7هۆکاری سەرنج ڕاکێش و جیاوازی «ماریۆ بارگاس ئیۆسا» بۆ خوێندنەوەی کتێب

ماریۆ بارگاس ئیۆسا(بەرندەی خەڵاتی نۆبلی ئەدەبیات له ساڵی 2010)

ماریۆ بارگاس ئیۆسا(به ئیسپانیایی:Mario Vargas Llosa)، لە دایکبووی سالی 1936 و بەرندەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات له ساڵی 2010، یەکێک له ناودارترین نووسەرانی ئامریکای لاتینه. ئەو ڕۆمان نووسە پێرۆییە لە ساڵی 1994، وەک ئەندامی ئاکادێمیای ئیسپانیا هەڵبژێردراوە و لە زۆربەی زانکۆکانی ئامریکا، ئامریکای باشوور و ئورووپا وانەی گوتۆتەوە. ئیۆسا لە ساڵی 1995دا توانی خەڵاتی سێروانتێس(Cervantes Prize) -گرینگترین خەڵاتی ئەدەبی نووسەرانی ئێسپانیۆلی زمان- بەدەست بێنێ. ئەو نووسەرە بلیمەتە هەروەها لە ساڵی 1996 خەڵاتی ئاشتی ئاڵمانیای پێ بەخشرا. ئیۆسا نووسەری کتێبگەلێک وەک جەژنی  بزن(به ئینگلیسی: The Feast of the Goat) و گفتوگۆ لە کاتێدڕاڵ (به ئینگلیسی: (Conversation in the Cathedral، کتێب خوێندنەوە به دیاردەیەکی سێحراوای دەزانێ کە هەلی مانەوە و ژیانی دووبارەی پێ دەبەخشێ. هەروەها دەڵێ: بۆچوون و تیگەیشتنی من سەبارەت به ژیان و خەڵک، ئەو تێڕوانینەی بۆ ساز کردووم که ژیان تەنها بریتی نییە لەو ژیانه ئاساییەی کە مرۆڤەکان لەگەڵ یەک بەسەری دەبەن، بەڵکوو ژیانێکی تریش بوونی هەیە کە نووسەرانی مەزن - بە هەست و قەڵەمی بەهێز لە کتێبەکاندا- دەیخوڵقێنن. 

ئێۆسا له میانەی وتارێکدا له زانکۆی دۆ لا سالیی (De La Salle University) فیلیپین، کە هەر لەو زانکۆیەش دکتۆرای فەخری پێ بەخشرا، 7 هۆکاری شایانی باس و جێگای سەرنجی سەبارەت به گرینگی و پێویستی خوێندنەوەی کتێب خستە بەردەم ئامادەبووان، که بریتی بوون له:

1.کتێبە باشەکان، ڕوحی بەرزەفەڕی مرۆڤ دەبزوێنن و چوارچێوە و ئاستی داخوازی و ئاواتەکانی فراوانتر دەکەن. گرینگرتین ڕووداوی ژیانی من کاتێک بوو کە فێری خوێندنەوە بووم و توانایی منیش لە گوتنی چیرۆک و نووسینی ڕۆمان بۆ ئەم فێربوونە دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی هیچ هۆکارێکی دیاریکراو بۆ کۆتایی هێنان به ڕۆمانێکی باش بوونی نییە بەڵام لە ڕاستیدا ئەدەبیات هەمیشە شوێنەرای خۆی لەسەر خوێنەر دادەنێت که دەکرێ به شێوازی هەستێکی پڕ لە ڕەزامەندی یا هاندرێک بەرەو خێر و چاکه بێت و بە هەر چەشنێک بێ ژیانی مرۆڤەکان به خوێندنەوەی کتێب، دەوڵەمەند و پڕ پیت و هێز دەبێت. 

2. بە خوێندنەوەی کتێبە باشەکان، له شاراوەترین ڕەهەندەکانی ناخمان هەست دەکەین که له کەلتوور و فەرهەنگێک نزیک بووینەتەوە. خوێندنەوە، هەر بەو جۆرەی که پێناسەی هەست و دەرک و ویست و ئاکارەکانمانه، زانیاریشمان سەبارەت به ناسینی ناخ و دەروون، زەبەند و زێدەتر دەکات.

3. ئەدەبیات باشترین چەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەڕۆیی و چەقبەستووییە. به ڕای من کتێبە باشەکان، چاکترین ئامێرن بۆ داکۆکی له هەمبەر بڕوا بەلاڕێداچووەکانی خەڵک و زمان و داب و نەریتەکان. سەرەڕای هەمووی ئەو جیاوازییانه، ئەو شتەی کە به شێوازێکی هاوبەش لە نێو هەموو ژن و پیاوێکدا، به ڕابردوویەکی جیاوازەوه، حوکم دەکات، لە هەموو شتێک گرینگترە؛ چونکە هەموومان مرۆڤین و هەر هەمووشمان به هۆی گرفت و بەربەستە هاوشێوەکان دەکەوینە تەنگانە و پێویسته بۆ مانەوە و بەسەربردنی ژیانێکی سەرکەوتوو بەسەریاندا زاڵ بین.

4. ئەدەبیات دوژمنی سروشتی سەرجەم دیکتاتۆڕەکانه. ئەدەبیات ناڕەزامەندی - بە مەبەستی گەشە- له جیهاندا زۆر دەکات و خوێندنەوە هەستی هیوا و ئاواتی هەبوونی کۆمەڵگایەکی باشتر لە ناخی هاووڵاتییاندا بەدی دێنێ؛ تا خەڵک بتوانن ئازادانه به دوای وەدی هێنانی ئاوات و خەونەکانیان بکەون. کاتێک کەسێک دەخوێنێتەوە، ڕەخنەگرانه هەڵوێست دەگرێ تا دونیای ڕاستەقینه لە دونیای کتێبەکان نزیک بکاتەوە. ئەدەبیات خواستی دەروونیمان بۆ گۆڕان و بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر دیلی و ژێردەستی که هەر لە کاتی لە دایکبوونەوە تا کاتی مەرگ دەیهەوێ کۆنترۆڵمان بکات، دەبزوێنێ و دەیخاتە گەڕ.  

کتێب خوێندنەوە هەرەوەها ئامێرێکه که دەتوانێ له جەنگەی شێواوی و هاڵۆزی باوەڕەکاندا، بەرەنگاری هەموو خواری و لارییەکانی جیهان ببێتەوە و وەک ڕێگایەک وایه که به هۆی ئەو دەتوانین لە پێناویدا بۆ گۆڕینی جیهان خەبات بکەین و لەو دونیا خەیاڵاوییەی وا بە هەموو کەموکورتییەکەوە خوڵقاندوومانە، نزیکی بکەینەوە. 

5. خوێندنەوە باشترین جۆری سەرگەرمی و ڕابواردنە. تەنانەت ئەو کاتەی وا وشەکان تێکەڵاو و ئاوێتەی یەکتر دەبن، ڕەنگ و بۆنێکی سێحراوی بە خۆیان دەگرن و دەلاقەیەک بۆ ژیان و ئەزموونێکی جیاواز و تازه دەکەنەوە.

6. خوێندنەوه بنچینە و ژێرخانی ڕاهێنای مرۆڤە سەربەستەکانه. لە بەعزه کۆمەڵگایەک، چەمکێک هەیە که دەڵێ: خوێندنەوە سەرگەرمی و چێژێکه که دەکرێ له ژیان و ئەزموونەکانی خەڵکدا به تەواوی بسڕدرێتەوە؛ بەڵام بە ڕای من ئەوە هەڵەیەکی یەکجار گەورەیە؛ نەبوونی ئازادی له سەرجەم ڕەهەندە مادی و ڕوحی و کەلتوورییەکاندا، ژیانی تاک و سەرجەم کۆمەڵگا، بڵاو و لێکترازاو دەکات. من لام وایه کتێبه باشەکان هیوای گۆڕینی ژیان بە مەبەستی ئەوەی کە کۆمەڵگاکان بەسەر دژواری و سەختییەکاندا زاڵ بن و بەرەو عەداڵەت و دادگەری بچن، بەرز دەکاتەوە. به هۆی کتێبە باشەکان کۆمەڵگاکان وەها دادەڕژێن کە دەکرێ لە دونیا خەیاڵاوییەکانی ئێمە نزیکتر ببنەوە، ئەوسا شتەکان به عەینی لە نێو کتێبە باشەکانەوە دێنە سەرهەڵدان و ڕەنگ و بۆنی ڕاستەقینە بە خۆیان دەگرن. 

7. خوێندنەوەی کتێبە باشەکان، دەمانکاته کەسانێکی باشتر. لە لایەکی ترەوە ئێمه دەبێ ئەو قەناعەتە بە منداڵەکانمان بێنین که بێگومان خوێندنەوەی کتێب سەرگەرمی و چێژێکی تاق و بێ وێنەیە و لە هەمان کاتیشدا باشترین ڕێگایه بۆ باشتر بوون و بەرەو چاک چوون. هەروەها خوێندنەوە ڕێگایە بۆ ئامادەبوونێکی زیاتر لە هەمبەر هەموو ئەو دژواری و ئاستەنگانەی وا لە مەودای ژیاندا ڕووبەڕوویان دەبینەوە.

هیوادارین ئەو هۆکارانه هاندەری هەموولایەکمان بۆ کتێب خوێندنەوە بێت و ئاوڕدانەوەمان لە دونیای کتێب و زانست زێدەتر بکات.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.