بە یادی زام و هەناسەی سوار و برینی سارێژنەکراوی سەردەشت
ئــەوەی ســەربەرزە لـەم وێرانەدا تووشـی خەم و دەردە
چیای ســەرکەش ببینە قەت سـەری بێ هەور و تـەم نابێ
«هێمن»
له جه‌نگدا خه‌ڵکی ئاسایی به‌شدار نین، که‌وایه نابێ بکرێنە ئامانجی جه‌نگ، ده‌سه‌ڵاته دژبەرەکان ده‌بێ له هه‌ر چه‌شنه زیان گەیاندنێک به خه‌ڵکی ئاسایی خۆ بپارێزن و شه‌ڕ و جه‌نگ له ناوچه‌ی ئاسایی شار و گوند دوور که‌نه‌وه. ( یاسای ١٨٧۴ی برۆکسێل و ١٩٠٧ی لاهه)
٣١ ساڵ پێش ئێستا، فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسی عێراقی چوار خاڵی قەرەباڵغی ناوەندی شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی و سێ خاڵ لە گوندەکانی دەوروبەریان کیمیاباران کرد، لە ئەنجامدا ١١٠ هاوڵاتی دەستبەجێ شەهیدبوون و زیاتر لە هەشت هەزاری دیکە بریندار بوون.
ڕۆژی یەکشەممە کاتژمیرى (۴:۳۰)ی سه‌ر له‌ئێواره‌ى (۲۸)ى حوزه‌یرانى ساڵى (۱۹۸۷)ى زایینى، به‌رانبه‌ر به (۷)ى پووشپه‌ڕى (۱۳۶۶)ى هه‌تاوى، هێزه ئاسمانییه‌کانى ڕژیمى به‌عسی عیراق و فڕۆکه‌وانه‌کانى ئه‌و ڕژێمە، به گازى کیمیایی هەڵیانکوتایە شاری سەردەشت و حەوت جاریان بۆردوومان کرد.
شارى سه‌رده‌شت یه‌که‌مین شار بووه له جیهاندا که تا ئه‌و کات بۆردوومانى کیمیایى کرابوو و زیاتری هۆکاره‌که‌ی بۆ شەڕی ئێران و عێراق له‌و ناوچه‌یه و به‌شێکی تر له هۆکارهکەشى بۆ کورد بوون و لە سنوور بوونی ئەو شارە ده‌گه‌ڕێته‌وه.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی ١٢ هەزار دانیشتووی ئەو کاتەی شاری سەردەشت، هەشت هەزار و ٢٥ کەس بریندار بوون، لانیکەم ٤ هەزار و ٥٠٠ کەس لەو بریندارانە دەبوو چارەسەرییان بۆ بکرێت، بەڵام تەنها ٣٠٠ کەس لە سەردەشت چارەسەرییان بۆ کرا.
بریندارەکانی دیکە لە گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت مانەوە بۆ ئەوەی ژەهری هەوا کەم بێتەوە ئینجا بۆ چارەسەری پزیشکی بەڕێ بکرێن ، هەزار و ٥٠٠ کەس کە بەسەختی بریندار ببوون و دەبوو بەرەو نەخۆشخانەکانی تاران و تەورێز بەڕێکرا بوایەن. بەپێی ئامارەکان لەکۆی ئەو بریندارانە ١٣٠ کەس شەهید بوون.
لە ماوەی ٣١ ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری دیکە لەو بریندارانە پاش چەشتنی ئازاری چەندین ساڵە گیانیان بەخت کردووە و هەرگیز هیچ چارەسەرییەکیان بۆ ئەنجام نەدرا، ژمارەیەکی زۆریشیان بە نەخۆشی دەژین، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە نەخۆشییەکانیان بەشێوەی بۆماوەیی گوازراوەتەوە بۆ منداڵ و نەوەکانی دیکە، واتە زامەکەی سەردەشت ساڵ لەدوای ساڵ نوێ دەبێتەوە و هێشتا بنەبڕ نەکراوە.
کیمیابارانی شاری سەردەشت لە بەر چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجام درا، بەڵام تاکە هەڵوێستیان بەرامبەری تەنها بێدەنگی بوو .بێدەنگی و ناهەستیاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەرامبەر بە کیمیابارانی سەردەشت و پێش ئەویش بانە، وایکرد کە سەددام و عەلی حەسەن مەجید لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەبێ دوودڵی تراژیدیای هەڵەبجە بۆ گەلی کورد پێک‌بێنن و دوای ئەویش بە ئەنجامدانی دژەمرۆڤانەترین تاوانەکان لە دژی گەلی کورد له پرۆسەی قڕکردن و ژینۆسایدی گەلی کورد بەردەوام بن.
سه‌رده‌شت له‌و کاته‌وه تاکوو ئێستا له‌و په‌ڕى بیکهسیدا هه‌ناسه‌ى سواره و برینه‌کانى ساریژ نه‌کراونه‌ته‌وه، بهرکهوتوانیش له‌و تا هه‌نووکه له دۆخێکى زۆر ناله‌باردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، خه‌ڵکى ئه‌و شاره هه‌موو ساڵیک هه‌وڵ ده‌ده‌ن که یادى ئه‌و کاره‌ساته به شیوه‌یه‌ک بکه‌نه‌وه و ئه‌و رۆژه ڕەشهی میژوو بۆ هه‌میشه له یاده‌کان بهیڵنه‌وه.
لە سی و یەکەمین ساڵیادی ئەو کارەساتە دڵتەزینە، یادی شەهیدە بێتاوانەکان بەرز ڕادەگرین و هیوای هەرچی زووتر چارەسەربوونی ئازاری ئەو تووشبووانەی کیمیایی لەو شارە و هەر وەها ئاوڕدانەوە و یادکردنەوەی زیاتر لەو شارە لە لایەن هەر کوردێک و مرۆڤ دۆستیکەوە دەخوازین و هیوای دووپات نەبوونەوەی کارەساتی لەو چەشنە بۆ هەموو خەڵک و وڵاتیک دەخوازین و پڕ بە دڵ بۆ لە ناوچوونی هەموو ئەو دەسەڵاتە بێ وێژدانانە ئاواتەخوازین کە لە دووپاتکردنەوەی ئاوەها کارەساتگەلێک خۆ ناپارێزن.
................................................
سەرچاوەکان:
1-ڕۆژنیوز(rojnews)، ناوەندی هەواڵەکان/ ساڵ بەساڵ زامی کۆمەڵکوژییەکەی سەردەشت بە سۆتر دەبێت، نووسەر: ب.ل
2-پاوە پرس(pavehpress)/ بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانی شاری سەردەشت، نووسەر: ناصح محمودی
- بۆچوونێکی نوێ بنووسه
- 1818 سه‌ردان
-
نووسخه‌ی چاپ