خەسارناسیی شێوازی بەکارهێنانی ئەدەبیاتی ئایینی بۆ منداڵان و مێرمنداڵان

دوکتور عەبدوڕەحیم ئەفخەم زاده

ئەگەر لە پەنجەرەی دروون ¬ئایینییەوە بڕوانینە باسەکه یان ئایین وەکوو مەعنەوەییەت تەماشا بکەین، بۆچوونەکان جیاواز دەبن. زۆر کەس ئەدەبیاتێک به هی دین دەزانن کە بەدیهێنەرەکەی دیندار بووبێ. بۆچوونێکی تر ئەدەبیاتێک کە هێمای دین و دینداری تێدا بێت به ئەدەبیاتی دینی دەزانێت، وەکوو -داستانێک کە لەودا- کەسێک نوێژی تێدا بکات یان بچێتە مزگەوت و مەزارگەیەک. زۆربەی داستانەکانی دوای ئینقلاب لە ئێران لەم جۆرەن. یانی پیاوی ماڵەکە، باوکەکە ڕواڵەتی پیاوێکی دینداری هەیە، تەسبێحی پێیە بەڵام لە فکر و هزری دینی و لە هەست و ئەزموونی دینی خەبەرێک نییە. جاری واشه نیشانەگەلێک لە دین دەبیندرێ یان ئاماژە بە ڕووداوی ئایینییە بەڵام هەر ڕووکەش و ڕواڵەتە.

لە ئەدەبیاتێکی ڕاستەقینە بە بڕوای من تەنیا مژارێکی دینی بۆ ئەدەبیاتی دینی بەس نییە، بەڵکوو شێواز و ستایل و شکڵ و شێوەی بەکارهێنان و زمانەکەشی دەبێ لە دینەوە وەرگیرابێ. ئەدەبیاتی دینی دەبێ لە سەر هزر و بایەخە دینییەکان دامەزرابێ، دەبێ وەحی و ئیلهامی پێغەمبەرانی قبووڵ کردبێ، دەبێ لەگەڵ فیترەتی خودا خوازنەی مرۆڤ (کە هەر لە منداڵییەوە  هەیە) بیخوێنێتەوە. بۆ مێرمنداڵ دەبێ پڕ بێت لە خۆشەویستی، مرۆڤدۆستی، ئازدیخوازی، عەداڵەت و دادگەری، نیشتمانپەروەری، دژایەتی زوڵم و ناحەقی و ناحەزی. 

لێکۆڵینەوەکان چیمان پێ دەڵێن؟

فێرکاری و پەروەردەی ڕاستەوخۆ نابێتە مایەی سەقامگیربوونی بەهاکان و کردنی ڕەفتاری دینی(ساجدی خەلەجی). چیرۆکی منداڵان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و جۆرێک دەرمان و شەفایە(ئێریکسۆن). چیرۆک دەبێتە هۆی گەشەی فکر و خەیاڵ و داهێنان(ئابدۆسێن). داستانی باش دەتوانێ ڕەفتار و هەڵسوکەوت چاک بکات، هاوتەبایی دروست بکا، کۆمەک و دەستبار بێت بۆ هەڵبژاردن و بەکارهێنانی بژاردەی دروست بۆ ژیان(باندۆرا). گوێگرتن لە حەقایەتی منداڵانە دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەفتاری منداڵەکە، کەمکردنەوەی توندوتیژی و فێربوونی ڕێگای ژیان(هێلگێسۆن). ناساندنی کەسایەتییە جوامێر و نەترسەکان بۆ منداڵان دڵەخورپە دادەبەزێنی و پەرۆشیی ڕەوانی(بە فارسی = اضطراب) کۆنترۆل دەکات.

 بۆچی ئایین؟

ڕابێرت هیوم پێی وایه لە مێژوودا هیچ قەوم و تایەفەیەک نەبووە که دینێکی نەبووبێ، یانی سۆزی خوداپەرەستی و خوداجۆیی لە ناخی دڵی هەموو مرۆڤێکدا هەیە، جا یان بە لاڕێدا دەچێ یا بێدەنگ و کپ دەکرێ. کارڵ گۆستاویونگ دەڵێ: باوەڕی دینی باشترین چارەسەر بۆ دەرمانی نەخۆشییەکانه. دێیوید جاسپێر دەڵێ: ئەدەبیات ڕیشەی لە ئاییندایە.

لێکۆڵینەوەکان نیشانی داوە:

منداڵ دەتوانێ شتە هاوبەشەکان لە نێوان هەستی خۆی و تواناکانی یان گرفت و خەونەکانی لەگەڵ کەسایەتی داستانەکە بدۆزێتەوە، جا بەم هۆیەوە ڕوانینی بەقەوەت بکا، چارەسەری گرفتەکان بکا(بە فارسی: همانند سازی) و هەست و هەیەجانی برژێنێتە دەرەوە(بە فارسی: تخلیه احساسات و هیجانات). داستانی قورئانی دەتوانێ لەسەر کەسایەتی و ڕەفتاری منداڵان و مێرمنداڵان شوێنەواری کاریگەر دابنێ. یارمەتییان بدات تا خۆیان باشتر بناسن، کەسایەتییان بەهێزتر بکەن و بگەنە سڵامەتی فکری. ژان ژاک ڕۆسۆ دەڵێت: منداڵ وەکوو توولی نەمامی تازە پێگەیشتوو پێویستی بە پەروەردە و ڕاهێنانە، باشترین کتێب بۆ منداڵ داستانه چونکه وێنە لە پاڵەوانی داستانەکە هەڵدەگرێ و خۆی وەکوو ئەو لێدەکا... .

ئایا لەم دونیای مۆدێرن و تێکەڵاوییەی جیهانی دەتوانین باسی پەروەردەی دینی و ئەخلاقی بکەین؟ یان سکۆلاریزم توانیوییەتی  دین و ئەوەی بە دینەوە بەستراوە بسرێتەوە؟ ئایا چەمکەکانی دینی و مەعریفەتی دین لە ڕووبەڕوونەوەی پەدیدەکانی ئەم سەردەمە تازەیە چەندە دەتوانی خۆی ڕابگرێ  و نەلەقێ و نەشکێ و نەڕووخێ.

هەستی خوداجۆیی و خوداویستی منداڵ چۆن برووژێنین؟ پرسیارەکانی منداڵ و مێر منداڵ چۆنە؟

خودا کییە، لە کوێیە؟ دەتوانی بمبیننێ و قسەکانم ببیستێ؟ من لە کوێوە هاتووم؟ خودا لە کوێوە هاتوو؟ دوای مردن چیمان لێدێ؟ کی لە هەموو کەس گەورەترە؟ خودا هەموو ویستەکانم جێبەجێ دەکات؟ ئەمانه پرسیاری منداڵن لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانی.

مێرمنداڵیش ئەم پرسیارانە لە خۆی دەپرسێ:

من کێم و چ فکر و باوەڕ و تایبەتمەندی و بۆچوونێکم هەیە؟ دەمهەوێ ژیانم چۆن بێ و بگەمە کوێ؟ بۆ هاتوومەتە دونیا؟ ئایا باوەڕەکانی من دروستن؟ ئەوەی لە دایک و باوکم و مەدرەسە و کۆمەڵگا فێر بووم ڕاستە؟

شتی(ئەدەبیاتی) منداڵانە دەبێ سێ  تایبەتمەندی هەبێ: 1- منداڵەکە لێی تێ بگات. 2- منداڵەکە نیازی پێی بێت. 3- به شێوازی جۆراوجۆر بکرێ باسی بکەی.

دەوری ئەدەبیات لە کەسایەتی منداڵان: پەروەردی ئەخلاقی یانی ناسککردنەوەی هەستی خوێنەر به هۆی داستانەوە، فێرکردنی ناڕاستەوخۆی گیان لەسەر دەستی و خۆبەخشی و یارمەتی هەژاران و دژایەتی زۆرداران.

ناوەڕۆکی پەروەردە لە ڕوانگەی ئایینەوە دەبێ چۆن بێت؟

لەگەڵ فیترەتی خوداجۆیی و خوداویستی بەشەر بگونجێ، لەگەڵ جوانی هەستپێکراو و عەقڵانی تەبا بێ، لەگەڵ تەمەن و هەستی ناسکی مندال و مێرمندال و گەنجان سازگار بێت و لە عەقڵ و لە عاتیفەش کەڵک وەرگرێ. خودا حەکیمە ئەوە عەقڵانیەتە، خودا مێهرەبانە ئەمە عاتیفەکەیە.

ئەدەبی دینیی منداڵان بە کاری چی دێ و کەڵک و ئیستفادەکەی چییە؟

•ورووژاندنی هەستی خوداجۆیی

•ناسینی جیهان، سروشت، ژینگە و مرۆڤ بەخۆشییەوە

•ئامادەکردنی منداڵ بۆ ڕوونەڕووبوونەوە لەگەڵ شتە جۆراوجۆرەکان تا بەرچاوی ڕوون بێت و بکرێتەوە و ڕوانین و ئەزموون و خەیاڵ و هێزی فکرکردنەوە و داهێنانێ بجووڵێت.

•دەرخستنی پێویستی خۆشەویستی و موحیبەت لەگەڵ مرۆڤەکان(پرۆڤە و تەمرینی ئاشتی) و پێوەندییەکی ساغ و دروست لەگەڵیان(سەلامەتی کۆمەڵایەتی).

•ناساندی بەها باڵاکان و بایەخە ئەخلاقییەکان.

•ئامادەکردنی بۆ ڕەفتارە دینییەکان.

•جووڵاندنی هەستی بەرپرسیارەتی سەبارەت به  خۆی و دەوروبەری.

•ڕەدکردنەوەی توندوتیژی و بەرزنرخاندنی گیان و ماڵ و نامووسی مرۆڤەکان بە موسڵمان و غەیری موسڵمانەوە.

•هۆگرکردنی منداڵ به خوێندن و خوێندنەوە و کردنی بە عادەت.

•سەرگەرمی و لەزەت کە بەشێکە لە ژیان و نیازی منداڵ.

 

کاراکتێرەکانی پەروەردەی دینی لە ڕوانگەی دەروون دینییەوە:

مەعریفەت و بەسیرەت(زانایی و چاوکراوەیی)، تێفکرین و عەقڵ و هزر لەکارکردن(ئاوەز)، کەرامەتی ئینسانی(بەرزنرخاندنی مرۆڤ)، عیزەتی نەفس(بەرزی و ڕەوشت بەرزی)، سۆز و خۆشەویستی، میانەڕەوی و وەسەت بوون، سەبر و خۆڕاگری و بەرخۆدان، ئازادی بیروڕا و ئازادیخوازی، کردەویی بوون.

بەرنامەی ئوسترالیا، بەرنامەی نیشتمانی قەشەی مەدرەسە، فێرکردنی ئەم چەمکانه:

بەرپرسیارەتی، ئینساف، بێ لایەنی، ڕاستگۆیی، شەڕافەت و دروستکاری، دیقەت و وردبینی، خۆڕاگری.

تەنیا باری ڕوحی نییە بەڵکوو گەشەی خوێندن و خوێندنەوە، فراوانکردنی گەنجینەی وشە، وەدەستخستنی ئەزموونی تازە، پەروەدەی دینی و ئەخلاقی.

منداڵان شوێنهەڵگرترین و خەسارهەڵگرترین گوێگران و بینەران و خوێنەرانن.

بۆچی شتی دینی به منداڵ بڵێین؟

ناسینی بەها بەرزە ئەخلاقییەکان و نیشانی شاراوە لە دیندا تاوەکوو هەڵیبژێرن و بەکاری بێنن.

هەرچەند تەلەڤیزیۆن و گۆڤارە منداڵانەکان کاریگەرییان زۆرە بەڵام دەرچەکەیان ئەوە نییە کە لێیان خوازراوە یا بانگەشەی بۆ دەکەن.

داستانی ئەخلاقی لە میدیا یان لە گۆڤاردا بێت دەتوانێ ویژدانی پاک و ڕەشتی بەرز وەکوو باوەڕ بەخۆبوون، گەورەیی دەروون، ئازایەتی و نەبەزین و نەترسانی بێجێ، ئیمان و دڵنەرمی، لێک تێگەیشتن و هاوسۆزی بە شێوەی ناڕاستەخۆ فێری منداڵان بکات.

دەبێ ناوەڕۆکی پەیامەکە لە ئاستی تێگەیشتن و توانای منداڵەکەدا بێت.(بە لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگییەکانی تەمەن و منداڵەکان)

منداڵ لەگەڵ داستان ئاسانتر و ساناتر پێوەندی دەگرێ، شێعرێک یان سروود و مەتڵۆکەیەک دەتوانێ ڕوحی نیشتمانی – لە منداڵدا و تەنانەت- لە گەلێکدا دروست بکات.

دەوری ئەدەبیات لە شکڵگرتنی کەسایەتی منداڵدا:

پەیداکردنی ڕوانین و بینین، تەخلیەی هەیەجان(خاڵیکردنی هەست)، ئارامگرتنی روحی، هاتنەدەرێ لە تەنیایی و گۆشەگیری، هاوشێوەسازی لەگەڵ کەسانی نێو داستانەکە و باوەر بەخۆبوون، وەرگرتنی ئەزموونی تازە و نوێ، شکڵگرتنی باوەڕی دینی و ئەخلاقی، فێرکردنی ڕەوشت بەرزی و ئەخلاقی پەسند وەکوو لەخۆبردوویی.

نابێت لە داستانێکی منداڵانەدا وا بێت کە منداڵە پاڵەوانەکە گیانی خۆی بەخت بکات، بەڵکوو بتوانێ ئامێری کایە و سەرگەرمییەکەی خۆی کە خۆشیشی دەوێ  بداتە منداڵێکی تر کە نییەتی.

ئەگەر وانەی دینی سالم و تەندروست و میانەڕەو بە شێوازی دروست فێری منداڵ  بکرێ، دەتوانین باوەڕ بەم قسەیە بکەین کە دەکرێ کۆمەلگایەکی دیندار و دوور لە توندوتیژی( وێنەی کۆمەڵگای مالێزی کە دوورە لە توندوتیژی ئایینی) بوونی هەبێت.

وشەی خەسارناسی لە بەشی هزری دینی شتێکی تازەیە و بە مانای ناسین و ناساندنی ئەم خەسار و کەموکورتیانەیە کە لە باوەڕ و مەعریفەتی دینیی کۆمەڵگایەکدا هەیە یان ڕووی تێدەکا، یان بە مانای ناهاوسەنگی ڕەفتار و کردەوی دیندارەکان لەگەڵ بنەماکانی خودی دینەکەیە، یانی لاڕێ ڕویشتنی به نێو دینداران یا بیر و باوەڕی چەوت و هەڵه. هەستی مەزهەبگەرایی لە مرۆڤدا هەیە، دەبێ بە باوەڕی پتەو و توکمە و ڕاست و دروست پەروەردە بکرێ دەنا دەبێتە یەخسیری خوڕافات و شتی پڕوپووچ.

خەسارناسیی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان لە سێ میحوەری نووسەر(چیرۆکنووس)، تێکست (چیرۆک) و گوێگر یا خوێنەر(منداڵ و ...) باس دەکرێ.

نووسەر: لەبەرچاونەگرتنی قۆناخی تەمەنی منداڵ، لاوازی نووسەر لە هونەری چیرۆکنووسیدا، پێشداوەری نووسەر و نەبوونی زانیاریی باش.

تێکست: نەبوونی زمانی ئەدەبی، نەبوونی بەڵگەی باوەڕپێکراو، خراپ کێشانەوەی سیمای دین.

لە ڕوانگەی ئەدەبییەوە: قالبەکە داستان نییە، زمانەکەی زمانی تێکستی کۆنە، ئەدەبی و ڕەاون و پاراو نییە.

 ڕوانگەی مێژوویی:  ئەسیری تێکستی مێژووییە کە لەوانەیە مێژوونووسێکی درۆزن نووسیبێتی یانی مەنبع و سەرەچاوەکە جێی متمانە نییە.

 لە ڕاونگەی مژار و مەوزووعەوە: شتی ئەفسانەیی یان توندوتیژی و زێدەڕۆیی.

گرینگترین خەسار لە سیمای دین و داستانەکان؛

توندوتیژی: دەیانهەوێ باسی ئازایەتی پێغەمبەر و یارانی بکەن، زێدەڕۆیی دەکەن و جێگایەک بۆ مرۆڤدۆستی ناهێڵنەوە. دەی ئیسلام یانی سوڵح و ئاشتی، کوا؟ دین به واتای سۆز و موحیبەت چی لێهات؟ هەرچەند ئێمە ناڵێین باسێک لە توندوتیژی نەکرێت کە منداڵەکە بێدەسەڵات و ترسەنۆک باربێت، ئێمە دەڵێین زێدەڕۆیی نەکرێ.

خاڵە لاوازەکانی کامانەن؟

لەم ئیشەدا کۆسپ و لەمپەرەکان چین؟ لەمپەرەکانی دەرەوە: بنەماڵە، قوتابخانه، دامەزراوە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و مێدیا و ئامڕازەکانی پێوەندی. کۆسپەکانی ناوەوە: داخستنی عەقڵ و بانگەشەی توندوتیژی.

بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکا کە ڕاگەیاندنی چەمکەکانی ئایینیی ئەخلاقی- فەلسەفی لە ئەدەبی منداڵان و میڕمنداڵاندا  تا کوێ سنووری تیشک خستنەسەر و ڕوونکردنەوەیە و له کوێش سنووری تەڵقین و داخستنی مێشکە. چون منداڵی کەم ئەزموون مێشک و دڵی وەکوو لاپەڕەی سپی وایە و هەرچی تێدا بنووسی وەریدەگرێ. مامۆستا و ڕاهێنەری نەزان و دەمارگیر و بوغزاوی شتی باش نازانێ و فێر ناکا(هەنبانەکەی شتی باشی تێدا نییە). لە لایەکی تریشەوە، بەڵگەکان وا دەردەخەن کە ئەم بەرەیەی ئەمڕۆمان زیاتر لە بەرەی پێشوو خەسارهەڵگرن لە بواری دینی و ئایینەوە، یانی دەستگرتن و ڕووتێکردنیان بۆ کارە ئایینییەکان لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نییە. لێکۆڵینەوەکان پێمان دەڵێن شێوازە باوەکان بۆ پەروەردەی دینی ناکارامەن.

خاڵە لاوازەکان (کەموکووڕییەکان):

•بەرگی ناشیاو و دووپاتکراو، بەبێ داهینان کە شەوق و زەوقێک بۆ کڕین و خوێندنەوە دروست ناکات.

•نەسیحەت و ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ و کەوتنە داوی دروشم و شیعار.

•سەرسەری نووسین و شتی دووپاتکراو و نەبوونی داهێنان.

•موبالغە و زێدەڕۆیی لە ناساندنی کەسایەتییە ئاینییەکان و لاواز نیشاندنی کەسە بەرانبەرەکەی.

•پابەندنەبوونی نووسەرەکان بە شرۆڤەکردنی وشە نامۆکان.

•نووسین بە شێوازێکی ڕەق و ناخۆش و ناهاوسەنگ بە جێی ڕەوان و پاراو. 

•پابەندنەبوونیان بە سەنەد و بەڵگەی ڕوون.

•بەیانی ڕاستەوخۆ و عەوام پەسەند.

•نابەڵەدی و ناشارەزایی هێندێک لە بەرپرسانی ئەم بوارە(لاوازی زانیاری ی نووسەرکان).

•گواستنەوەی بڕێک زانیاری بە جێی گەشەدان بە بیر و هۆش و دروستکردنی لەزەت و خۆشی بۆ فکر.

•بێ سەنەد بوونی زۆرێک لە نووسراوەکانی ئەم بوارە.

•پشت ئەستوور بە فەرهەنگی زارەکی خەڵکی.

•کەڵکوەرگرتن لە بەڵگەی بێبایەخ(ناموعتەبەر).

•نابەڵەدی نووسەران لە مێژووی ئاوەز(فقە) و زانستە ئیسلامییەکان.

•قەزاوەتی پێشوەختە و لایەنگری دەمارگیرانە.

•نەزانی ئادرەس و ژمارەی ئایە و سووڕەتەکانی قورئان.

پێشنیارەکان:

بەهرەوەرگرتن لە هەڵەچن(ویراستار)، بەهرەوەرگرتن لە کارناس و پسپۆڕی بواری ئایین، نەبوونی داوەری پێشوەختە بۆ مژار و مەزووعەکە، بەهرەوەرگرتن لە بەڵگەی باوەڕپێکراو و هێنانی بەڵگەکان لە ئاخری نووسراوەکە، کە ئەگەر وا نەبێت، دەبێتە هۆی سەرگەردانی و سەر لێ شێواوی و پووچی و خەسار و زەرەی لێ دەکەوێتەوە.

 

ده‌نگێ نه‌دراوه