کۆبوونەوەی (فقه و قرآن) لە ڕوانگەی ئاوەزمەندی(فقیه) کوردستان بەڕێوە چوو

پۆستێری بانگەشەی کۆبوونەوەی (فقه و قرآن)

کۆبوونەوەی(فقه و قرآن) لە ڕوانگەی ئاوەزمەندی (فقیه) کوردستان، سەبارەت به ڕاڤه و شرۆڤەی بیروڕاکانی پرۆفیسۆر موستەفا زەڵمی، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 30ی خاکەلێوە، له زانکۆی پەیامی نووری شاری سەقز بەرێوە چوو.

 به گوێرەی هەواڵنێری ئیسلاح وێب لەو  کۆبوونەوەیەدا کە بە مەبەستی وردبوونەوە لە بیروڕاکانی پڕوفیسۆر زەڵمی به یارمەتی زانکۆی پەیامی نووری ناوەندی سەقز بەڕێوە چوو، ڕێدار ئەحمەد سەرپەرستی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی دکتۆر زەڵمی، لە تایبەتمەندییە ئەخلاقیی و ڕێز و پێگەی جیهانی و بیروڕا نوێخوازەکانی لە بواری ئاوەز و مافدا دوا و گوتی: لە ساڵی 2013 زانکۆی ئەلئەزهەری میسر لە کۆبوونەوەیەکدا ڕێزی لە دکتۆر زەڵمی گرت. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا مامۆستای خوالێخۆشبوو دکتۆر تەها جابر عیلوانی به پرۆفیسۆر زەڵمی دەڵێ: دەبێ شێخی ئەزهەر شانازی بکا کە ئەو ڕێوڕەسمەی بۆ ئێوە پێک هێناوە، نە ئەوەی ڕێزلێنانی زانکۆی ئەزهەر بۆ ئێوە مایەی شانازی و سرفرازی بێت.

 ڕێدار ئەحمەد هەروەها گوتی: لە سەردانێکی زانکۆی زەیتوونە وەک یەکێک لە زانکۆ هەرە کۆنەکانی جیهانی ئیسلام، کاتێک کە بەرهەم و کتێبەکانی پرۆفیسۆر زەڵمیمان لەو زانکۆیە ناساند و ئاراستەمان کرد، سەرۆکی زانکۆی زەیتوونە گوتی: بۆ من جێگای داخه له ئاوەها زانایەکی مەزن لە کاتێکدا که دەژی و زیندووە بێ خەبەرین و به تازەگی لەگەڵ نێو و بەرهەمەکانی ئاشنا دەبین و هەر لەوێ بەڵێنی دا کە سەردانی دکتۆر زەڵمی بکات. ڕێدار ئەحمەد لە زمانی پرۆفیسۆر زەڵمییەوە ئاوەها دوا: پڕۆفیسۆر زەڵمی دەیگوت؛ من 50 ساڵە له خزمەت فێربوون و فێرکردنی ئاوەز(فقه) و باس و خواسەکانیی مافدا بووم و 35 ساڵیش لە زانکۆ وانەم گوتۆتەوە، دوای هەڵسەنگاندنێکی زۆر له نێوان ئاوەزی ئیسلامی(فقه اسلامی) و نیزامی یاسای ڕۆژئاوادا، لە ئاکامدا بەوە گەیشتووم کە ئاوەزی ئیسلامی(فقه اسلامی)، بێ کەمایەسی و پوخت و پاراوترین یاسایه.     

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر سەباح بەرزەنجی مامۆستای زانکۆی سلێمانی، لەمەڕ تایبەتمەندییەکانی بیروڕا و هۆکارەکانی ڕسکانی کەسایەتی پرۆفیسۆر زەڵمی دوا و گوتی: یەکێک لە هۆکارەکانی ڕسکانی کەسایەتی زانستیی پڕۆفیسۆر زەڵمی، نیازپاکی و تێکۆشان لە کارەکانیدا بوو. هەروەها گوتی: یەکێک لەو فاکتۆڕانەی کە لەسەر کەسایەتی زەڵمی شوێنەواری داناوە، هەبوونی مامۆستایانی بەرز و هەڵکەوتووی زانستە ئایینییەکان له سەردەمی لاوەتی زەڵمیدا بووه کە توانیوییەتی لە بەرهەمە هەرە باشەکانی خەرمانی مەعریفەتی و زانیاری ئەوان سوود وەرگرێت. بۆ وێنە زەڵمی لە سەردەمی مەلا باقیری باڵکدا ژیاوە کە وردبوونەوە لە بەرهەمەکانی ئەو مامۆستایه پیاو سەرسام دەکا. باڵک لەوپەڕی سادەیی و بە هوبوونی تەنیا 20 تا 15 بەرگ کتێب، لە ئاوەزدا(فقه) وەک ئیبنوحەجەر، لە کەلام و ئاخافتەدا وێنەی تەفتازانی و لە پەیڤ و وشەشدا شان بە شانی ئیبنوعەقیل دەهاتەوە و ئەوەشی نەیزانیبێ به هۆی چاکە و پارێزگارییەوە خوداوەند فێری کردووه.   

دکتۆر سەباح یەکێکی تر لە هۆکارەکانی فێربوون و ڕاهێنانی باشتری فەقێکان لە ڕابردوودا سەیر و سەفەر و گەشت و گەڕان و بە دواداچوونیان بە مەبەستی دیتنەوەی مامۆستای باش دەزانێ و لە سەر ئەو باوەڕەیە لە ڕابردوودا بە پێچەوانەی ئێستا، زانکۆ و قوتابخانەکان، فێرکار و مامۆستایان بەسەر خوێندکار و قوتابیدا نەدەسەپاند و خوێندکار و قوتابی بۆ خۆیان مامۆستایان هەڵدەبژارد. جەختیشی کرد تا کاتێک خوێندکار لە بورای زانستییەوە متمانەی به  مامۆستاکەی نەبێت، هیچ بابەتێکی لێ فێر نابێت.    

مامۆستای ئاوەزی(فیقهی) زانکۆی سلێمانی گوتی: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زەڵمی ئاشنایەتی و شارەزایی ئەو کەساتییە بەسەر زانست و مەعریفەکانی سەردەمی خۆی بوو. هەرەوەها گوتی: فێربوونی هیچ زانستێک بۆ موسڵمان قەدەغە نییە و موسڵمان لە سەریەتی ئەو شتەی وا پێشینیان پێیان دەتگوت «علوم الاوائل» فێر بێت. ئاکامی قەدەغەکردنی زانستەکان، ڕاوەستاندنی چەرخی ژیانە. زانستەکان له ڕێگای فراژ و گەشە و پێگەیشتن دان، زانستێکی وەک پزشکی بەردەوام لە حاڵی نوێ بوونەوە دایە و ڕۆژەڤ دەبێتەوە. مامۆستا زەڵمی لە بەرهەمەکانی زانستی مرۆڤ بە تایبەت لە بواری پزشکیدا بۆ دەرکردنی فتوا کەڵکی وەردەگرت و بە ڕاوێژکردن لەگەڵ پزشکانی دەوروبەر، سەبارەت بە پرسە پزشکییەکان فتوای دەردەکرد.

دکتۆر سەباح لە درێژەدا گوتی: زەڵمی لە سەرجەم مەعریفە و زانسته مرۆڤییەکان بە مەبەستی تێگەشتن لە ئایین کەڵکی وەردەگرت. ئەگەر پێشینیان وەک ئێمەیان کردبوایە، هیچ زانست و داهێنانێک بەدی نەدەهات. ئەگەر ئیمام شافیعی تەنیا بە گوێرە و قەولی ئەبووحەنیفه و مالک ڕازی بوایە هیچکات «رسالە»ی نەدەنووسی.

هەروەها گوتی: زەڵمی بە دید و تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە سەیری میراتی فیقهی(ئاوەزی) و یاساکانی پێش خۆی دەکرد؛ تەنانەت لە ڕوانگەکانی یاسازانانی رۆژاواش کەڵکی وەردەگرت. زەڵمی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە یاسازانانی ڕۆژاوا، به هۆی ناتەواوی زانیارییەکان و وردنەبوونەی لە زانستەکانی بیرسا(مەنتق) و فەلسەفە لە ناسینی پرس و پێشهاتەکان و دابەشکردنی واتاکانی یاسا هەڵەیان کردووە.

بەرزەنجی لە درێژەدا گوتی: زەڵمی سەبارەت بە سەرجەم ئەو کەسانەی لە دەروەی بازنەی ئیسلامدا بوون دید و  تێڕوانینێکی مرۆڤی و ئینسانی هەبوو، لاشی وابوو ئایینەکانی پێش ئیسلام هەموویان ئیسلامن بەڵام ئیسلام لە نێویاندا بێخەوشترین و باشترین و تەواوترینیانە. ئەو ڕوانگەیەی زەڵمی بە جۆرێک ئارامی و هێمنی، تەنانەت لە نێو موسڵماناندا لێکەوتەوە، بەڵام هێشتا ئەو یاسایە نەگۆڕدراوە. زەڵمی به دیدێکی مرۆڤانە لە ئایینی دەڕوانی و سەبارەت به ئایین و ئایینزاکانی تر ڕێگای سازان و حەواوەیی دەگرته بەر. زەڵمی ئایینزاکانی به وێنەی مەدرەسە و قوتابخانەکانی یاسای دەزانی کە ڕیگاکانیان جیاواز و جودان بەڵام لە کۆتاییدا هەموویان دەگەنە یەک شوێن و یەک مەبەست و سەرمەنزڵ که نێوی ئیسلامه.   

دکتۆر سەباح بەرزەنجی لە درێژەدا گوتی: مامۆستا زەڵمی پێی وایە ئاوەز(فقه) دەبێ فرەچەشن و ڕەوان و ڕۆژەڤ بێ. ئەو دەلێ: ئێمە پێویسته میرات و گەنجینەکانی پێشەوا و زاناکانمان بپارێزین بەلام ناشێ تووشی چەقبەستوویی و وشکەڕۆیی بین. ڕێک وەک ئەوە وایە پزشکانی ئێستا بیانهەوێ وەک ئیبنی سینا نەشتەرگەری بکەن کە کارێکی ژیرانه نییە بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە سووکایەتییان بە تواناکانی بووعەلی کردبێت. بەڵکوو زۆر ئاساییە کە مرۆڤ بۆ هاوکارانی بەر لە خۆی و ئەزموون و تواناکانیان ئەو پەڕێ ڕێز و پێزانینی هەبێت.

 

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا دکتۆر ئەحمەد نیعمەتی مامۆستای ئاوەز و بنەما ئیسلامییەکان (استاد فقه و علوم اسلامی) و وەرگێڕی بەرهەمەکانی پرۆفیسۆر زەڵمی، باسی خستە سەر ڕووناکبیری ئاییینی له لای پرۆفیسۆر زەڵمی و داهێنانەکانی ئەوی لە بەستێنی داڕشتنی بناغەکانی فیقهی(ئاوەزی) بەرز نرخاند و ئاماژەی بە هێندێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕووناکبیری ئایینی وەک؛ سەرتری لێکۆڵینەوە سەبارەت به شوێنکەوتن، ڕەسەنایەتی و هاوچاخبوون، دووری لە وشکەڕۆیی و لانەگرتنی یەک ئاینزا و بۆچوونێکی تایبەت، کرد.

نیعمەتی هەروەها سەرجەم لایەنەکانی بەرەو یەکڕیزی و یەکگرتوویی و تەاوڕەبایی و حەوانەوە بانگهێشت کردوو و داوای کرد که بیرمەندان و جەماعەتە ئیسلامییەکان خۆیان لە ڕق و دژایەتی و پەرتەوازەیی به دوور بگرن. دکتۆر نیعمەتی هەروەها گوتی: زەڵمی پیاوی پشکنین و لێکۆڵینەوە بوو که پاش لێکدانەوەی بۆچوونە جیاوازەکانی هەر هەشت مەزهەب و ئایینزا ناسراو و بەناوبانگەکە و بەراوردی بەڵگە و هۆکارەکان، ڕا و بۆچوونی خۆی ئاراستە دەکرد.  

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە مەسعوود مستەفا زەڵمی کوڕی پرۆفیسۆر زەڵمی له لایان بنەماڵەکەیەوە سپاسی بەڕێوەبەران و پێشکەشکارانی ڕێوڕەسمەکەی کرد و خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە پێکهێنانی کۆبوونەوەکه دەربڕی.  

هەروەها مامۆستا عەبدوڕەحمان یەعقووبی بەڕێوبەر و بناغەدانەری دەزگای بڵاوکردنەوەی ئێحسان، باسێکی کورتی ئاراستە کرد و وێڕای دەربڕینی سپاس بۆ ئامادەبووان و بەڕێوبەرانی ڕێوڕەسمەکە، هەموو لایەنەکانی بۆ یەکڕیزی و حەواوەیی زیاتر بانگهێشت کرد و داوی لە ئافرەتان کرد لە بووچوونەکانی زەڵمی سەبارەت بە مافی ژن ورد ببنەوە و لە کۆنگرە و کۆبوونەوەکان لێی بدوێن و قسەی لێ بکەن. هەروەها خوازیاری ئەوە بوو بە ڕوویەکی کراوەتر لەگەڵ ژنان هەڵسوکەت بکرێ و هیوای خواست ئافرەتان بتوانن لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان بدۆزنەوە. مامۆستا یەعقووبی خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بەوە دەربڕی کە دکتۆر زەڵمی بۆ بڵاوەکردنەوەی بەرهەمەکانی متمانەی بە دەزگای ئەوان کردووه و شانازی ئەوەیان هەیە بەرهەمەکانی به زمانی فارسی وەرگێرن و بە زمانی عەڕەبیش بڵاوی بکەنەوە.   

لە بەشێکی بەرنامەکە به نمایشی فیلمێکی بەڵگەنامەیی، کورتەیەک لە ژیانی زانستی و چەندین تێڕوانینی ئەو زانا کوچ کردووه ئاراستەی ئامادەبووان کرا.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچەری بیرکار یا بیرکاری کۆچەر کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/05/12)