هەناسەی تازەگەری له لای مامۆستا ناسر سوبحانی

ناسر سوبحانی(1990-1951)

سەبارەت به تازەگەریی دین قسەی جۆراوجۆر کراوە و هەندێک پێیان وایە دەستبردن نییە بۆ بنەما نەگۆڕو جێگیرەکان، ئەمەش بەگومانی ئەوەیە کە تازەگەری بە واتای گۆڕانکاری و گۆڕین دێت، بەڵام راستییەکەی مەبەست لە تازەگەری بریتییە لە ڕوح بە بەرداکردنەوە و هێز و پێز پێدان و بە باڵا بڕینی شایستە بە شتە تازەکراوەکان وەک ئەوەی شتێکی تازە و نوێ بێ. بێگومان بابەتە کردەییەکان لێرەولەوێ تووشی چەقبەستوویی و سستی و بەرز و نزمی دەبنەوە، ئەمەش هەندێک جار به‌درێژایی چەند نەوە بەردەوام دەبێت و زۆر جار، نەوە لە دوای نەوە و جیل لە دوای جیل سستی و لاوازی و چەقبەستویی زۆرتر و زیاتر دەبێتکە ئەمەش بەشێکە لەو گرفتارییەی کە مرۆڤ پێیەوە گیری کردبوو و قورئانی پیرۆزیش بە خودی خۆی ئەم بابەتەی نادیدە نەگرتووە،لە قورئاندا هاتووه: «فَخَلَفَ مِنْ بَعْدِهِمْ خَلْفٌ وَرِثُوا الْكِتَابَ يَأْخُذُونَ عَرَضَ هَٰذَا الْأَدْنَىٰ وَيَقُولُونَ سَيُغْفَرُ لَنَا» ئەم ئایەتە بە ڕوونی پێمان دەڵێ گەلێک مرۆڤ هەن نزمترین ئاستی ئومێد و ئەرک و خەون و خەیاڵی دینیان بەرجەستە کردووە و لەهەمان کاتدا دەڵێن: خەمی ناوێت، خودا لێمان خۆش دەبێ! لە شوێنێکی تری قورئاندا خودا فەرموویەتی: «فَخَلَفَ مِنْ بَعْدِهِمْ خَلْفٌ أَضَاعُوا الصَّلَاةَ وَاتَّبَعُوا الشَّهَوَاتِ» خەڵکانێک بوونەتە جێگری ئەوانی پێشوو، سەبارەت به نوێژەکانیان کەمترخەم بوون و دەیان چواند و بە دوای حەز و ئارەزووەکانیانەوە دەکەوتن، دەسا لەم جومگە گرنگانەی ژیانی خەڵکدا کە کەمتەرخەمی و سستی و نادیدەگیری سەری هەڵداوە، دەرفەتی تازەگەری و تازەخوازی زەمینەی بۆ ساز دەبێ و دەبێتە خەوێکی نوێ و خەڵک به دڵگەرمی و جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە دەبزوێنێ. لێرەوە گرنگی تازەگەری دەبێتە بابەتێکی قسە لەسەرکراو و خەونێکی خەمخۆرانی پڕۆژەی ئیسلامی، تازەگەری دەبێتە ڕوحێکی نوێ و ژیانەوە دەدات بە بابەتە ئایینیەکان، بە گۆڕاو و جێگیر و سەراپا و تان و پۆی ئایینداری، بە مانایەکی تر تازەگەری لە دەرگای کایەی دەوڵەتداری و سیاسەتکردن و پەرەوەردە دەدات و بابەتە فیکری و کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ دەکات و بۆ هەریەک لەمانە چارەسەری نوێ بە هەناسەی تازەگەری دەخاتە ڕوو، هەر ئەمەش دەبێتە سەلمێنەری ئەوەی کە چارەسەرە لەمێژینەکان بەهانە و سەردەمی مانەوەیان بزر دەکەن و نایهێڵن. میکانیزمی یەکەمی ئەم تازەگەرییە سەربەخۆبوونی زانایانی شەرعناس لە شوێنکەوتوویی و پابەندییان به دەسەڵات و سەرکردەو دەستە و گروپ وحیزبەکان دەبێت. زانست و زانا زۆر زەرەرمەندبوون لەو پابەندی و شۆینکەوتووییە ـ مەبەست لە پابەندی و شۆینکەوتەیی ئەو زاناو شەرعناسانەیە کە بڕیار و هەڵویستەکانی خۆیان بە جۆرێک دەرببڕن که بڕژێنە خانەی خزمەت بە فەرمانڕەواو سیاسەتی ئەوان ـ که پێویسته به جۆرێک ئامادە نەبن و نیگەران و زویریان بکەن، تەنانەت ئەگەر بە بێدەنگیشیان بێت لە کاتێکدا کە دەبوو دەنگ هەڵبڕن... کەوایه گەردنکەچی و گوێڕایەڵی زانای شەرعناس لەو کاتەدا زانستی شەرعی و کۆی کایەی ئایینداری دەکاتە خزمەتکار و ملکەچ بۆ حەز و ئارەزووی ئەوان. لێرەوە تازەگەریی دین بابەتێکە کە تەنها زانابوون نابێتە زامنی دەستەبەربوونی بەڵکوو توانایی و ئازایەتی و ئازادی بە مانا فراوانەکەی زەمینەی تازەگەری بۆ دەڕەخسێنن و دەرکەوتنی ئەو کەسە بەم تایبەتمەندیانەوە بۆن و بەرامەیەکی نوێ لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و چەندها دەیه،خەڵک بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکا. دەکرێت بڵێم یەکێک لەو زانا و شەرعناسانەی کە خاوەنی ئەم بۆن و بەرامەیە بووە مامۆستا «ناسر سوبحانی»یە ـ لە زۆر جێگا و بۆنەدا ئاماژەمان داوە بە مامۆستا ناسر ـ کە ئاست و پێگەی زانستی و شکۆی مەردایەتی لای خوێنەری ئەم بابەتە ڕوون و حاشا هەڵنەگرە، بۆیە لێرەدا بە دیارکراوی پەنجە لەسەر چەند پرس و بابەتێکی ئابووری دادەنێین کە بە بڕوای من، مامۆستا سوبحانی تازەگەری تێدا کردوون ـ ئەگەرچی مامۆستا سوبحانی هیچ کات وەک ئابووریناس خۆی نەناساندووە و هیچ ئیدعاو بانگەشەیەکیشی لەو بەستێنەدا نەبووە ـ ئەمەش دەبێتە بەڵگەی ئەوەی کە دیدگا و ڕا و سەرنجەکانی مامۆستا سوبحانی سەراپای زانستە ئیسلامییەکانی گرتۆتەوە بەڵام بەخوێندنەوە و باگڕاوەندێکی قۆرئانیانە، وەک هەمیشە ئەو تێبینییە دەخەینە ڕوو؛کاتێک دەڵێن بە پاشخانێکی قورئانی مانای ئەوە نییە مامۆستا سوبحانی هیچ جۆرە کەمتەرخەمی و شلگیرییەکی هەبووبێت لە خزمەتی کۆی سوننەت و سیرەی پێغەمبەردا بەڵکوو ئەوەندە بەسە بۆ شانازی سوبحانی کە شەهیدی ئەو ڕێگا و رێبازەیە و سوبحانی پێی وابوو بۆ کار و گوفتارێک ئەوە بەسە کە بگوترێت سوننەتە، وەک بەشێک لەو کەسانەی خۆیان بە ڕەوتی قورئانی دەزانن و بەهانەی سوننەت بوونیان بەسە بۆ خۆدزینەوە لەو کار و گوفتارانە. یەکەم: پرس و بابەتی ئەنفال پرسی ئەنفال لە قورئانی پیرۆزدا یەکێکە لەو بابەتانەی بە بڕوای سوبحانی تێکەڵ کراوە لەگەڵ بابەتی غەنیمەت و فەیئ(الفیء)، بۆیە مامۆستا دەڵێت: ئەوەندەی من خوێندوومەتەوە و بەدواداچوونم بۆ کردووە لە هەر شەش مەزهەبی باو و بڵاوی سەردەمدا، تێکڕای کتێبە فیقهییەکان و تەفسیرەکانیان مانا و خۆیندنەوەیەکی جیاوازیان نییە بۆ پرسی ئەنفال، بەڵکوو ئەنفالیان وەک بەشیک لە فەیئ وێناکردووە. بۆیە بە بڕوای مامۆستا ناسرسوبحانی ئەمە هەڵەیەکی مێژووییە، هۆکاری ئەم هەڵەیەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ : یەکەم: سوڕەتی (الٲنفال) کاتێک دابەزیوە کە جەنگی بەدر ڕوویدا، ئەم سورەتەش دابەشکردنی غەنیمەتی لە خۆی گرتووە. دووەم: لەو کات و سەردەمەدا بابەتگەلێکی وەک گازو نەوت و ئاسن و ئاڵتوون و کان و کانزاکانیتر ئەوەندە جێی باسکردن نەبوون و پێشکەوتن و پەرەسەندن بەو شێوەیە نەبوو تا زانایان بیر و تێگەیشتنیان بەلای ئەم شتانەدا بڕوات. دواتر دەڵێت: ئەنفال؛ کۆی «نەفلە»، «نفل»، واتە شتێکی زیادە لەوەی کە پێویستە، بۆ نموونه مرۆڤ کاتێک کارێک دەکات پێویستە بەرانبەر کارەکەی خۆی کرێی پێبدرێ، ئیتر ئەم کارە پەیوەندیدار بێت بە مرۆڤەوە، یان پەیوەندی به خودای گەورەوە بێت، هەر وەک لە قورئاندا هاتووە: «وَأَنْ لَيْسَ لِلْإِنْسَانِ إِلَّا مَا سَعَىٰ ـــ وَأَنَّ سَعْيَهُ سَوْفَ يُرَىٰ». بۆیە دەڵێت: ئەگەر خودا شتێکی زیاد لەوەی کە مرۆڤ زەحمەتی کێشاوە پێی بدا، ئەوە پێی دەڵێن : «نەفل»، ئەوەتە خودای گەورە بەخشینی یەعقوب بە ئیسحاق «علیهماالسلام» بە «نافیلە» ناو دەبات و فەرموویەتی: «وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ نَافِلَةً ۖ وَكُلًّا جَعَلْنَا صَالِحِينَ»، داواکەی حەزرەتی ئیبراهیم بۆ بەخشینی ئیسحاق بوو بەڵام خودای گەورە یەعقوبیشی بە ئیسحاق بەخشی، ئەمەش بە «نافیلە»، واتە: زیادەی سەر داواکارییەکەی ئیبراهیم. بۆیە مامۆستا ناسر پێی وایە هەر شتێک لەسەر زەوی یان لە ژێڕزەوی، مرۆڤ زەحمەتی بەبەرهەم هێنانییەوە نەکیشابێ ئەو شتە پێی دەگوترێت «نەفل» بەو مانایەی خودا زیاد لە دەستڕەنجی مرۆڤ ئەمانەشی خستووەتە خزمەتی مرۆڤ. بۆیە دەبینین کاتێک پرسیار لە ئەنفال دەکرێت قورئان بەو شێوەیە وڵام دەداتەوە: «يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْأَنْفَالِ ۖ قُلِ الْأَنْفَالُ لِلَّهِ وَالرَّسُولِ» ، ئەنفال تەنها بۆ خودایە، ئەمانە تایبەت هی خودان، بەو مانایەی تەنها خودا دەتوانێت لەبارەی ئەمانەوە دادوەری بکات و بڕیار بدات کە ئەمانە بۆ کێ دەبن و بۆ کێ نابن، بە دوای ئەمەدا فەرموویەتی: «والرسول» لێرەدا پێغەمبەر (د.خ) ڕادەسپێرێت کە لە نوێنەرایەتی خوداوە لە بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگا بڕیاری لە بارەوە بدات و لە دوای پێغەمبەریش سەرکردە و سەرۆکی وڵات لە بازنەی بەرژەوەندی گشتیدا بڕیاری لە بارەوە دەدات. بەم شێوەیە دەبینین مامۆستا ناسری سوبحانی تێڕوانینێکی نوێ بۆ چەمکی «ئەنفال» دەخاتە ڕوو، سەرەڕای ئەوەی زانایانی پێشین دید و تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ بابەتەکان هەیە، بۆ تەواوکاری بیروڕاکانی دەڵێت سامانی سروشتی سەر زەوی و ژێرزەوی خاوەندارێتی تاکە کەسی قبووڵ ناکات و دەبێت ئەو داهاتە بە زمانی سەردەم بکرێت. وێڕای ئەمە مامۆستا سوبحانی پێی وایە دەبێ لەو داهاتە بەشێکی بۆ نەوەکانی داهاتوو پاشەکەوت بکرێ، لە هەمان کاتدا دەبێ لەسەر بنەمای دراوسێیەتی بێت، وەک سوبحانی دەڵێت: «وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَىٰ وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالْجَنْبِ»، واتا دراوسێی نزیک و دراوسێی دوور یارمەتی بدرێن لەو سامان و داهاتەی کە لە خۆیان زیادە، بۆیە بەلای مامۆستا سوبحانییەوە دەبێ ئەو وڵاتانەی خاوەنی سامانی سروشتین هاوکار و یارمەتیدەری وڵاتە هەژارەکان بن که دراوسێی نزیک یان دراوسێی دووریانن. مامۆستا سوبحانی بۆ سەلماندنی بیرو ڕاکانی بەڵگە بە قورئان دەهێنێنەوە و بە وردی لە سەر چەمکی «الرسول» لە سورەتی ئەنفال دەوەستێ، لە گەڵ چەمکی «وللرسول» لە هەمان سورەتدا لە بابەتی غەنیمەتدا، لەگەڵ چەمکی دووبارەی «وللرسول» لە ئایەتی حەوتی سورەتی «الحشر» لە بابەتی فەیئدا ، پیێ وایە دووبارەبونەوەی «لام» لە سەر «الرسول» لە بابەتی «ئەنفال»دا تەنها ئەوە دەگەیێنێت کە خودا بۆ دابەشکردنێکی عادڵانە و دوور لە خاوەن بەشی و پشکداری پێغەمبەری خۆی ( د.خ) ڕادەسپێرێت. دووەم : پرس و بابەتی بەخشین مامۆستا ناسر سوبحانی پێی وایە پڕۆسەی بەخشین(الانفاق) هەوێنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگای ئیسلامییە، لەم ڕوانگەیەوە دەڵێت: بەخشین و نوێژ دوو پایەی گرنگی ژیانی هەر مرۆڤێکی موسڵمانە، بەبێ ئەم دوو پایەیە جۆرێک لە پایەی بەخشین بە ئاڕاستەی خەڵک و نوێژ بە ئاڕاستەی خودا بەڵگەی ئەوەن ئەم مرۆڤە بەردەوام گەشە دەکات و بەرەو کەماڵ و پێشکەوتن دەچێت. بۆیە چەمکە پەیوەندیدارەکانی بەخشین وەک: « الٳنفاق،الزکاﺓ،الصدقە،الماعون،القرض» مامۆستا سوبحانی پێی وایە پەیوەندییەکی تەواوکاری لە نێوانیاندا بوونی هەیە بۆنموونە دەڵێت: «الٳنفاق» لە ( نفق ) بەواتای بوونی کون(کەلێن) دێت لە شتێکدا، کاتێک دەگوترێت «ٲنفق مالە» واتە کونێکی کردە ئەو جێگایەی کە ماڵ و سامانەکەی تێدا هەڵگرتووە بۆ ئەوەی بەشێکی بگاتە دەستی ئەو کەسانەی کە شایستەیی وەرگرتن و پێدانیان هەیە. هەروەها مامۆستا ناسری سوبحانی پێی وایە زەکات جگە لە وەی کە بڕە ماڵ و سامانێکە دەبێ بدرێتە خەڵکێکی دیاریکراو و شیاوی پێدان، لە ڕووی مانا و مەبەستەوە زەکات لەبەر ئەوەی کە دەروونی خاوەنەکەی تەزکییە دەکات و گەشەی پێ دەدا و لە چاوچنۆکی و چرووکی و تەماعیش ڕزگاری دەکات، هەروەها «الصدقە» بۆ راستگۆیی و بە ڕاستبوونی خاوەنی بەخشینەکەیەتی کە بە دڵسۆزی و بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ دەبەخشێت، بەهەمان شێوە «الماعون» لە «معن» بە مانای جووڵە و بزواندنه، بۆیە پێی وایە دەبێت مرۆڤ ماڵ و دارایی زیاد لە پێویستی خۆی هەڵنەگرێ و گلی نەداتەوە بەڵکوو دەبێت بیبەخشێ لە ڕێگای ڕاستەوخۆ یان ڕێگای ناڕاستەوخۆ، ئەمە وڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە فەرموویەتی: «وَيَسْأَلُونَكَ مَاذَا يُنْفِقُونَ قُلِ الْعَفْوَ». لەمەوە تێ دەگەین کە چەمکی بەخشین و زەکات و سەدەقە و ماعوون لە دیدی مامۆستا سوبحانیدا تەواوکەری یەکترن و بە هەموویان بنەمای دەستاودەستکردنی ماڵ و دارایی لە کۆمەڵگادا بە مەبەستی «كَيْ لَا يَكُونَ دُولَةً بَيْنَ الْأَغْنِيَاءِ مِنكُمْ»دەستەبەر دەکەن بۆ ئەوەی ماڵ و دارایی تەنها لە دەستی کەمینەیەکی دەوڵەمەندا نەمێنێتەوە و تەواوی خەڵک و کۆمەڵگا ژیانێکی لایەق و شەرفمەندانە و دوور لە بێبەشی و هەژاری و نەداری بەسەر بەرن، بەم کارەش هەموومان پێکەوە دەکەوینە سەر ڕێگای بەندەگی و بەرەو خودا چوون. لە سەروبەندی ئەم بابەتەدا مامۆستا سوبحانی دوو شتی باوی زەینی ئێمە دەوروژێنێ: 1ـ پێی وایە تایبەتکردنی چەمکی «الزکاﺓ» بە بەخشینی فەڕزو پێویست، چەمکی «الصدقە»یش بە بەخشینی سوننەت و ئارەزوومەندانە هەڵەیەکی مێژووییە که تووشی بووین، بە بەڵگەی ئەوەی دەستپێکی ئایەتی «خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً» نەک «خُذ مِن اَمْوَالِهِم زکاﺓ» ئەمە وێڕای ئەوەی مامۆستا سوبحانی وای دەبینێت کە زەکات لە سەرەتای قۆناغی مەککە پێویست (واجب) بوو نەک لە مەدینە، بەڵکوو ئەوەی لە مەدینە بڕیاری لەبارەوە درا بە موئەسەسە کردن(بە ڕێکخراوە دامەزراندن) و کۆکردنەوە و دابەشکردنەوەی ماڵی زەکات بوو. 2ـ پێی وایە بڕ و ڕێژەی دیاریکراو لە ماڵی زەکات بەو شێوەیەی لە سوننەت و فەرموودەی پێغەمبەر(د.خ) هاتووە بابەتێکی ئیجتیهادییەو و پێوەر تێیدا ئایەتی «وَيَسْأَلُونَكَ مَاذَا يُنْفِقُونَ قُلِ الْعَفْوَ»يه. دەبێ ئەم ئایەتە بکرێتە بنەما بۆ بەخشین و زەکات. مامۆستا سوبحانی پێی وایە چەمکی «العفو» بریتیە لەو ماڵ و سامانەی کە زیاد لە پێویستی خاوەنەکەیەتی، بۆ ئەمەش کە کامە پێویستی خاوەنەکەیەتی و کامەش زیادە و پێویست نییە، عورفی گشتی و ڕێسا و یاسای ڕۆژگار ڕۆڵ و کاریگەری دەبێت. بە پێی ئەو تێگەیشتنەی مامۆستا سوبحانی لە پرسی بەخشیندا ئیسلام ڕێگا نادات بە سەرمایەداری و کەڵەکەکردنی ماڵ و سامان لە لایەن خەڵکانێکەوە لە کاتی بوونی هەژاری و مەحرومییەت لە کۆمەڵگادا، بۆیە لە لای مامۆستا سوبحانییەوە مرۆڤی دەوڵەمەند دەبێت پابەند بێت بە ئەنجامدانی حەق و مافی خودا و خەڵک سەبارەت بە ماڵ و داراییەکەی، ئەوەش بە بەخشینی بڕی زیادەی سەر پێویستییەکانی خۆی لە ڕێگای خودادا، بە شێوەی بەخشینی وەبەرهێنان، بە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان، یان بەخشینی ڕاستەوخۆ بە شێوەی خێرخوازی. سەرچاوەکان: ‌1ـ النظام المالي في القرآن الکریم دراسة موضوعیة تحلیلیة، جهود العلامة ناصر سوبحاني أطروحة الدکتور، ابوبکر پێنجوێني 2ـ العلامة ناصر سبحاني و جهودە العلمیة والإصلاحیة، أطروحة الدکتور د. عمر عبدالعزیز 3ـ سیستەمی ئابوری لە ئیسلامدا 4ـ فقه الزکاﺓ ناصر سوبحانی.. 5ـ التجدید والتجوید، تجدید الدین و تجویدالتدین ، الدکتور ٲحمد الريسوني

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچەری بیرکار یا بیرکاری کۆچەر کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/05/12)