نوێنەری حەماس لە دیدار لەگەڵ ئەمینداری گشتی جەماعەت: نەتەوەی کورد ڕۆڵ و بەرکەوتێکی گەورەیان لە پێکهێنانی شارستانییەتی مرۆڤ و ژیاری ئیسلامیدا بووه

 لە لای ڕاستەوە دکتۆر پیرانی و خالید قدوومی

دکتۆر «خالید قدوومی»، نوێنەری بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی دوووشەممە 3ی گوڵان لەگەڵ دکتۆر عەبدوڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە دەفتەری ناوەندی جەماعەت لە تاران دیدار و گفتوگۆی کرد.

به پێی ڕاپۆڕتی ئیسلاح وێب، لەو دیدارەدا هەردووک لا سەبارەت به ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و جیهانی ئیسلام قسە و گفتوگۆیان کرد و ئاستەنگی و کێشەکانی ناوچەیان هێنایە بەرباس و جەختیان له تیپەڕاندنی ئەو قەیران و هەڕەشانە به پەیڕەوکردنی ڕێسای یەکێتی و یەکتر قەبووڵکردنێکی ئیسلامییانه کرد.

دکتۆر پیرانی لە سەرەتادا وێڕای بەخێرهاتن کردنی نوێنەری بزووتنەوەی حەماس، جەختی کردە سەر پێگە و گرینی پرسی فەلەستین، وەک پرسێکی ئینسانی و سیاسی و ئیسلامی و گوتی: جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح گرینگییەکی تایبەتی بەم پرسە داوە و دامەزراندنی «ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەقسا(ئافاق)» ئەم سیاسەتەی جەماعەت به ڕوونی ئاشکرا دەکات.  

ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردە سەر بنەمای یەکتر قبووڵ کردن وەک ڕێکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەگەرە و کێشەکان لە ئاستگەلی جیاواز لە ناوچە و جیهانی ئیسلام و گوتی: ئەمرۆکە زیاتر لە هەموو کات و سەردەمێک پێویستیمان بە هەڵسوکەوت کردن لە سەر بنەمای ئیسلام و برایەتی هەیە و دەبێ ئەم گرینگە لە قسە و کردەوەماندا ڕەنگ بداتەوە. 

دکتۆر پیرانی ئاماژەی بە ڕۆڵی هۆز و گەلانی جۆراوجۆر لە داکۆکی پێشهات و پرسه ئیسلامییەکان کرد و پشکی ئاشکرا و بەچاوی نەتەوەی کوردی لەو بەستێنەدا خسته بەرباس و وێڕای ئاماژە به خەبات و تێکۆشانەکانی سەلاحەدینی ئەییوبی وەک کوردێکی موسڵمان بۆ ڕزگارکردنی قودس، کە ئێستاکە شانازی و ڕێزی ئومەتی ئیسلام و مرۆڤە سەربەستەکانی جیهانی لێکەوتۆتەوە، گوتی: کوردەکان له مەودای مێژوودا به بەردەوامی بۆ بەرگری لە هیوا و ئامانجە ئینسانی و ئیسلامییەکان سەرقەتار و پێشەنگ بوون. 

ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە درێژەدا جەختی کرده سەر گرینگی و هەستیاری ڕۆڵی ڕێبەران و پیشەوایانی نەتەوە و حیزب و گرووپەکان له چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی جیهانی ئیسلام بوونەتەوە و به پێویستی زانی ئەو کەسانەی وا پێگەی گرینگ و بەرچاوی سیاسی و کۆمەڵایەتیان هەیە دەبێ لەو لێدوانانەی که لایەنگری یا دژایەتیی لایەنێک دەکا و قاڵ و ئاژاوە دەنێتەوە، پارێز بکەن.

لە لایەکی ترەوە، دکتۆر خالد قدوومی دوایین بارودۆخ و ڕووداوەکانی فەلەستینی خستە بەرباس و ئاماژەی به خۆپیشاندانە گەورەکانی گەڕاونەوه لە فەلەستین کرد و له ئامانج و بەرهەمەکانی خۆپیشاندانەکان و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی رژێمی ئیسرائیل لەگەڵ خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان و شەهیدبوونی زیاتر 40 نەفەر دوا و گوتی: خۆپیشاندانەکان لە 15 مەی(25ی گوڵان) دەگاته لووتکە و فەلەستینییەکان لە خاڵه سنوورییەکان به یەکدەنگی هاواری گەڕانەوە بۆ زێد و ماڵ و نشتمانی خۆیان بەرز دەکەنەوە. قدوومی، دواتر باسەکەی بۆ ئەو دیاردەیەی وا پێی دەگوترێ سەوادی سەدە(معامله قرن)، گواستەوە و گوتی: نەتەوەی فەلەستین به ویست و بڕیاری پۆڵایینی خۆی هەر پلانێک وا بیهەوێ مافەکانی ئەو نەتەوەیە پێشێل بکات، تێکی دەشکێنێ و پووچەڵی دەکاتەوە. 

نوێنەری حەماس لە ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو هەڕەشانە کرد کە ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەڕەب و ئیسلام بوونەتەوە و بۆ بەرەنگابوونەی ئەو قەیرانانە، یەکگرتن و دووری لە هەر چەشنه ململانێی تایفی و مەزهەبی، به تەنیا ڕێگاچارەی کاریگەر وەسف کرد.

گوتیشی: فەلەستین لە سایەی ئەوەی بەهاکانی پیرۆزی ئیسلام بۆ وێنه یەکەمین قیبلەی موسڵمانان واتا مزگەوتی ئەقسای لێ هەڵکەوتووه به وڵاتێکی یەکڕیزکەر وکۆکەرەوە ناسراوە کە سەرجەم موسڵمانان لە هەموو هۆز و نەتەوەیەک، چ فارس و چ کورد و چ تورک و ...خواستی سەفەر بۆ ئەو وڵاتەیان بە مەبەستی جەهاد و بەرخۆدان و مانەوە هەبووه.

هەروەها وێڕای ئاماژە بە ڕۆلی بەرچاوی کورد لەد و بەهێزکردنی شارستانییەتی مرۆڤی و ئیسلامی، گوتی: کوردەکان بە بەردەوامی داکۆکیان لە پرسی فەلەستین کردووه و خوێنی ڕژاوی پیرۆزی کورد لە زێد و وڵاتی فەلەستین بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستەقینەیە و ئەم گرینگە نێوانی ئەوان و فەلستینییەکانی پتەو و بێ پسانەوەی کردووه. 

جەختیشی کرد که سیاسەتی حەماس بە بەردەوامی یەکگرتوویی و خۆپاراستن لە پەرتەوازەیی و دووری له ململانێی تایفی و مەزهەبی و ڕێزگرتن لە سەرجەم هوز و نەتەوەکان وەک بنەمایەکی قورئانی و ئینسانی بووه.