شەپۆل گەڕاوە نێو دەریا

شەپۆل گەڕاوە نێو دەریا

(سێ ڕۆژ لەمەوبەر) تەرمی خوالێخۆشبوو مامۆستا محەممەد ساڵح ئیبراهیمی، گەیشتەوە گۆڕستانی بداق سوڵتانی مەهاباد و لە پاڵ پیاوانی هەڵکەوتووی ئەسپاردەی ئەو خاکە پاکە ئارامی گرت. شەپۆل گەڕاوە نێو دەریا. لە دوورگەی مامۆستایانی ئایینی ئەو دەریایە کەسایەتی بلیمەت و خاوەن مێژووی وەک خوالێخۆشبووان: مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی و مامۆستای شەهید مەلا کەریمی شاریکەندی، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان و مامۆستا مەلا عەزیزی تەئیید و دەیان کەسایەتی دیکە و چەن شەقامێکیش واوەتر لە گۆڕستانی سەرداران مامۆستای خەباتگێڕی ئایینی، پێشەوا قازی محەممەد لێی سرەوتوون. لە دوورگەی شاعیران و ئەدیبانیشی گەورەپیاوانی وەکوو مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و مامۆستا محەممەدی قازی و مامۆستا خاڵەمین و چەندین کەسایەتیی پایەبەرزی وەک ئەوانە ئامادەن و پاش مردنیشیان هەر زیندوون. کەسایەتی دیکە زۆرن بەڵام باسی دوانیان دەکەم کە مافیان بە سەرمەوە هەیە: یەکیان حاجی سەیید یوسفی کولیجی کە نازمی قوتابخانەی سەرەتایی گوێکتەپە بوو كاتێک ماڵمان لەو گوندە بوو... دواتر لە ساڵی ٦٦ لە نزیک ئەشکەوتی "حیڕا" گەڕاوە لای خوای دلۆڤان. ئەوی دیشیان لاوی رەوشت گەلێک بەرز و خاوەن خوو و خدەی تەرز، دوکتور جەلالی شەهیری کە مۆمی ژیانی پڕبایەخی لە جەستەی چەن کەسێکی دی پاش ناشتنیشی داگیرساوە... یادی هەموو لایان بە خێر، جارێک مامۆستا ئەحمەدیان لە پرسەیەک باسی خاکی مەهابادی دەکرد کە پاش مەرگیش ئينسان بەرەو خۆی دەکێشێ و ئاماژەشی بە دوکتۆر مستەفای ئەعلەم پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ دەکرد کە گۆرستانی مەهابادی بە پێرلاشێزی پاریس نەگۆرێوە و وەسیەتی کرد بێتەوە نێو هەمان "دەریا". ئەی پەروەرندەی هەموومان! "شەپۆل"یش و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی دڵ و مێشک و جەستەی خۆیان بۆ خەڵک و بۆ نیشتمانیان شەکەت کرد، بحەسێنەوە و ئێمەش لە پاڵی ئەواندا بخە بەر بەزەیی نەبڕاوە و هەتاهەتاییت!

رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا وَلِإِخْوَانِنَا الَّذِينَ سَبَقُونَا بِالْإِيمَانِ وَلَا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلًّا لِّلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَءُوفٌ رَّحِيمٌ

آمين يا رب العالمين

تصاویر ضمیمه: 
شەپۆل گەڕاوە نێو دەریا

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچەری بیرکار یا بیرکاری کۆچەر کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/05/12)