ئەمینداری گشتیی جەماعەت: یەکگرتوویی کەلتووری، پێداویستییەک بۆ پێشەوایی ئۆمەتی ئیسلامه

دانیشتنی ئەمینداری گشتی لەگەڵ شۆڕای ناوەندی، لێژنەی جێبەجێکاری و هەروەها بەڕێوەبەرانی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگاکان

ئەمینداری گشتیی جەماعەت له دانیشتنی هاوبەشی شۆڕای ناوەندی، لێژنەی جێبەجێکاری و هەروەها بەڕێوەبەرانی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگاکان، جەختی کردە سەر گرینگی یەکڕیزی و یەکگرتوویی کەلتووری له ژێر تیشکی بەها ئیسلامییەکان و ئەم دیاردەیەی پێداویستییەک بۆ پێشەوایی ئۆمەتی ئیسلام لە قەڵەم دا.

به پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، مامۆستا عەبدوڕەحمان پیرانی، لەو دانیشتنەدا کە ڕۆژی 5 شەممە، ڕێکەوتی 19ی ڕێبەندان لە تاران بەڕێوە چوو، لە سەرەتای قسەکانیدا، بایەخی هاوکاری و هاوفکری و شێوازی دروست و خوداپەسندانەی ئەم گرینگەی ڕوون کردەوە و ئاماژه به ئایەتی 114ی سووڕەتی نیسا کرد کە دەفەرمێ:

«لَّا خَيْرَ فِي كَثِيرٍ مِّن نَّجْوَاهُمْ إِلَّا مَنْ أَمَرَ بِصَدَقَةٍ أَوْ مَعْرُوفٍ أَوْ إِصْلَاحٍ بَيْنَ النَّاسِ ۚ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ ابْتِغَاءَ مَرْضَاتِ اللَّـهِ فَسَوْفَ نُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا» ﴿النساء/١١٤﴾

«زۆربەی سرتە و چپەکەیان بەهرەی نییە، جا مەگین باسی خێرات و کاری ڕەوا و پێکهێنانەوەی مەردم بێ. هەر کەس مەحزی ڕەزای خودا چپه بکا له دواڕٶژدا پاداشی گەورەی دەدەینێ. »

ڕوونی کردەوە: بێگومان وشەی چپه لە قورئاندا بە شێوەگەلێکی جۆراوجۆر ئاراسته کراوە؛ خوداوەند لەو ئایەتەدا دەفەرمێ: خێر و چاکه لە کۆبوونەوە و دانیشتنگەلی هەڵبژاردە و تایبەتیدا نییە مەگەر بۆ سێ ئامانج کە بریتین لە:

1.     

فەرمان به سەدەقه؛ لە ڕێگای بەخشینی ماڵ یا سوودگەیاندن به خەڵک

2.     

فەرمان به چاکه یا ئەنجامدانی هەر کارێکی باش و پەسندکراو

3.     

چاکسازی لە نێو خەڵک؛ چاکسازی پێوەندی نێوان خەڵک و خودا، لەگەڵ یەکترین و لەگەڵ بوونەوەر. ئەم سێ بابەتە مایەی خێر و سەرچاوەی چاکەن و گرینگی دان بەم سێیانە له تایبەتمەندییەکانی ئاکار و کردەوەی کۆمەڵایەتی ئیمانداران و خاوەن بڕوایانه.

 دکتۆر پیرانی ئاشکرای کرد کە ناوەڕۆک و تەوەری هاوفکریله دانیشتنە تایبەتییەکان، ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو سێ بابەتەدا بێت، ڕەزامەندی و پەسندی خودای بەدواوەیە و بێگومان هەر خۆشی به شیاوی جەزا و پاداشتی دەداتەوە. هەروەها گوتیشی: جگە لەو سێ بابەتە دیاریکراوە دەرئەجامەکان خواری و لاری دەبن و نیشانەیەک لە چالاک کردنەوەی ئەو دوژمنایەتییە دەبن کە دابەزین و دوورکەوتنەوەی ئادەمی لێکەوتەوە:

«...وَقُلْنَا اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ...» ﴿البقرة/٣6﴾ «... گوتمان داوەزنه خوارەوە، خۆتان دوژمنی خۆتانن...»

دوژمنایەتتیەک کە جۆر و کات و کارگێڕەکانی جیاوازن بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ئەسڵ و ناوەڕۆکه خاپوورکەرەکەی بەردەوام دەبێ. 

لە دریژەشدا گوتی: وەک بڵێی شەڕ و ئاژاوەش، به جۆرێک داهاتوویەکی ڕسکاوی ژیانی دونیایین. بوونی ئەم شەڕه و ئەم بەستێنی دادپەروەرییە، پێوستی به بەرگری و کۆنتڕۆڵکردن هێزەکانی شەڕ له ڕێگای بڕوا و بەندایەتی و حەول بۆ دابینکردنی ئازادی و دادپەروەری له کۆمەڵگادایه و ئەم حەول و تێکۆشانەش له نەریتی ئایینیدا به بەرەڤانی لێکدراوەتەوە.  

«...وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّـهِ النَّاسَ بَعْضَهُم بِبَعْضٍ لَّفَسَدَتِ الْأَرْضُ...» ﴿البقرة/٢٥١﴾ «...ئەگەر خودا هێندێکیانی لەو ئاپۆڕه، به هێندێکی تر، نەڕەتاندبوایه ئەم زەوییه بێکەڵک و فاسید دەبوو ...»

مامۆستا پیرانی جەختی کردەوە: لە ڕەوگەی بڕوا و بەندایەتی و دابینکردنی ئازادی و دادپەروەری، هەبوونی هاوکاری و بەرپرسایەتی بەکۆمەڵ لەچەشنی پێکهاتنی جەماعەت و حیزبەکان، پێداویستییەکی گەلێک گرینگه.

 یەکگرتوویی کەلتووری

ئەمینداری گشتی جەماعەت لە بەشێکی­تری وتەکانی جەختی کرده سەر گرینگی هاودەنگی و یەکگرتووی کەلتووری و گوتی: لە گرینگترین بەرەکەتەکانی ئیسلام، چێکردنی هاوڕەنگێکی کەلتووری له نێو شوێنکەوتووانی جیاوازی ئایینه؛ بەلالی حەبەشی لە جەنگەیەکدا کە هەم کۆیلەیە و هەم نەدار و پەڕوازه، کاتێک لەسەر دەستی ئەبوووبەکر ڕزگار دەبێ، عومەری خەتاب دەڵێ: «أعتقَ سیّدُنا سیّدُنا» و بەم جۆره هەردووکیان به وشەی سەید واتا ئاغا و گەورە و دەسەڵاتداری خۆی و موسڵمانان ناو دەبا. یا کاتێک دەبیندرێ تانەی ڕەگەزایەتی دەهێندرێتە ئاراوە، پێغەمبەر – دخ – ئەم دیاردەیە به پاشماوەی نەریتی سەردەمی نەفامی و دەبەنگی دەزانێ و گەلێک تووڕە دەبێ.  

مامۆستا پیرانی هەروەها گوتی: گرینگترین و شکۆمەندترین ئاکام و دەرنجامەکانی ئامۆژگارییەکانی ئایینی ڕوون و بێخەوشی ئیسلام یەکگرتوویی کەلتووریه، یەکگرتوویەک که به شوێنیدا ژیارێکی بێ وێنەی سەرتر له پێوندیگەلی خزم و خێڵ و ناوچەیی و زمانی دابین کرد و عەڕەب و فارس و ڕۆمی یەکڕێز کرد و هەموویانی یەکڕەنگ نواند. کەواتە ئیسلام باقی ڕەنگەکانی بێ بایەخ کرد و ڕەنگ و شێوەی خودایی جێگیر کرد. «صِبْغَةَ اللَّـهِ وَمَنْ أَحْسَنُ مِنَ اللَّـهِ صِبْغَةً وَنَحْنُ لَهُ عَابِدُونَ...» ﴿البقرة/١٣٨﴾ «ڕەنگێکه خودا ڕشتوویە و کێ هەیە لە خودا چاکتر ڕەنگ بڕێژێ؟ ئێمەش هەر ئەو دەپەرستین...»

 «إِنَّ هَـذِهِ أُمَّتُكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً...» ﴿الأنبياء/٩٢﴾ «ئەمه ئایینی ئێوەیە و یەک ئایینه ...»

مامۆستا پیرانی ئاشکرای کرد: کاتێک که بەها و بنەما فکرییەکان، جیاواز و دژبەیەک بن، یەکلاکردنەوەکان و به شوێنیشیدا ئاکامی ئاکار و هەڵسوکەتەکانیش بەرەوە دژایەتی دەچن و بنچینەی زۆربەی شەڕ و ئاژاوەکانیش دەگەڕێتەوە سەر جیاوازی لە نێوان گۆشەنیگا و بەها کەلتوورییەکان. هەر بۆیه قورئان به جەخت کردنه سەر بەهاگەلی کەلتووری هاوبەش، بەستێنی یەکڕیزی هزری و کەلتووری موسڵمانان پێک دێنێ و قایم و پیتەوی دەکا. 

دکتۆر پیرانی هەروەها گوتی: ئۆمەتێک که دەیهەوێ هەڵگری ئەمانەتی خودایی و بەجێهێنەری ڕۆلی پێشەوایی خەڵک (لِّتَكُونُوا شُهَدَاءَ عَلَى النَّاسِ) بێ، ئەگەر لێکدابڕوا و دژبەیەک و لێکهەڵاتوو بێ، هێز و پێگەی نابێ؛ هەر بۆیە بڵاوکردنەوە و قووڵ­خوێندنەوەی بەها هاوبەشەکان دیاردەیەکی گەلێک پێویست و گرینگه. ئەو شتەی که وەک ڕیگای ئاشکرا و ڕاهێنان لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحدا ئاراستە بووه و جەختی کراوەتە سەر، بریتییە لەم چاکسازی و پەروەردەیە، که لەسەر ڕێساکان و بەها و بنچینه ئیسلامییەکان دامەزراوە.  

له درێژەش دا گوتی: وشیاری ئیسلامی وەکوو یەکێک لە شانازییەکانی موسڵمانان له سەدەی دوایی، یەکێک لە سەرەکیترین ئەندێشه و سەرکەوتنەکانی، زیندووکردنەوە و پتەوکردنی ئەم یەکڕەنگییە کەلتووریە بووه؛ جەخت کردنه سەر کراوەیی بیر و تاراندنی چەقبەستوویی، دووربوون له خۆ بە حەق و ڕەوا زانین و گرینگیدان به شۆڕا و دانوستان و گفتوگۆی حاوێنەر و بەها هاوبەشەکان، لەم پێناوەدا بووه.  

ڕاهێنانی کەلتووری

مامۆستا پیرانی لە بەشی سێهەمی قسەکانیدا وێڕای ئاماژه بە سەرکەوتنەکانی جەماعەت لە ڕاهێنان، خزمەت، چاکسازی و یەکگرتوویی، جەختی کرده سەر  پێویستی حەولی زیاتر لە بەستێنی هاوفکری و چالاکییە بەکۆمەڵەکان و گوتی: جەماعەت به جەخت کردنە سەر ڕاهێنان و پارێزگاری، ڕۆڵێکی  گرینگی لە ڕاهێنانی کەلتووری هەبووه و توانیوییەتی له ژێر تیشکی ئەم بەها هەڤگره بەنرخانه، پێوەندی و تەبایی لە نێوان خەڵک و ئایینزا جیاوازەکان ساز بکا و بەستێنێکی دەروونیی یەکگرتوویی کەلتووری و تەبایی و یەکڕیزییەکی نەتەوەیی پتەو و زیندوو بکاتەوە.

گوتیشی: جەماعەت توانیوییەتی هاوکات لەگەڵ بەرپەرچدانەوەی به ئانقەستی ئەو هەستانەی دوورکەوتنەوە و ڕەشبینییان لێدەکەوێتەوە، کەسانێک پەروەردە بکات کە شیاوی و هۆگری له بەجێهێنانی ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و دڵسۆزی بۆ گەل و خاک لەواندا دەبیندرێ. ئێمه به بەرەکەتی میانەڕەوی لە هزر و کردەودا و هەروەها یەکگرتوویی لە بۆچووندا و یەکڕیزی بەکۆمەڵ له توندوتیژی به دوور بووین و نە بۆخۆمان توندوتیژ بووین و نە لاواکانیشمان قوربانی توندوتیژی کردووه.     مامۆستا پیرانی هەروەها گوتی: دزێوکردن و تاراندنی توندوتیژی و پێشگرتن له پاوانکاری کەلتووری هاندان بۆ گفتوگۆ و سازدانی پێوەندی، بۆتە هۆیەک بۆ ئەوەی توانایی و چالاکی ئەندامانی جەماعەت، شێوەیەکی حەواوە و تەباوڕەبا بە خۆیەوە بگرێ و  درکاندنی هەست و سۆزەکان لەگەڵ بەرژەوەندی موسڵمانان به تایبەت هاووڵاتێکانمان لە دژایەتیدا نەبێ و ئەمەش لە دۆخی ئێستای وڵات و ناوچه، سەرکەوتنە، بە جۆرێک که پەسند و ڕەزامەندی چاودێرانی کاردانەوەکانی جەماعەتی لیکەوتۆتەوە.

ڕوونیشی کردوەوە: دوور لە خۆ فریودان و به بێ لە خۆبایی بوون و وەک ئاماژەیەک به لوتفی خوداوەند، لە ڕاستیدا پەروەردەکردنی کەسانی لەخۆڕادیو و، خێرخواز و بێدەعیه و خۆبەکەمگر و یەکڕیزکردنیان لە ڕەوگەی خزمەت و چاکسازی و میانەڕەوی و هەڤگری، سەکەوتنێکی گەورە و جێگای شانازییه و پشتیوانی و پتەوکردنیان، ئەرکی دڵسۆزانی وڵات و کۆمەڵگای ئیسلامییه.   

مامۆستا پیرانی بۆ ئاگادارکردنەوە گوتی: نابێ هۆکارەکانی ئەو سەرکەوتنە، واتا پێوەندی لەگەڵ خودا، پارێزگاری، یەکڕیزی کەلتووری و دامەزراوەیی، لەخۆڕادیوی، ئومێدەواری و وەگەڕخستنی هێزی چاکه و پتەوکەر، لە بیر بکردرێ و وەپشت گوێ خرێ. دەروون و هەستی ئێمە دەبێ لە بێ هیوایی و لێکترازان و ڕەشبینی بە دوور بێ. سەرەڕای پاراستنی ئازایەتی و بوێری، ڕاستبینی، دیتنی کێشە و کەم و کورتی و لاوازییەکان، دەبێ به پشت بەستن به خوداوەندی بێ نیاز، به شوێن دەرمان و چارەسرکردندا بین و بەرپرسانه چاکسازی بکەین.

هەروەها گوتی: لاوازی لە بەستێنی چالاکی بەکۆمەڵ و لاوازی لە پڕۆڤەی یەکڕیزی کە عەیبێکی گەورەی ئێمەیە، چالاکی بەکۆمەڵ لە وڵاتی ئێمە ڕ کێشەگەلێکی زۆری لێبۆتەوە و کە لێزانی و سەبرێکی فراوانی پێویسته.

ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە دریژەدا جەختی کرده سەر ئەوەی کە: جەماعەت جگە لە فێرکاری و ڕاهێنانی ئیسلامی، ئەرکی بەرزکردنەوەی ئاستی کەلتووری سیاسی هاووڵاتیان و یارمەتی بۆ گەشەی وڵاتیشی لە ئەستۆیە و دەبێ لە چوارچێوەی ڕیاساکان و ڕێبازی ڕوونی خۆی و به هەماهەنگ بوون لەگەڵ بڕست و تواناکانی خۆی، بۆ سەقامگیری و پتەوکردنی ئازادی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی لە وڵاتدا حەول بدا و یارمەتیدەر بێ.

 

تێپەڕاندنی نەوە و چینی ئێستاکەی مرۆڤ لە نێوان تەماشاگە و دیمەنە سەرەنج ڕاکێش و داوگەلە هەڵخەڵەتێنەر و بڕوا ڕووخێنەرەکان، ئەرک و ڕاسپاردەیەکی سەرەکییه که سەخت و پڕووکێنەره، ئەم دۆخه هەستیاره دەخوازێ تا له ساویلکەیی و سستی و پەلە و هەڵوێست گرتنی بێ بیر و تەگبیر دووری بکردرێ و به داکۆکی و مەیل و مەراق و زانیارییەکی ورد سەبارەت به ڕاستییەکان، پێداویستییەکان، توانایی و بەربەستەکان، لە چوراچێوەی پلان و سیاستە بەکۆمەڵەکان ڕۆڵ بگێڕین و ئەرکەکانمان بەجێ بێنین.

ئامادەبووانی شۆڕای ناوەندی، لێژنەی جێبەجێکاری و هەروەها بەڕێوەبەرانی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگاکان
ئامادەبووانی شۆڕای ناوەندی، لێژنەی جێبەجێکاری و هەروەها بەڕێوەبەرانی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگاکان
ئامادەبووانی شۆڕای ناوەندی، لێژنەی جێبەجێکاری و هەروەها بەڕێوەبەرانی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگاکان
ئامادەبووانی شۆڕای ناوەندی، لێژنەی جێبەجێکاری و هەروەها بەڕێوەبەرانی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگاکان

.:: نوێ‌ترین ::.

شکۆی نوێژی جەژن لە نوێژگە و مزگەوتەکانی تاران هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1397/03/26)
لە ماڵاوایی ڕەمەزاندا رمضان، ڕه‌مه‌زان (1397/03/24)
سه‌بر هه‌وێنی ژیانه کۆمه‌ڵایه‌تی (1397/03/16)