پەیامی پیرۆزبایی مامۆستا عەبدوڕەحمان پیرانی(ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح) بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان

وەناو خودا کە دەهەندە و دلۆڤانە

«وَالَّذِينَ اهْتَدَوْا زَادَهُمْ هُدًى وَآتَاهُمْ تَقْوَاهُمْ»(محمد/17)؛ 

ئەوانەی کە هاتوونە سەر ڕاستەڕێ (خودا) پتر شارەزایان دەکا و خۆپاراستن و شکۆی (خودا) پتر دەچێتە دڵیانەوە.

بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان کە هەلی شوکرانە و مایەی دلخۆشی و شکۆی ئیمانه، پیرۆزبایی به هەموو خوشکان و برایانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و سەرجەم هاووڵاتیانی بەڕێزم دەڵێم و پڕ بە دڵ موبارەکبادییان لێ دەکەم.    

قەبووڵبوون و وەرگرتنی تاعەت و بەندایەتی و حەول و تێکۆشانی خێرخوازانەی گەلی موسڵمانان لە خوداوەندی تاک و بێ هاوتا دەخوازم و لێی دەپاڕێمەوە لەسەر ڕەوگەی تەقوا و خۆپاراستن بەردەوام و خۆڕاگر بن.

به پێی نەریتی نەگۆڕی پەروەردگاری کاربەجێ، هیدایەت و خۆپاراستنی ڕێبواڕانی ڕێگەی پارێزکاری و پارسایی زێدە دەبێت و دڵی ئەوانەی که سەختی و ئاستەمی بەجێهێنانی ئەرک و بەرپرسیارەتییەکان له خۆیان ئاسان دەکەنەوە و ڕێگەی بۆ خۆش دەکەن ئۆقرە دەگرێ که ئاکامەکەی بەهرەمەندبوون له ژیانی پاک و پڕ لە بەختەوەرییە.  

«مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ»(نحل/97)؛ 

هەر کەسێ کرداری باشە و بەباوەڕە – چ پیاو بێ چ ژن- هەتا دەژی وا دەکەین بە خۆشی بژی و بێگومان باشتر لەوەی وا کردوویانە پاداشیان دەدەینەوە.

له بارەگای خوداوەندی و بێ نیاز و جێ نیاز دەپاڕێمەوە، کردەوەی هەموو خاوەن بڕوایەک لەو مانگە پڕ ڕەحمەت و لێخۆشبوونە وەرگرێ وبە کەرەم و گەورەیی خۆیی  لە کەموکورتی وکەمترخەمییەکانمان چاوپۆشی بکات. 

هیوادارم لە سایەی میهر و به پشتیوانی و ڕەحمەتی پەروەردگار و به حەول و تێکۆشان و هاودڵی سەرجەم خەمخۆر و دڵسۆزان، هاووڵاتیانی بەڕێزم زیاتر لە هەمیشە، لە ژیانێکی ئاسوودە و پڕ لە هێمنی و حەسانەوە، بەهرەمەند بن. 

اللَّهُمَّ أَصْلِحْ لَنَا دِينَنَا الَّذِي هُوَ عِصْمَةُ أَمْرِنَا، وأَصْلِحْ لَنَا دُنْيَانَا الَّتي فِيهَا مَعَاشُنَا، وَأَصْلِحْ لَنَا آخِرَتَنا الّتِي إِلَيْهَا مَعَادُنَا

.:: نوێ‌ترین ::.