چەند دێڕێک لەسەر ژیانی مامۆستا مەلا ساڵح مودەڕیسی؛ ناسراو بە «مەلا ساڵحی پەسوێ»

چەند دێڕێک لەسەر ژیانی مامۆستا مەلا ساڵح مودەڕیسی؛ ناسراو بە «مەلا ساڵحی پەسوێ»

چەمکێک لە ژیانی مودەڕیسێکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان*

ژیاننامەی کەڵەپیاوانی ناوداری کوردستان پڕیەتی لە چەندین بەسەرهات و سەربردەی بەچێژ و بە نەرخ، لە کاتێکدا  ئەگەر هەڵوەستەیەک لە سەر ڕابردووی ژیانیان بکەین و بچینە نێو بنج و بناوانی ژیانی پڕ لە نووریان، دەبینین هەڵسوکەوت و کاری ڕۆژانە و شێوازی مامەڵە و هاموشۆکردنیان هەمووی پڕە لە پەند و حیکمەت و ئامۆژگاری و ڕێنمایی گرانبەها... ئەگەر بە وردی سەیری لاپەڕەکانی میژووی زانایانی ئایینی کوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستانی ئازیزدا چەندین کەڵەپیاوی گەورە و زانا لە ناو ئەو گەل و نیشتمانە میژوویەکی پڕ لە سەروەریان بۆ نەتەوەکەیان تۆمار کردووە.

بۆ سەڵماندنی ئەو قسەیە، هەر ئەوەندە بۆ گەورەیی و مەزنی زانایانی کورد بەسە کە لە میژوودا حەوت موفتی مەدینە کورد بوون، بێگومانیش موفتی ئەو کاتەی مەدینە موفتی تەوای جیهانی ئیسلام بووە...!

یەکێ لەو زانا ڕۆشنبیر و ناودارانە کە لە کوردستانی ئیران ژیانی بە سەر بردووە، مامۆستا مەلا ساڵحی مودەڕیسی ـ ناسراو بە مەلا ساڵحی  پەسوێ  بووە.

 مامۆستا نموونەی بەرجەستەی  زانایەکی بیرمەند و ڕوناکبیر و بە توانا و دلێر و بوێر بووە کە تەواوی ژیانی لە خزمەت ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گەلەکەی بەڕێ کرد کە وەک نموونە ژیان و بەسەرهاتی لە نێو سەدان کەڵە پیاوی زانا و دانای کوردستان وەردەگرین.

خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا ساڵح کوڕی مامۆستا مەلا یاسینی موفتییە، مامۆستا لە بنەماڵەیەکی گەورە و خواناس و ئایینی و دین دۆست و نیشتمان پەروەر و زانستخواز لە شاری حەکاری لە ناوچەی جۆلەمێرگی سەر بە باکووری کوردستان لە هۆزی خان  چاوی بە دونیا هەڵێناوە. باوکی زانا و پێشەوای ئایینی بووە، زۆر مەشهوور بە تەقوا و زوهد و قەناعەت بووە. بە پێی زانست و زانیاری مامۆستا هەر بە مناڵی داێک و باوکی وەفاتیان کردووە، لە سۆز و موحەببەت و خۆشەویستی دایک و باوک بێبەش دەبێ... بۆ ئەوەی داهاتووی گەش و ئاسۆی ڕوون بێ، بە هیمەتی دڵسوزانی خوێ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنی زانستی ئایینی و یەتیمی و بێ داێک و باوکی نەبۆتە کۆسپ لە سەر ڕێگای ژیانی و وازی لە خوێندن نەهێناوە و ڕۆژگاری شووم ئاواتەکانی نەخستۆتە ژێر گڵ و لە سەر خوێندن بەردەوام بووە. 

مامۆستا مەلا سالح وەک هەموو ئەو کەسانەی کە ڕێگای خوێندنی حوجرەیان گرتە پێش، دەستی کردووەو بە خوێندنی قورئانی پیرۆز و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا قورئانی پیرۆزی تەواو کردووە، بە هۆی ئەوە کە مامۆستا  یەتیم  بووە لە حوجرە گرینگی زۆری پێدراوە و دوای تەواوکردنی قورئانی پیرۆز کتێبە سەرەتاییەکانی وەک { ئەحمەدی، عوامل، زەنجانی و...} خوێندووە... 

مامۆستا ساڵح کە چاوی کراوەتەوە قۆڵی هیممەتی هەڵماڵیوە بۆخوێندنی زانستە ئیسلامییەکان و بۆ گوند و شار و شارۆچکەکانی دەڤەری جۆلەمێرگ ڕۆیشتووە.  پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن و وەرگرتنی زانست و زانیاری، هەروەک هەموو فەقیێەکی تری ئەو سەردەمە، ڕووی کردۆتە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان و زۆر شوین و ناوچەی کوردستانی باشوور گەڕاوە و لە چەندین مەدرەسەی ئەهلی خوێندویەتی. مامۆستا زۆر هەڵوەدا و تامەزۆی وەرگرتنی مەعریفەت و فێربوونی زانستە شەرعییەکان بووە، لە هەر شوێنک ناو و ناو بانگی زانایەکی ئایینی بێستبێ هەوڵیداوە زوو بچێتە خزمەتی و لە زانست و بەهرە و تواناکانی بەهرەمەند بێ.  بۆیە هەر کە ناوی مامۆستا و زانای گەوڕە و پایەبەرزی کوردستانی باشوور، خوالێخۆشبوو مامۆستا موحەممەد جەلیزادە ناسراو بە  مـەلای گـەورەی کۆیە  لە شارۆچکەی کۆیە دەبێستێ لەگەڵ هاوڕێیەکی ڕوو دەکاتە کۆیە و دەچنە خزمەتی و بۆ ماوەیەکی زۆر لە خزمەتیدا دەخوێنێت و لە بەهرە و توانا و زانستەکانی سوودمەند دەبێ... لە کۆتاییدا هەر لە خزمەت مامۆستای پایەبەرز و بەتوانا و دڵسوز و دین دۆست و نیشتمان پەروەر مامۆستا موحەممەد جەلیزادە خوێندن تەواو دەکا و هەر لەوێش بڕوانامەی زانستی ئایینی وەرگرتووە.

مامۆستا مەلا ساڵح بە یەکێک لە فەقێیەکانی ناودار و زانا و هەڵکەوتوویی مەلای گەورە هەژمار دەکرێ. بەرێز دوکتور جەواد فەقێ عەلی چۆم حەیدەری لە سەر کە سایەتی مەلای گەورە کتێبێکی نووسیوە کە لە ناو کتێبەکەدا ،  ناوی مامۆستا مەلا ساڵح وەک فەقێیەکی زانا و بلیمەت و کارێزما و گەورە بە نموونە باس دەکا...

ژیانی مامۆستا دوای وەرگرتنی ئیجازەنامە 

مامۆستا مەلا مۆستەفا خالیدی نەسەب وەک یەکێک لە خزمانی نزێکی مامۆستا مەلا ساڵح بۆمان دەگێڕیتەوە و دەڵێ:  مامۆستا دوای تەواو کردن و وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی لە سەر داوای مامۆستاکەی مەلای گەورە بۆ ماوەیەک دەبێتە پیشنوێژ و وتارخوێنی گوندی  ناوپردان  لە ناوچەی باڵەکایەتی و لەوێندەرێ تەدریس دەکا و کاری مەلایەتیش بەڕێوە دەبا...

مامۆستا مەلا ساڵح دوای دوو ساڵ ژیانی لە باشوری کوردستان لە گەڵ یەکێک لە هاوڕێیانی خوێ کە وەک فەقێ دەرسی لە لای مامۆستا دەخوێند بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەفەر دەکا.

مامۆستا لە سەر داوای ئاغای گوندی جەڵدیان لە ناوچەی لاجـان سەر بە شاری خانێ (پیرانشار) لە پارێزگای ورمێ، بۆ ماویەکی زۆر بۆ خزمەتکردن بە ئایین و کۆمەڵگا دەبێتە پیشنوێژ و وتارخوێنی ئاوایی جەڵدیان. 

مامۆستا مەلا ساڵح، وەک باب و باپیرانی خاوەن مزگەوت و حوجرە و فەقێیەکی گەلێک زۆر بووە و ئەو ئامانەتەی لە زانایانی پێش خۆی وەری گرتبوو، ئەویش گەیاندییەوە بە نەوە و وچەی دوای خۆی...

مامۆستا مەلا مۆستەفا دەڵێ: دەگێرنەوە لە سەردەمی قەرەنی ئاغـای پەسوێ، لە ئاوایی «سەروکانی» کێشە و تێکهەڵچونێکی قورس لە سەر بڕینی مێشەیەک دێتە ئارا، ئەو جێگایەی کە کیشەی لەسەر دەبێ جێگای کانیاوی ئیستای سەروکانییە، کاتێک قەرەنی ئاغای پەسوێ پڕسیار لە مامۆستا مەلا ساڵح دەکا و دڵێ: قوربان، ڕا و بۆچۆنی جەنابت لەسەر بڕینی و نەبڕینی ئەو مێشەیە چییە؟ مامۆستا بە پێچەوانەی هەموو مامۆستایان و پیاو ماقووڵانی ناوچەکە بە هۆی مەترسی شەر و پێکدادان لە بەینی، خەڵک بڕیاریان لەسەر نەبڕینی مێشەکە بووە، بەڕێزیان فتوای بڕێنی مێشکە دەدا !!! 

قەرەنی ئاغا هۆکاری بڕینی مێشەکەی لێ دەپڕسێ، لە وڵامی قەرەنی ئاغادا دەفەرموێ: ئاوی ئەو نێو مێشەیە بە هۆی ئەو قەوزە زۆرەی کە هەیەتی دەبێتە مەترسی و هۆکاری نەخۆشی بۆ خەڵک، بڕێنی دارەکانی ئەو میشەیەش دەبێتە هۆکاری زیادبوونی ئاوی کانیاوەکە و ئەو کات هەر سێ ئاوایی ـ سەروکانی، ئەندێزێ و گردکشانە ئەتوانن کەڵکی لێ وەرگرن... قەرەنی ئاغا ئەو وڵامەی زۆر پێ جوان دەبێ. 

لێهاتوویی و شارەزایی مامۆستا لە بواری ئەحکامی شەرعی و فیقهی و تێگەیشتن لە بواری چارەسەرکردنی کیشە کۆمەڵایەتی و هەروەها ئەنجامدانی سوڵح و ئاشتەوایی و ئامۆژگاری خەڵک بە گشتی لە دەڤەری لاجان و ناوچەکەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی قەرەنی ئاغای پەسوێ دوای ماوەیەکی کەم لەگەڵ چەند نەفەر لە پیاوماقووڵانی ئاوایی، بڕیاری هێنانی مامۆستا بۆ گۆندی پەسوێ بدەن و لەسەر داوای ئەوان دێتە پەسوێ و ماوەی حەوت ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و دەست بە وانە گوتنەوە بە فەقێیەکانی حوجرە و هاوکات لە هەوڵی پەروەردەکردنی خەڵکی گۆدنەکەشدا دەبێ و لە ڕێگەی وتاردان و خوێندنی وتاری ڕۆژانی هەینی ئەرکی خۆی بە جێ دێنێ.

 دواتر مامۆستا لە سەر دوای سپاسالار(بە  فارسی= سپهبد) کەریم ڕەهرەوان بۆ ماوەی ساڵێک دەچێتە حوجرەی مەزگەوتی سووری مەهاباد و بەهۆی ڕێز و حۆرمەتی مامۆستا مەلا ساڵح، لە بواری ماددییەوە هاوکارییەکی باشی حوجرەی مەزگەوتی سوور دەکات ... دوای ڕویشتنی ـ سپاسالار لە مەهاباد ، عەلی ئاغای پەسوێ لە گەڵ چەند نەفەر لە پیاوماقووڵانی ئاوایی بۆ جارێکی تر بە دوای مامۆستادا دەچن و دەێهیننەوە ئاوایی پەسوێ و تا کۆتایی ژیانی لە وێ دەمێنیتەوە ...

مامۆستا لەسەر زمانی دۆستانی

مامۆستا مەلا موحەممەد ناسراو بە مەلای «ڕدێن سوور» بە ڕەحمەت بێ، وەک یەکێک لە هاوڕیانی مامۆستا دەفەرموێ:  مامۆستا مەلا ساڵح بە هۆی ئەوە کە لە بۆاری بژیوی ژیانیدا دەستکورت و نەدار بووە، ژیانێکی زۆر سەخت و پڕ لە ناراحەتی بە سەر بردووە ، ئەو کاتانەی لە کۆیە لە خزمەت مەلای گەورە بووە، جاری وا هەبووە بۆ ماوەی حەوت مانگ لە حوجرە نەڕۆیشتۆتە بازار و چاوی بە دەرەوەی حوجرە نەکەوتووە... 

مامۆستای ڕدێن سوور غەرقی ڕەحمەتی خوا بێ دەفەرموێ: مامۆستا بە زۆربەی کاتەکان سەرقاڵی عیبادەت بوو و هەمیشەش بە شەوق و زەوق و عیشق و عەلاقەوە دەستی دەکرد بە تەدریس و وانە گوتنەوە بە فەقێیەکانی...

حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی مەهدیزادە لە زمانی یەکێک لە ئۆستادەکانی بۆمان دەگیرێتەوە و دەفەرموێ: مامۆستا مەلا ساڵح، مەشغەڵی زانست و ڕووناک کەرەوەی ڕێگای ئایین و زانست بووە و سەرچاوە و کانیاوێکی زوڵاڵی زانست و مەعریفەت بووە و دڵ و مێشکی مەلا و فەقێیەکانی بە زانست و چرا نوورانییەکەی زاخاو داوە و لە هەر بوارێکی زانستیدا نموونەیەکی هەڵکەوتووی وڵات بووە...

مامۆستا مەلا ساڵح بە هوێ ئەو خەمە بەردەوامەی کە بۆ زانستی حوجرە و پێگەیاندنی فەقێ و زانایان هەیبووە، هەموو ئەو توانا قووڵەی خۆی لە زانستە شەرعییەکاندا بە تایبەت زانستەکانی  کەلام، مەنتیق و فەلسەفە ، فەلەکی و بیرکاری ، فیقهە و ئوسوول، حەدیث و... بەکار هێناوە و بەردەوام کتێبگەلێک وەک { خلاصەالحساب، ٲشکال تٲسیس، تشریح الافلاک، ربع مجیب و مقنطر} بە گوێرەی بۆ گونجان؛  بۆ فەقێ و قوتابییانی لە دەورەی خۆی کۆ کردۆتەوە.

مامۆستا لە سەر زۆرێک لە کتێبەکان نووسراوەی هەبووە ، بەڵام بەداخەوە بە شێکی زۆر لەو نووسراونەوە نەماون. مامۆستا جگە لە زانستی ئایینی شارەزاییەکی باشیشی لە مێژوودا هەبووە، چ مێژووی ئیسلامی و چ مێژووی کوردەواری، بەڵام بەداخەوە  چەرخی نالەباری ژیان ڕێگەی نەداوە ئەو گەنجینە پڕ لە مێژوویه کە لە بیر و هزریدا هەبووە تۆماری بکات و بر دەستمانی بگەیێنێت.

کەسایەتی و خەسڵەتەکانی مامۆستا

مامۆستا لەگەڵ ئەوە کە بۆ خۆی و خیزانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون، بەڵام لە ناو کۆمەڵگادا زۆر جێگای متمانە بووە و خاوەن ئەخلاق و ڕەوشتی جوان و کەسێکی عاقڵ و بەتوانا و زیرەک و لێهاتوو بووە، لە بەر دڵان و ڕوح سووک و خوێنشیرین و هێدی و هێمن و لە سەرەخۆ و دەم بە زەردەخەنە و پێکەنین بووە، لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا بە کەسایەتییەکی خێرومەند و میواندۆست و ڕووخۆش ناسراو بووە...

سپاس بۆ خوا مامۆستا مەلا ساڵح، لە هەموو بوارەکانی { زانست و زانیاری تەقواو خواپەرەستی، دۆستایەتی و هاورێیەتی و نیشتمان پەروەری } وەک ئەستێرەیەکی گەش دیار بووە و وەک مۆمێک ڕێگای تاریکی بۆ جەماوەر ڕۆشن کردووە .

ئەوەی کە لە ژیانی مامۆستا زۆر جێگای سەرنج تێڕامانە ئەوەیە کە لە ژیانی مەلایەتیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دوو ئاوایی { جڵدیان  و پەسوێ} بە شانازییەوە تەنیا ئاغا و ماڵێکی گۆندەکان خەرج و بژیوی مامۆستای وەئەستۆی گرتبوو کە ئەوەش لە باس مێژوویەکی پڕ لە سەروەری مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان و موکریاندا دەکات و دۆخێکی بێ وینەیە...

کۆتایی تەمەنی:

ئەو زانا پایەبەرزە بە هۆی نەخۆشی و نەساغی، وردە وردە بەرەو پاییزی مەرگ و نەمان دەچێ و خەریکی خۆ ئامادە کردنە کە بەرەو خوا و قیامەت بگەڕێتەوە...

 مامۆستا لە ساڵی { 1344} هەتاوی و لە تەمەنی { 63 } ساڵیدا لە ڕۆژی هەشتی { خاکه‌لێوه‌ } لە نەخۆشخانەی تاران دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێ و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان دەکات  و ڕوحە پاکەکـەی دەگاتەوە کاروانی زانایان و پیاوچاکانی ڕێبواری تەریقەتی خزمەت بە ئایینی ئیسلام و موسڵمانانەوە.

 بەداخەوە مردنی مامۆستا و مودەڕیسێکی وەک مامۆستا، نەک تەنها بۆ گوندێکی وەک { پەسوێ } بەڵکوو بۆ تەواوی لاجان و کاروانی زانایان؛ خەسارەتێکی گەورە و کەلێنکی دیار و پڕ نەکراوەو و بەر چاو بوو. 

چونکە مامۆستا خزمەتێکی گەورەی لە بواری تەدریس و وانە گوتنەوە کردووە و لە بنبڕکردنی گرفتە کۆمەڵایەتیەکان و دروستکردنی ڕوحی برایەتی و ئاشتەوایی و لێبوردەیی لەو دەڤەرەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە...

ڕێوڕەسمی بە خاک هەسپاردەکردنی تەرمی مامۆستا بەڵگە بوو لە سەر ئەوەی کە خۆشەویستی خەڵک بووە، خەڵکێکی زۆر لە زانایان و ڕیش سپی و پیاوماقووڵانی ناوچەکە، ئامادەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون. 

لە سەر داوا و وەسیەتی خۆی، مامۆستا لە گوڕستانی { چل شەهیدان } لە سەر ڕێگای نەغەدە - پیرانشار و لە تەنیشت ئاوایی سۆفیان بە خاک سپێردراوە.

 ڕوحی شاد، جوهد و جیهادی قەبوڵی بارەگای خوای گەورە بێ و ڕێگەی پڕ ڕێڕەو بێت.

مامۆستا ڕەحمان غەزەلی، یەکێ لە مامۆستایانی شاعیر و هۆنەر و هەڵکەوتەی پیرانشار؛ ڕێکەوتی بە خاک سپاردنی مامۆستا بەو شێوەیە دیاری دەکا:

چونکە هەر غەم بوو وەفاتی بۆیە مێژووی سەروەرم

بوو بە وشەی فارسی ـ غم شد ـ لە سەر قەلبی ئومەم

لە کۆتاییدا زۆر سپاس بۆ سەرجەم ئەو  دوستانەی کە بوونە هاندەری من بۆ نووسینەوەی ژیاننامەی مامۆستا و سپاسی مامۆستایان و دۆستانی ئازیز دەکەم کە لە نووسینەوەی ژیاننامەی مامۆستا یارمەتی منیان دا ...

 

ده‌نگێ نه‌دراوه