عەبدوڕەحمان سدیق: دەبێت لە بە ئیسلامیكردنی كوردەوە بێینەوە بۆ بە كوردیكردنی ئیسلام

مامۆستا عەبدوڕەحمان سدیق

 لەم گفتوگۆیەدا، عەبدوڕەحمان سدیق، ئەمینداری گشتی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی كوردستان، قسە لەو جۆرەی دینداری دەكات كە دەبێت كۆمەڵگەی كوردی تەبەنی بكات، ئەو دەڵێت: "دەبێت لەمەودوا لە خەمی بەكوردیكردنی ئیسلامدا بین، واتە تێگەیشتنی خۆماڵیی خۆمان هەبێت، نەك هاوردە"، ناوبراو مەترسی خۆشی دەربارەی ئیسلامیی عەرەبی ناشارێتەوە و دەڵێت: "ئەو ئیسلامەی بیرمەندی عەرەبی نەتەوەپەرست بەرهەمی دێنێت، هەمیشە ئیسلامێكی توندڕەوە". ئەمە و چەندین بابەتی هەستیاری تر لەم گفتوگۆیەدا خراوەتە ڕوو.

پرسیار: لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بانگەشە بۆ جۆر (تایپ)ی جیاواز لە ئایینداری لە نێو موسڵمانان دەكرێت، هەریەك ئەوەی خۆی بە راست دەزانێت، تاكی موسڵمان لەم نێوەندەدا چ دیندارییەك تەبەنی بكات؟

 وڵام: پێموایه‌ باشترین تایپی دینداری بۆ كورد بریتییه‌ له تێگەیشتنی كوردانە لە ئایین، چونكه‌ ‌تێگەیشتنی كوردانە لە ئایین، هەمیشە بەرهەمی جوان و تابلۆی جوانی پێكەوەژیانی لە كوردستاندا نەخشاندووە.

بۆ نموونە شێخ مەحموودی حەفید لە شەڕی ئاوباریكدا، كاتێك ئینگلیز بە فڕۆكە بۆردومانی دەكەن کەچی لە سوپاكەی شێخ مەحموددا پێشمەرگەی مەسیحی هەیە بەناوی جوبرائیل و بەناوی یۆسف کە ئامادەن بۆ كورد دژی ئینگلیز شەڕ بكەن. (ویگرام) كە قەشەیەكی سكۆتلەندیی بوو لە خەمی مەسیحییەكانی كوردستاندا بوو، بەڵام كاتێك شێخ عەبدوسەلامی بارزانی بینی، زانی کە ئەو زیاتر لە خەمی مەسیحییەكاندایە، بۆیە دەڵێت: یا شێخ ئەم خزمەتەی كە بە تۆ دەكرێ بۆ مەسیحییەكان، بەمن ناكرێ، بۆیە لەبەرئەوە من دەڕۆمەوە و دڵنیام مەسیحییەكان لای ئێوە پارێزراو دەبن.

شێخ سالاری حەفیدی نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ، خوا تەمەنی درێژبكات، لە بۆردی مافی چارەنووس لە یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان پێكەوە هاوكار بووین، بۆی گێڕامەوە: جارێكیان كۆمەڵێك لە دانیشتووانی شاری سلێمانی هاتن بۆلای كاك ئەحمەدی شێخ و گوتیان یا شێخ موسڵمانان لەناو بازاڕدا بە ئێمەی مەسیحی دەڵێن گاور، بەڵكوو لە وەعزەكانتدا هەندێك ئامۆژگارییان بكەیت. شێخ چەند جار وەعزیان بۆ دەدات، سەیردەكات كاریگەری كەمە، بۆیە كە كوڕێكی هەیە بە ناوی شێخ محەمەدی بچووك، كاك ئەحمەدی شێخ دێت بۆ ئەو كوڕەى كچێكی مەسیحی دەخوازێـت، ئەوجا بەو خەڵكە دەڵێت: خەڵكینە ئەوە من ئەو كچەم مەسیحییەم خواستوە بۆ ئەم كوڕەی خۆم كە ئێوە پێیان دەڵێن گاور، ئیتر ئەگەر قسەی خراپ بەوان بڵێن، وەك ئەوە وایە بە ئێمەتان وتبێ.

هەر بۆ زانیاریی زیاتر، كاتێك كوڕەكەی كاك ئەحمەدی شێخ لەم هاوسەرە مەسیحییەی كوڕێكی دەبێت، دەیەوێت ناوی بنێت "موحەممەد"، بەڵام كاك ئەحمەدی شێخ دەڵێت: ئەو ژنەش بەشی هەیە لەم منداڵەدا، بۆیە دەبێت ناوێكی لێ بنێیت كە بۆ هەردووکتان ئاسایی بێت، ئەوسا ناوی دەنێن عیسا.

هەر شێخ سالاری حەفید بۆی گێڕامەوە دەیگوت: لە ساڵی 1991 یەكێك هەبوو بەرپرسی لێژنەی مافی مرۆڤ بوو بۆ عێراق، وەزیری پێشووی دەرەوەی هۆڵەندا بوو، ناوی "ماكس ڤاندەرشتول" بوو. ماكس ڤاندەرشتول كاتێك كە شێخ سالاری حەفید دەبینێ، دەڵێت: یا شێخ هەندێك ئاگاتان لە كەمینە ئایینییەكانی كوردستان بێت، چونكە من لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەرپرسی ئەو دۆسییەیەم، شێخ سالاری حەفید دەڵێت، پێمگوت: باپیری من كە كاك ئەحمەدی شێخە لە سلێمانییەوە هەتا مەهاباد چووە لەسەر داوای جوویەك، ئەویش دەڵێ چۆن؟

 شێخ دەڵێ: لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا شەڕێك لەنێوان ماڵێكی موسڵمان و ماڵێكی جوودا دروست دەبێت، موسڵمانەكان لەسەر ماڵە موسڵمانەكەیان كردۆتەوە و ئازاری جووەكەیان داوە، جووەكە لە مەهابادەوە هاتووە بۆ سلێمانی بۆ لای كاك ئەحمەدی شێخ و گوتوویەتی: یا شێخ موریدێكی تۆ لە مەهاباد شەڕی لەگەڵدا كردووم، گەلەكۆمەكیشیان لێكردووم. كاك ئەحمەدی شێخ لە سلێمانییەوە دەچێ بۆ مەهاباد، كاتێك ئەو هەموو موریدەی شێخ دێن بە پیریەوە لە مەهاباد هەر یەكەیان دەڵێت: فەرموو یا شێخ بۆ ماڵی ئێمە، شێخ دەڵێت: بۆ ماڵی كەستان نایەم، دەچم بۆ ماڵی ئەو جووە، لای ئەو دەبم، ئێوە ئەوتان ئازار داوە. پاشان ئاشتیان دەكاتەوە و پێیان دەڵێت: ئەمانە لەگەڵ ئێمەدان لە وڵاتی خۆیاندان، هەموومان هاووڵاتی یەك وڵاتین. بەم جۆرە لە مزگەوتی سووردا كاك ئەحمەدی شێخ یەك مانگ دەمێنێتەوە، یەك مانگ وەعز و ئیرشادیان دەكات كە چۆن بن لەگەڵ پێكهاتە ئایینییەكاندا. جا بۆ ئەوەی نەوەی ئێستامان بەم شێوەیە بەردەوام بن لەسەر ئەو تێگەیشتنە كوردانەیە لە ئایین، سێ خاڵی زۆر سـەرەكی و پێویست دەخەینە ڕوو

یەكەم: لە نیشتمانی ئیسلامییەوە بێینەوە بۆ ئیسلامێكی نیشتمانیی، واتە زیاتر لە خەمی ئیسلامێكی نیشتمانیی خۆمان بین، بەتێگەیشتنی كوردانەی خۆمان بەزمانی خۆمان، لە زەمین و زەمانی خۆماندا.

دووهەم: لە بەئیسلامیكردنی كوردەوە بێینەوە بۆ بەكوردیكردنی ئیسلام، واتە واز لەوە بێنین كە خەڵكێك هێشتا لایان وایە ئێمە لە ئیسلام نەگەیشتووین و دێن بۆ ئەوەی ئیسلاممان پێ بناسێنن. با لەمەودوا لە خەمی بەكوردیكردنی ئیسلامدا بین، واتە تێگەیشتنی خۆماڵیی خۆمان هەبێت، نەك هاوردە.

سێهەم: لە گڵۆبالەوە بێینەوە بۆ لۆكاڵ، وەك دەڵێن جیهانییانە بیر بكەرەوە، بەڵام لۆكاڵییانە پیادەی بكە.

زانا و عاریفانی كورد كاری زۆر باشیان لە بواری تێگەیشتنی كوردانە لە ئایین كردووە، بۆیە ئێستا ئێمەی كورد ئەگەر كەمتەرخەم بین لە بواری پێشكەوتنی ماددیدا و شتەكان هاوردە دەكەین ئەوە ڕاستییەكی تێدایە، بەڵام لە مەعریفەی ئایینیدا عاریفانی كورد مەعریفەیان هەناردە كردووە.

كەواتە پێویستە مەلا و شێخ و ئایینپەروەری كورد بەدەوروبەری بڵێ ئێمە قوتابیی كەس نین، ئێمە فەقێی كەس نین، ئێمە مامۆستای خەڵك بووین لە تێگەشتنی ئایین و ئەمەش بەرهەمەكەمانە و بەرهەمی تێگەشتنەكەی ئێمە لە ئایین لە هەموو تێگەیشتنی ئەم ناوچەیە جوانترە. كەواتە ئێمە دەبێ متمانەمان بەخۆ بێت، نەك ببینە فەقێی خەڵكی دی. ئێمە مامۆستاین، ئەگەر لە شتی دیكەدا هاوردەكار بین، ئەوا لەتێگەیشتنی مرۆڤدۆستانەی ئایینیدا ئێمە دەتوانین ببەخشین.

پرسیار: ئەوەی تاك و گرووپەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، خودی ئایینە یان جۆرێكە لە تێگەیشتن لە ئایین، چۆن ئەو دووانە لەیەك جودا دەكەینەوە؟

 وڵام: به ‌ڕای من جۆرێكه‌ له ‌تێگه‌یشتن له‌ ئایین نه‌ك خودی ئایین، هه‌ر بۆیه‌ منیش چه‌مكی ئیسلامی كورديم به‌كار هێنا له يازدە ساڵ لەمەوبەر لە میانی دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی "میدیا" ئاماژەم پێكرد كه‌ راستە فكر جیهانییە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا شێوازی پیادەكردنەكەی دەبێت لۆكاڵ بێت، بشتوانین خۆمان فكری خۆمان بەرهەم بێنین، من بابەتێكم لەسەر ئەوە نووسی كە دەبێت خۆمان لە وڵاتی خۆمان فكری خۆمان بەرهەم بهێنین، چونكە مرۆڤێكی جیهانی لە دنیادا بوونی نییە.

مرۆڤ مادام لە سەر خاكێك دەژی و بە زمانێكی دیاریكراو قسەدەكات و لە نێو كۆمەڵگەیەكدا دەژی، فكری ئەو شوێنە بەرهەم دێنێت، كەواتە فكر بەرهەم و زادەی ئەو شوێنەیە كە لێی هەڵدەقوڵێت.

لێرەوە، ئێمە هەموومان بە چەپ و ڕاستەوە پێویستە جارێكی دیكە تووشی ئەو هەڵەیە نەبینەوە كە فكر لە شوێنی خۆیەوە هەڵكەنین و بیهێنین لێرە بیچێنین، تەنانەت لە جیهانی ڕووەك و زیندەوەرانیشدا ناتوانیت ڕووەكێك لە ژینگەی خۆی هەڵكەنیت و لە شوێنێكی دیكە بیچێنیت، بەڵكوو دەبێت زەمینەی ڕوواندنی بۆ سازبكەیت و ژینگەی بۆ بسازێنیت.

ئەگەر تەماشای ئەو ئەزموونانە بكەین كە لە دەوروبەرماندا هەن، دەتوانین ئیسلامی لەسەر پۆلێن بكەین. ئیسلام وەكوو ئایین یەك ئایینە، بەڵام لەڕووی كۆمەڵگە جیاوازەكانەوە ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات، ئایا كامیان فۆرم و شێوە بە كامیان دەدات؟ ئایا ئیسلام شێوە بە كۆمەڵگە دەدات، یان بە پێچەوانەوە؟ 

ئیسلام شێوە بە كۆمەڵگە دەدات لە رووی بنەما گشتییەكانەوە، راستگۆ بە، درۆ مەكە، لەگەڵ خەڵك چاك بە، هەموو ئەمانە بنەما گشتییەكانن كە ئیسلام دەیداتە كۆمەڵگەكە، بەڵام دواجار كۆمەڵگە شێوە بە ئیسلام دەدات لە ڕووی پڕاكتیكەوە.

ئیسلام داوای لە هەموو خەڵك كردووە پۆشتە بن، بەڵام دواجار شێوازی ئەم پۆشتەبوونە لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە دەگۆڕێت، هەر كۆمەڵگە و جلوبەرگی میللی خۆی هەیە، نەك ئیسلام بێت و یەك جۆر جلوبەرگ بەسەر هەموو ژن و پیاوەكانی دنیادا بسەپێنێت.

لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت لە ڕووی بیروبۆچوونەكانەوە ئیسلام شێوە بە كۆمەڵگە دەدات، بەڵام لە رووی پڕاكتیكەوە كۆمەڵگەكە شكڵ بە ئیسلام دەدات، لە سەر ئەم بنەمایەش دەتوانیت ئەو پۆلێنە بكەی كە ئیسلامی ئەورووپی جیاوازە لە ئیسلامی ئاسیایی، ئیسلامی عەرەبی جۆرێكە و هی ئەفغانی، یان ئێرانی جۆرێكی دی. هەر لەبەر ئەمەش من بە ڕای تایبەتی خۆم حەز دەكەم شتێك هەبێ بە ناوی ئیسلامی كوردی. ئەم ئیسلامە چ جۆرێكە؟ ئەوەیە كە خەڵكەكەی كوردن، بیركردنەوەیان كوردییە، لە سەر خاكی خۆیان كە كوردستانە بیردەكەنەوە و دەڵێن ئەم ئیسلامە لەم سەدەی بیست و یەكە، لەم كوردستانە، من وەكوو كوردێك چۆن لێی تێبگەم و چۆنی شی بكەمەوە؟

ئیسلام، بەڵێ یەك قورئانی هەیە، بەڵام ئێستا دەتوانم پەنجا تەفسیری جیاوازی ئەو قورئانەت بۆ بژمێرم، ئەم تەفسیرە جیاوازانە بۆچی هەبوون؟ چونكە لە سەردەمی جیاوازەوە و لەلایەن كەسی جیاوازەوە ئەم تەفسیرە جیاوازانە ئاراستە کراوەن، جا ئێمە ناتوانین لەوێدا بوەستین، دەڵێن لە یەك سەردەمدا چوار مەزهەب هەبووە لە ڕووی فیقهەوە؛ شافیعی، مالیكی، حەنبەلی و حەنەفی، هەندێك لەمانە هاوسەردەمی یەكدی بوون و یەكدییان بینیوە، واتە چوار مەزهەبی جیاواز لە سەر پیادەكردنی رێنماییەكانی ئیسلام لە سەردەمێكدا كە هەمووی ناكاتە 200 ساڵ پێكەوە سەریان هەڵداوە و ئاگایان لە یەكتریش بووە، بەڵام 1200 ساڵ لە دوای ئەوە دەبینیت خەڵك هەر لەسەر هەمان ئەو مەزهەبانە بەڕێوە دەچن، واتە 1200 ساڵە نەتوانراوە گۆڕانكارییەك بهێنرێتە ئاراوە.

لێرەدا ئەگەر بپرسین: بۆچی مالیزیا دەتوانێت نموونەیەكی جوانی ئیسلام پێشكەش بكات؟ لە وڵامدا دەڵێین: چونكە ئیسلامێكی ئاسیاییە و دەتوانێت شتێكی وا پێشكەش بكات.

ئیسلامە غەیرە عەرەبییەكان هەستكردن بە نوشست و باری دەروونی شكستخواردوویان نییە، بۆیە دەتوانن ئاسانتر و جوانتر ئیسلام پێشكەش بكەن، ئیسلامی ئەوروپیش هەروەها. ئیسلامی عەرەبی ئیسلامی خەڵكانێكی عەرەبە كە پێیانوایە رۆژگارێك ئەوان دەسەڵاتی هەموو دنیایان بەدەستەوە بووە و ئێستا شكستیان هێناوە لە بەردەم هەموو دنیادا، بۆیە ئەو ئیسلامەی بیرمەندی عەرەبی نەتەوەپەرست بەرهەمی دێنێت، هەمیشە ئیسلامێكی توندڕەوە. ئەگەر تەماشای ئەزموونەكانی پێشوو بكەیت، دەبینیت پەڕینەوەی توندڕەوی بۆ ئەفغانستانیش هەر عەرەبی وەكو ئوسامە بن لادن و ئەوانە بردوویانە، ئەگەرنا لە خودی ئەفغانەكاندا ئەو توندڕەوییە نادۆزییەوە. بە بڕوای من كاركردن لە سەر ئەو مەسەلەیە جورئەتێكی دەوێت و لە هەمان كاتیشدا كات لەبەر دەمماندا كراوە نییە.

پرسیار: هەندێك بۆ رزگاربوون لەم شپرزەییەی ئێستا ئایا بانگەشەی ئەوە دەكەن میتۆدی "قورئان هەڵسەنگێنەر و پێوەری وەرگرتن یان ڕەتكردنەوەی سوننەتە"باشترین میتۆدە، بە ڕای بەرێزتان ئەمە تا چەندە سەركەوتوو یان واقعیە؟

 وڵام: زۆرێك لەو تێگەیشتنانەی بۆمان ماوەتەوە لە ئیسلام، تێگەیشتنی نەوەكانی پێش ئێمەن لە ئیسلام نەك ئیسلام خۆی. ئێستا ئێمەش وەك ئەوان هەمان قورئان و فەرموودەی سەحیحمان هەیە، جاران لەبەر ڕۆشنایی قورئان و فەرموودەی سەحیحدا موسوڵمانان جۆرێك لە فەرمانڕەوایەتییان كردووە، ئه‌و جۆره‌ له‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی بۆ ئێمە مولزیم نییە، بەڵكوو جۆرێكی فەرمانڕەوایەتیی بووە، فیقهی فەرمانڕەوایەتیش وەكوو هەر فیقهێكی دی یەكسانە بە "قورئان و سوننەت"، لێكدراوە له‌گه‌ڵ "زەمان و زەمین"، لێكدراوە له‌گه‌ڵ "كه‌سی فه‌قیهه‌كه".‌ واتە قورئان و فەرموودەی سەحیح نایەنە گۆڕین و وەكوو خۆیانن، بەڵام كە زەمان یان زەمین یان فەقیهەكە گۆڕا، یان دووانیان یان هەرسێكیان، ئەوسا ئەو ئەنجامەی دەستمان دەكەوێت دەگۆڕێت. بۆ نموونە؛ لەبەر ڕۆشنایی قورئان و سوننەتدا و لەیەك زەمان و لەیەك زەمیندا، ئیمامی شافیعی وەكوو فەقیهێك ڕایەكی جیاوازی دەبێت لە ڕای ئیمامی ئەحمەد كە فەقیهێكی ترە، قورئان و سوننەتیش هەر قورئان سوننەتە، بەس فەقیهەكە دەگۆڕێت، سەیر دەكەی دوو مەزهەبی جیاواز دێتە ئاراوە.

قورئان و سوننەت هەر قورئان و سوننەتە، زەمان هەر هەمان زەمانە، ئیمامی شافیعی هەر ئیمامی شافیعیە، بەڵام كە شوێن گۆڕا و بوو بە میسر لە جیاتی عێراق، دەبینیت ئیمامی شافیعی لە میسر كتێبێكی دی دانا، فیقهی ئیمامی شافیعی لەمیسر گۆڕا، چونكە جوگرافیا گۆڕا. بۆیە ئەو هەموو مەزهەبانە پەیدا بوون، بە هۆی جیاوازی لە زەمان یان زەمینە یان زاناكە، لە كاتێكدا قورئان و سوننەتی سەحیح نەگۆڕن.

كەواتە دەبێت موسوڵمان ئاوا بڕوانێتە ئەم هاوكێشەیە، لە قورئان و سوننەتەوە بێتەوە بۆ ئەم سەردەمەی خۆی، ئێمە بۆمان هەیە باز بدەین بەسەر ئەزموونی پێش خۆماندا، خۆ ئەگەر سوودی هەبوو لە هەندێ شتدا دەتوانین سوودی لێوەربگرین، بەڵام خوای گەورە ئیلزاممان ناكات بە جۆری جێبەجێكردنی عەباسی و عوسمانی و ئومەوی بۆ قورئان سوننەت، چونكە سەردەم گۆڕاوە و شوێنیش دەگۆڕێت، كەسەكانیش گۆڕاون، بۆیە لەبەر ڕۆشنایی ئەم حاڵەتەدا، ئیسلام دەتوانێت بە بەردەوامی لە ڕووی تێگەیشتنی نوێی ئێمەوە خۆی نوێ بكاتەوە.

بۆیە كاتێك لە "عومەری كوڕی خەتتاب"یان پرسی ئەوە بۆچی لەو مەسەلەیە ڕایەكت هەبوو بەڵام ئێستا سەبارەت بە هەمان مەسەلە ڕاكەت گۆڕی؟، ئیمامی عومەر لە وڵامدا وتی: "ئەوسا وامان زانی ئیستا وادەزانین".

كەواتە دەكرێت تێگەیشتنمان بگۆڕێت بۆ هەندێك لە دەقەكانی قورئان و سوننەت، چونكە زەمان و زەمینە و كەسەكان گۆڕاون كە ئەمەش دەرگایەكی یەكجار گەورەیە، جوانییەكی ئایینمان پێ نیشان دەدات كە ئیسلام ڕای جیاوازی دەبێت لە شوێنی جیاوازدا، لەبەر ئەوەشە دەبینی ئومەوییەكان بەجۆرێك حوكم دەكەن، عەباسییەكان بەجۆرێكی دی، عوسمانییەكان بەجۆرێكی دیكە و ئەندەلوسییەكان بەجۆرێكی دی،

قورئان و سوننەت لەدەقدا یەك دەق دەخەنە ڕوو، بەڵام چونكە تێگەیشتنی ئێمە لە هەمان دەق جیاواز دەبێت، بۆیە جێبەجێكردنی دەقەكانیش جیاواز دەبن. كەواتە دەبێت ئێمە بە بەردەوامی دیدی ڕەخنەگرانەمان هەبێت لە تێگەیشتنەكانی خۆمان لە ئایین، ئەم ڕەخنەگرتنە ڕەخنەگرتن نییە لە خودی ئایین، بەڵكوو ڕەخنەگرتنە لە تێگەیشتنەكانی خۆمان و پێشووی خۆمان.

پرسیار: دەگوترێت بەشێكی زۆری ئەوەی وەك دینداری ئەژمار دەكرێت كولتوورە، بە رای بەرێزتان چۆن بتوانین دینداری و كولتوور لێكجیابكەینەوە؟    

 وڵام: قسەی ئایین لەسەر كولتوور لێرەوە دەست پێدەكات؛ كاتێك ئایین هاتووە، لەنێو كۆمەڵگەدا شتێك هەبووە بەناوی كولتوور، لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە ئایین وەك دەق دەكەوێتە سەرووی كولتوورەوە، بەڵام ئەو گۆڕانكاری و گەشەسەندنە واتاییەی كە لە كۆمەڵگەدا دەگوزەرێت لە ڕووی دابونەریت و زمان و نووسین و عادات و تەقالیدەوە، دواجار لەكۆمەڵگەدا دەبنەوە بە نەریت، ئینجا قسەی ئایین لەسەر ئەمانە دەست پێدەكات، كە ئەو كولتوورە لەگەڵ دەقە ئایینیەكان یەك دەگرنەوە یان نا؟ بۆیە پێغەمبەر(د. خ) دەفەرموێت «من نێردراوم بۆ تەواوكردنی ڕەوشتە جوانەكان». هەردوو چەمكی "ڕەوشتە جوانەكان و تەواوكردن" بەڵگەیەكە بۆ ئەوەی كە پێش هاتنی ئەو، شتێك هەبووە بەناوی ڕەوشتە جوانەكان، بەڵگەشە لەسەر ئەوەی لە ئاییندا شتێك نییە ڕاستەوخۆ وەك دەق دژایەتی كولتوور بكات، بەڵكوو دەڕوانێتە كولتوورەكە، ئەگەر كەلتوورەكە خۆی لەخۆیدا بریتی بێت لە پاشماوەی جێبەجێكردنی دەقێكی ئایینی پێش خۆی، بۆ نموونە ئەو شتەی ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی موسڵمانان لەكاتی هاتنی ئایینی ئیسلام بریتی بووبێت لە كولتوور، لە ساتەوەختێكی پێش 500 ساڵ بریتی بووە لە جێبەجێكردنی دەقێكی دیكەی ئایینی مەسیحی، ئەوەی لە سەردەمی ئایینی مەسیحی پێی وتراوە كولتوور، پێشتر بریتی بووە لە جێبەجێكردنی دەقێكی ئایینی تەوڕات كە دەگەڕێتەوە سەردەمی پێشی مەسیحیەت.

ئەگەر لەو روانگەیەوە بڕوانین كە لە ڕووی تیۆریەوە ئایین ڕوخسار بە كۆمەڵگە دەدات، كاتێكە كە بۆت دەردەكەوێ ئایین دەقەكانی لە كۆمەڵگە بەرجەستە دەبن، پیادە دەكرێن، پاش تێپەڕبوونی چەندین سەدە، دوور دەكەوێتەوە و نزیك دەكەوێتەوە تا دەبێت بە بەشێك لە كولتوور، وەختێك ئایینی نوێ دێت كە ئیسلامە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم شتانە لەوێوە دەست پێدەكات، كە ئەمانە لەگەڵ جەوهەری ئاییندا تەبا نەبن، بۆ ئەوەی ڕاستی بكاتەوە، بەڵام كە تەبا بن هیچ قسەی لەسەر ناكات، ئێستاش ئێمە كە لە سەردەمی دوا ئاییندا دەژین، لە هەمان حاڵەتدا نوێكردنەوەی ئایین لەوێوە دەست پێدەكات کە شێوازی پیادەكردنەكە و بەرجەستەكردنەكەی لەگەڵ گۆڕانكاری كۆمەڵگە پێویستە نوێ بكرێتەوە، ئەگەرنا، دەقەكانی هەر ئەو دەقانەی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەرە (د. خ).

بۆ ئەم مەسەلەیە دەبینین، ئایین وەختێك دێت بە دەقەكانی دەیەوێت گۆڕانكاری لە نێو كۆمەڵگەدا بكات، كولتووری كۆمەڵگەی لەو شوێنانەی ناساز و ناكۆكە لەگەڵی بیگۆڕێت، پرسیارەكە ئەمەیە؛ "ئایا لەسەر ئایین پێویستە خۆی بسازێنێت لەگەڵ كولتووری كۆمەڵگەدا، یان لەسەر كۆمەڵگە پێویستە خۆی بسازێنێت لەگەڵ ئەو شتانەی كە لە دەقی ئایینیدا هاتوون"؟ جارێكی دیكە ئەم مەسەلەیە دەوەستێتە سەر مرۆڤەكان، چونكە دواجار ئایین بریتیە لەشتێكی واتایی، ئایین وەكوو شتێكی واتایی بەرجەستە دەبێت لە شوێنێكی ماددی كە بریتیە لە مرۆڤەكان، ئێمە ئایین لە مرۆڤەكانەوە دەناسینەوە، هەڵسوكەوتی ڕۆژانەی مرۆڤەكان لە كۆمەڵگەیەكدا ئەوە نیشان دەدات ئەو كۆمەڵگەیە پابەندن بە دەقە ئایینییەكان یان نا؟

لێرەوە دەبینین كاتێك ئەوە ڕوودەدات كە كۆمەڵگە دەتوانێت دەقە ئایینیەكان پیادە بكات، چونكە وەڵامدەرەوەیەكی باشن بۆ دەقەكان، لەو كاتانەدا كۆمەڵگە بە دابونەریت و كولتوورە كۆنەكانی خۆیەوە زیاتر پابەند دەبێت تا بەدەقە ئایینیەكان، ئەوە ئەو ساتە وەختانەن كە تیایدا تازەكردنەوە و نوێكردنەوە لە جۆری جێبەجێكردن و بەرجەستەكردنی دەقە ئایینیەكان ڕوو نادات، بۆ نموونە دەبینین لە ئاییندا ژنبەژن، گەورە بە بچووك نییە، كە دەڕوانینە كۆمەڵگەی كوردی كولتوورێكی تێدایە بەناوی ژنبەژن، گەورە بە بچووك، ژن لەبری خوێن، هەموو ئەمانە بۆچی زاڵن؟ ئەوە بەڵگەیە كە لەو شوێنەدا دابونەریت و عورف و عادات و كولتووری تایبەت زاڵتر بووە بەسەر خودی ئایینەكەدا، بەڵام كام ئایین؟ ئەو ئایینەی كە ئەو وای لێ تێگەیشتووە ئەو عورف و عادەتە لە تێڕوانینی خەڵكدا جێگەی خۆی بكاتەوە و خۆی بكات بە بەشێك لە ئایین، خەڵكەكە بە نێوی ئایینەوە ئەو كارە ئەنجام دەدەن، لێرەوە ئەركی زانایان دەست پێ دەكات بۆ نوێكردنەوە بە ئاڕاستەی ئەو شتانەی کە لە خودی ئایین نین جیا بكرێنەوە، بۆ ئەوەی عورفی هەڵەی كۆمەڵگە، كولتووری هەڵە، پیرۆزیی خودی ئایین وەرنەگرێت، بەڵكوو دەبێت ئایین كولتووری هەڵە بگۆڕێت و بەرەو ڕاستكردنەوەی بەرێت.

پرسیار: ئەوەی جۆرێك لە شپرزەیی لەمڕۆڤدا دروست كردووە ئەوەیە هەر گرووپێك بۆ پاڵپشتی بۆچوونی خۆی لە دووتوێی كتێبە فیقهیەكانی سەردەمانی زوو فەتوا بۆ پێشهاتەكانی سەردەم دەدۆزنەوە، زۆرجاریش ئەمە دەمارگیری و توندڕەوی بەرهەم هێناوە، ڕای ئێوە لەم بارەوە چییە؟

 وڵام: یەكێك لە ڕوواڵەتە دیارەكانی ئەم سەردەمە بریتییە لە تێكەڵكردنی ئایین بە دەمارگیریی سیاسی، ئەمەش زۆر هۆكاری هەیە، لەوانە

یەكەم: هۆكاری دەروونی، كە ئەمەش لە هەستكردن بە لاوازییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونكە كاتێك باوەڕداران تێگەیشتنیان بۆ ئایین رێك بووبێت، هەمیشە هەستیان بە بەهێزی خۆیان كردووە، تێگەیشتنەكانیشیان رێك و جوانتر بوون و خوداپەرستێكی گەشبین بوون لە ژیاندا و خاوەن پەیامێكی ئینسانییش بوون بۆ خەڵكی، بۆیە لەم ساتەوەختەدا ئەفسانە و دەمارگیریی سیاسی بوونیان نەبووە، بەڵام كاتێك باوەڕداران دواكەوتوو بوون و بەرگەی پێشكەوتنەكانی بەرامبەریان نەگرتووە، هەستیان بە لاوازی كردووە، ئەوسا پەنایان بردۆتە بەر ئەفسانە و دەمارگیریی سیاسی.

دووهەم: هۆكاری سیاسی، تێكەڵكردنی دەمارگیریی سیاسی بە ئایین لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە زۆربەی نەتەوەكانی دەوروبەر بە فارس و رۆم و عەرەبەوە، لە رێگەی بەكارهێنانی ئایینەوە پاڵپشتیی مەرامە سیاسییەكانیان كردووە، تەنانەت ئەگەر ناچاری هۆنینەوەی ئەفسانەش بووبن، بەمەش زۆرێك لە ئەفسانەی گەلان تێكەڵ بە خودی ئایین بووە.

سێهەم: هۆكاری دەمارگیريی، ئەمەش پەیوەستە بە مەسەلەی دەمارگیری لە جیهانی ئیسلامیدا، كە بۆتە مایەی ئەوەی رێبازێكی ئایینی دیاریكراو لە بەرامبەر رێبازێكی دیكەی ئایینی دیاریكراودا ئەفسانە بۆ خۆی دروست بكات، لە بەرامبەر ئەوانی دیكەشدا بیخاتە ناو ئایینەوە، دواتریش كردوویانەتە مەسەلەیەكی ئایینی و خراوەتە ناو ئایینەوە.

چوارەم: هۆكاری حزبی، بە پەیدابوونی حزبی سیاسیی ئایینی، بە شێوەیەكی خێرا هەموو چاوەكان كەوتنە سەر بواری سیاسی، بەمەش كاری ئایینیی ڕاستەقینە پووكایەوە، لە لایەك كێڵگەی وشكی سیاسەت ناخی مرۆڤەكانی بەرەو دنیاگەری برد، لەو لاشەوە بواری تەسەوفی ڕاستەقینە نەما بۆ ئەوەی رۆحی مرۆڤەكان تێرئاو بكات.

بۆیە ئایین بە شێوەیەكی ئاسۆیی پەرەی سەند، زیاتریش بایەخی بە ڕووخسار و شكڵی دەرەوەی مرۆڤ داوە، پانتایی و ڕووبەرێكی ئاسۆیی گرتووە لە ژیانی تاكەكان و لە كۆمەڵگەدا، بەڵام لە رووی ستوونی و لە رووی تێگەیشتن و وردبوونەوە و تێگەیشتنی ورد لە دەقی ئایینیدا تووشی وەستان بۆتەوە. بە هاتنەئارای حزبی سیاسیی ئایینی دەتوانین بڵێین شێوازی دەرەكی ئایین و شتە رووكەشییەكانی ئایین و دەستگرتن بە شێواز و سرووتە ئاینییەكان بە شێوەیەكی ئاسۆیی زیاتر بووە، بەڵام لە پێش پەیدابوونی حزبی سیاسیی ئایینیدا، دەتوانین بڵێین تێگەیشتنی وردتر و قووڵتر هەبووە دەربارەی دەقە ئاینییەكان...

لەبەر ئەوەی ئێمە بەشێك بووین لە عێراق و عێراقیش بەشێك بووە لە (نیشتمانی عەرەبی) و نیشتمانی عەرەبیش بە بەردەوامی لە شكستدا بووە، ئەوەش كە پێی دەگوترا قوتابخانە هزرییەكانی نەتەوایەتی عەرەبی و كۆمۆنیستی عەرەبی بەرگەی ئەم هەموو شكستەیان نەگرتووە، بۆیە ئەوان پەنایان بردۆتە بەر ئایین بە مۆدێلە سیاسییەكەی، مۆدێلی سیاسییش ئەوەندەی دیعایەیە، ئەوەندە دەعوە نییە، ئەوەندەی رووكەشی و رووبەریی و ئاسۆییە، ئەوەندە ستوونی و رۆچوون نییە بە ناخی مرۆڤەكاندا، بۆیە دەبینین ئایین لە نیشتمانی عەرەبیدا كراوەتە هۆكارێك بۆ دروستكردنی كەفوكوڵ و حەماسەتكردن بە بەری مرۆڤەكاندا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمە دیكتاتۆرییەكانی وڵاتی خۆیاندا. ئەم جۆرە گوتارەش پەڕیوەتەوە بۆ نێو عێراق و دواتریش بۆ ناو كوردستان، ئەوەش وای كردووە زیاتر مۆركی سیاسی و مۆركی رووكەشی پێوە زال بێت تا قووڵبوونەوە و عیرفانیەت و تەسەوفی حەقیقی و دروستكردنی پردی پێوەندیی ڕاستگۆیانە لەنێوان تاكەكان و خودادا.

لە بەرامبەر ئەم حاڵەتانەشدا پێویستە ئایین بەرزتر بێت لە هەموو جۆرەكانی دەمارگیريی، دەبێت ئایین بەرزتر بێت لە هەموو بۆچوونێكی سیاسی و تێڕوانینێكی تەسكی حزبی، دەبێت ئایین هەمیشە باری دەروونی مرۆڤەكانی بەرزتر ڕاگرتبێت، فێری جواندۆستی و گەشبینییان بكات، نەك هاندەریان بێت بۆ پەنابردنە بەر دەمارگیریی بەناوی ئایینەوە.

.............................................................................................

پوختەی ژیاننامەی مامۆستا عەبدوڕەحمان سدیق

- لەدایكبووی كەركووك 1962

- دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاریی، بەشی شارستانی، زانكۆی موسڵ 1989

- ئەندامی دامەزرێنەری رێكخراوی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ ساڵی 1995

- ئەندامی دەستەی باڵای بەڕەنگاربوونەوەی پاكتاوكردنی نەژادیی ساڵی 2002

- ئەندامی پەیمانگای عێراق بۆ دیموكراسیی ساڵی 2002

- كارگێڕ  و ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی راوێژكاریی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە ساڵانی 1994 – 2009

- ئەمینداری گشتی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی كوردستان

- بەڕێوەبەری پڕۆژەی ریفۆرم و پەرەپێدان (پرد)

- و ...


ده‌نگێ نه‌دراوه

.:: نوێ‌ترین ::.

کۆچی دوایی قارەمانێک هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
کۆچی دوایی حاجی مامۆستا مەلا عومەر حوسینی ئایچی هه‌واڵه‌کانی ئیسلاح وێب (1398/03/31)
‍لە خودی خۆتەوە دەست پێ بکە... هه‌وارگه‌ی دڵان (1398/03/31)
کاری منداڵان و منداڵانی کار کۆمه‌ڵایه‌تی (1398/03/31)