن، سێبەر لەپشت مانگەوە بۆ سەر زەوی بە شێوەی قووچەکێک درێژدەبێتەوە تا کۆتایی بە ناوچەیەکی تاری «ڕەش» دێت لە سەر زەوی کە پاناییەکەی نزیکی ۱۰۰ میل دەبێ... ئەو دەمەی خۆرگیران تەواو دەبێت ئەو ناوچە ڕەشە دەجووڵێت و دوورییەک دەبڕێت لە دوور کەوتنیەوە بۆ دیارنەمانی لە چوار کاتژمێردا، زۆر بە دەگمەن خۆرگیرانی تەواو لە ۷,۵ خولەک زیاتر دەخایەنێت، ئەویش کاتێک کە مانگ لە زەوی زۆر دوور بێت... بە جیاوازی لەگەڵ خۆرگیرانی ناتەواو کە زۆر جار ڕوودەدا، خۆر گیرانی تەواو هەر ۳۰۰ ساڵ، تەنها جارێک ڕوو دەدات... دیاردەی مانگگیرانی تەواویش بە هۆی دوورکەوتنەوەی مانگ لە زەوی روو ئەدا.

ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە خۆرگیران و مانگگیران هیچ پەیوەندییەکی بە گوناە و تاوانی خەڵک نییە و لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا جێی نابێتەوە، بەڵکوو دوو دیاردەی سروشتین. تەنها لە کاتێ خۆرگیران و مانگگیران نوێژ ئەنجام دەردێت... 

قۆناغەکانی دەرکەوتنی مانگ

خوای گەورە لە سورەی یاسین ئایەی ۳۹ دەفەرموێ: الْقَمَرَ قَدَّرْنَاهُ مَنَازِلَ حَتَّىٰ عَادَ كَالْعُرْجُونِ الْقَدِيمِ / ــ واتە: کات و شوێنی هەڵهاتنی مانگمان دیاریکردووە، هەتا سەرەنجام وەک چیلکەیەکی وشکی باریک دەنوێنێت.

ڕاڤەکارانی قورئانی پیرۆز دەڵێن: خوای گەورە کات و شوێنی هەڵهاتنی مانگی دیاریکردووە، لە شەوی یەکەمی مانگدا بە کزی و ڕووناکییەکی کەمەوە هەڵدێت، پاشان لە شەوی دووەمدا ڕووناکییەکەی زیاددەکا و شوێنەکەشی بەرزتر دەبێتەوە، چەند بەرز بێتەوە هێندەش ڕووناکییەکەی زیاددەکات تا ئەوەی کە لە شەوی چواردەدا دەگاتە ئەو پەری ڕووناکی خۆی. لە دوای ئەو حاڵەتەشەوە دەستدەکا بە کەمکردن تا کۆتاهەمین شەوی مانگ کە تیایدا وەک چیلکەیەکی وشکی باریکی لێدێت.

زانایان و پسپۆرانی گەردوونناسی دەڵێن: مانگ لە سەرەتای بەدیهاتنی گەردوون، وەک خۆر ڕووناکیدەر بووە، دواتر که کووژاوەتەوە و ڕووناکی لە خۆر وەرگرتووە و بەرێی زەوی کردۆتەوە.

لە «ئیبنوعەباس» دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی: مانگ کڵپەسەندوو بووە و خوا ڕووناکیەکەی کوژاندووتەوە. ئیبنوعەباس ئەم وتەیەی لە ڕاڤەی ئایەتی 12ی سووڕەتی ئیسڕادا گوتووە ، کە دەقەکەی ئاوەهایە: وَجَعَلْنَا اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ آيَتَيْنِ ۖ فَمَحَوْنَا آيَةَ اللَّيْلِ وَجَعَلْنَا آيَةَ النَّهَارِ مُبْصِرَةً لِتَبْتَغُوا فَضْلًا مِنْ رَبِّكُمْ وَلِتَعْلَمُوا عَدَدَ السِّنِينَ وَالْحِسَابَ ۚ وَكُلَّ شَيْءٍ فَصَّلْنَاهُ تَفْصِيلًا /ـــ واتە: ئێمە دیاردەی شەو و ڕۆژمان کردووە بە دوو بەڵگە و نیشانە، ئێمە تاریکیمان بە سەر دیاردەی شەودا هێناوە و دیاردەی ڕۆژیشمان بە ئاشکرا و دیار و بینراو خوڵقاندووە، تا لە ناز و نیعمەتی پەروەردگارتان بەهرەمەند بن، تا ژمارەی ساڵەکان بزانن و حساب ڕابگرن، بە ڕاستی ئێمە هەموو شتێکمان بە فراوانی و بەر بڵاوی ڕوون کردۆتەوە...

لە ڕاستێدا مانگ نووربەخشە هەروەک لە ئایەتی ۱٦ سوورەتی نووح و ئایەتی 61ی سووڕەتی فورقان و لە ئایەتی 5ی سووڕەتی یۆنس ئاماژە بەو دەقانە دەکات کە: خوای گەورە مانگی کردۆتە هۆی ڕووناکی و نووربەخشە، و خۆریشی داگیرساندووە ، بە ڵام خۆر ڕووناکیدەرە .

کۆتایی مانگ لە ڕۆژی دواییدا

زانایانی فەلەک دەڵێن: مانگ کە ۳٨۵ هەزار کیلۆمەتر لە زەوی دوورە، هەموو ساڵێک ۳ سانتیمەتر بە بەردەوامی لە زەوی دوورتر دەکەویتەوە تا لە ئەنجامدا لە داهاتوویەکی دووردا دەبێتە هۆی تەقینەوەی مانگ لە سەر ڕووی خۆر . 

چەند زانیارێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە مانگ

-زانایانی فەلەک دەڵێن: مانگ ۳٨۵ هەزار کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.

-تیرەی مانگ ۳۴۷۷/۵ کیلۆمەتره. 

-تیرەکەی مانگ  ۴۳٦ جار لە تیرەی خۆر بچوکترە و ۳۳۳ هەزار جاریش لە هەسارەی زەوی بچووکترە.

-تەمەنی مانگ {۳/۵ } میلیۆن ساڵە.

-لە سەر ڕوی مانگ دوحەفتە ڕۆژە و دوحەفتە شەوە.

-مانگ هەمیشە یەک ڕووی لە زەویە و ناتوانرێ دیوەکەی تری ببیندرێ.

-ئەوەندەی ڕووی مانگمان لێ دیارە کە خۆر لە بەرامبەریەوە لێی ڕاوە و لە ئێمەوە دیارە.

-ڕوە تاریکەکەی مانگ پلەی گەرمای دەگاتە { ۵۵ } پلەی ژێر سفر!!!

-ڕوی مانگ تەخت نییە بەڵکوو چاڵ و چۆڵ و دۆڵ و شاخە.

-تریفەی مانگ بریتییە: لە پێچەوانەی تێشکی خۆر لە سەری

-بۆ یەکەم جار ئارمیسترۆنگ بە سوواری ئەپۆلۆی ۱۱ لە ساڵی ۱۹٦۹ بوو بە میوانی مانگ

-کێشی مانگ یەک لە سەر چواری کێشی زەویە. 

-مانگ بۆ ژیان دەست نادات چونکە ئاو و نە هەوای تێدا نییە و تیشکە وێڵ و سەرما و گەرمای زۆرە.

..................................

سەرچاوەکان: قصص الایمان ـ مع اللە فی السما ٔ ـ اسرارالنجوم ـ کۆزارا ـ گەردوونناسی .

تێبینی: بۆ نووسینی ئەو نامێڵکەیە سوودم لە نووسراوەکانی زەنجیرەی ئیسلام و زانست ـ قورئان و گەردوونناسی ـ سەروەرحەسەن ـ وەرگرتووە

ده‌نگێ نه‌دراوه