پەیامی ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح به بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان

بسم الله الرحمن الرحیم

شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَىٰ وَالْفُرْقَانِ ﴿البقرة: ١٨٥﴾

 

جارێکی تر لوتف و مەرحەمەتی خوداوەندی حەکیم و کاربەجێ، بەهاری پڕ له واتا و مەعنەویەتی ڕەمەزانی ئاوێتەی بەهاری سروشت و جوانی کرد و دونیای ئیسلامی به بۆن و بەرامی ئیمان و پارێزگاری بۆنخۆش و عەتراوی کرد؛ پەیوەندی بنەڕەتی ژیانی مرۆڤ به پاکبوونەوە و پێداویستی ئەو به کۆنترۆڵ و ڕاگیرکردنی بەردەوامی  نەفسی نەوسن و نافەرمان، پێویستی ئەوی بە تێپەڕاندنی ماوەیەکی تایبەت و دیاریکراو بە مەبەستی جوانکردنی ئەخلاق و ڕاهێنانی لەسەر ئەنجامدانی کردەوە باشەکان، زەروور و حاشاهەڵنەگر کردووە؛ ڕەمەزان ئەو مەودا پیرۆز و مەبارەکەیە کە لەودا ڕاهێنانێکی سازندە و چارەساز دێتە کایە و بەهاری پڕ شکۆفەی ئەو کەسانەیە کە بە پیت و بەرەکەتی ڕوانگەیەکی قورئانی، جگە لەوەی پاراستنی مافی خەڵکانی تر بە ئەرکی سەرشانی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی شارستانی دەزانن، بەڵکوو وەک ئافریدەیەکی ڕاسپاردە بەندایەتی خودا و جوانکردنی ئەخلاق و کردەوەش وەک ئەرک و تەکلیف سەیر دەکەن؛ ڕۆژوو بارێکی زیادی بۆ دانان نییه، بەڵکوو بەندایەتییەکی دڵخوازه کە له ڕەوگەی گەیشتن بە مەعنەویت و پاڵاوتەیی دەبێ یارمەتی لێ بخوازرێ تا شانبەشانی نوێژ، گرێی خۆویستی و یاغیگەری لە دەست و پێی ڕوح و گیان بکاتەوە و دەستی تێکدەری نەفس لە گەردنی باوەڕ و ئیمان کورت کاتەوە و تۆزوخۆڵی حەز و هەوەس دامرکێنێ تاکوو چاوی عەقڵ چەرمەسەری پاش ئەنجامی تاوان و ئەنجامه  پڕ مەترسییەکەی به ڕوونی ببینێ و به پارێزگاری و خزمەت بە خەڵك و دووربوون لە خەیانەت و تاوان، بوێرانه و بەرپرسیارانه، هەنگاو هەڵێنێتەوە.

ڕۆژوو بەندایەتییەکی تایبەتە و بەندایەتییەکان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، خزمەتکاری ئەخلاق و بەستنێک بۆ بەرزبوونەوەی شەخسیەت و کەسایەتین؛ ئەگەر ئەنجامدانی بەندایەتی خاوێنی دڵ و دەروونی لێ نەکەوتەوە و به مەبەستی هاوشێوە بوون و یەکڕەنگی لە کۆمەڵگادا تەنیا وەک ئامێرێک بۆ وەدەست خستنی پلە و مەقامێکی دونیایی کەڵکێ لێ وەربگیردرێ، پووچ و بێ نرخه؛ ڕۆژوو ئەگەر گەورەیی و هەیبەتی خۆڵقێنەر و هەستی خزمەت به خەڵک و خواستی وەدەست هێنانی خێر و چاکه لە ڕوح و گیاندا زیندوو نەکاتەوە، به باشاری برسییەتی و توونییەتی بەتەنێ، ئامانج و فەلسەفەی ڕۆژوو نایەتە دی. 

جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح به بۆنەی هاتنی ئەم مانگە مەبارەکه وێڕاێ ئاراستەکردنی برووسکەی پیرۆزبایی خۆی له سەرجەم موسڵمانان و بەتایبەت هاووڵاتیانی بەڕێز، هیواخوازه بە مەبارەکی ئەم بەندایەتییە بێ وێنەیە و ئەم مانگه پڕ پێت و ڕەحمەتە، خێروبێرە ئاسمانییەکان بەسەر مەزرا و کێڵگەی فەرهەنگ و کەلتووری جیهانی ئیسلامدا ببارێ و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، فریشتە ئاسا خۆی بنوێنێ و پیلانگێڕی نەیاران و زاڵمان نەتوانێ ئاسایش و هێمنی وڵات و نەتەوەکان بەروە تێکدان و شێواندن بەرێت. 

عەبدوڕەحمان پیرانی

یەکەمی ڕەمەزانی ساڵی ١۴٣٩ی کۆچی مانگی