له پێشوازی مانگی ڕەمەزان

له پێشوازی مانگی ڕەمەزان

ئاماژە: ئەمرۆ 26ی گوڵانی 1396ی هەتاوییە و کۆتا ڕۆژی مانگی شەعبان و سبەی پێنجشه‌ممه‌ يه‌كه‌م ڕۆژى مانگى ڕه‌مه‌زانه، جێی خۆیەتی وەک هەر موسوڵمانێکی خاوەن هەست و بەرپرس سەبارەت بەو بیر و بڕوایەی که هەڵمان بژاردووە پلان و بەرنامەیەکی شیاوشیمان بۆ کەڵک وەرگرتن له مانگی پیرۆزی ڕەمەزان هەبێت و به دڵێکی ئامادە و چاوێکی کراوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین و پێشوازی لێ بکەین، بەو هیوایەی که له هەموو کات و ساتەکانی ئەو مانگە بە باشترین شێوە بەهرە وەرگرین و هەلی گەیشتن بەو مانگە به گەنجێکی بێ بن و دەرفەتێکی زێڕین بزانین. دەسا جێی خۆیەتی لە پێشوازیشیدا بڵێین:

وا دیسان مانگی ڕەمەزان، هەر وەکوو عادەتی ساڵان، هات بوو بە میوانی ماڵان، وا هاتەوە لەگەڵ خۆیدا، هەگبەیەک نوور و ڕەحمەت و، خەرمانی پڕ بەرەکەت و، هانا بۆ ڕوحی شەکەت و، شەماڵێکی شەفەقەتی خودای هێنا، هاتەوە تا لەبەر تاڤگەی زێوینیدا، پێش ئەوەی کە بمانشۆرن، بمانشۆرێ، هاتەوە تا کاڵای خەو و شلگیریمان لێ داڕنێ و بمانگۆڕێ، تا لە دوای شۆرین و گۆڕین ڕزگارمان بکات لە زەلکاوی دەردیسەری، تا بمانکات به مشتەری بۆ کڕینی بەهەشتی پڕ بەختەوەری، دەی وەرنەوە با ڕێگەی پڕ کەندوکۆسپی نێوانمان لەگەڵ خودا چاک کەینەوە، شووشەی پەنجەرەکانی دڵ پاک کەینەوە، گوناهمان چەند بە لێشاو بێ، وەکوو کەفی سەری ئاو بێ، مادام بە دڵ پەشیمان بین، کڕیاری کاڵای ئیمان بین، دڵنیا بین داماندەکا، چونکە هەر خۆی بانگمان دەکات: «و توبوا الی الله جمیعا ایها المٶمنون». با وەک لە ڕیزەکانی نوێژ دەوەستین شان بە شانی یەک، هەموو ببین بە برای یەک، خۆشەویستی گەرموگوڕ کەین، دەفتەری تووڕەییەکانمان شەقوشڕ کەین، دەردی کینە و ناکۆکیمان بنەبڕ کەین، دەی با پێشی ئەوەی بمرین لە ناو کەشتی ڕزگاریدا جێگە بگرین، تا شەپۆلی مادیگەری ئەم چەرخە نەمانخنکێنێ، تا زەردەواڵەی نەفسمان هێلانەی خۆی لەسەر خۆنچەی گوڵی ئیمان نەسازێنێ، تا بای ڕەشی حەزەکانی ورگ و گیرفان و داوێنمان گەڵای داری وەرعمان لێ نەوەرێنێ. کەوایه با به گەرموگۆڕی به دەم بانگەوازەکەی «الله»وە بچین کە فەرموویە: «یَا أَیُّهَا الَّذِینَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَیْكُمُ الصِّیَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَی الَّذِینَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ» (ئەی ئیمانداران ڕۆژووتان لەسەر فەڕز کراوە هەر وەکوو لەسەر گەلانی پێشووش فەڕز کرابوو)، ئەم ئایەته قورئانیە پێمان دەڵێ: لەو ڕۆژەوە مرۆڤ لە سەر زەوی بوونی هەیە، ڕۆژووش هەیە، مرۆڤ بێ ڕۆژوو، جەستە و دەروونی تێکدەچێ و لەو نۆڕم و هارموونییەی وا لە سەرەتاوە لە سەری خوڵقاوە دوور دەکەوێتەوە و جێی خۆی ناگرێتەوە. 

لە لایەکی ترەوە ڕێز و گرینگیی مانگی ڕەمەزان لە ژیانی  هەر موسڵمانێکی ژیر و بە بیری ئەم سەردەمە وای لێ دەکات کە بەو پەڕی ئاگاداری و زانیارییەوە خۆی بۆ ئامادە بکات. هەر بۆیە لە درێژەی بابەتەکه چەند پێشنیارێک -کە ڕەنگە خوێنەڕانی بەڕیز بیزانن یان زانیاری و بەرنامەی چاکتریشیان هەبێت- سەبارەت به چۆنییەتی خۆ ئامادەکردن بۆ مانگی ڕەمەزان ئاراستە بکەین، کە بریتن لە؛

یەکەم: ئامادەبوونی دەروونی و زانستی بۆ ئەم مانگە پیرۆزه؛

پاڕانەوە لە خوای گەورە بە هەر دوعایەک کە دەیزانی، وەک ئەم دوعایە:« اللَّهُمَّ سَلِّمْنِي لرمضان، وسلم رمضان لي، وتسلمه مني مُتَقَبَّلاً».

 هێنانی چەند نیەتێک پێش هاتنی ڕەمەزان، چونکە «ابوهریره» دەگێڕێتەوە کە لە فەرموودەیەکی قودسیدا خوای گەوەره فەرموویەتی: ئەگەر بەندەکەم نیەتی کردنی چاکەی هێنا ئەوە من بە چاکە بۆی دەنووسم. جا لەو نیەتانەی کە پێویست لە مانگی ڕەمەزاندا بهێندرێت بریتین لە:

1-نیەتی خەتم یا تەواوکردنی قورئان لەگەڵ تێگەیشتن لە مانا و واتاکانی.

2-نیەتی گەڕانەوە و تەوبە لە سەرجەم تاوانەکانی پێشوو.

3-نیەتی ئەوە که ڕەمەزان سەرتاییەک بۆ خێر و ئەنجامدانی چاکه و بەردەوامبوون لەسەر چاکە بێت تا ئەو کاتەی بۆ لای خودا دەگەڕێینەوە.

4-نیەتی دەستکەوتنی زۆرترین چاکه لەو مانگەدا، چونکه له مانگی ڕەمەزاندا جەزا و پاداشتی چاکە چەندجارە دەبێتەوە.

5-نیەتی چاککردنی ڕەوشت و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی باش لەگەڵ خەڵک و زمان شیرینی لەگەڵیان.

6-نیەتی بانگەشەی ئەم دینە پیرۆزه و بلاوکردنەوەی لە نێو خەڵکدا، بە سوود وەرگرتن لەوەی کە لەم مانگە پیرۆزەدا ئیمانی خەلک بەرز دەبیتەوە.

7-نیەتی داڕشتنی بەرنامەیەکی پڕ له عیبادەت و زکر و پەرەستن و دەست پێوەگرتن بە کاتەکانی و پشتگوێ نەخستنی.

8-خوێندنەوەی کتێب و وتارگەلی بەکەڵک و سوودبەخش، بە تایبەتی ئەو کتێبە باشانەی که زانیاریمان سەبارەت بە دین و ئایین زیاد دەکەن و ئیمان و باوەڕمان پتەو و تازه دەکەنەوە. 

9-هەوڵدانێکی چڕوپڕ بۆ سوود وەرگرتن لە خێر و بەرەکەتی مانگی ڕەمەزان، چونکە پێغەمبەر(د.خ) فەرموویەتی: «إِذَا دَخَلَ رَمَضَانُ فُتِّحَتْ أَبْوَابُ الجَنَّةِ ، وَغُلِّقَتْ أَبْوَابُ جَهَنَّمَ ، وَسُلْسِلَتِ الشَّيَاطِينُ».( رواه البخاري (3277) ، و مسلم (1079). واتا؛ کە مانگی ڕەمەزان بەسەر دادێت دەرگاکانی بەهەشت دەکرێنەوە و دەرگاکانی دۆزەخیش دادخرێن، شەیتانەکانیش زنجیر دەکرێن.

هەروەها مانگی ڕەمەزان شەوێکی تێدایە کە مەلائیکەکان داوای لێخۆشبوون دەکەن و جەزا و پاداشتی چاکەش چەندجارە دەبێتەوە.

10-دابینکردنی بڕێک پاره لەو مانگەدا بۆ کردنی کاری خێر و چاکه وەک:

أ‌-سەدەقەی جاریە(بونیادنانی قوتابخانه، بەشداری لە دروستکردنی مزگەوت، ناشتنی دار و ...) .

ب‌-کڕینی کتێب و نامیلکەی باش و بەسوود بۆ بڵاو کردنەوە لە نێو خەڵک.

ت‌-بەشداریکردن لە پرۆژەی ناندانی و بانگهێشتنی ڕۆژووان لە مانگی ڕەمەزان.

ث‌-دابەشکردنی کۆمەڵێک خواردن بەسەر کەسانی هەژار و نەدار.

ج‌-ڕۆیشتن بۆ ماڵی خودا بە مەبەستی ئەنجامی عومرە ئەگەر توانرا، چونکە پێغەمبەر(د.خ) فەرموویەتی: «عمرة في رمضان تعدل حجة»(رواه البخاري ومسلم في الصحيحين). واتا ئەنجامدانی عومرەیەک لە مانگی ڕەمەزان، خێری حەجێکی هەیە کە لەگەڵ مندا ئەنجام درا بێت.

11-  ئامادەکردنی کورته باس و ئامۆژگاری بە مەبەستی قسەکردن بۆ کەسانی دەوروبەر لە گەڕەک و بازاڕ و هەر شوێنێکی گونجاو

12- نووسینی چەند نامیلکه و بڵاوکراوە بۆ هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامی کاری چاکه لەو مانگە پیرۆزەدا.

13- ...


له کۆتاییدا پێویسته بڵیین گەلێک جار لەوانەیە بڵاوکراوە یا باسێکی کورت و قسەیەکی شیرین و ئاکارێکی جوان و پەسند، ببێتە هۆی هیدایتی خەڵکانێکی زۆر، ئەگەر نیەت و نیاز بێغەل و غەش بێت و ئەگەر نیەت و نیازیش پاک و بۆ خودا نەبێت کتێبێی زەبەندیش کەس بەروە چاکە هان نادا و سوودێکی نابێت. جا بەڕێزان ئەم چەند پێشنیارە ئەگەرچی لەوانەیە ڕواڵەتێکی ساکار و ئاسایی یان بیسراو و دووپات کراوەیان هەبێت، بەڵام هەر ئەمانە و ئەوانەش کە خۆتان لە زەینتاندایە و بەروە کاری خێر و چاکه هانتان دەدات، هەر هەموویان دەتوانن مایەی خێر و خۆشی و دونیا و دواڕۆژ بن و لەو کاتەی که جگەی لە مێهر و بەزەی خودا هیچ فریادڕەسێک نییە بە هانامانەوە بێن.


سەرچاوەکان:

1-لە پێشوازی مانگی ڕەمەزان. وتاری ڕۆژی هەینی؛ 26/5/2017. مامۆستا فاتیح شارستانی.

2-چۆن خۆمان ئامادە بکەین بۆ مانگی ڕەمەزان؟ ماڵپەڕی بەهەشت. ئاسۆ عەبدوڕەحمان


ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچەری بیرکار یا بیرکاری کۆچەر کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/05/12)