راگەیاندراوی کۆتایی دانیشتنی دووهەمی کۆنگرەی چوارەمی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

راگەیاندراوی کۆتایی دانیشتنی دووهەمی کۆنگرەی چوارەمی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

دانیشتنی دووهەمی چوارەمین کۆنگرەی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح  ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو، ڕێکەوتی 10ی ڕەشەمەی 1396ی هەتاوی، به بەشداری ئەمینداری گشتی، بەرپرسانی ناوەندی و پارێزگاکان و نوێنەرانی سەرجەم شار و باژێڕەکانی وڵات، له بارەگای ناوەندی جەماعەت لە تاران بەڕێوە چوو.

به پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، عەبدوڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ڕاپۆڕتێکی گشتی سەبارەت به کاردانەوەی پەیژەکانی جەماعەت ئاراسته کرد و دواتر هەر کام لە بەرپرسانی پەیژە جیاجیاکانی جەماعەت و بەرپرسانی پارێزگاکان و شار و باژێڕەکان، ڕاپۆرتی چالاکییەکانی ژێر چاوەدێری خۆیان و ڕەخنە و پێشنیارەکانیان ئاراسته کرد.  

  

وەناو خودا کە دەهەندە و دلۆڤانه

 

ڕاگەیاندراوی کۆتایی دانیشتنی دووهەمی کۆنگرەی چوارەمی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

 

چوارەمین کۆنگرەی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، لە دۆخێکدا دووهەمین دانیشتنی خۆی بەڕێوه دەبا کە دونیای ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له ڕەوشێکی شێواو و ئاڵۆزکاودایه. قەیرانگەلی فکری و سیاسی، مشتومڕه پڕلەئاژاوەکان به هۆی چالاکیی گرووپە توندئاژۆیەکان و ڕۆلێ وڵاتانی زلهێز و دەوڵەتەکانی ناوچه لەو قەیرانانەدا، دۆخێکی پێک هێناوه که نەتەنیا نێوانی دەوڵەت و خەڵکی درشت کردۆتەوە، بەڵکوو ئاوارەیی، برینداری و گیانلەدەستدانی ئەژمارێکی زۆر لە هاووڵاتیانی سڤیلی لێکەوتۆتەوە.

ئەم گرفت و کێشانه، ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقای گرتۆتەوە و ڕەنجێکی دووقاتی بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا سەپاندووه. قەیرانەکه به ڕادەیەک پەرەی سەندووە که تەنانەت شۆڕای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێ لەمەڕ کۆنترۆڵ و وەستاندتی، بێدەسەڵاته و تەنیا پرسە و شینی بۆ دەگێڕێ. لەم ڕووەوە، ئێمه وەک جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، سەرەڕای مەحکوومکردنی هەموو چەشنه توندوتیژی و ترۆر و شەڕئەنگێزییەک، هیواخوازین بەستێنێک پێک بێت که تەوەرەکەی دابینکردنی مافەکانی خەڵک و دێمۆکڕاسی لەسەر بنچینەی پێکەوەژیانێکی ئاشتییانه و حەواوە بێ و لە نێوان دەوەڵەتگەل و گەلانی ناوچەدا، تەبایی، ئاسایش، ئاشتی و حەوانەوە هەلی ڕەخسانی هەبێ؛ تا خەڵک له سایەیدا بتوانن له ئاسوودەیی و ئارامی و ئاسایش بەهرەمەند بن.

لە وڵاتی خۆشمان تائێستا، مەودای گەیشتن به دۆخێکی پەسند و دڵخواز کەم نییە و تا ڕادەیەک زۆر و زەبەنده. بەردەوامی بەرجام(Joint Comprehensive Plan of Action)، گەرچی دەرفەتگەلێکی بۆ وڵاتەمان پێک هێنا، بەڵام لە هەمان کاتدا سێبەری بەربەستەکانیش بە بەردەوامی لەسەر شانی وڵاتەکەمان قورس و گرانه. دەوڵەتی بەڕیز ڕووحانی سەرەڕای ودەستخستنی سەرکەوتنگەلێک لەمەڕ بەڕێوەبردنی ئەرکەکان، نەیتوانیوە ویست و چاوەڕوانییەکانی تاقم و گرووپە جۆراوجۆرەکان جێبەجێ بکات. ئەوە لە کاتێکدایه که توێژ و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە تیره و هۆز و ئایینزاکان، به دەنگدان به بەڕێزیان و وەک ڕەوتێکی میانەڕەو، پێیان وابوو لە هەلومەرجی دوای بەرجام، گرێی گرفت و کێشەگەلی ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتی وڵات دەکرێتەوە.

 

ئێمە باش دەزانین که بەربەست و کێشه سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوە، وەدیهێنانی داخوازی و چاوەڕوانییەکانی ڕووبەڕووی کێشەوەبەرەیەکی مەترسیدار کردووه؛ بەڵام دەوڵەت دەتوانێ به هاوکاری خەڵک و پێداگری لەسەر ئەو بڕیار و بەلێنییانەی پێیانی داوه، بەشێکیان وەدی بێنێ و جێبەجێیان بکات.

هۆکاری بەشێک له کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی وڵات، دەگەڕێتەوە سەر؛ ڕێژەی بێکاری چینه جۆراوجۆرەکان، ئاوسان، گرانی کەلوپەل و خزمەتگوزاری، هەبوونی هێندێک لە ڕوانینگەلی سەختگرانه له بڕیاردان، گەندەڵی، جیاکاری لە دابەشکردنی پێگەکان و بڵاوکردنەوەی بێکەڵکەی سەروەت و سامانەکان. ئێمە هیوادارین که به تەگبیری کارگێرانی پلەبەرزی وڵات له دابەشکردنی سەروەت و سامەنەکان و پێگه ئابوورییەکان و پەرەپێدان به هاوبەشکردنی گەلان و ئایینزاکان له بەڕێوەبردنی وڵاتدا، ڕێگە لە بەردەوامی ڕێدۆزه بیرتەسکەکان بگیرێ. بێگومان جێبەجێکردنی بنەماکانی یاسای بنەڕەتی و به وردی پاراستنی ڕاگەیێنداراوی مافی هاووڵاتی، ڕەوگە و ڕێگای گەشە و ئاوەدانی هەمەلایانە، زیاتر لە هەمووکاتێک ئامادە دەکات.

هەر وەک دەزانن جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، لە سایەی لوتف و مێهری خوداوە، هەر له سەرەتای پێکهاتنییەوە هەتاکوو ئێستا، قۆناغگەلێکی هەستیار و گرینگی به ژیری و ڕاستبینی بڕیوە. ویست و خواستی تێکڕایی و بەکۆمەڵ، که له دڵسۆزی و هەستی بەرپرسایەتی هەڵقوڵاوه، له پەنای برایەتی ئیمانی و یەکڕیزی و هەڤگری ڕێکخراوەیی بەری هێنا و، تێپەڕاندنی قۆناغه ئاستەمەکانی ئاسان کرد و دەسکەوتگەلێکی به‌نرخی لێکەوەتەوە. پابەندبوون به چالاکیی ڕوون و ئاشکرا، فراوانکردن و پەرەپێدان به چالاکییەکان لە ئاستی وڵات، تێپەڕاندنی قەوارەی نەریتخواز، گرینگیدان به سەربەخۆیی جەماعەت له ڕەهەندە جیاجیاکان، بڵاوکردنەوەی کەلتووری یەکتر قەبووڵکردن و دووری لە توندوتیژی، جێگیرکردنی کەلتووری کاری به‌کۆمەڵ لەسەر بنەمای شۆڕا و عەقڵییەتی گشتی له سەرجەم ئاقار و ئاستە جۆراوجۆرەکان، جەختکردنە سەر باس و لێدوان سەبارەت به مافی هاووڵاتی، ڕێزدانان بۆ فرە ئایینی، ئایینزا و نەتەوە و دووری له وشکەڕۆیی، نزیکبوونەوە و پێکهێنانی دۆستایەتی لەگەڵ کەسایەتییەکان، حیزبگەل و ڕەوتەکان و گرینگیدان به هاریکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەشێک لەو سەرکەوتنانەن.

ئاشکرایە سەرەڕای ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتە بەنرخانه، نابێ له کەموکورتی و لاوازییەکان چاوپۆشی بکرێ. خێرایی له گۆڕانکارییەکان، هالۆزی و لێکهاڵاوی دۆخ و هەلومەرجەکان، گەشەی فەزای سایبێری و دەست ڕاگەیشتنی ئازاد و بێسنوور به زانیاری و داتاکان و گۆڕانکاری لە ئاست و جۆری ویستەکانی خەڵک، پێداویستی نوێی به‌تایبەت بۆ لاوان و نەوەی نوێ پێک هێناوە که گۆڕینی ڕوانگه و وێژە و ئاراستەکردنی بەرنامەگەلی شیاو، لەگەڵ ئەم دیاردە و ڕاستەقینانە دەخوازێ.

لەم ڕووەوە پێویسته جەماعەت به مەبەستی چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان و به لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکان، بڕست و  تواناییەکان و دۆخی زاڵ بەسەر کۆمەلگادا، بەرنامە و پلانی پێویست بۆ وەدیهێنانی ئەم بابەتانە که لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەکرێ، دابڕێژێ:

 

1-گرینگیدانێکی چڕوپڕ به بڵاوکردنەوە و گەشەی ڕەوشت و مەعنەوییەت (ئاکاری باش و واتاییبوون)

2- ڕۆژەڤکردنەوەی بەردەوامی تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکان، نیازەکان و پێداویستییەکانی سەردەم.

3- هەڵبژاردنی وردبینانەی یەکەمینەکان و پێناسە کردنەوەی بەردەوامی ئاقاری چالاکییەکان، به پێی خواست و ویستی کۆمەڵگای مەبەستکراو.

4- بەڕێوەبردنی باشینەی توانایی و سامانەکانی مرۆڤی.

5- پتەوەکردنی کەلتووری ڕێکخراوەیی و چاکسازی قەوارە لە پێناو توندوتۆڵکردنی ڕێکخراوە.

6- چاکسازی تێڕوانینەکان و سەرەنجی تایبەت به گرینگی و ڕۆڵی ئابووری لە دابینکردنی خۆشبژیویی تاک، بنەماڵە و کۆمەڵگا.

7-گرینگیدان به پێداویستییە تایبەتییەکانی ناوچه و دەڤەرەکان و هەموو بەشەکانی ناو جەماعەت

 8- پلاندانان بۆ چڕکردنی حازربوون لە کۆمەڵگا و چالاکییە کۆمەلایەتییەکان.

9- بەرزکردنەوەی و باشکردنی ئاستی چالاکییە میدیایی و ڕاگەیاندنەکانی جەماعەت.