پارشێو، هەلێک بۆ پەرستش و شێوێک بۆ تەندروستی

کۆکه‌ره‌وه‌: 
بەشی کوردی ئیسلاح وێب
پارشێو، هەلێک بۆ پەرستش و شێوێک بۆ تەندروستی

پارشێو جۆرە پەرستشێکی سەربەخۆیە کە ڕەنگە زۆربەی خەڵک لێی بێ ئاگا بن و ئەنجامی نەدەن. لە خەو هەستان بۆ پارشێو ڕەنگە بۆ کەسانێک سەخت و لە خەو گوزەران لەو کاتە لە شەودا ئاستەم بێ، بەڵام ئەگەر لە سوود و ئەو خێروبێرەی کە به پارشێوکردن دەست دەکەوێ ئاگادار بین، بێگومان ئەو ژەمە گرینگە لە دەست نادەین و بە هەر شێوەیەک بێ خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین.

پێشەوا «الحافظ ابن حجر» لە (فتح الباري) دا: (4 / 139) یەك دەنگى و كۆڕاى زانایان (واتە: الإجماع) دەهێنێتەوە لەسەر سونەت بوونى پارشێو، سونەتیش کردەوەیەکە کە بە کردنی پاداشت دەدرێتەوە و نەكردنیشى وەک تاوان نایەتە ئەژمار و كردەوەكەش بەتاڵ ناكاتەوە، بۆیە ئەگەر یەكێك پارشێو نەكات ڕۆژووەكەى درووستە و گوناهبار نابێت، بەڵام سەرەڕاى ئەوە فەرموودەیەكى زۆرى لە سەر هاتووە كە جەخت لە سەر ئەوە دەكەن، ڕۆژووان پارشێو بكات.

لە ژیانی پێغەمبەر(د.خ) پارشێو وەک ژەمێکی ڕەمەزان گرینگییەکی تایبەتی هەبووە و وەک ئاماژەی پێدرا یەکێک لە سونەتەکانە. سەبارەت بە پارشێوکردن لە فەرموودەدا هاتووە: « تَسَحَّرُوا فَإِنَّ فِي السَّحُورِ بَرَكَةً »(متفق علیه)، واتا پارشێو بکەن چونکە لە خواردنی پارشێودا بەرەکەت هەیە. لە فەرموودەیەکی تردا هاتووه:« لسُّحُورُ أَكْلَةٌ بَرَكَةٌ فَلا تَدَعُوهُ وَلَوْ أَنْ يَجْرَعَ أَحَدُكُمْ جَرْعَةً مِنْ مَاءٍ فَإِنَّ اللَّهَ وَمَلائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى الْمُتَسَحِّرِينَ»(رواه أحمد وحسنه الألباني)، واتا پارشێوکردن خواردنێکی بە بەرەکەتە، نەکەن لە دەستی بدەن ئەگەر به خواردنی قومێک ئاویش بێت، چونکە خوای پەروەردگار و فرشتەکانی سڵاوات دەدەن لە سەر ئەو کەسانەی کە پارشێو دەکەن.

بەرەكەتى پاشێوكردن ئاشكرایە، چونكە شوێنكەوتنى سونەتە و بە هێزكەریشە بۆ بە ڕۆژوو بوون ڕۆژووەكە بۆ کەسی بەڕۆژوو ئاسان دەکاتەوە. باش وایه پارشێوکردن دوابخرێت و لە داویین کاتەکانی پێش بانگی بەیانی بکرێت، لە سیرەشدا هاتووه؛ پێغەمبەر(د.خ) بۆ بەربانگ کردن و ڕۆژووشکاندن لە هەمووکەس خێراتر و بۆ پارشێوکردنیش لەسەرخۆ و به شێنەیی بووه.

لەوانەیە گەورەترین بەرەكەتى پارشێو ئەوە بێ كە ڕۆژووانان لێ خۆشبوونى خوداى پایەبەرز و پاك و بێگەرد دەیانگرێتەوە و ڕەحمەتى ئەویان بە سەردا دەرژێ، هەروەها فریشتەكانى خودای بێ نیاز و جێ نیاز دەپاڕێنەوە و داواى لێ خۆشبوونیان بۆ دەكەن، بۆ ئەوەى بێنه ڕێز و ئەژماری كۆمەڵی ڕزگاربووانى مانگى ڕەمەزانى پیرۆز.

کەوابوو پارشێو ژەمێكی گرینگی مانگی رەمەزانی پیرۆزه، هەربۆیە موسڵمان پێویستە بۆ پارشێو هەستێتەوە و لە پارشێودا لانی كەم شتێك بخوات یان بخواتەوە. لە درێژەدا به 10 رێنمایی كە پێش پارشێو پێویسته ڕەچاو بکرێن ئاماژە دەکەین، که بریتین لە:

1- ئاو زۆر مەخۆرەوە لەكاتی پارشێودا، تا بەو هۆیەوە هەست بە ئازاری گەدە نەكەیت.

2- خواردنی ژەمی تەندروست و كەمچەوری لە جۆری ماست و هێلكەی كۆڵاو و پەنیر.

3- خواردنی سەوزە و میوەی تازە لە پارشێودا دەبێتە هۆی پیدانی وزە و ڤیتامینی پێویست بە لەش لە كاتی بەرۆژوو بووندا.

4- دوای پارشێو یەکسەر مەخەونەوە، تا هەست بە هیلاكی و گەدە پڕی نەكەن و بە بەباشی خەوتان لێكەوێتەوە.

5- خواردنەوەی فینجانێک چا یان قاوە لە پارشێودا هۆكارن بۆ رێگریی كردن لە سەرئێشە له مەودای ڕۆژدا.

6- خواردنەوەی ئاوی میوەی سروشتی لەكاتی پارشێودا لەبری شیرینی تا نەبێتە هۆی زیاد بوونی كێش.

7- له خواردنی خواردەمەنییە سوێرەكان دووری بکەن تا لەدواییدا هەست بە توێنێتی نەكەن، هەروەها لە پارشێودا لە خواردنی ترشیات و کۆنسێروەکان خۆ بپارێزن.

8- بۆ ئەوەی لەكاتی نوستندا هەست بە هیلاكی و بێزاری نەکەن، هەوڵ بدەن گەدە پڕ لە خواردن نەکەن.

9- تا دەتوانن پارشێو دوا بخەن، تا بە هۆیەوە بتوانن بەرگەی درێژی رۆژوو بگرن.

10- بۆ خۆپاراستن لە توینێتی شیر و ماست زۆر بخۆن، چەند پارچەیەك لە میوەی مۆز كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر كەمكردنەوە تینوێتی لە مەودای ڕۆژدا.

لە بواری پزشکی و زانستیشەوە سوودەكانی پارشێو زۆرن و پسپۆرانیش پارشێوکردن بۆ ئەو کەسانەی بەڕۆژوو دەبن بە پێویست دەزانن، ئەوەش بەهۆی هەبوونی قازانجی زۆری پارشێوه، کە هێندێکیان بریتن لە:

1- هەستی برسێتی و تێنوێتی كەم دەبێتەوە.

2- ڕێگری دەكات لە لەدەستچوونی خانەكانی لەش.

3- رێگری دەكات لە تووشبوون بە سەرئێشە، بەتایبەتی لە درێژایی رۆژدا.

4- كۆئەندامی هەرس و گەدە چاڵاك دەكات.

5- رێژەی شەكری ناو خوێن جێگیر دەكات.

لە هەمووی ئەم خاڵانەی وا ئاماژەی پێدرا دەردەکەوێ پارشێو هەلێکی زێڕین و ژەمێکی گرینگه کە هەم سڵامەتی و تەندروستی بۆ ڕۆژژووان لێدەکەوێتەوە، هەمیش خێروبێری دونیا و دواڕۆژ به قسمەت ڕۆژووان دەکا و بەرز و بەڕێزی دەکاتەوە.

سەرچاوەکان:

http://lvinpress.com

http://ba8.org

https://islamqa.info

http://walamakan.com

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

هەنگاوێک بۆ پاراستنی ژینگە کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/06/26)
پێغەمبەر و یارانی هه‌وارگه‌ی دڵان (1397/06/21)
کۆچ لە نێوان ئۆبژێكتیك و سەبجێكتیكدا سیره نبوی، بیرو ڕا (1397/06/20)