لە ماڵاوایی ڕەمەزاندا

نووسەر: 
بلال جلال حداد
لە ماڵاوایی ڕەمەزاندا

لە هەردوو سەحیحی موسلم و بوخاریدا که له ئەبوهریرەوە گێڕدراونەوە، هاتووە كە پێغەمبەری خودا (د.خ) فەرموویەتی: " هەركەسێك ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگرێت و ئیمانی پێی هەبێت و چاوەڕێی پاداشتی بكات، ئەوا خودای گەورە لە تاوانی ڕابردووی خۆش دەبێت یان هەركەسێك شەونوێژ (تراویح)ی شەوی قەدر ئەنجام بدات، خودای گەورە لە تاوانی ڕابردووی خۆش دەبێت یان هەركەسێك شەونوێژی مانگی ڕەمەزان بكات و ئیمانی پێی هەبێت و چاوەڕێی پاداشتی بكات، ئەوا خوای گەورە لە تاوانی ڕابردووی خــۆش دەبێت "، لـــە (سنن النسائی)دا هـــاتووە هـــەركەسێك ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بگرێت و ئیمانی پێی هەبێت و چاوەڕێی پاداشتی بكات، ئـــەوا خــودای گــەورە لــە تاوانی ڕابردوو و داهــاتووی خــۆش دەبێت (صححه الألباني في صحيح النسائي: 3202 ـ 2205).

هەروەها لە (مسند) و (صحیح ابن حبان)دا هاتووە: " هەركەسێك ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بگرێت و سنوورەكانی بزانێت و ئەو پێویستییانەی بپــــارێزێت كـــە پێویستە بیپارێزرێن، ئـــەوا ڕابـــردووی دەســـڕێتەوە " (أخرجه احمد، وقال ابن الشيخ شهاب الأرنأووط: حديث حسن)، و زۆرینەی زانایانیش لەسەر ئەوە یەکدەنگن كە لە گوناهی خۆش دەبێت، ئەویش بە پێی ئەم بەڵگەیە كە ئیمامی مسلم لە ئەبوو هریرەوە ڕەاویەتی کردووە كە پێغەمبەری خودا (د.خ) فەرمووویەتی: " پێنج نوێژە فەڕزەكە و جومعە بۆ جومعە و ڕەمەزان بۆ ڕەمەزان هۆی لێخۆشبوونی گوناهی نێوانیانن، گەر ئەگەر تاوانبارەکە لە گوناهی گەورە دووری کردبێت "، پێشەوا (ابن منذر) لەسەر نوێژی شەوی قەدر فەرمووی ئەم بەندایەتییە بە ئاواتی لێخۆشبوونی گوناهی گەورە وبچوك دەكرێت، جگە لەویش بۆ مانگی ڕەمەزان هەر وایان گوتووە، بەڵام زۆرینەی زانایان لەسەر ئەوە هاوڕان كە گوناهی گەورە بێگومان دەبێت تەوبەی لەسەر بكرێت.

ئەم فەرموودە شیرینانەش کە باس كران ڕوونی دەکەنەوە سێ‌ هۆكاری زۆر گرینگ هەن كە دەبن ەهۆكاری سڕینەوەی تاوان( که بریتین لە ڕۆژو ـ شەونوێژی ڕەمەزان ـ شــەونــوێژی قــەدر) و هـــەریەكێ‌ لەوانەش بەشی خۆی دەسڕێتەوە، جا ڕۆژوو بۆ بەشە تاوانی خۆی، شەونوێژیش هەروەها، شەونوێژی شەوی قەدریش بۆ گوناه خۆی دەگرێت، بەڵام شەونوێژی شەوی قەدر بۆ تاوانی نێو مانگە كە ئەگەر موسوڵمان تووشی گوناه بێت لە دە ڕۆژی سەرەتا بێت یان نێوان و یان كۆتا.

جا دوای ئەم بەندایەتی و نزا و دوعا سوژدە و زیكر و نوێژ و سەدەقە و خێر و زەكات و ڕۆژووە، ڕۆژێك دێت و پێی دەگوترێت جەژن که هەندێک‌ لە سەلەف پێان گوتووە ڕۆژی دیاری و پاداشت.

پێشەوای خۆشەویست ئیمامی زوهری دەڵێت: كاتێک‌ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دێت خەڵك دەردەچن بۆ (الجبان) و خودا دێتە سەریان، دەفەرمووێت: بەندەكانم ! ڕۆژووتان بۆ من گرت، بۆ منیش شەونوێژتان كرد، بگەرێنەوە لێتان خۆش بووم، (موەریقی) لە نوێژی جەژندا لە نوێژگە بە هەندێک هەواڵانی خۆی گوت: ئەمڕۆ كەسانێك دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ هەرچۆن ئێستا لە دایك بن، ئەوەندەش لە گوناه پاك دەبنەوە.

ئەبوو جەعفەر فەرمووی: دیاریەك نەك لەسەر شێوەی دیاری باڵادەستان و پادشایان،كاتێ‌ ڕۆژووانان ڕۆژوو و شەونوێژیان بە تەواوی ئەنجامدا، ئەوا ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ‌ كردووە، تەنها ئەوە ماوە پاداشت بدرێنەوە كە لێخۆشبوونە،كاتێک‌ جەژن خەڵك دەردەچێ‌ بۆ نوێژگە (مصلی) پاداشتەكانیان بەسەردا دابەش دەكرێت، ئیتر دەگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان وگەیشتن بە پاداشتی تەواوی خۆیان. جا هەركەس ئەرکەکانی سەرشانی بەتەواوی ئەنجام دا، بە تەواویش پاداشت وەردەگرێت، هەركەسیش كردەوە پاشەكەوتكراوەکانی بە تەواوی جێبەجێ کرد ئەوا پاداشتەكەی بە نەقدی دەدرێت‌ نەك بە قەرز یان دواخراوی.

جا ئەزیزان هەركەس كەموكورتی لەكارەكەیدا كردبێت، كەموو كورتیش پاداشتی بەپێی كەموكورتییەكە هەیە، جا با لۆمەی كەس نەكات و بە خۆیدا بێتەوە. دەگێڕنەوە کە سەلمانی فارسی فەرموویەتی: نوێژ تەرازووە، هەركەس چاك ئەنجامی بدات چاكی لەگەڵ دەكرێت، هەركەس تەرازوو بازی بكات خۆتان دەزانن چی دەربارەیان هاتووە. جا ڕۆژوو كردەوەكانی تریش لەسەر ئەم پێوەرن، هەركەس تێیدا سەر ڕاست بێت ئەوە لە باشترین بەندەکانه، هەركەس تەرازوو بازی تێدا بكات خۆ وەیل بۆ تەرازوو بازانە، حەیف نییە تەرازووی ئارەزوو لە بەراوەردی تەرازووی نوێژ و ڕۆژوو لاسەنگ بێت، سەلەفی ئێمە هەوڵی تەواوی و چاكی و پاكی كرداریان دەدات، دواتر گرنگیان دەدا بە وەرگرتنی، لەوەرنەگرتنیشی دەترسان... ؟! ئەوانە بوون كە خوا دەربارەیان دەفەرمووێت: [ يُؤْتُونَ مَا آتَوْا وَقُلُوبُهُمْ وَجِلَةٌ ](المؤمنون: 60)، ئیمامی عەلی فەرمووی: با گرینگیتان بە وەرگرتنی لە گرینگی كارەكانتان كردەوەكانتان زیاتر بێت، نەتان بیستووە خودا فەرموویەتی:[ إِنَّمَا يَتَقَبَّلُ اللَّهُ مِنَ الْمُتَّقِينَ ] (المائدة: 27)، واتە: بەدڵنیاییەوە خودا کردەوەی بەندە پارێزگارەکان وەردەگرێت. ئیبن دینار فەرمووی: ترسان لە وەرنەگرتنی كردەوە قورسترە لە كردنی كردەوە، هەندێک‌ لەسەف گوتوویانە: دوعایان لەشەش مانگی پێش ڕەمەزان دەكرد كە بگەنە مانگی ڕەمەزان، دواتر دوعایان دەكرد لێیان وەربگێرێت.

جارێكیان عومەری كوڕی عبدالعزیز دەرچوو بۆ نوێژی جەژن، جا لە وتارەكەیدا فەرمووی: (ئەی خەڵكینە ئێوە سی ڕۆژ بە ڕۆژو بوون بۆ خودا، وە سی شەو شەونوێژتان كرد، ئەمڕۆش دەرچووین بۆ داواكردن لە پەروەردگار كە كردەوەمان لێوەربگرێت. 

ئیمامی حەسەنی بەسری دەفەرمووێت: پەروەردگار مانگی ڕەمەزانی كردووەتە گۆڕەپانێك بۆ بەندەكانی، پێشبڕكێ‌ دەكەن بۆ كردەوەكانیان بۆ لێخۆشبوون و ڕەزامەندی ئەو، هەندێك كردیان و براوەبوون، هەندێك دواكەوتن و دۆڕان..! ئەزانی زۆر سەیرە یاریچیەك پێبكەنێت لە ڕۆژێكدا كە خەڵكی براوەبوون و ئەمیش دۆڕاوە تیادا ؟!. دەگێڕنەوە ئیمامی لە دوا شەوەكانی ڕەمەزانی هاواری دەكرد و دەیگوت: ألا یا لیت شعری..!واتا كێ‌ لێی وەرگیراوە پیرۆزبایی لێ بكەین..؟! كێ‌ بێبەش بووە سەرەخۆشی لێ بكەین..؟ 

بەڵی بڕوادار... ئەمە ئەو مانگە بوو كە پڕ بوو لە عیبادەت و لە چاكە و لە تەوبە و گەڕانەوە و پاك بوونەوە و لە ڕزگاربوون لە دۆزەخ و لە گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار، هەر بۆیە پێغەمبەری نازادار (د.خ) فەرمووی: " ئامین.. ئامین.. ئامین.." گوترا: ئەی نێردراوی خودا..؟ تۆ سەركەوتی بەسەر مینبەرەكەتدا فەرمووت: " ئامین.. ئامین.. ئامین.." ؟ فەرمووی: جوبڕەئیل هات بۆ لام و گوتی هەركەس بگاتە مانگی ڕەمەزان و كارێك نەكات ـ خودا ـ لێی خۆش بێت، دەچێتە دۆزەخەوە -فأبعده الله- بڵێ ئامین...) (أخرجه أحمد والترمذي وابن حبان وحسنه الترمذي وقال الأرناؤوط: حسن لغيره)، جا بەڕاستی وایە، هەركەس لەم مانگە لێخۆشبوونی دەست نەكەوێ‌، ئیتر كەی ؟ هەركەس لەشەوی قەدردا دەستی نەكەوێ‌ ئیتر كەی؟ هەركەس لەم مانگەدا چاك نەبێـت ئیتر كەی؟ هەر دارێك لەكاتی بەردا بەری نەبێت، دوای بڕینەوەی بۆ هیچ ناشێت مەگەر بۆ سووتان لە ئاگردا، هەركەس شلگیر بێت لەكاتی چاندندا، بەرهەمی نییە جگە لەخەفەت خواردن. مانگێك هەمووی لێخۆشبوون و ڕزگاربوونە لە دۆزەخ ! فەرموودەیەك كە ئیمامی (الترمزی) دەیگێرێتەوە: " خودا ڕزگاركراوانێكی هەیە لە دۆزەخ ئەویش لـــە هــــەمــوو شەوێكدا " (صحيح الترمذي للألباني: 6822) جا كۆتایی ئەم مانگە ڕزگاربوونە لە دۆزەخ بۆ كەسانێك كە پەشیمانن لە تاوان و لە کردنی کردەوە و كاری ناحەز.

جا لەبەر ئەم ڕزگاربوونە و لێخۆشبوونە لەم مانگەدا، خودا لەكۆتایی هێنانی ئەم مانگە پڕ میهرەبانە دەفەرمووێت:[ شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ ] (البقرة 185)، واتە: مانگی ڕەمەزان، ئەو مانگەیە كە قورئانی تێدا نێردراوەتە خوارێ‌ ـ لە ڕەمەزاندا دەست بە ناردنی كراوە ـ، ڕێنمایی خەڵک دەکات بۆ کردنی كاری چاك و چەندین بەڵگە و نیشانەی تێدایە بۆ شارەزایی ڕێی حەق و جیاكردنەوەی ڕاست و ناڕاست، ئینجا هەركەسێكتان ڕەمەزانی بەسەردا هات دەبێت بەڕۆژوو بێت، ئینجا ئەو كەسانەشتان كە نەخۆش و لەشبەبارە، یا لە سەفەرە و ڕێبوارە ـ ڕۆژووەكەشی دەشكێنێ‌ ـ، لە ڕۆژانی تردا ئەو ڕۆژانە بە قەزا بگرێتەوە، خوا ئاسوودەیی و كار ئاسانی ئێوەی دەوێت و له ئەنجامی فەڕزەكاندا نایهەوێ‌ بكەونە تەنگی و ناڕەحەتی، دەهیەوێت بە ئاسانی ڕۆژووی ئەو ماوەیە تەواو بكەن، بە گەورەیی خودا بزانن و پێی قایل بن، كە ئێوەی ڕێنمایی كرد، پێویستە سوپاسی بكەن لەسەر ئەو مۆڵەتدانە و سەخت نەگرتنە.

بەندەی چاك شوكری خودا دەكات لەسەر نیعمەتەكانی، لەسەر كردەوەكانی، لەسەر لێخۆشبوونی لێی، لەسەر ڕزگاربوون لە دۆزەخ، ئەگەر یادی بكەی، شوكر و پارێز بكەی، ئەوە بەڕاستی بە پارێزکار و تەقوای..! ئیبنی مەسعوود لە تەفسیری [ حَقَّ تُقَاتِهِ ] (آل عمران: 102) دا دەڵێت: گوێڕایەڵی دەكات و سەرپێچی ناكات، یادی دەكات و لێی غافل نابێت، سپاسگوزار دەبێت و ناكات.

ئــــەی خــاوەن تـــاوان و گـــونـــاهی زۆر ـ خــۆم ســەرەتا ـ دەستكــەوتت دەستكەوت، لەم ڕۆژەدا بۆت هەڵكەوت، نە لە شێوەی هەیە و نە دیومانه، دەبێ چەندەی لە گوناه و تاوان پاک کردبیتەوە، هەركەس ڕزگاری بوو، ئەوە سەلیمە و پاداشتی چاكەكانی یەکجار گەورەیە... .

ئەی ئەو كەسەی خودا لە دۆزەخ ڕزگاری كردی! نەكەی بگەڕێتەوە ـ دوای ڕزگاربوونت ـ بۆ مل بردنه ژێر تاوان، خوای تۆ دووری كردی لە ئاگر نەكەی خۆت نزیك كەیتەوە، نەجاتت دەدات، نەكەی خۆت و نەفسەت بخەیتە ناوییەوە..!

ده‌نگێ نه‌دراوه