منداڵان و گەشەکردنی وڵات

منداڵان و گەشەکردنی وڵات

منداڵە گوڵەکان سڵاو. من موحسین ڕەنانیم، مامۆستای بەشی ئابوری زانکۆی ئەسفەهانم، ساڵانێکە لەبارەی خۆشبەختی وڵاتەکانەوە کتێب ئەخوێنمەوە، من زۆرم منداڵان خۆش ئەوێت، ئێستا سەرقاڵی نوسینی کتێبێکم و ئەمەوێن بیسەلمێنم گەشەی هزری و بیرکردنەوەى منداڵ چۆن وڵات بەرەو خۆشبەختی و پێشکەوتن ئەبات.

ئەمڕۆ ئەمەوێت لەربارەی خۆشبەختی ئاژەڵانی وڵاتی هیندستانەوە چیرۆکێکى راستەقینەتان بۆ بگێڕمەوە، هیندستان وڵاتێکى زۆر گەورە و جوانە، پڕیەتی لە ئاژەڵی جۆراوجۆری وەک فیل، تاوس، توتی و کەناری. حەفتاساڵ لەمەوبەر ئەم سەرزەویە گەورە سیاسەتمەدارێکى مرۆڤدۆستی هەبوو ناوى "مەهاتما گاندی"بوو. کە رابەری شۆڕشی هیندیەکان بوو دژی داگیرکەرانى وڵاتەکەیان.

گاندی بەرەفتارە مرۆڤدۆستانەکانى خۆی و بەو قسانەى کە خۆی بەکردار هەمویانى ئەنجام ئەدان، وانەگەلێکى فێری منداڵانى هیندستان کرد. کەبویە هۆی بەهێزبوونى رۆحیەتی ئاشتی، دۆستایەتی و میهرەبانى لەناو هیندیەکاندا. خودا لێی خۆش بێت.

هەر ئەم رۆحیەتی دۆستایەتی و ئاشتەواییە بوویە هۆی ئەوەى خەڵکى هیندستان ئەگەرچی سەدان ئایین و زمانى جیاوازیان هەیە، بەڵام بتوانن وەک دۆست لەگەڵ یەکدا مامەڵەبکەن و وڵاتەکەیان کە پڕیەتی لە خەڵکانى هەژار و نەخوێندەوار و دانیشتوانەکەى 17ئەوەندەى وڵاتی ئێمە هەیە و بیری نەوت و گازیشیان نیە، زۆر خێراتر لە وڵاتی ئێمە پێشکەوێت.

چیرۆکەکە لێرەوە دەست پێ ئەکات کە من چەند ساڵێک لەمەوبەر چوبومە هیندستان، رۆژێکیان لەفەیەکم کڕی و رۆشتم لەناو پارکێکدا دانیشتم و سەرقاڵى خواردنی لەفەکە بوو. هەندێک وردەى لەفەکە کەوتبووە سەر کۆشم، لەپڕ بینیم سمۆرەیەکی قاوەیی بچکۆلە هاتە سەر کورسیەکەو دەستی کرد بە خواردنی ئەو وردەیەی کە کەوتبووە سەر کۆشم. بەم شێوەیە خەریک بووم بە سەرسوڕمانەوە سەیری سمۆرە بچکۆلەم ئەکرد، باڵندەیەکی بچکۆلەش لەسەر کورسیەکە نیشتەوە، هاتە سەر قاچی راستم و دەستی کرد بە خواردنی وردەی لەفەکە. بینینی ئەم دیمەنانە و لەفەخواردن لەگەڵ ئاژەڵاندا زۆر بۆمن چێژبەخش بوو.

ئەمەی کە ئاژەڵەکانى نێو پارکەکە لە مرۆڤەکان نەئەترسان بەراستی سەیر بوو. کاتێک لە پارک هاتمە دەرەوە روبەڕوی دیمەنێکى سەیر بوومەوە، سەیر ئەکەم دوو سەگ لەناو وێستگەی پاسەکاندا لەسەر کوریەکە بەئارامی راکشاون و موسافیرەکانیش لەسەر شۆستەکە وەستاون و هیچ حەقیان بەسەر سەگەکانەوە نیە.

بە واقوڕمانەوە هاتمەوە بۆ ئۆتێل، سەیر ئەکەم لەبەردەم ئۆتێلەکەدا خەڵکانێکى زۆر وەستاون، ووتم ئەوە چیە؟ وتیان مارێک هاتۆتە ناو ئۆتێلەکە و پاسەوانەکان لەهەوڵدان تا بیدۆزنەوە، لەناکاو سەیرمکردن یەکێک لە پاسەوانەکان مارێکى گەورەی بە دارێک گرتووە و خەریکە لەئۆتێلەکە ئەیباتە دەرەوە، وامزانى وەک لای خۆمان مارەکە ئەبات و ئەیکوژێت، کەچی سەیرم کرد مارەکەى بردو خستیە نێو ئەو باخچەیەوە کە لەتەنیشت ئۆتێلەکەوە بوو.

بەکورتی رەفتاری مرۆڤەکانى ئەم مەملەکەتە لەگەڵ ئاژەڵاندا زۆر جیاوازە لەگەڵ لای خۆمان، هیچ ئاژەڵێک لە مرۆڤەکان نەئەترساو هەڵنەئەهات. ئێی!!! کەوتمەوە بیری وڵاتی خۆمان، کاتێک بەڕێگەدا ئەڕۆین ئەگەر سەگێک بمانبینێت چۆن لێمان هەڵدێت. مەگەر لەناو پارکەکاندا باڵندە و کۆترەکان لێمان هەڵنایەن؟ پشیلەکان کاتێک ئێمە ئەبینن لەترسان ناچنە ژێر ئۆتۆمبێلەکان و خۆیان بشارنەوە؟ هەموئەمانە پیشانمان ئەدات ئێمە لەگەڵ ئاژەڵەکاندا میهرەبان نەبووین. بۆیە هەموو ئاژەڵەکان لێمان ئەترسن. سەرباری ئەمانە لەهەندێک شارەکانیشماندا کۆمەڵێک زیندانی تەسک و چەپەڵیان دروست کردووە و ناویان ناوە باخچەی ئاژەڵان، ئاژەڵە بێ زمانەکان لەناو قەفەس و ژورە بچوکەکاندا زیندانی ئەکەن.

وانەزانن ستەمکردن تەنها ئەوەیە لە ئاژەڵێک بدەین، ستەمکردن شێوازى زۆری هەیە، بۆنمونە کاتێک کەسێک بولبولێکى جوانکیلەی دەنگ خۆش لەنێو قەفەسدا زیندانى ئەکات تا خۆی چێژی لێ بەرێت، ئەوە خەریکە ستەمی لێ ئەکات. کەسێک باڵی کۆترەکان ئەکات بۆئەوەى نەتوانن بفڕن و لەماڵدا بمێننەوە، ئەوە خەریکە ستەمیان لێ ئەکات.کەسێک سورەماسیەکى بچکۆلەی جوان لەناو شوشەیەکی بچکۆلەدا زیندانى ئەکات تا دور لە هاوڕێ و دۆستەکانى لەتەنیاییدا ئەمرێت، خەریکە ستەمی لێ ئەکات. کەسێک کاتێک بەشوێنێکدا تێئەپەڕێت و سەگێک ئەبینێت و بەردێکى تێ ئەگرێت ، خەریکە ستەمی لێ ئەکات.

باش... ئێستا ئێوە بڵێن ئێمەیەک کە هەموو ئاژەڵەکان لێمان ئەترسن، ئەتوانین پێکەوە میهرەبان بین؟ دیارە کە نەخێر.

بەبۆچونی ئێوە کاتێک ئێمە لەو ماتۆڕانە ئەترسین کە بەخێرایی بەملاولاماندا تێئەپەڕن، یان ئەو ئۆتۆمبێلانەى بەبێ وەستان بەسەر هێڵی پەڕینەوەى پیادەدا تێئەپەڕن و ئەمانترسێنن، ئەتوانین بڵێین ئێمە لەگەڵ یەکتردا میهرەبانین.

سەرتان نەئێشێنم منداڵە خۆشەویستەکانم، هەر ئاژەڵێک کە خوای گەورە گیانى پێداوە، مافی ژیانى هەیە و ئەبێت لەگەڵیدا میهرەبان بین، ئیتر ماسی بێت یان پشیلە، سەگ، قەلەڕەش، مێرولە یان چۆلەکە بێت.

باشە بۆچی هەندێک وابیرئەکەنەوە مادام لەپشیلە بەهێزترن مافی ئەوەیان هەیە ئازاری بدەن؟ ئەزانن چی ڕوئەدات کاتێک کەسێک وابیر ئەکاتەوە مادام بەهێزترە مافی خۆیەتی ئازاری بێهێزەکان بدات یان بیانکوژێت. کاتێک گەورەترئەبێت و دەسەڵاتی لەوانى تر زیاتر ئەبێت، بۆنمونە کاتێک ئەبێتە بەرپرسی شوێنێک، وابیرئەکاتەوە مادابم بەهێزترە مافی خۆیەتی ئازاری ئەوانى تر بدات و ستەمیان لێ بکات، مافیان بخوات یان زیندانیان بکات. سەیرکەن مێژووی ئەم وڵاتە خۆشەویستەى ئێمە پڕبووە لەو پادشایانەى کە ستەمکار بوون و وابیریان کردۆتەوە مادام پادشان و دەسەڵاتدارن مافی ئەوەیان هەیە ستەم بکەن و یاسا بخەنە ژێر پێیەکانیانەوە.

بەڵێ ئازیزەکانم، ئەگەر هەر لەئێستاوە فێربب مادام بەهێزترن ئەتوانن ئاژەڵەکان ئازار بدەن، رەنگە فێر ببن لە ئازاردانى خەڵکانى تر چێژبەرن، وەکاتێک گەورەبوون ماف بەخۆتان بدەن ستەم لە خەڵکانى تر بکەن.

ئەگەر ئەتانەوێت لە داهاتوودا هیچکەس ئازاری ئەوى تر نەدات و ستەمی لێ نەکات، لەئێستاوە و هەر لەم کارە بچوکانەوە ئەبێت دەست پێبکەین. کەواتە وەرن با پێکەوە بڕیار بدەین ئاژەڵەکانمان خۆش بوێن و ئازاریان نەدەین و نەشهێڵین کەسانى تر ئازاریان بدەن. تا کەگەورەبووین و دەسەڵاتمان پەیداکرد بتوانین ژێردەستەکانمان خۆشبوێت و ستەمیان لێ نەکەین.

بەڵێ منداڵە جوانەکان ئەمەبوو چیرۆکی خۆشویستنی ئاژەڵان.

ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

منداڵان و گەشەکردنی وڵات کلتووری (1396/11/12)