وردبوونەوە و لێکدانەویەک سەبارەت بە شەڕی عەفرین، لە دیمانەیەک لەگەڵ جەلال مەعرووفیان، چالاکی مەدەنی

وردبوونەوە و لێکدانەویەک سەبارەت بە شەڕی عەفرین، لە دیمانەیەک لەگەڵ جەلال مەعرووفیان، چالاکی مەدەنی

شاری کوردنشینی عەفرین، هەڵکەوتوو له باکووری ڕۆژئاوای سووریا، لە ڕۆژی شەممەوە، 20ی ژانویه، کراوەتە ئامانجی هێرشه چڕوپڕەکانی سوپای تورکیا و دیتر گروپە چەکدارەکانی دژ به سوریا. شرۆڤەکاران سەبارەت به ئامانجەکانی ئەم هێرشەی تورکیا، داهاتووی ئەم شەڕه و هەروەها هەڵوێستی زلهێزەکان به تایبەت ئامریکا، لێکدانەوەی جیاوازیان هەیە. سەبارەت بەم پرسه لەگەڵ جەلال مەعرووفیان ئەندامی شۆڕای ناوەندی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و چالاکی مەدەنی وتووێژێکمان کردووه که لە درێژەدا سەرەنجتان بۆ ئەم دیمانە و وتووێژە ڕادەکێشین.

- هێندێک لە شرۆڤەکاران، هێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا، به داوی ئامریکا بۆ ئەم وڵاتە دەزانن؛ به ڕای ئێوه تورکیا لە هێرش بۆ سەر عەفرین به شوێن چ دەسکەوتێکدا دەگەڕێ؟

بەر لە هەمووشتێک دەبێ بڵێم له بەرژەوەندیخوازی و سیاسەتە پڕاگماتیستییەکانی ئامریکا هیچ  گومانیك نییه و ئەو سەرچەشنه، بەسەر سیاسەت و ڕامیارییەکانی هەموو وڵاتانی ناوچەدا زاڵ بووه. ئامریکا نه بۆ تورکیا و نە بۆ کوردەکان و نە بۆ هیچ کەس لە خۆی مایە دادەنێ، بە تایبەت لە سەردەمێکدا که یەکی وەک ترامپ سەرۆک کۆمارە. به ڕای من ئامریکا لە بواری نیزامی و چەکدارییەوە یارمەتی هەر دوولا دەدا. بۆ ئامریکا وەدەستهێنانی داهات لە ڕێگای فرۆشتنی چەک لە پێش هەموو شتێکەوەیە. داوی ئامریکا بۆ هەر کەس کە بکەوێتە داوی هەمیشە بڵاوکراوە و ئامادەیە.

شرۆڤەگەلێکی جیاواز بۆ هێرشکرنە سەر عەفرین لە ئارادایه که هەرکامیان له گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە ڕووداوەکەیان لێکداوەتەوە. بەڵام یاسایەکی گشتی بۆ هەموویان هەیە که دەکرێ وەک چوارچێوەیەک بۆ شرۆڤەیەکی گشتی بێ. یاساکەش ئەمەیە که له هەر شوێنێک گفتوگۆی لێ نەبێ یا گفتۆگۆکان دەرەنجامیان نەبێ و سازانێک نەیەتە ئاراوە شەڕ سەرهەڵدەدا.

نەبوونی گفتۆگۆ، دەگەڕێتەوە سەر هۆکارگەلێکی مێژوویی، دەروونی و ئیدۆلۆژیک و ... و به ئاکام نەگەیشتنی گفتوگۆ و دانوستاندیش به هۆی ودەست نەکەوتنی ئیمتیاز و وەدی نەهاتنی بەرژەوەندی بۆ هەر کام لە لایەنەکانی دانوستانه یا دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە پێشتر یەک یا هەر دووک لایەنی دانوستانکار، به زەبر و زۆری و توندوتیژی ئیمتیاز و پاداشتیان وەدەست هێناوە. لە ڕوانگەی دروونناسییەوە دووپات بوونەوەی ئاکارێک، به هۆی بەهێزکردن و وەدستهێنانی پاداشت لەو ڕێگایەوەیە. به تێڕامان له کاریگەری و هەبوون و خوتێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کوردەکانی دژ به تورکیا له زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی سوریا، بڵێیت و نەلێیت،  بابەتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرینیش لە ژیر کاریگەری پێوەندی و دژایەتی و مشتومڕی کوردەکانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادایە.بە داخەوە سەردەمانێکی زۆره کە سەرجەم دەوڵەته حوکمڕانەکانی تورکیا، هەر کامی بە جۆرێک، زۆڵم و زۆرێکی ناڕەوایان دەرحەق بە کوردەکانی ئەو وڵاتە کردووه، که ڕەشبینی و ناهومێدی کورد و تورکی سەبارەت به یەکدی و لێکترازان و لێک دووربوونەیەی نێوانیانی لێکەوتۆتەوە و هەر هەنگاوێک له لایان هەر لایەکیان بۆ گفتۆگۆ هەڵدێتەوە، لە دەرئەنجامدا شکست دێنێ و له لایەکی­تریشەوه کوردەکانی تورکیا لەو نەختە دەرفەتەی کە لە سەرەتای دەست بە کاربوونی دەوڵەتی ئاکپارتی بۆیان هەڵکەوت نەیانتوانی به باشترین شێوە کەڵکی لێ وەرگرن.ئەو شەڕە به هۆی شکستی گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێو تورکیادا سەری هەڵداوە که بۆ بەکگڕاندی مێژوویی و ساڵەهای ساڵ شەڕ و مشتومڕ له نێوان کوردەکانی بەرهەڵستکار و دەوڵەتە جیاوازەکانی تورکیا دەگەڕێتەوە. به داخەوە هەر دوو لایەنی شەڕەکە، لە ڕوانگەی ئیدۆلۆژیک، پەیام و هەڵوێستەکانی یەکدی دەبینن و شرۆڤەی دەکەن. هەر دوو لایەنی تێوەگلاوی شەڕەکە، ئیمتیاز و پاداشتەگەلێکیان لە ڕێگای ئەم شەڕەوە ودەست کەوتووه. به تایبەت دەوڵەتی تورکیا و خودی ئەردووغان که لەخۆبایی بووه و به هۆی سەرکەوتنه یەک لە دوای یەکەکانی له هەڵبژاردنەکان و شکستی کوودەتاچیان و هاوپەیمانەتی لەگەڵ ڕووسیا، گومانی وایه که دەکرێ به ئەنجامدانی یەک دوو حەفته شەڕی قورس و هێرشی توند و تەپێنەر له هەمبەر ئەو گرووپانەی لە سووریا دژ بەوانن، هەم سنوورەکانی ئارامتر بکاتەوە و هەمیش به دەستی باڵا و زاڵبوونی تەواو بەسەر کوردەکانی دژبەری تورکیا، بێخوست یا ناچار بە دانوستاندیان بکا. بەڵام من پێموایە، هەر بەو جۆرەی کە عەڕەبستان لە زەلکاوی یەمەندا به سەختی گیری کردووە و نازانێ چۆن ڕزگاری بێ، دەوڵەتی تورکیاش به ئاسانی لە عەفرین نایەتە دەرێ و دەبێتە هۆی ئەوە که بە زوویی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە حیزبی ئاکپارتی و لاچوونی ئەردووغان و جێگۆڕکێی دەسەڵات له ڕیزبەندی سیاسیدا ڕوو بدات. هەڵبەت بەرەوەی ئەم گەمەیە نە کوردەکانن، نە ئاکپارتی و نە خودی ئەردووغان.

- لە شەڕی نێوان کوردەکان و سوپای تورکیا، وەک دوو هاوپەیمانی ئامریکا، بۆچێ ئەو وڵاته به قازانجی تورکیا بێدەنگەی لێ هێناوە؟

لە سەرەتای وڵامی هەوەڵ پرسیاردا گوتم، ئامریکا لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک کار ناکا و تەنیا بیر له بەرژوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە. بێدەنگیش نەبووە. ئەو کارەی که بۆ قۆناغێک لە سیاسەتە بەرژەوەندی خوازەکانی پێویست بووبێ کردوویەتی و پێوەندی به هەر دوولاوه هەیە. ئامریکا پەلەیەکی بۆ سەرکەوتن یا شکست لەو شەڕەدا نییە. ئێستاکه بەردەوامبوونی شەڕ، بۆ ئامریکا کەڵک و سوودی زیاتری هەیە.

- داواکاری کوردەکان بۆ یارمەتی لە لایەن دەوڵەتی بەشار ئەسەد، لە سەروبەندی شەڕی عەفرین چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هەر بەو جۆرەی کە گوتم، لە دونیای ئەمڕۆدا سەرچەشنی زاڵ بە سەر سیاسەت و پێوەنده ڕامیارییەکان، بەرژەوەندی و قازانج و بەهرەیە و هەرکەسیش به پێچەوانەی ئەوە کار بکا بەر لە هەموو کەس دۆڕاندوویەتی.   کاتێک کە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی ناوچه به هەموو تواناکانییەوە هێرش دەکاته سەریان، ئاساییه کە ئەوان ئاوەها داواکارییەک بکەن. هەڵبەت تورکیا پێشوازای لەم چەشنە یارمەتییانەی ئەسەد دەکا بۆ ئەوەی کە لە شەڕی دەروونی دژ بە خۆیان سوودی لێ وەرگرێ.  

- مەبەستی ئامریکا له جێگیرکردنی هێز سنووری نێوان سووریا و تورکیا چییە؟

لەوانەیه بۆ پشتگیری لە تورکیا یا پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکانی سووریا بێت؛ هاوشێوەی ئەو شتەی کە لە باکووری عێراق ڕووی دا. لەوانەشه بە گوتەی خۆیان بۆ بەرگری لە پێکهاتنی دووبارەی گرووپە توندئاژۆکان لەو ناوچانەدا بێ. بەڵام لە پێوەندی گەڵ ئامریکا دوو شت نابێ لە بیر بکردرێ؛ یەکیان بەرژوەندیخوازی و پاراستنی قازانجەکانی خۆی و ئەوی­تریان بوومەلێڵێ و نادیاری هەڵوێست و کردوەکانی.

 

- داهاتووی عەفرین چۆن دەبینن؟ ئایا سەرەڕای دەستبەردای ڕووسیا لە پشتیوانی کوردەکان و بێدەنگی ئامریکا، کوردەکاندەتوانن له بەرابەر سوپای تورکیادا خۆڕاگر بن؟

داگیرکەران هەرچەنده هێز و توانایان هەبێ، هەمیشە شکستیان خواردووه و شکست دەخۆن. بە تایبەت لە دونیای چووک و لێکبەستراوی ئەمڕۆدا که گرووپ و چالاکوانانی بەرگری لە مافی مرۆڤ به یارمەتی تەکنۆلۆژی و میدیا، بە بەردەوامی لە دونیای ڕاگەیاندندا بوونیان هەیە. بەڵام بەو پەڕی داخەوە یەکێک لە کێشەکانی کورد ئەوە بووه کە بەردەوام تاقمێک لەوان لەگەڵ دوژمنانی خۆیان یەکڕیز و هاوسەنگەرن. ئەگەریش تورکیا به نابەدڵی یا به ویستی خۆی، ناوچەکه چۆڵ بکا، هاوپەیمانەکانی که ئەژمارێکی زۆر له عەڕەب و کوردەکانی سووریان، له جیاتی تورکیا و وەکوو بریکاری ئەم وڵاتە دەبنه هۆی بشێوی و ئاژاوە دەگێڕن. خۆزگە کوردەکانی سووریا، بەرژەوەندی و قازانجەکانی خۆیان لەگەڵ کوردەکانی دژ به تورکیا لێک نەدەبەستەوە. چونکه ئەو تێڕواونینە که له هەر شوێنێک کوردێک یا موسڵمانێکی لێ بێ کە دەبێ به هانایەوە بچی و بەرژوەندی و قازانجی هەموویان لێک بەستراوەتەوە، تێڕوانینێکی ئیدۆلۆژیک و بنبڕکراوە. هەر ناوچەیەک، بەرژوەندی و قازانجی تایبەت به خۆی هەیە و پێویسته ئەدەبیات و وێژه و سیاسەت و ڕامیاری و هەڵوێست و کردەوەی شیاوی ئەو ناوچەیە بۆ چارەسەرکردنی چەرمەسەری و کێشەکانی ناوچەکە بخرێتە ئاراوە.

- شکستی کوردەکان لە عەفرین لە بواری سەربازی و سیاسییەوە چ دەرەنجامێکی دەبێ؟

 

حیزبەکان ڕەنگە نەگەنە ئامانجی خۆیان بەڵام کوردەکان شکست ناهێنن. چون تورکیا بەنیازی مانەوە و زەوتکردنی سووریا نییە و ڕووسیا و ئامریکاش ڕێگای ئەو کارەی پێ نادەن. لە لایەکی­تریشەوه کوردەکان تەنیا بریتی نین لەو چەند حیزبەی کە ئێستا خەریکی شەڕ دژ به سووریان. ئەگەریش ئێستاکە هەژمۆنی و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر حیزب و دەستەکانی ­تردا سەپاندووە، بەرهەمی ئە بارودۆخەیه  که بەسەر ناوچەکەدا زاڵه. ئەگەر ئەو ساڵانەی سەرەتای پێکهاتنی حکومەتی فێدڕاڵی کوردستانی عێراق وەبیر بێنینەوە، دەبینین کە دوو حیزبی دیموکڕات و یەکێتی نیشتمانی سەرجەم چارەنووس و پێشهاتەکانیان لەو ناوچەیەدا خستبووه ژێڕ ركێفی خۆیان و دەسەڵاتیان به نیوەی دابەش کردبوو؛ نه هەڵبژاردن واتایەکی هەبوو و نە فرە حیزبی و فرەدەنگی، بەڵام به تێپەڕبوونی کات، وردەورده حیزبەکانی ئۆپۆزۆسیۆن سەریان هەڵدا. حیزبگەلێکی تازه پێکهاتن. حیزبێکی کۆن و بەهێز وەک یەکێتی نیشتمانی لیک بڵاوبوو. بارودوخ و هەلومەرجی جیهان و گەشە و فراوانبوونی ئاگاداری و بەرزبوونەوەی ئاستی تێگەیشتنی ڕامیاڕی و سیاسی مرۆڤی ئەمرۆ، ڕەوش و بەستێنی بۆ پاوانخوازی و تاکەسواری و دەراویشتنی ڕکەبەر و دژبەرانی بۆ دەوڵەتەکان سەخت و ئەستەم کردۆتەوە؛ چ بگا به دوو حیزب کە داهاتوویەکی ڕوونیان نییە و لە بڕێار و کردەوەشدا بەو جۆرەی پێویسته سەربەخۆ نین.    

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

منداڵان و گەشەکردنی وڵات کلتووری (1396/11/12)